پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوان
لاوانی کوردستان!
مەیداندارەکانی ئەم سەردەمە!
وێڕای سڵاوی گەرم و شۆڕشگێڕانە بۆ ئێوەی ئازیز! بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوان گەرمترین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەین. ئاشکرایە کە سەرکەوتنی خەباتی هەر نەتەوەیەک لە جیهاندا گرێدراو بووە بە بەشداریی لاوانی ئەو نەتەوەیە لە خەباتدا. لە ڕەوتی خەباتی نەتەوەیی کوردیش، قۆناغەکانی گەشە و نسکۆی خەبات لە سەردەمە جۆراوجۆرەکاندا گرێدراو بووە بە دۆخی ئەو سەردەم و کاریگەریی ئاڵوگۆڕە ناوچەیی و جیهانییەکان. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لە هیچ قۆناغێکدا کورد لە ماف و ویستەکانی خۆی پاشگەز نەبۆتەوە و بەهەر شێوەیەک و لە هەر دەرفەتێک بۆ سەلماندنی شوناسی تایبەتیی خۆی و دەربڕینی ماف و داخوازییەکانی کەڵکی وەرگرتووە.
جێگای شانازییە کە لاوان وەک هێزێکی کاریگەر لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە هەموو قۆناغەکاندا کۆڵەکە و داینەمۆی ئەو خەباتە بوون و لە سەختترین ساتەکاندا، ئەوە لاوانی کورد بوون کە ئاڵای کوردستان و بزووتنەوەکەیان بە شەکاوەیی لە مەیدانەکاندا ڕاگرت.
لەسەردەمی کۆماری کوردستان کۆڵەکەی فەرهەنگی و ڕاگەیاندنی ئەو سەردەمن و دوای نسکۆی کۆماری کوردستان ئەوە لاوان بوون کە جارێکی دیکە چەخماخەی خەباتیان لێدا و بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان حیزبی دێموکراتیان بنیات نایەوە، دوای باڵکێشانی دۆخی ناهەموار بەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧، ئەوە دیسان لاوانی گۆشکراو بە بیری پێشەوا و کۆمار بوون کە ڕاپەڕینێکی شکۆداریان دژی ڕێژیمی پاشایەتی وەڕێ خست، لەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران و هێرشی سپای خوێنمژی خومەینیش ئەوە دیسان لاوانی کۆمەڵی کوردەواری بوون کە پەیوەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون و دیفاعیان لە مان و مەوجودییەتی نەتەوەی کورد کرد. لە قۆناغی نوێشدا لاوان لە ڕێزی هێزی پێشمەرگە و هەروەها لە گڕو تین بەخشین بە خەباتی مەدەنی: لە چەشنی پاراستنی زمان و کلتووری کوردی و بەڕێوەبردنی بۆنەکانی نەورۆز و چالاکی ژینگەپارێزی و ئەدەبی و هەروەها لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ڕاپەڕینی ژینا و بزووتنەوەی ژن-ژیان-ئازادی و، کەمپینەکانی بایکۆتی شانۆگەری هەڵبژاردنەکان، لە سەنگەری پێشەوەی خەباتی شوناسخوازییدا بوون و هەن.
ئەم چەند نمونەیە دەرخەری ئەوەن کە لاوان لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا هاوتەریب لەگەڵ دۆخی جیهان و ناوچە هەوڵی زیندووڕاگرتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردییان داوە و بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بوون و میراتگرێکی بەحەقی خەباتکارانی پێش خۆیانن.
لاوانی خەباتکاری کورد!
هەموو ئەو پێشەکییەی کە ئاماژەی پێکرا لەپێناو ڕۆژی جیهانیی لاوان، تەنیا بۆ ئەوەبوو کە بڵێین ١٢ی ئاگۆست ئەگەر لە وڵاتان بۆ لاوان ڕۆژی جێژن و فێستیڤاڵ و چالاکیی جۆراوجۆرە، لای لاوانی کورد دەرفەتێکی نوێیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەرچەشنە ستەمێکی پاوانخوازانەی تاران و، هەوڵدان لە پێناو مافە زەوتکراوەکانی کورد و گڕو تین بەخشین بە خەباتی شوناسخوازانە.
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ساڵانە بە پێی دۆخی جیهان، درووشم بۆ ڕۆژی جیهانیی لاوان دیاری دەکات، کە ئەمساڵ درووشمی " بەرەوپێشچوون لە کلیکەکانەوە: ڕێڕەوەکانی دیجیتاڵیی لاوان بۆ گەشەپێدانی سەقامگیر"ی هەڵبژاردووە.
هەڵبژاردنی وەها درووشمیک لە سەردەمی ئێستادا بۆ لاوانی کوردیش گرنگی خۆی هەیە، لە مێژووی مرۆڤایەتییدا گەشەی بیر و زانست و تێکنۆلۆژی لە پێشکەوتنی میللەتان و دەوڵەتان دەوری بەرچاوی گێڕاوە. ئەگەر سەردەمێک ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن وەک ڕاگەیاندن لە گەشەی سیاسی و فەرهەنگی دەروی کاریگەرییان دەگێڕا و تەنانەت ڕێڕەوێک بوون بۆ پاراستنی زمان و ئەدەبی نەتەوەکان و بڵاوکردنەوەی سیاسەتی دەوڵەتان، ئەوە ئێستا دنیای دیجیتاڵ ئەو دەورە دەگێڕێ کە خۆی لە دنیای مەجازیدا دەبینێتەوە.
