کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوڵتان گوڵاوی: چەكی ئەتۆمی بە هاواری هیچ حكوومەتێكی دیكتاتۆرەوە نەهاتووە، ئەگینا یەكیەتیی سۆڤییەتی پێشوو لێک هەڵنەدەوەشا

15:56 - 16 خەرمانان 2724

سوڵتان گوڵاوی: چەكی ئەتۆمی بە هاواری هیچ حكوومەتێكی دیكتاتۆرەوە نەهاتووە، ئەگینا یەكیەتیی سۆڤییەتی پێشوو لێک هەڵنەدەوەشا

 

دیمانە: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەموو کاتێک لە دژوارترین دۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی‌دایە. دۆخێک کە هەر ڕۆژ ڕێژیم زیاتر بەرەو لێواری نەمان دەبات. بەڵام ڕێژیمیش بۆ مانەوەی لە دەسەڵات و کڕینەوەی کاتی زیاتر و سەپاندنی دەسەڵاتە ناڕەواکەی بەسەر خەڵکدا لە هەموو مێتۆدەکانی سەرکوت کەڵک وەردەگرێ، تاکوو بتوانێ دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک کپ بکات. لێرەدا کۆمەڵێک پرسیار بەرجەستە دەبن کە ئاخۆ ڕێژیم دەتوانێ تا سەر ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەی بپارێزێت؟ هۆکار چییە سەرەڕای ناڕەزایەتییە جەماوەرییە بەردەوامەکان، بەڵام ڕێژیم هەتا ئێستا توانیویەتی دەسەڵاتەکەی بپارێزێت؟ چ شتێک دەتوانێت دژبەران و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بخاتە بەرەیەکی یەکگرتوو دژی ئەم ڕێژیمە؟ ئەم پرسیارانە و کۆمەڵێک پرسیاری دیکە تەوەری سەرەکیی دیمانەیەکی "کوردستان" لەگەڵ سوڵتان گوڵاوی، چالاکی سیاسی پێک‌دێنن.

کاک سوڵتان سەرەتا پێم باشە بەم پرسیارە بچینە نێو باسەکەمان، کۆماری ئیسلامی نیزامێکی سیاسیی بەرهەمی شۆڕش بوو. شۆڕشێک کە بە دروشمەکانی ئازادی و بەرابەری سەرکەوت. بەڕای بەرێزتان چی ڕووی‌ دا کە کۆماری ئیسلامی ببێتە ئەم ڕێژیمە دیکتاتۆر و تۆتالیتێرە؟

