کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوانینێکی گشتی لە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

14:57 - 20 جۆزەردان 2724

کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

(ڕوانینێکی گشتی لە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان)

 

سمایل شەرەفی

لە ماوەی نزیک به سێ دەیەی ڕابردوودا قسەکردن لە دیاردە و قەوارەگەلی کۆمەڵگە و بزووتنەوەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قسە و باسی جۆراوجۆر و جیاوازی لێ کەوتۆتەوە کە تا ئێستا نەتەنیا پێناسەیەکی یەکدەستی لێ نەکراوە، بەڵکوو لەژێر هێژموونی گوتاری شۆڕشگێڕیدا کە تایبەت بە بەستێنی سیاسیی بزووتنەوەی کوردستانه (ڕەحیم. ٢٠١٨)، هێندێک جار به چاوی گومانەوە لێی ڕوانراوە و پرسیاری خراوەتە سەر. بەستێنی مەدەنی لە سیاسەتی کوردی بە هەر دوو چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی و خەباتی مەدەنییەوە وەک شێوازێک لە خەبات باسی لێوە دەکرێ کە پێناسەنەکردنی وردی ئەم چەمکانه وای کردوە زۆربەی جاران لە ڕای گشتیی کوردستاندا کۆمەڵگەی مەدەنی، خەباتی پارلمانی و خەباتی مەدەنی، یان نافەرمانیی مەدەنی پێکەوە تێکەڵ دەکرێ و بە هەڵە لە باتی یەک بەکار دەهێندرێت (ئیسماعیل‌نژاد، ٢٧١٩: ١٥٥). لە گەڵ ئەوەیکە دەستپێکی بزووتنەوەی مەدەنی و چێبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان لەم سێ دەیەدا کورت ناکرێتەوە، و سوننەتێکی سیاسی و پاشخانێکی فکری و مەعریفی لە پشته (تاهیر خەدیو، ١٣٩٣: ٩)، ناسیۆنالیزمی کورد لە ئێستادا زیاتر لە هەر قۆناغێکی دیکەی مێژوویی، پێویستی به گەشەسەندنی کۆمەڵگەی مەدەنییە که بتوانێ بەرانبەر بەوانەی چاوی تەماح و سڕینەوەیان لە شوناسی نەتەوەی کورد بڕیوە، بەرەنگاری بکات (وەلی، ١٣٨٣: ٥).

پێوەندیی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێرانی و کوردی، لایەنێکی دیکەی باسەکەیە کە لە چوارچێوەی ماهییەتی دەسەڵاتی سیاسی و شوناسی نەتەوەیی و خواستەکاندا خوێندنەوە لە سەر "خۆڕسک"بوون یان "پاشکۆ"بوونی بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان دەکرێ. عەبباسی وەلی پێی وایه کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران و کوردستان لە هەوڵی کۆمەڵانی خەڵک بۆ دێموکراتیزەکردنی پێڤاژۆی سیاسی جیا ناکرێتەوە. گوتاری کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران هاوشان لە گەڵ تێکۆشانە جیاجیاکانی دیکە، هۆڤییەتی دەسەڵاتی سیاسی به چالش دەکێشێ، بۆیە لە نێوەرۆکدا دێموکرات و بەرهەڵستکارە ( وەلی، ١٣٨٣: ٥).

