کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیاوازیی نێوان مووشەک و بۆمبی ژێر تەختی خەو

12:32 - 17 گەلاوێژ 2724

جیاوازیی نێوان مووشەک و بۆمبی ژێر تەختی خەو

دارسمە

خزمایەتیی نێوان "بۆمب" و "مووشەک" وەک هیچ جۆرە خزمایەتییەک نییە. ئەم خزمایەتییە هیچ وەک خزمایەتیی خوشک و برا و برازا، پلەکەزا، میمەکەزا، کوڕەزا، خاڵوزا، ئامۆزا و هیچ زایەکی دیکە ناچێت. مووشەک و بۆمب لەنێو دڵی یەکتردا دەژین. هەر ئەوەی لەنێو دەندەڵەی سنگی مووشەک‌دایە، لە هەناوی بۆمبیش‌دایە. جیاوازیی ئەم دووە تەنیا لەمە دایە مووشەک خۆی داوێت، بەڵام هەرچی بۆمبە تەنبەڵ و تەوەززەلە و لە شوێنێک قوون بە زەوی دەدات و هەتا خاوەنەکەی ئەجەلی بەنسیب نەکات، لێی وەردەکەویت. تایبەتمەندییەکی دیکەی سەرەکیی مووشەک و بۆمب ئەمەیە، لەکاتی بەڕێوەبردنی ئەرکی سەر شانیاندا خۆشیان لە نێو دەچن. بەم ئاکارەیان دەتوانین ناوی "خۆکوژ" یان "گیان‌فیدا"یان لێ بنێن. دیارە ئەویش شتێکی زۆر ناوازە نییە‌ و ئەگەر مووشەک، بۆمب یان فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان ئەرکی ئێمە بەڕێوە ببات، ئەوە گیان‌فیدا و ئەگەرنا بێ ئەملاوئەولا خۆکۆژە. 

موشەک، لە کاتێکدا بۆمبی دەنێو پەراسوان گرتوە، بە زەبری بڵێسەی ئاگر وەک فیشەکە شێتە لە شوێن خۆی دەرەپەڕێت و لەژێر چاودێریی تەکنۆلۆژیای نوێدا هەر چۆنێک حەزی لێ بێت خۆ بە گژ شوێنی دیاریکراودا دەکات و بۆمبەکەی پێدا دەتەقێنێتەوە. بەڵام فڕۆکەی بێ‌‌فڕۆکەوانی گیان‌فیدا یان خۆکوژ بە زەبری ئاگری ڕاستەوخۆ ناڕوات و بە کارەبا یان سووتەمەنیی دیکە دەجووڵێت و ئەگەر ئەرکەکەی پێ جێبەجێ نەکرا، دەتوانێت بگەڕێتەوە و جارێکی دیکە بۆ ئەم ڕاسپاردەیە یان ڕاسپاردەیەکی دیکە بکەوێتەوە ڕێ.

بە کورتی بۆمب لەکاتێکدا لەوپەڕی تەنبەڵی و تەوەزەلیدا پاڵ‌ دەکەوێت، براگەورەی مووشەک و تەنانەت فڕۆکەی شەڕکەریشە. ئەگەر مووشەک یان فڕۆکەی شەڕکەر بۆمبیان پێ‌نەبێت. لە هیچ سنوورێک دەرباز ناکرێن. لەمە بترازێت دوو لە ڕووی ئەو مووشەکانەی مانگی دەستکرد بۆ بۆشایی ئاسمان بەڕێ دەکەن، ئەوانی دیکە بێ‌ئەوەی بۆمبیان پێ‌بێت، نە سەری سیرن و نە قوونی پیواز. پەکوو لەم پیوازە هیچ و پووچەش! هەر چەند دەڵێن خورادنی بۆ کاری خێری نێرینان وەک بۆمب وایە، بەڵام هەر کاتێک ناوی دەبرێت، چاوی هەردوو ڕەگەزەی مرۆڤ پڕ لە ئاوێکی تیژ دەکات و مرۆڤ بە زەحمەت پێی دەکرێت ئاوی لووتی هەڵمژێتەوە.