لە سەردەمی شۆڕشی ئێراندا من تەمەنم زۆر كەم بوو، بۆیە ناتوانم هەڵسەنگاندنی بابەتە سیاسییەكانی ئەوکات بە وردی بكەم و بەپێی ئەزموونی خۆم باسیان بکەم .بەڵام ئێستا بە ئاوڕدانەوەیەک بەسەر ڕووداوەكانی ئەوكات و ئەو فاکتانەی لە بەردەستن تا ڕادەیەکی زۆر بۆمان دەردەكەوێت كە لە بنەڕەتدا دروشمی "ئازادی و بەرابەری" ویست و دروشمێکی هاوبەشی گشتیی شۆڕشەکە نەبوو، بەڵکوو هەر دەستە و گرووپێكی بەشدار لە شۆڕشەكەدا ئامانجی خۆی دەپێکا و مانایەکی لە ئەو دروشمە هەڵدەکۆڵی. دەتوانین بڵێین هەر گرووپ و سازمانێک ئیدئۆلۆژی و تێگەیشتنی تایبەت بە خۆی بۆ دواڕۆژی ئێران لەو هەلومەرجەدا وێنا دەکرد و ئەو دروشمە بەداخەوە نەبووە ئامانج و ویستێکی گشتی بە واتایی وشەکانیەوە. بە كورتی كۆمەڵگە بەرچاوڕوونییەکی تەواوی لەم دروشمە و ویستەکانی ئەم دروشمە و ئامانجەکانی خۆیان نەبوو و لە نێوەڕۆكی ئەم دوو چەمكە سیاسییە و باری مانایی و زەرورەتی هەبوونی بێ ئەملاوئەولایان لە کۆمەڵگەدا تێ‌نەگەیشتبوو. بۆ نموونە: هەندێک لە چەپەكانی سەر بەشۆڕەوی ٠یەکیەتیی سۆڤییەت) لەم دروشمە تێگەیشتنی ئێستالینییان هەبوو و لە هەمان كاتدا زۆربەی ئێسلامییەكان ئەم دروشمەیان تەنیا بۆ ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتێکی ئیسلامی بەكار دەهێنا. بە بڕوای من ئەگەر ئەم دروشمە دەبووە ئامانجێکی هەمە لایەنە و سەرەكی و بە تێگەیشتنێكی هەمە لایەنەوە، بێگومان وا بە ئاسانی دواكەتووترین گرووپی نێو شۆڕشەكە و دیكتاتۆرترین كەسی نێو ئەو گرووپەش واتا خومەینی دەستەڵاتی بەدەستەوە نەدەگرت .من پێم‌وایە هەموو لایەنەكان تەنیا لەسەر یەک شت كۆدەنگ بوون ئەویش كۆتایی‌پێهێنان بە دەستەڵاتی پاشایەتی لەو شێوە دەستەڵاتە مۆتڵەقەی كە لە ئێراندا حوكمی دەكرد. بەڵام بۆ دوایی ڕووخان بەشی هەرە زۆریان هیچ پلان و ستراتێژییەکی ڕوونیان نەبوو و لە خەون و خەیاڵاتدا دەژیان و جیاوازییەكان هەر لە مانگەكانی دوایی سەركەوتنی ئەو شۆڕشەوە خۆیان دەرخست.

کۆماری ئیسلامی چۆن توانیویەتی سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان، ڕاپەڕین و بەرهەڵستکارییەکان بەڵام هەتا ئێستا لەسەر تەختی دەسەڵات بێت؟

لە ئەساسدا نائاگایی كۆمەڵگە، دوودڵی و سەرلێشێواوی بەشێک لە حیزبە سیاسییە سەرتاسەرییەکان، سەربەخۆنەبوونی بەشێكی بەرچاو لە ڕەوتی فكری سیاسی كە چاوەڕێی  بڕیار و هەڵوێستی بەرەی ڕۆژئاوا یان ڕۆژهەڵات بوون و خۆیان ئێرادەی بڕیاردانیان نەبوو و هەروەها ڕادیكاڵ‌بوونی ڕەوتێكی چەپی فكری كە زۆر لە كۆمەڵگە دوور كەوتبوونەوە و سەرقاڵی كێشەی فكری و ئیدۆئۆلۆژی خۆیان بوون دەرفەتیان بۆ جیناحی ئیسلامی سیاسی ڕەخساند كە زۆر بە ئاسانی پێشەنگایەتیی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت. دیارە دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت كە تەنیا خومەینی و دارودەستەكەی بە تەواوەتی بەرچاوڕوونییان هەبوو كە چ سیستمێكی سیاسی دادەمەرزێنن. هەربۆیە لەو كات و ساتەوە كە تێگەیشتن هەل و دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە بێ دوودڵی هەنگاو بە هەنگاو دیكتاتۆریی ئیسلامییان لەسەر بنەمای فكریی وەلی فەقیهـ دامەزراند. خۆمەینی و دارودەستەكەی بە شۆڕش هاتبوونە سەركار، هەربۆیە پایە و بنچینەی دەستەڵاتی حكوومەتەكەیان بە لەبەرچاوگرتنی خاڵە لاوازەكانی حكوومەتی پێشوو دامەزراند. یەكەم هەنگاو، پێكهێنانی سپای پاسداران و بەسیج لەتەنیشت ئەرتەشەوە، وەک هێزێكی تایبەتی سەر بە خۆیان بوو. دووهەم، سەركوتی بێ‌بەزەییانەی هەموو لایەنەكانی دیكە بوو. ئەو سەركوتە بێ‌بەزەییانە تەنانەت ئەوانەشی گرتەوە كە تێ‌دەکۆشان خۆیان لەگەڵ دەسەڵات بگونجێنن. سێهەم، سازكردنی شەڕ و داتاشینی دوژمنێكی دەرەکی و درووستکردنی وەهمی لە مەترسیدا بوونی خاکی ئێران و ڕێکخستنی خەڵکی ئێران لەسەر بیری هاوبەشی بەرنگاری و پاراستنی وڵات یەکێکی دیکە لە ستراتێژییەکانی کۆماری ئیسلامی بوو هەر لە سەرەتاکانی دامەزراندنیدا. ئەو ڕێژیمە هەر لە سەرەتاوە ئازادی و سەربەخۆبوون و کەرامەتی مرۆڤەکانی پێکا و تەنانەت هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکانیانی خستە ژێر ڕکێفی خۆی و خەڵکی چاو لەدەست‌کرد. دەرفەتی نەهێشتەوە بۆ مرۆڤەكان كە بە هێز و تۆانای خۆیان ڕەوتی ژیانیان بەدەستەوە بگرن و ژیانی خۆیان بەڕێوە بەرن. كەواتە خەڵک ناچار كرا بۆ هەموو شتێک چاو لە دەستی حكوومەت بن. خەڵک سەربەخۆیی ئابووری و ئازادی و كەسایەتیی خۆیان لە دەست دا. بەشێكی زۆری خەڵک بۆ ئەوەی لە ئیمتیازەكانی حكوومەتی كەڵک وەرگرن دەست بە داوێنی دەسەڵات بوون. بۆ نموونە: تەنانەت بۆ خوێندن ناچار كران فۆرمی بەسیج پڕ بكەنەوە. بەداخەوە ئەم بەرنامە و پلانەی ڕێژیم هەموو جومگەكانی وڵاتی گرتەوە لە کارمەندەوە ڕابگرە تا جوتیار و كرێكار. ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بە كەڵک وەرگرتن لەم بەرنامە و پڕۆژانە تۆانی سیستمێكی دیكتاتۆری ڕەش دامەزرێنێت و دەستەڵاتی دیكتاتۆری خۆیان بەسەر ئێراندا داسەپێنن.