وەک باس کرا بیچم‌گرتنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان، پاشخانێکی فکری و خەباتکارانەی لە پشته، بەڵام لە جووڵه و کردەوەدا نەک بە مانای بەستراوەیی، بەڵکوو پاڵنەر و بزواندن، کاریگەریی ڕەوت و قۆناغێکی سیاسی لە ئێرانی پێوە دیارە کە بە قۆناغی دەسپێکی ڕێفۆرمخوازی لەم وڵاتە ناودێر کراوە. "ئەم دەورەیە بۆ زۆرێک لە هێزە لاو و بەتواناکان لە کوردستان فەزایەکی هەرچەند بەرتەسکی پێک‌هێنا که بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتی کوردی لە هێندێک بەستێن و بواردا تا ئەوکات کەمتر تاقی کرابوونەوە" (سولەیمانی،٢٧٢٠: ٣٥). دامەزراندنی ئەنجومەنە ئەدەبییەکان، جموجۆڵی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران و کوردستان، چاپ و بڵاوکردنەوەی بڵاڤۆکە کوردییەکان و پێکهاتنی NGOکانی تایبەت به ژینگەپارێزی، دەستبەکاربوونی ناوەندە فێرکارییەکانی تایبەت به زمانی کوردی و پێکهاتنی ناوەندە خێرخوازییەکان، بەرهەمی کەڵکوەرگرتنی چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەو فەزایە و، تاقیکردنەوەی ئەم جموجۆڵانه لە بەستێنی مەدەنیدا بوو کە تا ئێستا به دەستەبەرکردنی کۆمەڵێک ئەزموونی پڕ لە دەسکەوت و خەسار درێژەی هەیە.

ئەوەی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێرانی لێک جیا دەکاتەوە، لە ماهییەت و گوتاردایه. کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێرانی به وەرگرتنی ماهییەت و گوتاری ڕێفۆرمخوازی، خۆی ئاوێتە بە بەشێک لە دەسەڵات کرد و "دەوڵەتی بوون"ی کۆمەڵگەی مەدەنی لێکەوتەوە کە وەک عەبباسی وەلی لە باسی ڕەفتاری دەسەڵاتی سیاسی و حاکمییەت دا باسی دەکات، کەمتر مەجالی گەشە و پەرەسەندنی بۆ ڕەخسا (وەلی، ١٣٨٣: ١٣). بەڵام کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان به گەڕانەوە بۆ خواستەکانی جەماوەریی خەڵک، ماهیەتێکی شوناسخوازانەی نەتەوەیی وەرگرت و هەر ئەم خەسڵەتە بوو به هۆی ئەوەی لە لایەک خۆی لە پاشکۆبوون بپاڕێزێ و لە لایەکی دیکەوە وەک بەستێنێکی دیکەی خەبات له پێناو شوناسخوازیدا ببێتە جێی باوەڕ و متمانەی خەڵک.

دوو هۆکاری ئیرادەی چالاکانی مەدەنی و متمانەی خەڵک له بەهێزبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستاندا ڕۆڵ و کاریگەریی خۆیان داناوە. ئیرادەکە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە ئاستی تێگەیشتن و ئاگایی تاکەکانی کۆمەڵگەوە هەیە کە چەندە بەرانبەر بە پرسێکی تایبەتی وەک بۆ نموونە ژینگه خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ و، متمانەی خەڵکیش وەک پشتیوانەیەک بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی، پێوەندی بە ماهییەت و کارکردی چالاکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە هەیە (نادریان،٢٧٢٠: تیشک ژمارە ٥٦).

ئەرک و ڕەساڵەتی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکورتی داکۆکیکردن لە شوناسی نەتەوەیی نەتەوەی کورد و پارێزگاری لە خاک و نیشتمانێکه بە ناوی کوردستان. بە واتایەکی دیکە شوناسخوازیی نەتەوەیی لە ئاستێکی بەرینی جەماوەریدا ئەرکی درێژخایەنی کۆمەڵگەی مەدەنییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دەکرێ به پرۆسەیەکی مودێڕن و نوێبوونەوەی کوردایەتی ناودێر بکرێ. لەم بەستێنەدا و لە ئاستی جەماوەریدا بەرپرسیارێتی گشتی دەخرێته سەر شانی تاک بە تاکی کۆمەڵگە و لە شێوەی خەباتی مەدەنیدا، بەشی زۆری کۆمەڵگە، خۆی بەرانبەر بە ئەرکه جڤاکی و نیشتمانییەکان بە بەرپرسیار دەزانێ. "ئەگەر ئەم تێگەیشتن و هەست به مەسئولییەت کردنە هەبێت، ئەودەم هەر کەس بەپێی هەلومەرج و بە گوێرەی ئیمکانات و وەزعی تایبەتی خۆی ڕێگایەک بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکی سەرشانی دەبینێتەوە، چونکه مەیدانێکی پان و بەرین بۆ خەبات لە پێش چاوە و شێوەی خەبات ڕەنگاوڕەنگ و جۆراوجۆرن" (شەرەفکەندی، ١٣٦٨: ٢١٧).

