کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: کۆمەڵگەی جیهانی دەزانێت کە دەنگی خەڵکی ئێران هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەقینەی نییە

14:00 - 12 رەشەمه 2723

ڕۆژی هەینی ١١ڕەشەمە، ئابرام پیلی، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران لە هەڵبژاردنەکان وەکوو ئامرازێک بۆ نمایشکردنی دێموکراسییەکی ڕواڵەتی کەڵک وەردەگرێت.

ئەم بەرپرسە ئەمریکییە لە دریژەدا نووسیویەتی، لەکاتێکدا کە بەشێک لە خەڵک لە یەکەمین پرۆسەی دەنگدانی دوای ئاخرین سەرکوتکارییە توندوتیژانەکەی دەسەڵات بەشدار دەبن، کۆمەڵگەی جیهانی دەزانێت کە دەنگی خەڵک هیچ قورسایی و کاریگەرییەکی ڕاستەقینەی نییە.

ناوبراو وتی: ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات لەم هەڵبژاردنانە وەک نمایشێکی ڕواڵەتیی دێموکراسی کەڵک وەربگرێت، بەڵام تا ئێستا هەزاران کاندیدی ڕەت کردووەتەوە.

لە درێژەی پەیامەکەیدا، ئابرام پیلی جارێکی دیکە جەختی لە پێبەندبوونی ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی ئێران کردەوە و باسی لەوە کرد، ئێمە لە ئاشکراکردنی ئەو بەرپرسانی ڕێژیم کە دەستیان لەو جۆرە پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤدا هەیە و ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە ڕەتدەکەنەوە بەردەوام دەبین و پاڵپشتی لە خەباتی خەڵکی بۆ داهاتوویەکی ئازاد و دێموکراتیک دەکەین.

هەواڵ و وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم دەریدەخەن کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستان و ئێران بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمیان بایکۆت کردووە و زۆربەی بنکەکانی دەنگدان لە ناوچە جیاوازەکاندا چۆڵ بوون.