بەداخەوە دەستڕاگەیشتنی وڵاتانی نادێموکراتیک و دیکتاتۆر بە زانست و تەکنەلۆژیای سەردەم، ئەم دەرفەتەشیان وەک مەترسی لە دژی گەلانی بێ دەوڵەت بەکار هێناوە. ئەگەر سەردەمێک نەتەوەی کورد لە ڕێگای ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن هەبوونی خۆی وەک نەتەوەیەکی جیاواز دەسەلماند، ئەوە هەر زوو دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان زمانی کوردییان یاساغ دەکرد و پێشیان بە چاپ و بڵاوبوونەوەی شوناسی کوردی دەگرت. ئەمڕۆکەش دەبینین کە بە سانسۆر و فیلتێر و پارازیت چۆن کۆماری ئیسلامی و هاوقەتارەکانی پێش بە دەنگ و شوناسی میللەتان دەگرن و ئیزن نادەن دەنگی جیاواز و نەتەوەی جیاواز سەر بەرز بکاتەوە.
لە تەنیشت هەموو ئەو سانسۆڕ و پاڕازیت و فیلتێرینگە دیجیتاڵییەی کە ڕێژیم بەسەر دنیای مەجازیدا سەپاندوویەتی بۆ کپ کردنی دەنگی ئازادیخوازی و سەربەستی نەتەوەکەمان، هەوڵەکانی گەشەی ناتەندرووستی ڕێژیم لە بوارەکانی سایبێری و سەربازیی مۆدێرندا، دوایین پەلەقاژەی ئەو ڕێژیمەیە لەپێناو پاکتاوکردنی نەتەوەکەمان و حیزبە سیاسییەکان.
لاوانی زانستپەروەری کورد!
لەگەڵ هەموو ئەو مەترسییانەی کە حکومەتە دیکتاتۆڕ و خۆسەپێنەکان لە ڕێگای جۆراوجۆر و بە درێژایی مێژوو خستوویانەتە سەر نەتەوەکەمان، ئەوە لاوانی کوردیش لەمەیدانە جۆراوجۆرەکاندا بەرپەرچی هەرچەشنە هێرش و مەترسییەکییان داوەتەوە.
ئەگەر سەردەمێک ئەدیبان و نووسەران و وەرگێڕەکانی بواری زانست و ئەدەب، زمانی کوردییان بە شەونخونی خۆیان لە لەناوچوون دەپارست، ئەوە ئەمڕۆکە لەسەنگەری دنیای دیجیتاڵ کەم نین ئەو لاوانەی کە بەرهەمەکانی ئەم ئەدیب و هۆنەرانەی کوردییان بە دیجیتاڵی کردوە و زمانی کوردییان خستۆتە ناو ڕێزی زمانە جیهانییەکان لە دنیای پێشکەوتووی ئەم سەردەمە.
هەروەها کەم نین ئەو مامۆستا و پسپۆڕانەی بواری ژیری دەسکرد کە لەم سەردەمە دەتوانن خزمەت بە زمان و شوناسی نەتەوەییمان بکەن.
لاوانی وشیاری کۆمەڵی کوردەواری!
چەندی لەسەر پیلانە جۆراوجۆرەکانی داگیرکەران بۆ تواندنەوەی نەتەوەکەمان و بەرپەرچدانەوەکانی لاوانی ژیر و شۆڕشگێڕی کورد بدوێین کەممان گوتووە، بەڵام نابێ لەبیری بکەین کە ئەم سەردەمە دیجیتاڵییە بۆ ئێوەی لاوان کەم نییە لە داو و تەپکە و پیلان.
ئەمڕۆژانە کە ئێوە قۆناغی تازەلاوی و لاویەتی تێدا تێپەڕ دەکەن، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای سیاسەتی تایبەت و بەلاڕێدا بردنی خواست و ویستەکانتان، دەیهەوێ ئاستی داخوازییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانتان دابەزێنێت و ناوەرۆک و سرووشتی لاوانەتان ناچالاک بهێڵێتەوە. هەربۆیە ئەو دەرفەتەی لاویەتی لە کیس خۆتان مەدەن و ئەوپەڕی کەڵکی خۆتان لەو قۆناغەی تەمەن وەرگرن، خوو و خدەکانتان تاوتوێ بکەن و بژاردەکانتان هوشیارانە بێت. با ڕوحی پرسیارکەری لاوانەتان گوڵ بکات و بەدواداچوون بۆ ناسینی هەرچی زیاتری هونەرمەندان و نووسەران و ڕووناکبیران و مامۆستایان و سیاسەتمەداران و ڕێبەرانی دەگمەن و مەزنی کورد بکەن و گوێیان بۆ بگرن و بیانکەنە سەرمەشقی خۆتان، ئەوە ڕێک ئەو شتەیە کە دووژمن لێی دەترسێت. ڕێژیم دەیهەوێ ئێوە لە شوناسی کوردی و قارەمان و کەسایەتییەکانی کورد دابماڵێت، بەڵام ئێوە لە خوو گرتن و شانازی کردن بە مێژووی درەوشاوەی کورد و هەنگاونان بۆ داهاتوو، بە ئەزموون وەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوو سڵ مەکەنەوە.
ئێمە هەر سەردەکەوین و دەبی جیلی ئێمە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ببینێت.
ئێوە هەر سەرکەوتوو بن و کوردستان ئاوەدان.
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی
١٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٤