کەماڵ کەریمی: ئێران نە پشتیوانیی خەڵکی وڵات، نە ئابووریی بەهێز و نە تێکنۆلۆژیی شەڕی گەورەی نییە و پێگەی نێودەوڵەتیشی لاوازە
دیمانە: سابیر فەتتاحی
ئاماژە: کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران ڕەوتی ڕووداوە ئاڵۆز و پڕقەیرانەکانی ناوچە بەرە کوێ دەکێشێ؟ ئایا شەڕی ڕاستەوخۆی ئێرانو ئیسڕائیلی بەدوودا دیت؟ ئێران توانای شەڕێکی گەورەی هەیە؟ ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی وڵات دوای هاتنەسەرکاری پزشکیان چ ئاراستەیەک بەخۆوە دەگرن؟ "کوردستان" دیمانەیەکی "کورد کاناڵ" لەگەڵ کاک کەماڵ کەریمی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی بڵاو کردووەتەوە کە وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەند بابەتێکی تری لە خۆی گرتوە:
دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران سەرەکیترین پرسیار ئەوەیە ئایا شەڕ لە غەزەوە دەگۆازرێتەوە بۆ تاران؟
ڕاستییەکەی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران بۆخۆی جێگەی سەرنج بوو، هەر چەند کە پێشتر کە لە قەتەر بوو بەپێی ئەو پێوەندییانەی کە ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هەیبوو و دایمەزراندووە تەبیعی بوو ڕەنگبێ لە قەتەر هیچ کارێکی وا نەکات، بەڵام تاران وادیارە مەیدانێکی ئاوەڵایە بۆ ئەوەیکە ئیسرائیل ئەو کارانەی تێدا بکات. ئەمن پێم وایە ئەم بابەتە لەگەڵ ئەوەی گرینگە بەتایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی دەبێ گرینگیی تایبەتی هەبێت، چونکی ئەو میوان بووە، میوانی سەرۆککۆماری تازە بووە و ئەمە بۆخۆی زۆر سرنجڕاکێشە کە ڕەنگبێ تەنانەت بۆ خۆشیان پێیان وابووە لە هەلومەرجی وادا هیچ شتێک لە تاران ناقەومێ؛ چونکە تەنفیز و تەحلیفی سەرکۆماری کارێکە لە هەر وڵاتێکدا کە هێندێک ڕادەیەکی دیپلۆماسی بە سەرەوە هەیە وەک پارێزراوەی. بۆیە ڕەنگبێ هەر چاوەڕوانیی شتی وایان نەکردبێ، بەڵام ئەوەیکە ئیسرائیل دەیکات لە ڕاستیدا هەوڵدانە بۆ لاوازکردنی بە تەواوی حەماس. مەسەلەی فەلەستینییەکان شتێکی ترە و لەوانەیە دواجار بە تایبەت دەوڵەتی ئێستای ئیسرائیل وەک باڵەکەی تری ئیسرائیلییەکان زۆر توندڕەوتر بێ بۆ ئەوەیکە بە قەولێک چۆن بڵێن پێش لە داواکارییەکانی فەلەستینییەکان بگرێت. بەڵام مەسەلەی حەماس مەسەلەیەکی جیاواز لە فەلەستینییەکانە. بۆیە دەبینین ئیسرائیل بەتایبەتی دوای هێرشی ٧ی ئۆکتوبری پارەکە کە حەماس کردی بۆ سەر ئیسرائیل بە جۆرێک دەستی ئیسرائیلی ئاوەڵڵا کردوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەندە ئاسان نییە بڵێین ئەمە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی شەڕێک لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕوو بدا. لەبەر ئەوەی لە ڕاستیدا ئێران لەگەڵ ئەوەی ئەو هەموو ئیدعاییەی دەکا لە باری نیزامی و تێکنۆلۆژیی شەڕ و مووشەک و دڕۆن هەیەتی و تەنانەت سەرکۆماری نوێی ئێران پێیوایە ئێران پێشکەوتووترین وڵاتە لەو بارەوە لە ناوچەدا، بەڵام ئێران هەتا ئێستاش خۆی دەدزێتەوە لەوەی خۆی خەریکی شەڕێک بکات کە ناچار بێت بۆ خۆی ڕاستەخۆ بیکات. ئەو شەڕانەی ئێستا لە ناوچە دەکرێن قەتعەن شەڕی کۆماری ئیسلامییە، بەڵام بە هۆی ئەو گرووپە نیابەتییانەوە دەیکا، ئەویش بەو هەزینە قورسانەی خستوویەتە سەر خەڵک و بۆ ئەو شەڕانەی تەرخان دەکا. بەڵام تا ئێستاش ئێران نە لە باری نیزامییەوە، بە هەموو ئیدعایەوە کە دەیکا نە لە باری ئابوورییەوە -کە لە ڕاستیدا شەڕ پشتیوانییەکی ئابووری بەهێزی دەوێ و هەر ئەوە نییە ئەتۆ بڵێی چەند میلیارد دۆلارم هەیە و بۆ ئەو شەڕەی دادەنێم، چونکی لەوانەیە درێژ بێتەوە- ئێران توانایی ئەوەی نییە. بۆیە زەحمەتە ئێران خۆی دەرگیری ئەوە بکات، ئەگەرچی ڕەنگبێ ئیسرائیل بیهەوێت کۆماری ئیسلامی تێوەبگلێنێ و باجی هەموو ئەو هەوڵانەی لێ بسێنێت کە لە ڕێگەی حیزبۆڵڵا، حوسییەکان، حەماس و گروپەکانی دیکەوە لە دژی ئیسڕائیل دەیدات.
