کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵێی تورکیە و ئێران لە سەر ئازەربایجانی ڕۆژاوا لەسەر ڕێچکەی پێکدادان بن؟

00:33 - 15 رەشەمه 2723

ئەنستیتۆی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست – شوکریە برادۆست

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسە‌ن‌پوور

سەرۆک کۆماری ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی، مانگی ڕابردوو، واتە ٢٤ی جانیوەری بۆ وتووێژ لەسەر ناسەقامگیریی پەرەئەستێن و قووڵتر بوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە هۆی شەڕی غەززەوە سەردانی تورکیەی کرد. ئەگەرچی سەردانەکە نیشانەی توانایی ئێران و تورکیە بۆ هاوکاری یان لانی کەم هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتر لەسەر پرسەکانی جێگای سەرنجی هەردوو لایە، بەڵام پەیوەندیی دوولایەنە وەکوو پێشوو ئاڵۆز دەمێنێتەوە.

بۆ ماوەی سەدان ساڵ پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیە لەسەر کێبڕکێ بۆ دەستڕۆیشتوویی و باڵادەستیی ناوچەیی بەردەوام خەریکی بەرفراوان بوون و بەرتەسک بوونەوە بووە. ئەو پەیوەندییە دڕکاوییە تا ئێستاش بەردەوامە و ئەوە لە هێندێک دۆخدا بە پشتگیریی تاران و ئانکاڕا لە هاوبەش و هاوپەیمان، لە دوو بەرەی دژ بە یەک لە کێشە بیانییەکاندا خۆی دەر دەخات، لە ناویاندا لە سووریە، عێراق و باشووری قەفقاز. لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندیی لەو شێوەیە کە همیشە ئەگەری گرژ بوونیان هەیە، تەنیا بە کێبڕکێ هەرێمییەکان لە لایەن بریکارەکانیانەوە سنووردار نەکراوە؛  ئەوان بە هەمان شێوە گەیشتوونە ئاستی دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی یەکتریش. ئەوە بە تایبەتی لە ناوچەی باکووری ڕۆژاوای ئێران، خاڵێکی جیۆپۆلیتیکی یەکلاکەرەوە کە سنووری ڕاستەوخۆی تورکیەیە، هەستپێکراوە. لێرە، لایەنی تورک جاروبار هەوڵی داوە گژریییەکانی ئاڵۆز و کۆنی نێوان کورد و ئەتنیکی ئازەربایجانی (کە هەروەها لە ناوچەکە بە تورکی ئازەربایجان ناسراون) پەرە پێ بدا. لە بەرانبەردا، ئێران هەوڵی داوە کایە بە کارتی کوردەوە بکات و هەنووکە پشتیگریی لە کوردە عەلەوەییەکان دژی تورکیە دەکات.

دینامیزمی ئەتنیکی لە باکووری ڕۆژاوای ئێران

پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە باکووری ڕۆژاوای ئێران، داڵانێکی هەستیاری ئابووری و بازرگانیی نێوان ئێران و تورکیە، بۆتە بەرەیەکی خاوەن ئالنگاری بەڵام سەرنجڕاکێش بۆ هەوڵەکانی تورکیە بە مەبەستی کەڵک وەر گرتن لە پۆتانسیەلەکەی دژی تاران. ئەو ناوچەیە خاوەن حەشیمەتێکی تێکەڵاوە کە بە گشتی کوردی سوننی و تورکی ئازەربایجانیی شیعەن؛ بەڵام دەیان ساڵە تاقمە ئەتینکییەکەی دواتر دەسەڵاتی بەسەر ئەوەی پێشووتردا هەیە کە بە پەیڕەو کردنی سیاسەتی تاران بە مەبەستی "دابەش کردن و حوکمڕانی کردن" -ی ئەو ناوچەیە مسۆگەر کراوە. بە گوێرەی هێندێک مەزەندە، تورکی ئازەربایجانی زیاتر لە ٢٠ میلیۆن یان نزیکەی ٪٢٤ی کۆی حەشیمەتی ئێران پێک دێنن. ڕێژەیەکی هاوشێوە بۆ ئەتنیکی کورد لە تورکیە، دەکاتە نزیکەی ٪١٩ حەشیمەتی ئەو وڵاتە؛ لە کاتێکدا لە ئێران، حەشیمەتی کوردان لە نێوان ٨ بۆ ١٢ میلیۆن کەس مەزەندە دەکرێ. بەڵام، پلەی ئەتنیکی ئازەربایجانی لە ئێران لە هی کوردی هەر کام لەو دوو وڵاتە جیاوازە. تورکانی ئازەربایجانی سەدان ساڵە یەکێک لە کۆڵەکەکانی حوکمڕانی لە ئێرانن و؛ لەو دواییانەدا بە خزمەتکردن لە نێو سوپای ئێران و سوپای پاسداران دا دەسەڵاتی بەرچاویان بۆخۆیان مسۆگەر کردووە.

