کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیراز و شیرێژ و ژاژی

12:23 - 1 گەلاوێژ 2724

دارسمە

شیراز لەبەر زۆر شت شارێکی زۆر گرینگە. ئەو شتانەی شیرازیان زۆر زۆر گرینگ کردووە زۆرن. یەکیان ئەوەیە شیراز نێوەندی پارێزگای فارسە و واتە قەومی فارس دەبێت زۆر پێیەوە بنازن و بە پاسارگاد و ماسارگادییەوە دیارە شارێکی هین کراوە. هەر ئەم شیرازە، شاری حافزی شاعیرە. حافز بەو غەزەلیات و مەزەلیاتەی نەک هەر کۆڕی شاعیران، بەڵکوو کۆڕی گۆرانی‌بێژانیشی گەرم کردوە.

خۆزگە ئەم حافزه ئێستا زیندوو بوایە و ئەم دەوروزەمانەیەی دیتبایە. کورد دەڵێت مردوو لینگی درێژ دەبێت و ئەم کابرایەش ئەگەر ئێستا زیندوو بوایە لینگی ئەوەندە درێژ نەدەبوو. هەر گەرم‌‌کردنی کۆڕی گۆرانی‌بێژان و مەیخانان دەبوو بە بەڵای سەری و ئێستا دەبوایە چالاکانی مافی مرۆڤ لە نێو خۆ و دەرەوە دابگژێنە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس و میکس و کەمپەینی ئازادکرانی بۆ ڕێک‌بخەن. ئەگەر حافز مابایە، ئێستا کۆمەڵێک کێشەی بۆخۆی و بۆ زۆر کەسی دیکەش دەخوڵقاند. هەر سرنج بدنە ئەم دێڕە شێعرەی:

واعظان کاین جلوه در محراب و منبر می‎کنند

چون به خلوت می‌روند آن کار دیگر می‎کنند

واتە ئاخوندی وتارخوێن بەو جۆرەی لە نێو مێحراب و سەربەرزەکان خۆ پێشان دەدات، کاتێک دەچێتە شوێنی خەڵوەت زۆر کاری دیکە دەکات. خۆ هەرکەسێک ئێستا شتی لەم شێوەیە بڵێت ئەگەر حافز نەبێت و ئەو فیردەوسییە بێت وەک خۆی دەڵێت عەجەمی لەسەر ئایینی فارسان زیندوو کردەوە، هەر فڕێیان دەدایە ئەو دیو دیوارە بەرزەکەی "عادل‌ئاباد" و دەبوایە بۆخوی هەتا "ظهور مهدی" بناڵێنێت.

بە دوور نییه سەعدییەکەش ئەگەر لەم سەردەمەدا ژیابایە و وەک خۆی دەڵێت بەرەو شام رۆیشتبایە و لە دیمەشق چاوی بە گرانی و برسێتی کەوتبایە، یان دەبووایە لە ڕیزی چەکدارانی فاتمیوون و پارێزەرانی حەرەم چەکی کردبایە شان و یان لە سنووری عێراق و شام  ڕیک لەو ئەلبووکەمالەی زۆر باسی دەکرێت، دەکەوتە بەر هێرش و گیانی دەسپارد. کێ هەیە ئەرخاینمان بکات لە شام نەدەکەوتە بەر هێرشی فڕۆکە‌ی بێ‌فڕۆکەوانی جوولەکان؟

بە شێعرەکانیەوە دیارە زحمەتە شێخی سەعدی ڕووی کردبایە شام و ئەرخەیان بن هەر لە شیراز دەمایەوە.

قسەی خۆمان بیت، ئەم سەعدییە شێعری وای هەن ئاو لە بەرد دەهێنن. یانی دڵی مرۆڤ هیچ، ئەم بەردە وشک و ڕەقانەش دەتوڵێننەوە. هەر ئەم سەعدیی شیرازییە لە دێڕێکی کۆتایی غەزەلێکیدا دەڵێت ئەگەر لەم سەردەمەدا زیندوو بوایە بە هیچ شێوەیەک لێی خۆش نەدەبوون و ئەویشیان هەڵدەدایە ئەو دیو دیوار "عادل ئاباد". سەعدی گوتووەیەتی:

"سعدیا مرد نکونام نمیرد هرگز

مرده آن است که نامش به نکویی نبرند"

واتە "کەسێک بەباشی ناوبانگ دەربکات، هەرگیز نامرێت و ئەو کەسەش بەباشی ناوی دەرنەکردبیت، بە مردوو دەژمێردرێت."