ئەم بۆمب و مووشەکە ئێستا کێشەیەک گەورەی ناوەتەوە. زۆر دوور نەچین هەر دوێنی و پێرێ بوو لەم تارانەی خۆمان بەرپرسانی بەڕێز لەو پەڕی ئارامیدا خەریکی هەڵبەز و دابەزی جێژنی سوێندخواردنی سەرۆک‌کۆماری تازە دانراو بوون. دوای ئەوەی سەرۆک‌کۆمار لەنێو خەڵکی بانگهێشت‌کراوە لە عێراق و شام و یەمەن و لوبنانەوە سوێندی خوارد لە فەرمایشتی ڕێبەری مەزن دەرناچێت، تاریک‌وڕوونی بەیانیی دواتر بۆمب، مووشەک یان فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوان ئارامیی پایتەختی شێواند. دوای ئەوە‌ی ئەم تەقەمەنییە بە ئیسماعیل هەنییە واتە یەکێک لە بانگهێشت‌کراوە هەر گرینگەکانی ئەم میواندارییەدا تەقیەوە، بازاڕی گەرمی لێکدانەوە چەکدارانە، سیاسیانە و کۆمەڵایەتییانەکانی دوای ئەم تەقینەوەیە بە چەشنێک شێوا، هەموو جیهان و ناوچەی بۆخۆیەوە خەریک کرد.

ئەگەر ئێمەش تووشی سەرلێشیواوی ئەم بازاڕی لێکدانەوانە نەبین، پێویستە لێکدانەوەکان بەسەر دوو بەشی خانەخوێ و دەرەوەدا دابەش بکەین.

هەرچی بازاڕی دەرەوەیە، زۆر بەگومانەوە لە تەقینەوەکە دەڕوانێت. هێندێک دەڵێن مووشەکۆکە یان فڕۆکەڵەیەک بە بۆمبیلەیەکەوە لە پەنجەرەوە خۆی بەژووری ئەم میوانە بەڕێزە داکردوە و ئەمەیان لە لێکدانەوە یان قسەی دڵی خانەخوێش نزیکە. هێندێک لێکدانەوەی دیکەش پێیانوایە بۆمبیلەک لە ماوەیەک لەمەوبەرەوە لەژێر تەختی خەوی ئیسماعیل هەنییەوە بە تەوەزەلی هەتا ئەم ڕۆژە پاڵی داوەتەوە و لە کاتوساتی دیاریکراودا بە زەبری نەقیزەی لەدوورەوە ڕمبەی لەخۆی و میوان هێناوە. ئەم لێکدانەوەیەی دواتر بەگرانتر لەسەر خانەخوێ دەکەوێت. ئاخر چۆن دەبێت بە بەر چاوی خانەخوێدا کاری وا بکرێت؟ هەر لەبەر ئەمەشە مووشەکۆکە یان فرۆکەڵەکە خانەخوێپەسندانەترە. لەمەیەیاندا دەکرێت بەم شیمانەیەوە بەرداوم بین و بڵێین دوژمن بە دەستی خۆی کارکەی کردوە و کۆمەڵی نێو بەرەی موقاومە ڕازی بکەین هێرشی تۆڵە‌سەندنەوە بکەنە سەری و باری خۆفرۆشی و خەیانەتی دەستوپێوندانی نێوخۆش سووکتر بکەین و بڵێن خۆفرۆش و خائین لەوە کەمترن ئێوە بیری لێدەکەنەوە.

لە هەمان کاتدا ئەگەر بسەلمێندرێت تەقەمەنییەکه به هۆی مووشەکیلە یان فڕۆکەڵەو چووەته نێو ژووی تەقینەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەگەر لەداهاتوودا خەڵکی دەرەوە بۆ کۆڕ و کۆبوونەوان بانگ بکرێن، کەمتر گیانی خۆیان لە مەترسیدا  ببینن.

ئەنجامی لە هەمووان گرنتر ئەمەیە جەنابی ڕێبەر کاتێک بەتەمابوو نوێژی مردوو لەسەر تەرمی کاک ئیسماعیل بکات، بە وردی لە ئاسمانی سەر خۆی ڕوانی و ڕەنگە مەبەستی ئەمە بووبێت لە کەش و هەوای نالەباری ئەم دواییانەی ئێراندا خۆی و هاوڕێیانی لە ئەگەری بارینی تەرزە ئاگەدار بکاتەوە. تەرزەی هاوینان ئەوەندە زل‌زل دەبارێت نەک هەر سەری مرۆڤ دەشکێنیت بەڵکوو بانیژەی ئۆتۆمبێلی "پڕاید" و مڕاید و "پیژۆ "ومیژۆ و "سەمەند" و مەمەند و "تیبا" و میبایان هەر ناهێڵێت.