هەتا ئێستا ئیسڕائیل ڕاستە حەماسی پێ لە بەین نەچووە، بەڵام زیانێکی ئەوەندە گەورەی پێ گەیاندوە کە زەحمەتە جارێ بەو زووانە بتوانێ بەو سیاسەتەی پێشوو ڕووبەڕووی ئیسرائیل بێتەوە. حیزبۆڵڵاش لە ڕاستیدا لە بەر دەستیدایە و دەبینین لەم شەڕی مووشەکباران و بۆمبارانەدا زیانە قورسەکە هەر بەر حیزبۆڵڵا دەکەوێ. لەم شەڕەدا ئەوەی ئێران زیاتر بیری لێ دەکاتەوە ئەوەیە مەسەلەی کوژرانی هەنیە بکاتە هۆکارێک بۆ دنەدانی زیاتری گرووپە نیابەتییەکان بۆ هێرش بۆ سەر ئیسرائیل، یا بیکاتە توێشووی هەوڵێکی دیپلۆماتیک بۆ فشاری دیپلۆماتیکی زیاتر بۆ سەر تەلئاویو.
لەوانەیە ئێران نەیهەوێ خۆی ئاوقای شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بکات، بەڵام بەپێچەوانە لەوانەیە ئەوە خواستی ئیسرائیل بێت. پێتان وایە قازانجی ئیسرائیل لە شەڕی ڕاستەخۆ لەگەڵ ئێران چییە؟
زیاتر لە ٤٥ ساڵە بەپێی ئەو ستراتیژییەی کۆماری ئیسلامی گرتوویەتە بەر و هەر وەکوو لە ڕێوڕەسمی تەحلیفی سەرکۆماریشدا بینیمان دروشمەکانی مەرگ بەر ئەمریکا و مەرگ بەر ئیسرائیل لە مەجلیسی ئێراندا بەرز کرایەوە کە زۆر نامەعقوول و ناباوە لە ڕێوڕەسمێکی ڕەسمیی ئاوادا ئەتۆ دروشمی نێو خیابان و دروشمی بەسیجییەکان بدەی، ئێران ئەمە ئیستراتێژییەتی. ستراتێژی لەبەینبردنی ئیسرائیل کە ئەمە بەرنامەکانیەتی لە چوارچێوەی ئەم ستراتێژیەدا و دروستکردنی هێزی چەکداری وەکوو حیزبوڵڵا لە پەنا ئیسرائیلدا بۆ ئەوەی ئەگەر بۆ خۆی دوورە و ڕاستەوخۆ ناتوانێ لەگەڵ ئیسرائیل تێک بگیرێ و شەڕی پێ بفرۆشێ، لە ڕێگەی ئەوانەوە شەڕ و تێکهەڵچوون بەدژی ئیسرائیل وەڕێ بخات، تەنانەت ئەگەر نەشتوانن لەنێوی بەرن، ئیسرائیل لاواز بکەن. چونکی ئیسرائیل وەکوو مەترسییەک لەسەر خۆیان دەبینن و هەمیشە هەستیان بەم مەترسییە کردوە. ئێستا ئێمە کارمان بەوە نییە لە ڕابردوودا چ جۆرە پێوەندییەک لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا بووە، تەنانەت ئیسرائیل لە شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا چەندە یارمەتیی کۆماری ئیسلامیی داوە لە باری تەسلیحاتییەوە، تانکی بۆ کڕیون، تەیارەی بۆ کڕیون، کاتوێشا و مووشەکی بچووکی بۆ کڕیون، جۆرەها چەکوچۆڵی لە وڵاتان بۆ کڕیون، جا بە چ قیمەتێک ئەوە باسێکی دیکەیە، بەڵام بەهەرحاڵ واقعییەت ئەوەیە ئەم دووە هەر کامیان ئەوەی تر بە مەترسییەک دەبینێ بۆ سەر خۆی. بەڵام ئیسرائیل بە بڕوای من دەرفەتی دەست کەوتووە ئەگەرچی حەماسی هەتا سەرحەدی لەبەینبردن لانیکەم لە باری عەمەلیاتییەوە لاواز کردوە، بەڵام مەترسیی حیزبۆڵڵا وەکوو هێزێکی بەهێزتر لە حەماس لە پەنا سنوورەکانی خۆیدا پێ دەکات. بۆیە ئیسرائیل لەو بارودۆخە لاوازەی کۆماری ئیسلامی، جا کارم بە ئەوە نییە تەبلیغات ئەکەن چەندە دڕۆنی پێشکەوتوو و مووشەکی دوورمەودایان هەیە، بەڵام ئەمە کافی نییە بۆ ئەوەیکە هێز بێ، چونکی کۆماری ئیسلامی وەک حکوومەت و دەوڵەت خەڵکی خۆی لەگەڵ نییە، پشتیوانیی ئابووری نییە، پشتیوانیی نێونەتەوەیی نییە، پشتیوانیی ناوچەیی نییە، هەموو ئەمانە لاوازییکانی کۆماری ئیسلامین لە بەرانبەر ئیسرائیلدا.