هەڵوێستی دەسەڵات بەرانبەر بە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ هیچ کەس و لایەنێک نامۆ و نائاشنا نییە و بەشێکە لەو ڕوانینە گشتگیرە ناسیۆنالیزمه تێکەڵ به مەزهەب کراوەیە کە وجوود و مانەوەی خۆی لە سڕینەوەی "ئەویتر" دا وێنا دەکات. ئەساس و بنەمای ئەم هەڵوێست و سیاسەتە کە ئەحمەد محەممەدپوور بە "ناسیۆنالیزمی فارسی _ شیعی" ناودێری دەکات، کار لەسەر حاشالێکردن، بە بچووک سەیرکردن و بنبڕکردنی هەر سووژەیەک دەکات کە لە تۆرەمەی فارس و شیعە نەبووبێت و لەو ژینگەیە نەهاتبێته دنیا کە ئەو تەنیا به هی خۆی دەزانێ (محمدپور، ٢٧٢١: ١٢).

لە چل ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەواو بە چاوی ئەمنیەتییەوە لە پرسە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەڕوانێ و، بە دیاریکراوی لە سێ دەیەی ڕابردوودا بە گوشار خستنە سەر چالاکانی مەدەنی، تۆمەتبارکردنیان به بەستراوەبوونیان به حیزبەکان و هەوڵدان بۆ شێواندنی بیروڕای گشتی و چالاکیی دژ به نیزام و ڕاپێچ‌کردنیان بۆ زیندانەکان و داسەپاندنی حوکمی قورس و گران، هەموو هەوڵێکی ئەوە بووە کە پێش به گەشە و پەرەسەندنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان بگرێ.

داهاتووی بزووتنەوەی مەدەنی و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چەند فاکتەرێک بەستراوەتەوە کە لە درێژەی باسەکاندا بە دەستنیشان‌کردنی دەرفەت و هەڕەشەکان بۆ سەر ئەم بیاڤه دەپڕژێنە سەری و تاوتوێ دەکرێ.

 

مەفهوومەکان و چوارچێوەی تێئۆری

کۆمەڵگەی مەدەنی

لە ڕووی ماناییەوە کۆمەڵگەی مەدەنی ئاڵۆز و خۆ بەدەستەوەنەدەرە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە سەردەمی جۆراوجۆری مێژووییدا و بە تایبەت لە سەردەمی ڕۆشنگەری و مودێڕنی مێژووی جیهاندا ئەم چەمکە مانا و پێناسەی جیاوازی لێ کراوە. لە یۆنانی کۆندا ئەرەستوو "دەوڵەت" به کۆمەڵگەی مەدەنی دەشوبهێنێ. لەبەر ئەوەی دەوڵەت، شارستانییەت بنیات دەنێ و پاڕێزگاری لە گیان و ماڵی هاووڵاتیان دەکات (وحدت. ٧٦). کەسانی ئاکادیمیک هەن کە لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە، ئەم باسە دەگەڕێننەوە سەر یۆنانی کۆن. بۆ نموونە دیالۆگی سۆکڕاتی و عەقڵانییەتی مەدەنی بۆ چارەسەری قەیرانی کۆمەڵایەتی، زاڵبوونی زانست و هوشیاری، نرخ و بایەخ، بوێری و لە کۆتاییدا گەیشتن بە دادگەری لە مودێلی سیاسیی ئەفلاتوونی و یان سیستەمێکی سیاسی تیمۆکڕاتیک کە ئەرەستوو دەیەوێ بە ڕێگای بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە پرۆسەی سیاسی و دیمۆکڕاسیدا، دەستەبەری بکا، وەکوو پێشینیەک بۆ مێژووی کۆمەڵگەی مەدەنی باسی لێ‌دەکرێت. ئەم سیستەمە ئیدەئالە کە بڕیارە لە چوارچێوەی شارێک یان کۆمەڵگەیەکی سیاسی دا، بێتە ئاراوە و ئەرەستوو ئەم جێگایە بە پۆڵییس ناو دەبات.