ئەوەی ئێستا ئازەربایجانی ڕۆژاوایە، شوێنی لەدایکبوونی ناسیۆنالیزمی کوردی، مەڵبەندی دامەزرانی یەکەم حیزبی سیاسیی مودێڕنی کوردی بووە و ئەوە لەوێ بوو کە لە ١٩٤٦، یەکیەتی سۆڤیەت یارمەتیدەری دامەزراندنی دەسەڵاتی کورتماوەی کوردی (کۆماری کوردستان) بوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کوردانەی لەو پارێزگایە دەژین بەرەوڕووی هەڵاواردن لە دوو پلەدا دەبنەوە: لە لایەن دەوڵەتی ناوەندیی لە تاران و لە لایەن کاربەدەستە خۆجێییەکانی تورکانی ئازەرییەوە. وەک نموونەیەکی بەتایبەتی بەرچاو، لە پەیوەندی لەگەڵ  کێبڕکێیەکانی هەڵبژاردن، ڕێژەیەکی زۆر لە بەربژێرەکان کە لە لایەن تارانەوە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن دا پەسەند کراون، دواتر لە لایەن کاربەدەستە هەرێمییەکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کە لە هێندێک دۆخدا، سەربەخۆ لە تاران هەڵسوکەوت دەکەن، ڕەت دەکرێنەوە. بۆیە، گرژییەکانی نێوان دوو تاقمە ئەنتیکییە سەرەکییەکانی ئەو پارێزگایە، لە ئاستێکی مەترسیدار دایە، بە تایبەتی لە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی وڵات.

دەستڕۆیشتوویی پەرەئەستێنی تورکیە لەنێو حەشیمەتی تورکی ئازەربایجانی دا   

سروشتی ئاڵۆز و گرژی دینامیزمی نێوان ئەتنیکی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، لەگەڵ سۆزداریی ئەتنیکیی نێوان تورک و ئازەربایجانییان سەرەڕای جیاوازیی ئایینزایی، کۆمەڵگای ئازرەبایجانی کردۆتە ئامانجێکی گرینگ بۆ تورکیە، کە بۆتە هۆی نیگەرانیی بەرچاوی ئێران. کەڵک وەرگرتنی بەربڵاو لە وەرگری ساتەلایتی و دەست ڕاگەیشتن بە کاناڵە تورکییەکان لە نەوەدەکانی زایینییەوە، یارمەتی بەرچاویان بە بە‌هێزتر کردنی دەسەڵاتی نەرمی تورکیە لە نێو تورکە ئازەربایجانییەکان داوە: زۆرێک لە خێزانەکانی باکووری ڕۆژاوای ئێران، بە تایبەتی تورکە ئازەربایجانییەکان، بەردەوام سەیری کاناڵە تەلەفزیۆنییەکانی تورکیە دەکەن. بێجگە لەوە تورکیە ڕاهێنان و پشتگیریی بەرچاوی، بە جەخت کردن لەسەر بووژانەوەی کولتووریی، پێشکەشی چالاکان و ڕۆژنامەوانانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە ڕێگای کۆنسولخانەی تورکیە لە ورمێ کردووە. ئەو بەرکەوتنە و سیاسەتە گشتییە دەبنە هۆی گەشە کردنی هاوپشتیی تورکی و هەروەها یارمەتیدەری باشتر بوونی زمانەوانیی تورکی دەبێ و ئەوەش بۆتە هۆی ئاشکرا بوونی پەرە ئەستاندنی دەسترۆیشتوویی تورکیە لە سەرەتاکانی ٢٠٠٠ی زایینییەوە. لە ئاکامی ئەو سیاسەتەدا، کاربەدەستە خۆجێیە ئازەربایجانییەکان  لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا، زمانی ئازەربایجانییان بە نێوە فارسییەکانی سەر تابڵۆکانی ورمێ پێتەختی ئەو پارێزگایە زیاد کردووە. بێجگە لەوە، کاربەدەستە خۆجێیە ئازەربایجانییەکان ، هەوڵی بەکارهێنانی زمانی ئازەربایجانی، لە جیات فارسی لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا داوە کە بۆتە هۆی دروست بوونی گرژیی لەگەڵ کوردان. بۆ وێنە، کێشەی نێوان ئەندامانی کورد و ئازەربایجانیی شاری ورمێ لەسەر بەکار هێنانی زمان، وەک دەربینی ناڕەزایەتی، بۆتە هۆی جێهێشتنی کۆبوونەوەکان لە لایەن کوردانەوە. ئەو ڕووداوانە بوونە هۆی دەستپێکی مشتومڕی بەرچاو و تووڕەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بیروڕای گشتی دا.