ڕەنگبێ ئیسرائیل ئەمە بە هەل و دەرفەتێک بزانێ و ئەم لاوازییانە بە قازانجی خۆی بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئێران ناچار بە پاشەکەشەیەکی هەمە لایەنە بکات لەم ستراتێژییانەی کە هەیەتی. ئەوەش گریمانەیەکە کە ئەگەر ئەمریکا ئۆکەی بداتێ، ئیسرائیل ڕەنگبێ شەڕی هەمەلایەنە لەگەڵ حیزبۆڵڵا دەست پێ بکات و بێتوو حیزبۆڵڵا دەرگیری شەڕێکی ئاوا قورس و بەردەوام بێت ڕەنگبێ ئیتر ئەودەم ئێران، سووریە، یا بڵێن جمهووری ئیسلامی و ڕێژیمی ئەسەد نەتوانن بێدەنگ دانیشن و بۆ پشتیوانی لە حیزبۆڵڵا بێنە نێو گۆڕەپانی شەڕەکە و ئەوەیە کە بە قەوڵ زەمینەی ئەو شەڕی ڕاستەوخۆیەی نێوان ئیسرائیل و ئێران دروست دەکات.
شەڕی نێوان ئیسڕائیل و ئێران ناهاوسەنگە. لەو ماوەیەدا ئیسڕائیل زەبری زۆر قوورسی لە ئێران داوە، دەیان فەرماندەی کوشتوون. بەو پێیە ستراتیژیی وەدینەهاتووی ئێران دەتوانێ چیی لە پشت بێت؟
ئەوەی کۆماری ئیسلامی مەبەستی بووە ئیدامەی دەدا هەتا ئەو جێگەیەی فرسەتی بەدەستەوە بێت. بە بڕوای من هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ئەستاندنەوەی ئەو هەل و دەرفەتانە لە دەست ئێران دەربینێت. بۆ ئەوەیە ئێران بگەیەنێتە نۆقتەیەک مەجبوور بێت واز لەوە بێنێ، بەڵام ئێران دەست لەوە هەڵناگرێ. چون لەواقعدا داعییەی ڕێبەریی جیهانی ئیسلام و جیهانی شیعی هەیە لە ناوچەکەدا. وا دەزانن ئەوە تەنیا مەسەلەی حەماس و مەسەلەی حیزبۆڵڵا نییە، مەسەلەی حوسییەکانە، مەسەلەی گرووپەکانی شیعی عێراقی و سوورییە، یا مەسەلەی شیعەکانی بەحرەینە. بەکورتی مەجمووعەیەک لە مەنتەقەدا هەن کە ئێران ڕەنگبێ هەزینەی ماڵی و سیاسی زۆریشی بۆ دابێت بەڵام هەموو ئەمانەی هەیە بە بڕوای من ئێران هەتا ئەو وەختەی ئەم فرسەتەی هەبێت لەمانە ئیستفادە بکات ئیدامە بەم ستراتێژییەی خۆی دەدات. بەڵام بێتوو ئیسرائیل لە هەمبەر ئەم ئیستراتێژییەدا بە قەولێ هەوڵ بۆ لاوازکردنی ئەم گرووپانە بدا و ئیتر ئێران بگاتە ئەو جێگەی بزانێ ئەم گرووپانەی زیاتر لە ٤٠ ساڵە سەدان میلیارد دۆلاری لێ خەرج کردوون توانای ئەوەیان نییە ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببنەوە و ئەو ئامانجەی ئێران بە دوایەویەتی بۆی بپێکن، ڕەنگبێ ئەودەم کۆماری ئیسلامی ڕاوەستێ. بەڵام باوەڕی من ئەوەیە یەکێک لە سیاسەتە بنەڕەتییەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی بەردەوامبوون لەسەر ئەم سیاسەتەیە گرتوویەتە پێش، ئەگەرچی بەدڵنیاییەوە هەموومان دەیبینین و بە بەرچاوی هەموو دنیاوە دیارە کە ئێران نەیتوانیوە لەمەدا سەرکەوتوو بێت. ڕەنگە توانیبێتی