چەند سەد ساڵ دواتر، فەیلەسۆفەکانی شارستانی ئیسلامی (بۆ نموونە فاڕابی و ئیبنی سینا) لە چوارچێوی هزرێکی فەلسەفیی تایبەتدا کە بە نیۆپلاتۆنیسم پێناسە دەکرێت، لەسەر هەمان ڕێچکەی ئەفلاتوون و ئەرەستوو باس لە دروستبوونی مەدینەی فازیلە دەکەن. مەرجی سەرەکیی داڕشتنی مەدینەی فازیلە، لە ڕوانگەی ئەم فەیلەسۆفانەوە جیاکردنەوەی دین و فەلسەفەیە لە یەکتر یان بە واتەیەکی دیکە بە ڕێگای فەلسەفەوە مەجال بۆ تاک بکرێتەوە کە لە گەشەی هزری و ئەخلاقی خۆیدا ڕۆڵ ببینێت. ئیبن خەلدوون (1332-1406) کە ئەرەستوو بە ماموستای خۆی دەزانێت، باس لە مەترسی هەڵوەشانەوەی شارستانییەتی ئیسلامی دەکا، هەڵوەشانەوەیەک کە لە ئاکامی ناکۆکی و دژایەتی دانەبڕاوی نێوان عومڕان و عەسەبییە هاتۆتە ئاراوە. بۆ تێپەڕبوون لەم وێرانکارییانە، ئیبن خەلدوون پێی وایە خوێندن، کولتوور، کۆبوونەوە و بەشداری مەدەنییانە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و پرۆسەی سیاسەت، باشترین کەرەسە و ڕێگاچارەن (خالید خەیاتی، وتووێژی تایبەتی خۆم: ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٠. لەوانی دیکەدا بە "خەیاتی ١" ئاماژەی پێ دەکرێ).

 ماکس وێبر، کۆمەڵناسی ئاڵمانی کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی بیست، سەرهەڵدان و یان بگرە گەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی بە شێوازێک بە چاخەکانی نێوەڕاستی ئورووپا دەبەستێتەوە. بەگوێرەی ماکس وێبر خەڵكی شارە گەورەکانی ئەو سەردەمە، کە لە چین و توێژەکانی جیاوازی کۆمەڵگە پێکهاتبوون، بە هۆی دووربوون لە دەسەڵاتی سیستەمی فیئۆدالی، بوون بەخاوەن مەجال و دەفەرتی زیاتر بۆ جووڵەی کۆمەڵایەتی و کۆبوونەوە و لە ئاکامدا پێکهێنانی تۆڕی جۆربەجۆری کۆمەڵایەتی. بە پێچەوانەی بەشێکی بەرچاوی بیرمەندانی ڕەوتی مودێڕنیتە کە گەشەی مۆئەسەسات و دامەزراوەی مەدەنی و سیاسی، دیمۆکڕاسی  و هاووڵاتیبوون بە دابڕانی دین و سیاسەت لە یەکتر دەبەستنەوە، وێبر پێی‌وایە کە  پرۆسەی سیاسەت بەرهەمی پەیوەندی توندوتۆڵی ئەم دوو دیاردەیە کە چ کۆک و ناکۆک، پێویستە لە کۆنتێکستی دوور و درێژتری مێژوویی دا باسی لێبکرێت.