هاوکات لەگەڵ ئەو بووژانەوە کولتوورییە کە بە هاندان و بەستێن خولقاندنی (ڕێژەیی) تورکیە هاتۆتە ئاراوە، توندئاژۆیی ناسیۆنالیزمی ئازەربایجانی-تورکی لە پارێزگاکە لە بەرهەڵستکاریی دژی کوردان تێپەڕیوە و فارسانیش دەگرێتەوە. لەو ساڵانەی دواییدا و لە کاتی زۆربەی کێبڕکێیەکانی کایەی تۆپی پێ لە شارە ئازەرییەکانی ئێران، دیتراوە لایەنگرەکان، ئاڵاکانی کۆماری ئازەربایجان وتورکیەیان بۆ ستادیۆمەکان هەڵگرتووە و دروشمی "فارس، کورد، ئەرمەنی-دوژمنانی تورک"-ن یان گوتۆتەوە کە لە مێدیاکانی تورکیەدا دەنگی داوەتەوە. تاران هەوڵی داوە لە گرینگیی بەشداریی جەماوەریی لەو خۆپیشاندانانە کە زۆرینەیان لاوانی کەم تەمەن دگرێتەوە کە گرینگییەکی کەمتر بە شوناسی ئایینی لە بەراورد لەگەڵ شوناسی ئەتنیکی دەدەن،  کەم بکاتەوە. بەرپرسیاریی ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ، بە هۆی شکست لە دابین کردنی شایستەی مافە ئەتنیکییەکان، دەکەوێتە ئەستۆی رێژیمی ئێران.  لە دوای گۆڕانی ئێران لە ئیمپراتوریەتەوە بەرەو دەوڵەت-نەتەوەی بنیاتنراو لەسەر شوناسی فارسی لە ١٩٢٠ــــــــەکانەوە و لە ئاکامدا حاشا کردن لە مافەکانی ئەتنیکەکانی دیکە، کە لە سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەریی، پەروەردە، ئازادیی ئایینی و پرۆسە سیاسییەکانەوە بگرە تا جەختی دەوڵەت لەسەر بە تاڵانبردنی سامانە گشتییەکانی ناوچەکانی خاوەن حەشیمەتی کەمینەکانی گرتۆتەوە، جووڵانەوەی بەرهەڵستکارانە لەنێو بەشێکی زۆر لە تاقمە ئەتنیکییە نافارسەکاندا، بۆ مسۆگەر کردنی مافە سیاسی، کولتووری و، کۆمەڵایەتییەکانیان، بوونی هەبووە.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەو پاشخانە، ناوچەکانی خاوەن حەشیمەتی کورد، کە لە نێوان ئێران و تورکیە بە هۆی جەنگەکانی نێوان ئیمپراتوریەتەکانی عوسمانی و سەفەویدا دابەش بووە، بوونە هۆی ئالنگاریی بۆ تورکیە بۆ جێبەجێ کردنی نەخشە تورکییەکەی و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئازەربایجانی ئێران. زۆربەی شار و گوندە سنوورییەکانی هەر دوو لای ئێران و تورکیە، وەکوو زۆربەی گوندەکانی نێوان سنووری تورکیە لەگەڵ عێراق و سووریە، زۆرینەی دانیشتووانیان کوردن. و لەوەش گرینگتر، کوردە ئێرانییەکانی سەر سنووری تورکیە هەمان زاراوەی کوردیی کورمانجیی کوردەکانی تورکیەیان هەیە، لە کاتێکدا ئەو کوردە ئێرانییانەی دوورتر لە سنووری تورکیە دەژین بە شێوەزاری سۆرانی دەدوێن. تورکیە ئیددیعا دەکات کە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا خەریکی شەڕی چەکداریی دژی دەوڵەتی تورکیە بوون، لە شارە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی ئێران بوونیان هەیە و کەڵک لەو خزمایەتییە سەر سنوورییە و پەیوەندییە کولتوورییە-ئەتنیکییە وەردەگرن. لە ساڵی ٢٠٢٠، وەزیری نێوخۆی تورکیە، سولەیمان سۆیلو، ئیددیعای کرد کە ١٠٠ شەڕکەری پەکەکە لە شاری ماکۆ، هەڵکەوتوو لە باکووری ڕۆژاوای ئێران هەن و هەڕەشەی کرد، بێتوو ئێران ڕایاننەگوێزێ، تورکیە ئەو کارە دەکات کە ئاماژەی ناڕاستەوخۆ بە دەستێوەردانی تورکیە دژی هێزە چەکدارەکانی کورد لە باکووری سووریە بوو.