سەرئێشە لە مەنتەقەدا دروست بکات بۆ سعوودیە، یان دۆخی عێراقی تێک بدات، لە سووریە ئەو وەزعە پێک بێنێت و کێشە بۆ ئیسرائیل دروس بکات، یان لە ڕێگەی حوسییەکانەوە موزاحیمەت بۆ کەشتیڕانیی نێونەتەوەیی دروست بکات، هەموو ئەمانە هەن. بەڵام ئەمن پێم وایە دوو هۆکار دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران لە جێگەیەک ڕاوەستێ:
یەکەم، وەزعییەتی نێوخۆییە کە ئیتر خەڵک تەحەموولی ئیدامەی ئەو شەرایەتە ناکەن. دووهەم لە ڕاستیدا ڕووبەڕووبوونەوەی جیددی ئیسرائیلە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر هەموو ئەم گروپە نیابەتییانە و لە هەموو ئەو وڵاتەنەی کە دەتوانێ عەمەلیاتی تێدا بکات. سێهەم لە ڕاستیدا ئەگەر لایەنی سێهەمیشی ببینین قەبووڵنەکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ ئیدامەی ئەم سیاسەتە. بۆیە ئەمن پێموایە نەهایەتەن کۆماری ئیسلامی لە جێگەیەک تێدەگات ئەم ستراتیژییەی تووشی شکست بووە و دەبێ ڕایبگرێت، ئەڵبەتە ئەگەر بمێنێ.
یانی ئەگەری تێداچوونیشی هەیە؟
زۆریش
بێینە سەر باسی پزشکیان و دەوڵەتی نوێ. پێتان وایە ئەساسەن پزشکیان بیهەوێ ڕێگایەکی جیاواز بڕوات، هەتا قسە لەسەر ئەوە بکەین ئاستەنگەکانی چین؟
ڕاستییەکی هاتنی پزیشکیان تەفسیراتی زۆری لەسەر بوو ئایا پزیشکیانیان قەبووڵ کردوە بۆ ئەوەی گۆڕانێک دروس بکات؟ ئایا لە موقابلی جەلیلیدا کە دەزانین جەلیلی لە باڵی ئۆسولگەرا و بە قەولێ ڕاستڕەوەکانە لە هەمبەر ئەمدا بۆیە عەلەم کرا بۆیە خامنەیی پشتی گرت بۆ ئەوەی بتوانێ گۆڕانێک پێک بێنێ؟ یا نە هەر ئیدامە کاریی ئەو سیاسەتە دەدات؟ ئەمن پێم وایە ئەو لایەنە دروستە کە پزیشکیان سەرەڕای هەموو ئەو قسە باشانەی لە زەمانی تەبلیغاتدا دەیکرد، مەردۆمداری و خزمەت بە خەڵک و تەنانەت لە بەیاننامەی کاتی تەنفیزی سەرۆککۆمارییەکەی لەلایەن خامنەییشەوە دیسان ئەو قسانەی دووپات کردەوە کە ئەوان دەبێ لە خزمەت خەڵکدا بن، دەبێ ئاگایان لە خەڵک بێ و دەبێ دڵی خەڵک بە دەست بێننەوە و لەم ڕیزە قسانەی تەبیعییە هەر ڕەئیس جمهوورێک لە ئێراندا هاتۆتە سەر کار، ئەو قسانەی کردوە و ئەمە شتێکی جیاواز و تازە نەبوو. ئەحمەدینیژادیش بەو وەزعییەتە هەر ئەو قسانەی دەکرد، ڕوحانیش هەر ئەو قسانەی کرد، ڕەئیسیش هەر ئەو قسانەی کرد، یانی شتێکی زیاتری نەگوتووە. ئەمن پێم وایە پزیشکیان نە لە باری شەخسیتییەوە، نە لە باری پشتیوانی خەڵکییەوە خاوەنی ئەو کەسایەتییە نییە بتوانێت بۆ تەدوینی سیاسەتێکی نوێ کە تەبعەن دەبێ ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی خامنەیی بێتەوە و لە مەیداندا بێت.
