کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوا دەبێت ئەندازیاریی هەڵبژاردن!

14:28 - 16 رەشەمه 2723

دارسمە

دوازدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ئێران ڕۆژ‌ی هەینی ١١ی ڕەشەممە لەنێو پێشوازیی شلەتێنی لایەنگرانی دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە چوو.

ئەم هەڵبژاردنە دەگەڵ تێکهەڵچوونی گەرمی نیوان ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەک و بەرەی خۆڕاگریی ئیسلامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە سەرۆکایەتیی شلەتێنی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات بوو. هیچ بە دووری مەزانن خوێنەری هێژا بپرسێت هەڵبژاردن لە ئێران چ پەیوەندییەکی بە ئیسرائیل و ئەمریکا و بەرەی خۆڕاگرییەوە هەیە.

دوو لە ڕووی ئێوە، پەرژینێک بە گوڵ بێت، بەرەی خۆڕاگری زۆر سەیر خۆی ڕادەگرێت.

پەیوەندییەکە زیاتر لێرەدا دەردەکەوێت، حیزبه‌کانی دژی کۆماری ئیسلامی و  نزیکەی سێ چوار یەکی خەڵکی ئێران سەر بە سەهیۆنیزم و ئەمپریالیزمن و ئەم هەڵبژادنەیان بایکۆت کرد. بەڵام ئەندازیارانی (انقلابی)ی بەڕێوەبەری هه‌ڵبژارن مستێکی توندیان لە دەمی دوژمنان و بەکرێگیراوانی نێوخۆ و دەرەوە دا.

ئەندازیارانی ڕێکخستنی هەڵبژاردنی ئەم جارە، لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەڵبژاردندا جەنابی ئاغای خامنەیی، کاکە ئەحمەدی جەننەتی، عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی، کاک موحسینی قەرائەتی (پیاوە قسەخۆشەکەی جارانی سەر تەلەفزیۆن) و کاکە حەدادی عادل و ئەحمەد عەلەمولهودایان وەک کەسانی یەکەمی دەنگدەر لە سەر سندووقی دەنگدان پێشانی خەڵک دا. بە دەرکەوتنی ئەم کۆمەڵە لاوە، بە تایبەت دەرکەوتنی کاکە ئەحمەدی جەننەتی وەک مێرمنداڵێکی خاوەن‌ئەزموون و "پووشەک" (موشەمما) لە پشت و گۆچان بەدەست، مستێکی توند بەر دەمی زۆربڵێیانی دژی "نظام مقدس" کەوت و "ضد انقلاب"یش بۆی دەرکەوت بە نوێبوونەوە و گەنج بوونەوەی ئینقلاب و بەشداری‌کردنی ئەم لاوە خاوەن ئەزموونانە، خەونی لە‌نێوچوونی ئەم نیزامە دەگەڵ خۆیان دەبەنە نێو گۆڕی تەنگەوە.

دوای دەستپێکردنی هەڵبژاردن بە دەنگدانی ئەم کۆمەڵە لاوە، وەک لە تەلەفزیۆن و ماڵپەڕانەوە پێشان‌ درا خەڵكیکی زۆر بە گوڕوتینێکی شلەتێنەوە بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد. بە چاوی خۆتان لە وێنەکاندا دیتتان بەشێکی زۆری ئەم خەڵکە لە سەردەمی هەڵبژاردنی پێشوو واتە لە ٢٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٦ـه‌وە لە ماڵەوە دەستیان لە ڕەش و سپی نەدابوو و هەتا ١١ی ڕەشەممەی ئەمساڵ بە جلوبەرگی چوارپێنج ساڵ لەمەوبەرەوە لە سەر مۆبڵ و قەنەفان پاڵیان دابۆوە، بە پەلە خۆیان بەسەر سندووقەکانی ئەمساڵیش داکرد و دەنگی شۆڕشگێڕانەی خۆیان خستە سندووقی دەنگدانەوە. ئەوانە لەبەر ئەوەی بە دڵێکی گەرم بەشدارییان کرد، باکیان بە سەرما و کڕێوەی ئەم زستانە نەبوو و هەر بە توێی ئەو کراسانەی لە بەهاری خولی ڕابردووی هەڵبژاردن بۆ دەنگ‌دان کردبوویانە بەریان، ئەمساڵیش هەڵمەتی سەر سندووقی دەنگدانیان دەست پێکرد.