لە ئاکامی سیاسەتە ڕەچاوکراوەکانی هەر دوو ئێران و تورکیە، گرژییەکانی نێوان ئەو دوو ئەتنیکەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، دوو ساڵ لەوەپێش بە شێوەی بەرچاو و توندوتیژانە قووڵ بوونەوە. لە جولای ٢٠٢٢، پێکدادان لە نێوان قاچاخچییانی کورد و ئازەربایجانیی ماکۆ هاتە ئاراوە. دوای قووڵتر بوونەوەی کێشەکە، تاقمێک لە تورکە ئازەربایجانییەکان، بە کوتک و گۆپاڵ و چەکی دیکە، هێرشیان کردە سەر خێوەتەکانی هاوینە هەواری ئاڤاجیکی ناوچەی ماکۆ و لەناو چوونی خێوەتی شوانە کۆچەرە کوردەکان، بە هۆی ئاگر تێ بەردانیان. بە داخەوە، هێرشبەرە ئازەربایجانییەکان، کوردێکی تەمەن ٤٣ ساڵەیان کوشت و لە تۆڵەی ئەو ڕووداوە، کوردەکان دوو تورکی ئازەربایجانییان کوشتن. لە ئاکامدا، ١٢٠ ئەندامی خێزانە کۆچەرە کوردەکان و ٢٠ هەزار سەر مەڕوماڵاتیان بە زۆرەملیی لە لایەن کاربەدەستە خۆجێیە ئازەربایجانییەکان ، بە بێ شی کردنەوە و قەرەبوو کردنەوە، ڕاگوێزران. بە مەبەستی قووڵتر کردنەوەی گرژییەکان، ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکیە نووسی ئەو ڕووداوە بە هۆی هێرشی پەکەکە بۆ سەر ئەتنیکی تورک لە ئێران ڕوویداوە و دەوڵەتی ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە هاوکاریی گرووپە کوردییەکەی داوە تا ناوچەکە پاکتاوی ئەتنیکی بکات.

بڵێی ئێران بتوانێ بەرپەرچی دەستڕۆیشتوویی تورکیە لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا بداتەوە؟

تاران کە ئاگاداری هەڕەشەی پەرە ئەستێنی پشتگیریی ئانکارا لە تورکە ئازەربایجانییەکانی نێو سنوورەکانی ئێرانە، بە درەنگەوە هەوڵی سەپاندنی کۆنتڕۆڵی زیاتری ناوەند لەو ناوچانەی کورد و ئازەربایجانی هەستیان بە گرژیی کردووە یان تووشی کێشەی ئاشکرا بوون، داوە. بۆ یەکەم جار دوای دامەزرانی ڕێژیمی ئیسلامییەوە، دوو کوردی شیعەی پارێزگاکانی خۆراسان (محەممەد مەهدی شەهریاری، کە لە سێبتەمبەری ٢٠١٧ تا ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ خزمەتی کرد) و کرماشان (محەممەد سەدیق موعتەمێدیان، کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ بەولاوە بەرپرسە) وەک پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژاوا (شوێنێک کە زۆرینەی حەشیمەتە کوردەکەی بڕوایان بە ئایینزای سوننی هەیە) دەستنیشان کراون. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا تورکە ئازەربایجانییەکان زۆرینەی پلەکانی بەڕیوەبەریی ئەو مەڵبەندەیان بە دەستەوەیە. لە نێوان چوار جێگری پارێزگار، کە بە کۆ بەرپرسی کاروباری سیاسی، ئەمنییەتی، ئابووری، ئاوەدان کردنەوە و هەروەها سامانە مرۆییەکانن، هەموویان تورکی ئازەربایجانین. بە هەمان شێوە، لە ١٧ نووسینگەی بەرێوەبەریی پارێزگاکە، ١٤ بە دەست تورکی ئازەربایجانییە، دووانیان بە دەست کوردانن و یەکیش بە دەست فارسێکە.

هەروەها جێگای سەرنجە کە سەرۆک کۆماری پێشوو، حەسەن ڕوحانی، لە سەردانەکەیدا بۆ ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لە ٢٠١٩، لە جیات ئازەربایجانی ڕۆژاوا، گوتی "ورمێ"، نێوێک کە کوردەکان بۆ ئەو پارێزگایە زۆرتر بە دڵیانە. بەڵام، کەڵک وەرگرتن لەو نێوە بۆ ئەوە نەبوو زەختی سەر کوردان کەم بکەنەوە بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ بەرپەرچدانەوەی ئانکارا کە ئازەربایجانی ڕۆژاوا وەک بەشێک لە "دنیای تورکی" دەنوێنێ.

پشتیوانیی تورکیە لە ئازەربایجانییەکانی ئێران لە چوارچێوەی گەشە پێدانی دنیای تورکە، کە لەو ساڵانەی دواییدا لە لێدوانەکانی ڕێبەرانی تورکیەدا ڕەنگی داوەتەوە. لە کۆتاییەکانی ٢٠٢٠، کاتێک ڕێژەیەکی سەربازیی  لە باکو کە بە بۆنەی ڕیزگرتن لە سەرکەوتنی ئازەربایجان بەسەر ئەرمەنستان دا لە جەنگی ٤٤ ڕۆژەی نێوانیان لەسەر ناوچەی قەرەباخ بەڕیوە دەچوو، سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پارچە شێعرێکی خوێندەوە کە بە شێوەی سیمبۆلیک داوای لە سەرجەم تورکان دەکرد ئازەربایجانی ڕۆژاوای ئێران "ڕزگار" بکەن. کاردانەوەی پڕ لە تووڕەیی بەرانبەر بەو شێعرە بووە هۆی بانگ کرانی نێردەی هەر دوو لا لە ئانکارا و تاران. وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیە لەو کاتەدا، مەولود چاوش ئۆغڵو، پێداگر بوو کە ئەردۆغان ئاگاداری هەستیارییەکانی پەیوەندیدار بە شێعرەکەوە نەبووە و وەڵامی تارانی مەحکوم کرد کە لە ڕوانگەی ناوبراوەوە بێڕێزیکارانە بوو.

لە هەمان کاتدا، ئێران درێژەی بە سیاسەتی چەند ساڵەی پشتگیریی لە پەکەکە داوە، نە تەنیا بۆ لاواز کردنی حیزبە بەرهەڵستکارە کوردییەکانی ئێرانی لە نێوخۆ وەکوو حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە، بەڵکو هەر کات پێویست بووبێ بۆ تووڕە کردنی ڕکابەرە لەمێژینەکەی لە ناوچەدا، واتە تورکیە. پەیوەندیی تاران لەگەڵ پەکەکە دەگڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٢، کاتێک ئێران زەختی هێنایە سەر ڕێبەری پارتی دێموکڕاتی کوردستان، مەسعود بارزانی تا ڕێگا بە پەکەکە بدات بنکە و بارەگا لە باکووری عێراق بکاتەوە.

بەڵام، دۆخەکە کاتێک ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات کە لە ١٩٩٩، دوابەدوای دەستبەسەر کرانی ڕێبەری پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە لایەن تورکیەوە، لە شارەکانی کوردستانی ئێران پشێوی بەربڵاو ڕوویدا. خۆپیشاندانەکان بۆ پشتگیریی لە ئۆجەلان، خێرا بوونە ناڕەزایەتی دژی ڕێژیمی ئێران و بۆ مافەکانی کورد. دەوڵەت بە توندی وەڵامی دایەوە، سەدان خۆپیشاندەری کوشت و زیاتر لە ٢٠٠٠ کەسی لە چەند شاری کوردستان دەستبەسەر کردن. بێجگە لەوە، لە کاتێکدا ئێران لە ١٩٨٧ بەولاوە ئیزنی مانەوە و دامەزراندنی بنکەی بە پەکەکە دابوو، داوای لێ کرد خاکی ئێران چۆل بکات.