پێتان وایە ڕێژیم بتوانێت تا سەر ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەی بپارێزێت؟ بۆ؟

ئاخۆندەكان  لە داسەپاندنی سیستمێكی دیكتاتۆری بە سەر ئێراندا سەركەوتن، بەڵام لە بەڕێوەبەری وڵاتدا فەشەلیان هێناوە و ئێرانیان تووشی ماڵوێرانی و شەڕ و دواكەوتوویی و دەیان قەیرانی بنەڕەتی و سەرەكی كردووە كە ئەمڕۆ ئەو ڕێژیمە ناتۆانی چارەسەریان بكات. ڕەوتی ڕووداوەكان ئەوە بە ڕوونی نیشان دەدەن كە حكوومەتی كۆماری ئێسلامی ڕۆژ لە دوایی ڕۆژ لە تێداچوون نیزیک دەبێیتەوە و لە ئاكامدا تێک دەڕووخێت. سیستمی سیاسی ئێران و سەبک و چۆنیەتی دەستەڵاتداری ئەو وڵاتەی تووشی هەموو بۆحرانێک لە ئابوورییەوە بگرە تا کۆمەڵایەتی و... هتد. كردوە، هەربۆیە ئەوان كە خۆڵقێنەری بۆحرانەكانن ناتوانن چارەسەریان لابێت و دەبێت ئەو شێوە دەسەڵاتە کۆتایی پێ‌بێت.