لەم وەرگێڕانەدا چۆن برایانی فارس دەقی زمانانی دیکە بە دڵی خۆیان دەکەنە فارسی، ئێمەش هەر وامان کردووە و "مرد"ی نێو شێعری سەعدیمان کردووە بە "کەس". ئەم کارەی ئێمە لەم وەرگێڕانەدا کردوومانە، ترس لە ڕەگەزی مێی بە ئاشکرا پێوە دیارە و ئەگەر "مرد"مان کردبا بە "پیاو" ڕەنگبێ چینی چەوساوەی "فێ‌‌مێ‌نیست" لێمان زویر بووبان.

ئێستاش بە دووری مەزانن "هاوڕێیانی چەپ" لێمان زویر بن و تۆمەتبارمان بکەن و بڵێن لە "چین‌"مان نەزانیوە و "فێ‌‌مێ‌نیست"ان وەک "کرێکار" و "سەرمایەدار" و "وردەبورژوا" بە "چین" ناژمێردرێن.

درێژدادڕیمان کرد و بەم چین‌وماچینە ئەوەندەی نەمابوو گرینگ‌بوونی شاری "شیراز" و قەومی فارسمان لەبیر بچێتەوە.

ئەم شیرازەی باسمان کرد، لەم سەردەمەشدا زۆر گرینگە. ئیمام جومعەیەکی هەیە، کاتێک لە نوێژی هەینی و بۆنەکانی دیکەدا خەریکی وتارە، هەر شیرینە گوێی بۆ شل بکەی. ئەودەم گوێگران و بەردەنگانی لغاوەیان هەتا بناگوێیان هەڵدەكشێت، سکیان دەست بە هەڵبەز دابەزێن دەکات و گنجیان لە لێوان دەبڕێت و هەردوو ڕیزی خواروو و سەرووی ددانیان دەردەکەوێت.

ئەم ئیمام جومعە بەڕێزەی دراوسێی گۆڕی کۆرشی مەزنە ناوی "لطف‌الله‌ دژکام"ـه. ئەگەر ناوەکەی بکەین کوردی، ماناکەی دەبیتە "ڕەحمی خوای تووڕە". دیارە لەمێژە بە ئێمە گوتراوە ناکرێت ناو وەربگێڕین و ئەگەر وایان نەگوتبا "ڕەحم" و "تووڕەیی" لە پاڵ یەکتریدا دەستەواژەیەکی زۆر دژوازیان لێ‌دەکەوتەوە. 

جەنابی دژکام یەک دوو هەفتە لەمەوبەر لە وتاریکدا داوای لە خەڵک کرد منداڵی زیاتریان ببیت و گوتی: ئیمامی زەمان پێویستیی بە لەشکرێکی زۆرە و لەبەرئەمە پێویستە وەچەی زیاتر بنێینەوە و منداڵان گەورە بکەین و لە لەشکری ئیمام زەماندا بەشداریان بکەین. 

لە وڵامی ئاغای دژکامی شیرازیشدا هەڤووکێک لە نێو کورداندا باوە و کاتێک دنیا ئارام و بێ‌دەنگ و هەرا دەبێت، دەڵێن: "دنیایەکی ئەمن و ئەمان و بێدەنگە، هەر دەڵێی دەوری محەمەدی مه‌هدییە."

ئەنجامەکان:

ئەنجامی پاسارگادانە: زەحمەتە کوورووشێک لە نێو ئەم بەردەڵانەدا نێژرابێت.

ئەنجامی حافزانە: ئەگەر پێی بڵێن زیندووت دەکەینەوە، زەحمەتە بوێرێت.

ئەنجامی سەعدیانە: ئەگەر ئێستا زیندوو بایە کوا دەیوێرا بچیتە دیمەشق.

ئەنجامی دژکامانە: حەبی بەرگریکردنی لەدایکبوونی منداڵ و هینەکەی وەک گۆرەوەی دەچێت حەرامن.

ئەنجامی کوردانە: دەنگی ئەم بڵندگۆیانە نزم کەن، وەک سەردەمی محەممەدی محەهدی دونیا ئارام دەبێت.

مانای هێندێک وشەی نێو ئەم دەقە:

شیراز: شیرێژ، ژاژی، ئەو شیرەمەنەییەی لە دۆی کوڵاوی دەگرن

عادل‌ئاباد: زیندانی کۆنی بە ناوبانگی شیراز

هەڤوک: ڕستە، جوملە

بەرزەک: ئەو سەکۆیەی هێندێک لە زەوی بەرزترە و بۆ وتارادان دەچنە بانی