 ژان ژاک ڕۆسۆ پێێ وایە دەوڵەت بە پێکهاتنی کۆمەڵگەی مەدەنی کەسایەتیی ڕاستەقینەی خۆی پەیدا دەکات و بە بێ کۆمەڵگەی مەدەنی، دەوڵەت تەنیا کۆڕبەندێکی پچڕپچڕە. ڕۆسۆ لەو باوەڕەدایە کە بهبێ بوونی کۆمەڵگەی مەدەنی، تاک ناتوانێ لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە به گرێبەستی کۆمەڵایەتی بگات و لەوەها حاڵەتێکدا ئەسڵێک بە ناوی "بەرژەوەندیی گشتی" هیچ مانا و بوونێکی نییە. (رۆسۆ، ١٧٦٢:  ١١٣). بەگوێرەی هێندێک بۆچوون، تۆماس هابس کە بە دەرەجەی جیاواز باسی نەهامەتییەکانی حاکمیەتی سروشتی و زەروورەتی تێپەڕکردنی ئەم حاڵەتە بە ڕێگای دەستەبەرکردنی پەیمانێکی کۆمەڵایەتی دەکا، لە ڕاستیدا، ئەم پەیمانە کۆمەڵایەتییە، دەرهاویشتەی ڕاستەوخۆی مروڤێکی عەقڵمەندە کە بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکانی خۆی لە گەڵ بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگە و سیستەمی سیاسی هاوتەریب دەکا. (خەیاتی، ١).

هێگل، فەیلەسەفی ئاڵمانی، کۆمەڵگەی سەرمایەداری به کۆمەڵگەی مەدەنی پێناسە دەکات کە لەودا وەک مەیدانێک، تاک چوارچێوەی بنەماڵە بە‌جێدێڵی و ڕوو لە کێبەركێی ئابووری دەکات و ئەم مەیدانە هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەت و هێزی سیاسی نییە. هێگل پێی‌وایە کە تەنیا دەوڵەت دەتوانێ بەرژەوەندیی گشتی بسەپێنێ و بیپاڕێزێ و کۆمەڵگەی مەدەنی پانتاییەکە بۆ دابەشکارییەکان و قازانجەکانی تاک و حەز و خواستە تایبەتییەکان (ساسۆن: ٣٥). هێگل پێی وایە کە دەبێ لە نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی سیاسیدا جیاوازیی بەرچاو دابنێین. ئەو جیاوازییە هێگیلییە، لە ڕاستیدا دابڕانێکە لە خوێندنەویەکی پێشووتر کە پێی وابوو کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی سیاسی هەر یەک واتان و جیاوازییان نییە. بیرمەندی فەڕانسەوی ئالێکسی دۆ تۆکویل کە درێژەدەری هزری لیبراڵیی هیگێلە لەم بابەتە دا، کۆمەڵگەی مەدەنی  وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی کۆمەڵگەی سیاسی پێناسە دەکا. لە سەر هەمان ڕێچکەی دیالیکتیکی هێگل، کارل مارکس کۆمەڵگەی مەدەنی وەکوو دیاردەیەکی ڕۆکەشانە بۆ دەوڵەتی مودێڕن پێناسە دەکات کە لەوێدا، ئەم کۆمەڵگەیە و گشت مۆئەسەسات (دامەزراوە)کانی پەیوەندیدار لە ژمارەیەک بەرژەوەندی تایبەتی و ململانێ لەنێو ئەو بەرژەوەندییانە دا کورت کراونەتەوە (خەیاتی، ١).