 بێگومان یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەبوونی ئۆپۆزیسیونێکی هاوڕا و یەکگرتووە، هۆکاری ئەم پەڕشوبڵاوییە لە چیدا دەبینن؟

هۆكاری سەرەكی ئەوەیە ئێران وڵاتێكی یەکڕەنگ و یەکدەست نییە، بەڵکوو فرە ڕەنگە. بە واتایەكی دیكە فرە نەتەوە و فرە ئایینە و بە زۆر هەوڵ دراوە یەکدەست و یەکڕەنگ بكرێت، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە كە جیاوازییەکان و لەیەک دووركەوتنەوەكان زۆر بن و كێشەی زۆر قووڵ و چارەسەر نەكراوەیان لێ ‌بكەوێتەوە.كەواتە لە وڵاتێكی ئاوادا ئۆپۆزیسیونێكی یەکدەست پێک نایەت. بۆ نموونە: دەبینیین كە نەتەوەكان حیزبی تایبەت بە خۆیان هەیە و هیچ حیزبێكی سەرتاسەریمان نییە كە نوێنەرایەتیی هەموو نەتەوەكانی ئەو چوارچێوە جوغرافیایەی ئێرانی ئەمڕۆ بكات. لە ڕاستیدا سنووری بوونیان لە هەرێمی نەتەوە ژێردەستەكانی ئێران زۆر كەم دەبێتەوە یان هەر نامێنێت لەبەر ئەوەی ویست و داخوازییەكانی ئەو نەتەوانە لە بەرنامەی سیاسی ئەواندا ڕەنگ ناداتەوە هەر بۆیەش جیێ متمانەی ئەوان نین. ئەمە یەكێک لە هۆكارەكانی یەک‌نەگرتنەوەی ئۆپۆزیسێونەکانە. دووهەم هۆكار: حیزبەكانی ئێران لە سەردەمی دوو بڵۆكی دنیادا لەدایک بوون و تا ئێستاش ویست و ڕوانگەیان لەو دابەش‌بوونەی دنیادا سەرچاوە دەگرێت. بۆ نموونە: ئێستا ئەگەر شەڕی ڕووسیە و ئۆكراین بكەینە بەراوەردێک بۆ تێگەیشتن لەو گرفتە هەموو ئەو لایەنانەی سەر بە بەرەی شۆڕەوی سۆسیالیستی بوون بە شێوەیەک لەشێوەكان لایەنگری ڕووسیە دەكەن. كەواتە بەشێک لە دژبەرانی ڕێژیم لە بۆحرانی فكریدان.

چ شتێک دەتوانێت دژبەران و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بخاتە بەرەیەکی یەکگرتوو دژی کۆماری ئیسلامی؟

‎بەداخەوە لەم وڵاتانی دیكتاتۆری ڕەشەدا دەستەڵاتداران  ئۆپۆزیسیۆن دەرفەتی پەرەگرتنی سرووشتیان نییە، هەروەک چۆن لە ئێران دەبینین دوای ڕەوتی سەركوت كردن بەشێكی زۆر لە دژبەرانی ڕێژیم وڵات جێ‌ دەهێڵن و لە گۆڕەپانی خەبات دوور دەكەونەوە هەر بۆیەش تووشی شەڕی تێئۆری نێوخۆیی دەبن و شەڕ لەسەر ڕاستبوون و نەبوونی تێئۆری و بیروبۆچوونەكانیان دەكەن كە ئەوەش دەبێتە هۆی لێکدابڕانیان. بەو هۆكارانە و هۆكارێكی زۆر گرینگی دیكەش زیاد بووە ئەویش ئاڵۆزیی ماسمیدیا ئەو سەرلێشێواویی سیاسییەی كە دروست كردوە بووەتە هۆی ئەوەكە حیزب و ڕێكخراوەكان بەشێكی زۆریان هەر توانای بڕیاردانیان نەمابێت نەكا پێیان بڵێن ئێرانی فرۆشت یان كوردەکان بڵێن كوردستانیان فرۆشت. هەربۆیە لەوەها هەلومەرجێكی سیاسیدا بەداخەوە من پێم‌وایە دژبەرانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی زۆر لە بواری ئیدئۆلۆژییەوە لەیەک دوورن و جیاوازیی تێگەیشتنیان لە بابەتە سیاسییەكان زۆر زۆرە. جیا لەوەش ئەجیندای جیاوازشیان هەیە بۆ دوا ڕۆژی ئێران. هەر بۆیە بەباوەڕی من لەو هەلومەرجەدا دەرفەتی ئەوە نییە هەموو لایەنەكان لەیەک بەرە كۆببنەوە.