لە ناڕەزایەتییەکانی کوردەکانی ئێرانی لە ١٩٩٩، پەکەکە سەرکەوتووانە توانایی خۆی بۆ وەدەستهێنانی پشتیوانیی بەربەرین لە نێو کوردان و ورووژاندنیانی نیشان دا. بەڕاستی، رێژەیەکی بەرچاو لە کوردانی ئێران دوای ١٩٩٩ چوونە نێو ڕیزەکانی پەکەکە، ئەوەش بووە هۆی دروست کردنی لقێکی هەرێمی بە نێوی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک). لە ئاکامدا، ئێران ڕێچکەکەی گۆڕی و سیاسەتی پشتگیریی لە کوردانی عەلەوی گرتە بەر (کە لە ئایینزای ئیسلامی شیعەوە سەرچاوەی گرتووە)، کە بە ئاشکرا شوناسی ئایینییان وەپێش شوناسی کوردییان دەدەن. ئەوە ڕێگای بە ئێران داوە تورکیە تووشی ئالنکاری بکات، بێ ئەوەی جووڵانەی نەتەوەیی کوردی لە ماڵەوە بورووژێنێ.

دەرئەنجام  

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە وەربەرهێنانێکی چڕی لە سەر ئیسلامی شیعە  وەک کۆڵەکەکانی سیاسەتی نێوخۆیی و هەروەها دەرەوی کردووە، ئێستا تووشی ئالنگاریی ناسیۆنالیزمی پەرە ئەستێن بووە، هەم لە نێوخۆ و هەروەها لە وڵاتانی دراوسێی. و دەر کەوتووە کە ئەو هێزە ناسیۆنالیستییە ئەتنیکییانە، لە شوناسی هاوبەشی شیعی، کە ڕێژیم هەوڵی چاندنی داوە بەهێزترە، ئەوە ڕاستییەکە کە بە تایبەتی لە نێو تورکە ئازبایجانییە لاوەکاندا بەرچاوە. ئەو دێمۆگرافییە، کە زۆرتر مەیلی بەرەو پەسەند کردنی ناسیۆنالیزمی توندڕەوی تورکی دایە، ئەگەری خولقاندنی ئالنگاریی بۆ ڕێژیمی ئێرانی هەیە. بێتوو گرژییە هەنووکەییەکانی نێوان ئەتنیکەکان بەردەوام بن و ئانکاڕا و تاران لە وەستاندنی دەستێوەردانەکانیان لە کاروباری نێوخۆیی هەر دوو لا ناسەرکەوتوو بن، ڕەنگبێ مێژوو دووپات بێتەوە و ببێتە هۆی شەڕێکی ساردی درێژخایەنی تورکی-ئێرانی یا خود یەکی گەرم. هەتا ڕەوتی ئێستا نەوەستێندرێ، میراتگرە هەنووکەییەکانی دوو ئیمراتورییەکانی پێشووی ناوچە، واتە عوسمانی و پارس، ڕەنگبێ لە سەر سنوورەکانیان خۆیان لە دوژمنکارییەکی چەکدارانەدا ببیننەوە. بەڵام ڕەنگبێ جیاوازییە تایفییەکانی نێوان ئازەربایجانییە شیعەکانی ئێران و تورکە سوننییەکانی تورکیە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی نەچنە پێش، ئەگەرچی لە سەرەتای ساڵانی ١٥٠٠، ئەو جیاوازییە بە قازانجی ئیمپراتوریەتی سەفەوی دژی ئیمپراتوریەتی عوسمانی تەواو بوو، کاتێک عەلەوییەکانی ئیمراتوریەتی عوسمانی چوونە بەرەی سەفەویە شیعەکانی ئێران.

ئەمجار پێگەی لاوازی نێوخۆیی ئێران و پەراوێزخرانە نێودەوڵەتییەکەی پێش بەوە دەگرن بیهەوێ ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی تورکیە بێتەوە، ئەگەرچی ئەوی دواتر پشتگیریی خۆی لە ئەتنیکی ئازەبایجانیی ئێران نەشاردۆتەوە یان هەڕەشەی ڕاودوونانی سەربازیی هێزەکانی پەکەکەی لە نێو سنوورەکانی ئێراندا کردووە. دیسانیش، ئەوە لە بەرژەوەندیی هەر دوو تاران و ئانکارا دایە پێش بە پەرە پێدانی گرژییە ئەتنیکییەکانی خاکی یەکتر بگرن؛ پێشبینی ئاسەوار و درئەنجامەکانی ئەو گرژییانە، بە لەبەرچاو گرتنی سروشتی فرە ئەتنیکی و فرە ئایینی کۆمەڵگاکانی هەر دوو وڵات، گەلێک دژوارە.