ئێمە ئەگەر ئەحمەدینژادمان دی کە لە هێندێ شتدا هەڵوێستی دژی بەرانبەر بە خامنەیی دەگرت، ئەگەر ڕوحانیمان دی کە لە هێندێک شتدا بەرانبەر خامنەیی نە هەڵوێست بەڵام بە زمان و دەربڕین دەیگوت کە لەگەڵ ئیدامەی ئەو سیاسەتە نین و لە کارەکانیشیاندا ڕەنگبێ بە جۆرێکی تریش عەمەلیان دەکرد، ئەوان خاوەنی پشتیوانی بوون. ئەحمەدی نژاد خاوەن پشتیوانییەکی پۆپۆلیستیی خەڵک بوو و هێندێ لە ئایەتۆڵڵاکانیش پشتیوانییان دەکرد. ڕوحانی بۆ خۆیی مەلا بوو و پشتیوانییەکی بەرینی لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا هەبوو، بەهەرحاڵ سەرۆکی شوڕای ئەمنییەتی میللی بوو، و پشتیوانیی لانیکەم میانەڕەوەکان و بەشێکی زۆری ئیسڵاحتەڵەبەکانی ئەودەم کە ئێستا ئیتر شتێک بە ناوی ئیسلاحتەڵەب لە ئێراندا نەماوە، پشتیوانی ئەوانی هەبوو. تەنانەت ئیبڕاهیم ڕەئیسیش بە سیفەتێک پشتیوانیی هەبووم پشتیوانییەکی لەنێو سپا، لەنێو ئیتڵاعاتدا هەبوو، پشتیوانییەکی بە هۆی خەزورییەوە لەنێو لایەنی مەزهەبی ئێراندا هەبوو. بەڵام پزیشکیان لە ڕاستیدا خاوەنی هیچ یەک لەم شتانە نییە.
پزیشکیان لە مەسیری کاری سیاسی خۆیدا کە ئەندام پەڕلەمان بووە نە ئیسلاحتەڵەب بووە کە بڵێی پشتیوانیی ئەوانی هەبێت، نە بە قەولێ کەسێکە بڵێن لە بنەماڵەیەکی بەهێزی مەزهەبییە کە بە هۆی ئەوەوە پێوەندییەکی لەگەڵ ئایەتۆڵڵاکان هەبێ و ئەوان پشتیوانی بکەن. لە ڕاستیدا پزیشکیان تەنیا پشتیوانییەکی هەیە وەکوو بۆ خۆیشی دەیڵێ خامنەییە. خامنەیی تەئییدی کرد، خامنەیی کردییە ڕەئیس جمهوور و منەتباری خامنەیشە و ئەوەشی نەشاردووەتەوە. ئەساسەن من دەڵێم کەسێکە ببێتە ڕەئیس جمهوور لە ئێراندا ئەگەر بیهەوێ کارێکی نوێی بکات دەبێ خاوەن پشتیوانییەکی دیکە بێت جگە لە خامنەیی، خامنەیی حەتمەن پێویستە وەکوو ڕێبەری نیزام بەڵام دەبێ ئەوەندەت پشتیوان هەبێ کە خامنەیی ناچار بێت لەگەڵی تا بکات، یانێ مەجبوور بێ لەگەڵی بڕوات. ئەوەیکە مەسەلەن ئێمە لە زەمانی خاتەمیدا دیتمان کە ئەو پشتیوانیی دەنگدەرانی هەبوو، یا لە سەردەمی ڕوحانیدا دیتمان، یانی لەگەڵ ئەوەی وەکوو ڕەئیس جمهوور نەیانتوانی هیچ شتێکی جیددی بەرنە پێشەوە چونکە ڕێبەری نیزام مۆافقەتی نەکرد. نەهایەتن سپا بوو، ئیتڵاعات بوو، دەزگا ئەمنییەتییەکان بوون کە بڕیاریان ئەدا و نەیانتوانی کاری جیددی بکەن، بەڵام دەرکەوتنیان جیاواز بوو لە ئاغای پزیشکیان. بە بڕوای من پزیشکیان نە خاوەنی ئەو کەسایەتییە بۆخۆی، نە خاوەنی ئەو پشتیوانییە کە بڵێین بە پشتبەستن بەو هێزە بتوانێ شتێکی نوێی بکات. خۆشی شتێکی زیاتر ناڵێ غەیری ئەوەی کە بە پشتیوانی ڕێبەری نیزام بووەتە سەرۆککۆمار و خۆیی بە منەتبار دەزانێ و لە هەموو ئێعلامییەی بەرنامەکانیشیدا دەقیقەن ئەو شتانە دەڵێتەوە کە پێشتر لە چوارچێوەی سیاسەتە ستراتێژییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوون. تەعارفیشی نییە لەگەڵ ئەو خەڵکەی دەنگیان پێ داوە یا لەگەڵ ئەوە خەڵکەی پشتیوانیی لێ کردوە، تەنیا ئەوە نەبێ کە دەڵێ دەبێ مەردۆمدار و لەگەڵ خەڵک باش بین و دەبێ لەگەڵ خەڵک بە زمانی خۆش قسە بکەین و ئەمەش دەردی خەڵک چارە ناکات. بۆیە زەحمەتە پزیشکیان بتوانێ بچووکترین کاریش بکات لە هیچ زەمینەیەکدا بەبێ ڕەزامەندیی خامنەیی. ئەو کارانەش کە باسی دەکات لە واقعدا دەردی خەڵک چارە ناکەن. ئەوەیکە باس لەوە دەکا لە ئەقوامی! جۆراوجۆری ئێران هەمووی ئیستفادە بکرێ، دەبێ لە هێزی مەردۆمی ئیستفادە بکرێت، یانێ ئەمە چارەسەری کێشەکانی خەڵک ناکات. لەبەر ئەوەیکە ستراتێژی نیزام ناتوانێ گۆڕانی بەسەردا بێت و هیچ سەرۆککۆمارێک لە ئێران ناتوانێ ببێتە ساحێبی ئەو ئێقتدارە کە ڕووبەڕووی سپای پاسداران ببێتەوە، چونکی خامنەیی سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی بە دەستەوەیە. بۆیە مەجبوورن نەهایەتەن هەر ئەوەیکە بۆ خۆیی دەڵێ تەبەعییەت لە ڕێبەری نیزام دەکات و مەجبوور بە تەبەعییەت لە ڕێبەری نیزام دەبێت لە جێبەجێکردنی هەموو سیاسەتەکانیدا و ئەگەر هێندێک شتی وردیش بکات لە واقعدا فەقەت بۆ ئەوەیە خۆڵ لە چاوی خەڵک بکات. هەر ئێستا باس لەوە دەکرێ کە هەر بە هۆی ئەو قسانەی لە مەراسمی تەنفیزی حوکمی سەرۆککۆمارییەکی کە لەلایەن خامنەییەوە پێی دراوە و لە مەراسمی بە قەولێ بە ڕەسمیبوونی ڕەئیس جمهووری بە حزووری ئەو خەڵکە هەر ئەو قسانەی بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتییەکی زۆر لەنێو ئەو خەڵکەدا کە دەنگیان پێ داوە. بەڵام ئێستا دەبینن نە ئەمە شتێکی جیاواز نییە و هەر ئەو قسانەیە کە پێشتر ڕێبەری نیزام کردوویەتی و پێشتریش سەرۆککۆمارەکانی یا هەر کەسێکی تر کە ویستوویەتی بە مەنسب و مەوقعییەتێک بگات هاتووە ئەم قسە باشانەی کردوە.
دوورەدیمەنی کابینە و دەوڵەتی پزشكیان چۆن دەبینن؟ ئایا بەرەو ئەو بەناو وەحدەت و ویفاقە میللییە دەڕوا کە ئیدیعای دەکات؟
ئەو کابینەیەی هەتا ئێستا ناوەکانیان ئاشکرا بووە لە ڕاستیدا ڕەنگبێ ئەوەیکە ئاغای زەریف وەکوو موبەلەغی پزیشکیان دەیگوت دەبێ لە خەڵکی تەکنۆکرات و بە قەولی خەڵکی ساحێب بڕوانامە و خەڵکی جەوان و ئەمانە ئیستفادە بکرێت. لە ڕاستیدا دەردەکەوێت مومکینە لە هێندێک بواردا خەڵکێکیان هێنابێ بیکەنە وەزیر کە سێحەب بڕوانامەیەکی باش بێت کە لانیکەم بڵێین کەسێک نەبێ لەو سیستەمە گەندەڵەی پێشوودا. ئەڵبەتە هەموویان نە مەسەڵەن کە عارفیان هێناوە کە عارف هەرچەند وەختی خۆی یەکێک لە ئیسلاحتەڵەبان بوو، و لەگەڵ خامنەییش بوو؛ بەڵام دەرکەوت کە یەکێک لە گەندەڵەکانی نێو نیزام بووە. بەڵام ئەوەی بە نیسبەت خۆیانەوە ئەوەی کە بە نیسبەت نەتەوەکانەوە دەیڵێن لە ڕاستیدا هیچ شتێکی تازەی تێدا نییە یانێ ئەوەیکە مۆمکینە نەهایەتەن بیانهەوێت وەزیرێک یان مۆشاوێرێکی ڕەئیس جمهووری لە فڵان نەتەوەی ئێران لە کورد بێ، لە تورک بێ -هەرچەند ئەو بۆ خۆیی تورکە و ئەو دەتوانێ نمایەندگی ئەوان بکات- لە بەلووچ بێنێتە سەرکار. مۆهیم ئەوەیە ئایا وڵامدانەوە بە داواکارییەکانی ئەم نەتەوە جیاوازنە لە ئێراندا هیچ لە بەرنامەکەیدا هەیە؟ کە هەتا ئێستا هیچ باسی لێ ناکات. ئەوەیکە مومکینە کەسێک بێتە موشاوێری ڕەئیس جمهووری پێشتریش هەبووە، پێشتر ئێمە کەسی وەکوو ئاغای ڕەمەزانزادەمان هەبووە لە دەورانی خاتەمیدا، بەڵام مۆهیم ئەوەیە سیاسەتی نیزام ڕێگەی ئەوە نادا ئەگەر چوار وەزیری کوردیش لە کابینەکەی دانێ بۆ وڵامدانەوە بە داخوازییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ قسەیەکی نوێیان پێ بێت. ڕەنگە دوو ئۆستانداری کوردیش دابنێنن لە ئەم چوار پارێزگاییەی کە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان هەیە بەڵام ئەم ئۆستاندارە کێیە و دەسەڵاتی چییە؟ و چە بەرنامەیەکی نوێی هەیە بۆ ئەوەیکە گۆڕانکاری لە سیستمی ئیداری، سیستمی فەرهەنگی سیستمی سیاسی و بە تایبەتی لە سیستمی ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دروست بکات؟ دەبینین هەر لەو وەختیەوە کە پزیشکیان دەنگی هێناوەتەوە ئەوە تەقریبەن دوو مانگە، لەو دوو مانگەدا دەبینین کە زۆرترین فشاری ئەمنییەتی لە سەر کوردستان بووە بۆ دەستگیرکردن بۆ زیندانی کردن بۆ ئێعدام کردن بۆ هەموو ئەمانە دەیی ئەگەر ڕاستییەکەی کەسێکی وەکوو پزیشکیان یا ئەوانیکە لە دەوری پزیشکیانن هیچ بەرنامەیەکیان هەبووایە بۆ دروستکردنی گۆڕانێک لە کوردستان کە خەڵکی کوردستان ڕازی بکات لانیکەم لەو دەورانەدا هەتا بە ڕەسمی دەبووە ڕەئیس جمهوور دەبوو لەو شەرایەتەدا ئەم حاڵەتە ئەمنییەتە ڕابگرێت و ئەمە فشارە ئەمنییەتییانە لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبووایە. هەر دوو سێ ڕۆژ لەوەو پێش لە ناوچەی بەلووچستان دەستیان کردوە بە خەڵك کوشتن، سێ لاوی بەلووچیان کوشتوە. یانێ هەر لەو ماوەدا هاوکات لەگەڵ ئەوەی بووەتە ڕەئیس جمهوور مەسەلەن هونەرمەندێکی وەکوو "شەروین" حۆکمی پانزدە ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێ و دەبێ لەو ڕۆژانەدا بچێتە زیندان. یانی تەواوی ئەم حەرەکەتانەی کە دەکرێت ڕاست بە پێچەوانەری ئەو قسە خۆشانەیە کە ئاغای زەریف بۆ پزیشکیانی دەکرد نەک پزیشکیان بۆ خۆی. ئەوەی ئاغای زەریف بۆ پزیشکیانی دەکرد و پزیشکیانیش بەشێکی بە قەولێک دووبارە دەکردەوە، مەبەستم ئەوەیە ڕەفتاری ئەم دوو مانگە عادەتەن دەبوو بە تایبەت کە سەرۆککۆمار نەمابوو ڕەئیسی کوژرابوو ڕەفتاری ئەم دوو مانگە نیشان دەدا کە ڕێگەیەک نییە بۆ ئەوەی هەر کەسێک بێت یا پزیشکیان بێ یا کەسێکی تر بێ کە دەبێتە سەرۆککۆمار بتوانێ تەئسیری لەسەر گۆڕانی ئەو شەرایەتە ئەمنییەتییە بێ لەو ناوچانەی [ نەتەوە جیاوازەکانی تێدا دەژین لە کوردستان لە بەلووچستان یا لەهەر شوێنێکی دیکە و ئەمانیش ناتوانن لە واقعدا کاریگەرییەکی ئەو جۆرەیان هەبێ. دەنا ئەو پەڕەکەی ئەگەر ئۆستاندارێکی کورد دابنێن ئەگەر وەزیرێکی کورد دابنێن ئەگەر مشاورێکی ڕەئیسی جمهووری کورد دابنێن کە ئەمە تەشریفاتێکە و هەر کەسێک دابنێن کە وەکوو پزیشکیان مۆتیعی بڕیاراتی ڕێبەری بێت.