کارل مارکس لە سەرەتادا پێی‌وابوو پێکهاتنی کۆمەڵگەی مەدەنی یەکێک لە پێوەرەکانی تێپەڕبوون لە سەردەمی فێئودالیزم بۆ قۆناغی سەرمایەدارییە که پێگەی تێکۆشان و خەباتی هەر کەسێک لە گەڵ ئەوی دیکە دیاری دەکات (ساسۆن: ٣٥). به گەیشتن به شارستانیەتی سەرمایەداری، ئاڵوگۆڕێکی گەورە و قووڵ لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ژیانی مرۆڤایەتیدا هاتە ئاراوە؛ پێوەندییەکانی پێش لە شۆڕشی پیشەسازی و مودێڕن کە لە سەر ئەساس و بناغەی نەریتی و چینایەتی بوون، گۆڕدرا به پێوەندیی ئازاد و بەربڵاو. لەو سەردەمەدا کە هێشتا دەوڵەتەکان میراتگرانه (میراتی) و دیکتاتۆری بوون، خەریکی کۆکردنەوەی دەسەڵات لە گەردوونەی ئەقڵی ناوەندگەرایی‌دا بوون. هەر لەم چاخەدا ڕوانگەگەلێک هاتنە ئاراوە کە بۆ پێکهێنانی فەزایەکی گونجاو لەگەڵ نیزامی نوێی سەرمایەداری لە هەوڵ‌دابوون. ئەم ڕوانگانه بوون به ئەساس و بناغەیەک بۆ پێکهاتنی "کۆمەڵگەی مەدەنی". (وحدت:  ٧٦).

لەوانەیە لەنێو بیردۆزان و بیرمەندانی چاخی مودێڕندا بۆچوونی ئانتۆنیۆ گرامشی لە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی نزیکتر لە مانا و شوناسی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئەم سەردەمە بێت و بۆ باسەکەشمان بکرێتە بنەمای نەزەری. ئەم بیرمەندە هەرچەندە کەسێکی مارکسیست بووە بەڵام بۆ ئەو کۆمەڵگەی مەدەنی دیارەدەیەکی ڕووکەشانە یان ئامرازی ململانێی نێوان بەرژەوەندییەکان نییە. بۆ گڕامشی، کۆمەڵگەی مەدەنی لە پێناو دەستەبەرکردنی سەرمایەی فەرهەنگی و ئیدئۆلۆژیکی و لە ئاکام دا زاڵکردنی هێژمۆنی چینی دەستەڵاتدار ڕۆلی سەرەکی دەبینێت. له ڕوانگەی گرامشی‌یەوە هەموو دامەزراوە و هەوڵەکانی دەرەوەی دەوڵەت و هێزی سیاسی، وەک یەکییەتییەکان، حیزبەکان، بڵاڤۆکەکان و شوێنە بانگخوازییەکان، پێهکێنەری کۆمەڵگەی مەدەنین. کەوابوو بە لای گرامشییەوە کۆمەڵگەی مەدەنی هاوواتای چەمکی چاند و کولتوورە کە کۆی کۆمەڵگە دەگرێتە خۆی و تاکەکان تیایدا بکەرە ئەسڵی و سەرەکییەکانن. لە ڕوانگەی گرامشییەوە تاکەکان لەم کۆمەڵگەیە (کۆمەڵگەی مەدەنی) خاوەنی توانا و ئازادیی کردەوەن لە پەیوەستبوون بەم دامەزراوانە یان چوونەدەر لێیان (سبزەای، ١٣٨٦: ٩٢).

کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کە لە دامەزراوەکان واتە سەرخانە کۆمەڵایەتییەکان پێک هاتبێت، ناتوانێ تەنیا ڕویکەرد و ڕوانگەیەکی ئابووریانەی بۆ تێکۆشان و خەبات هەبێت. بەڵکوو جۆرێک لە یەکگرتوویی و یەکێتی لە نێو کۆمەڵگەدا پێک دێنێ. بە واتایەکی دیکە لە بیچمدانی ڕەفتاری بە کۆمەڵ و ڕەزامەندیی گشتیدا ڕۆڵ و کاریگەریی دەنوێنێ کە لەودا داهێنان و ئیبداعی تاک دەتوانێ گەشە بکات و تەوافوق و کاری هاوبەشی لەسەر بنیات دەنرێ (فتوحی، ١٣٩٤: ١٤٠).

لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا هەر تاکێک خاوەنی هۆڤییەت و شوناسی سەربەخۆی خۆیەتی و پێوەندیی تاکەکان لە گەڵ یەکتری و لە گەڵ کۆمەڵگە لەسەر ئەساسی گرێبەستی کۆمەڵایەتییە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەر جێگە و پێگەیەکی تایبەتی، هەمووان بەرانبەر بە یاسا خاوەنی ماف و ئازادی و بەرپرسایەتیی یەکسانن. بەم پێیه کۆمەڵگەی نەریتی لە سەر بناغەی پێگەی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەر بناغەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی، پێناسە دەکرێن ( بەرزگر: ٢٧).

لە چاخی سەردەمدا کە کۆمەڵی مرۆیی زیاتر لە ڕابردوو عەوداڵی ئازادی و ڕزگارییە و ئیدە و ئیرادەی خۆی لە چوارچێوەی چەمکی دێموکراسیدا پێناسە دەکات. گەیشتن به کۆمەڵگەیەکی مەدەنی زیاتر لە هەمیشە دەتوانێ لەم ئامانجەی نزیک بکاتەوە. "پێشینەی دێموکراسی هەر بە قەرای پێشینەی کۆمەڵگەی مەدەنی‌یە. بیرمەندانی فەلسەفەی نوێ (لە ڕێنسانس بەملاوە) کۆمەڵگەی مەدەنی به ئەساس و بنەڕەتی دێموکراسی دەزانن و لە هەر کوێ باسیان لە کۆمەڵگەی مەدەنی کردبێ، بێ‌ئەملاوئەولا باسیان لە دێموکراسیش کردوە. به سەرنجدان به زەمینەی فکریی هاوبەشی نێوان ئەم دوو چەمکە، وادیارە کۆمەڵگەی مەدەنی وێنایەکی زەینییە کە لەگەڵ گەیشتن بە دێموکراسی، پرۆسەی پێکهاتنی بەتەواوەتی بیچم دەگرێ و بهکردەوە هەست بە بوونی دەکرێ" (هاشمی:  ٦٣ و ٦٤).

 هابرماس ئەم ئیدیعایە ڕوونتر باس دەکات و دەڵێ، "مەرجی بنەڕەتی بۆ سەقامگیربوونی دێموکراسییەکی بەهێز، کۆمەڵگەیەکی بەهێزی مەدەنییە. بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی، کەڵکەڵەیەکی سەرەکییە بۆ پرۆژەی دێموکراسی" (فلوبێر، ١٣٩٩). بەم پێیە ئەرکی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆنترۆڵی هێزی سیاسی یان هەمان دەسەڵاتە لە ڕێگای ئیرادەیەکی گشتییەوە کە لە دێموکراسیدا وێنا دەکرێ. بۆیە وەک هابرماس باس دەکا لە کۆتاییدا "هێز (دەسەڵاتی سیاسی) تەنیا لە ڕێگای هێز(کۆمەڵگەی مەدەنی)یەوە کۆنترۆڵ دەکرێ. تەنانەت بۆ تێگەیشتن لە سەقامگیربوونی ئیرادەی گشتیی کۆمەڵگه، پێویسته لە سۆنگەی بەرەنگاری وهێزەوە بیر بکەینەوە. جیا لەوە ڕێگایەکی دیکه شک نابەین، هێز و تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی مەدەنی، مەرجی سەرەکییە بۆ چەسپاندن و سەقامگیرکردنی ئیرادەی گشتی" (فلوبێر، ١٣٩٩).