ئەمە لەکاتێکدا بوو ئەندازیارانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن بە مەبەستی تێکشکاندنی ئەوانەی هەڵبژاردنیان بایکۆت کردبوو، بیریان لە چارەسەری دیکەش کردەوە. لە بەر ئەوەی بەشی زۆری خەڵک لەبەر کار و کاسبیی ڕۆژی هەینی و بەشداری‌کردن لە نوێژی هەینی و پاک کردنەوەی بەفری سەربان و کۆڵانان وەک کاک ئەحمەد جەننەتی وعەلی ئەکبەر ولایەتی دەخۆیان ڕانەدیت سەر لەبەیانی بەشدار بن، تەمەنی ڕۆژی هەڵبژاردنیان هەتا کاتژمێر ١٢ی شەو درێژ کردەوە و بۆ بەیانیش لە هەموو قوتابخانەی سەرانسەری وڵات کردیانە پشووی ڕەسمی.

ڕاگەیاندنی ئەم پشوویە چەند سوودێکی باشی هەبوو. دیارە لە‌بەر کەمیی کات لێرەدا بە کورتی و لە چەند خاڵێکدا سووکە ئاماژەیەک بەم سوودانە دەکەین:

١- دیارە هەزاران کەس لەو کارمەندانەی سەر سندووقی دەنگدان ئەمڕۆ هەریەکەیان دوو یان سێ کەبابی چەور و تەماتەی برژاویان لەسەر حیسابی ستادی هەڵبژاردن خواردوە و ئەوانی مامۆستا و فەرمانبەری قوتابخانانەن لە سەردەمی گرانیی گۆشت و کەبابدا ددان و قوڕگ و سورینچک و گەدە و تەنانەت ڕیخۆڵەی بچووک و گەورەشیان تووشی سەرسووڕمان بووە. لەبەر ئەو دۆخەی ئەم کارمەندانە تووشی هاتوون، ڕاگەیاندنی ڕۆژێک پشوو کارێکی زۆر باشە.

٢- دەستنیشان‌کردنی ڕۆژێک پشوو دوای ئەو هەڵبژاردنەی بەرادەرانی بەسیج و "ئاتەش بە ئیختیار" زۆر پێویست بوو. ئەو برادەرانە ناچار بوون هەتا کاتژمێر ١٢ی شەو بێ ئەوەی پەنجەیان ڕەنگ بکرێت یان مۆڕ لە ناسنامەیان بدرێت، سەردانی چەندین بنکەی دەنگدان بکەن و ڕێژەی دەنگدەران لە سەرانسەری ئێراندا بگەیەننە چل لەسەد.

٣- ئەوانەی شەوی ڕابردوو لە وەزارەتی نێوخۆ بەدوای کۆدی خەڵکدا دەگەڕان بۆ ئەوەی بە کۆدی ئەوان دەنگ بەو پاڵێوراوانە بدەن لۆ پەزی زەرەریان نیە، ئەوانیش پێویستیان بە حەسانەوە بوو.

٤ -یەک ڕۆژ پشوو دوای دەنگدان بۆ قوتابخانانەش زۆر بە پێویست زانرا و پێویست بوو ئەندازیارانی هەڵبژاردن هەموو زبڵ و زاڵی دوای هەڵبژاردن بە چەشنێک پاک بکەنەوە، پاک‌کەروەی قوتابخانە و جاده و شەقامان لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە سەر دەرنەکەن.

* مانای وشەی "شلەتێن": شلەتێن بە پێی هەستی چێشتنی پێستی مرۆڤان دەناسرێتەوە.

** "پووشەک" یان "موشەمما" قوماشێکی ئاونەدەڵێنە بۆ پێش‌گرتن بە دزەکرانی پاشەڕۆی منداڵ و پەک کەوتان.