لە خۆرهەڵاتی نیشتمان شەقام کە خەڵکەکە نوێنەرایەتی دەکات هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و پزیشکیانیان بایکۆت کرد و دەنگی بایکۆتیش دیار بوو و بیسترا جیا لەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و حیزبە کوردییەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریشی بایکۆت کرد و وڵامیشی وەرگرتەوە چەندە لۆژیکییە کە چاوەڕوانی لە کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتیش لە دەوڵەتی پزیشکیان وەکوو نوێترین سەرۆککۆمار هەبێت؟ ئەو چاوەڕاونییانەی کە بۆ وێنە وەزیرێک لە کورد بێت یان داوای مافێک لەلایەن شەقامەوە لە سەرۆک کۆمار بۆ کورد بکرێتەوە ڕووبەڕوووی خۆرهەڵاتی نیشتمان ئەوەیکە جەنابیشت ئێستا باست کرد لە هەموو کات میلیتاریزەتر؟
ئەمن بێگومان لەسەر ئەوە قسە ناکەم زۆر بە جیددی باوەڕم وایە کە نیزامی کۆماری ئیسلامی بەپێی بیرکردنەوەکانیان بەپێی بیرکردنەوە ئیدئۆلۆژیکەکانیان بە هیچ جۆرێک ڕوویان لەوە نییە کە بە قەولێ نەتەوەی جیاواز ببینن تەنانەت ئەگەر وەکوو قەومیش چاوی لێ بکەن وەکوو قەومی جیاواز دەیان بینن بەڵام وەکوو قەومێک کە مەجبوور بن ئیتاعەت بکەن لە ولایەتی فەقیهـ و لە ڕێبەری نیزام و لە سیاسەتەکانی نیزام بۆیە ناتوانم خۆم بە ئەوە دڵخۆش بکەم کە لەوانەیە گۆڕانێک بێتە پێشەوە لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا بتوانن وڵامدەر بن بەرانبەر بە داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان ئەوەیکە خەڵکی کوردستان بە بڕوای من هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکەن نیشانەی ئاستی بەرزی تێگەیشتووی خەڵکە و شناختێکی دروستە کە لە کۆماری ئیسلامی هەیانە ئەوان تێگەیشتوون کە کۆماری ئیسلامی نیزامێک نییە کە بتوانێ هیچ وڵامێک بە داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان بداتەوە بۆیە خەڵکی کوردستان بایکۆتی هەموو هەڵبژاردنەکان دەکات بایکۆتی هەڵبژاردنی چوار مانگ لەو پێشی مانگی ڕەشەممە زۆریش بە قووەت بایکۆتی کرد و بایکۆتی ئەو جارەشی کرد ئەوەی کرد لەبەر ئەوەی ئەو شناختەی هەبوو ئەمی کرد لەبەر ئەوەی فریوی قسەکانی زەریف و پزیشکیانیان نەخوارد بۆیە بە بڕوای من خەڵکی کوردستان بە دروستی تێگەیشتوون و من پێم وایە ئەو باوەڕە دروستە کە نابێ چاوەڕوانی ئەوەمان هەبێت لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا و بە بوونی وەلی فەقی و بە بوونی ڕێبەری خامنەیی هیچ گۆڕانکارییەک بێتە پێشەوە کە بتوانێ چارەسەری ئەو کێشانە بکات کە بۆ خەڵکی کورد هەیە و بۆ نەتەوەکانی تر هەیە لە ئێراندا وەکوو عەرزم کردی دانانی وەزیرێک و مشاورێکی ڕەئیس جمهووری و دوو دانە ئۆستانداری کورد ئەمە وڵام دانەوە نییە بە پرسی کورد تەنانەت حەتا ئەگەر ئەمانەش بکات ئەوانە دەسەڵات و ئێختیاری ئەوەیان نابێت کە بتوانن ئەو شەرایەتە لە کوردستاندا بگۆڕن ئەم شەرایەتە لە واقعدا مەعلوولی بوونی کۆماری ئیسلامییە و هەتا کۆماری ئیسلامی هەبێت و ئەو بیرۆکە ئیدئۆلۆژییە کە زاڵە بەسەر کۆماری ئیسلامیدا هەبێ کە هەر لە سەرەتاوە دایانڕشتووە بە بڕوای من نابێ چاوەڕوانی هیچ گۆڕانێک لە کوردستان بکەین.
زۆر سپاس کاک کەماڵی هێژا بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئێمەت دا
ماندوو نەبن