دیاسپۆرای کورد، یان بە گشتی دیاسپۆرای ئێرانی بۆچی ئەو کاریگەرییە شوێندانەرەی لەسەر ناوەندەکانی سیاسەت و دەسەڵات لە کۆمەڵگەی جیهانی دژ بە ئێران نەبووە؟

‎دیاسپۆرای كورد لە دەرەوە تازەیە و بێ‌ئەزموونە و بۆخۆی تا ئێستاش لەو كۆمەڵگەیانەی تێدا دەژی جێگیر نەبووە و لە ئەساسدا تێكەڵاوی ژیانی ئابووری و سیاسی ئەو كۆمەڵگەیانە بە شێوەیەکی بەرچاو و کاریگەر نەبووە. دیارە وڵامی ئەو پرسیارە بە باوەڕی من پێویستی بە لێكۆڵینەوەی هەمە لایەنە هەیە و ئەوەش كاری ناوەندێكی لێكۆڵینەوەیە نەک من. هەربۆیە من تەنیا دەتوانم بەگشتی لەسەر ئەو بابەتە قسە بكەم. یەكەم كورد لە دەرەوەش وەک كوردستان دابەش كراوە واتا یەكدەست نییە كە ئەوە بابەتێكی تایبەتە و پێویستی بە باسێكی تایبەتیش هەیە کە لێرەدا ناكرێت بێتە بەرباس. بەڵام ئەگەر دیاسپۆرای ئێران بكەینە بابەتی باسەكە دەبێت ئەوە بڵێم كە دیاسپۆرای ئێرانی بە باوەڕی من لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا  كاریگەری باشی هەبوو و زۆر شوێندانەر بوون لەسەر هەڵوێستی سیاسی دنیادا. بەشێوەیەک كە ڕێژیمی ئێران ترسی وێكەوتبوو كار گەیشتەبووە جێگایەک كە منداڵانی زۆر مەكتەبی ئاڵمانی سروودەكانی شۆڕشی ژینایان دەخوێندەوە. بەگشتی چالاکی و تێكۆشانی دیاسپۆرا بە چالاكی نێوخۆوە گرێدراوە کاتێک لەنێوخۆوە خەبات و تێكۆشان پەرە بگرێت دیاسپۆراش دەجووڵێت و دەتوانین بڵێن تەواوکەری یەکن. نابێت ئەوەش لەبیر بكەین كە لە دنیادا ئێستا زۆر وڵاتی دیكەش سیستمی دیكتاتۆری تێیاندا حاكمن، وڵاتان و دیاسپۆرای ئەو وڵاتانەش هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ پشتیوانی نێودەوڵەتی.

توانای مووشەکی، میلیشیاسازی و هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتومی دێپاڕتمانی بەرگری و هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی لە دەسەڵات‌دایە. ئایا ئەمانە دەتوانن گەرەنتیی مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بن؟

دەستڕاگەیشتن بە چەكی ئەتۆمی لە هیچ جێگایەكی دنیا بە هاواری هیچ حكوومەتێكی دیكتاتۆرەوە نەهاتووە. بۆ نموونە: ئەگەر وابایە یەكیەتیی سۆڤییەتی پێشوو لێک هەڵنەدەوەشا. لە ئێران حكوومەتێكی دیكتاتۆر و سیستمێكی ناجێگیری سیاسی  لەسەر كارە. چوار بنەمای سەرەكی كە بۆ جێگربوونی سیستمێكی سیاسی پێویستە بۆ ئەوەی دەستەڵاتی سیاسی لە وڵات ئاڵوگۆڕ بەسەر دەستەڵاتدا بێنێت. بێ ئەوەی پێویست بە شۆڕش بكات، بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ئەو چوار بنەمایە لەگۆڕێدا نییە. ئەو چوار بنەمایە بریتین لە: هەڵبژاردنی دێموكراتیک بە مافی یەكسان بۆ هەموو خەڵكی وڵات، یاسایەكی دێموكراتیک دوور لە هەڵاواردن و جیاوازیدانان، دابەشكردنی دەستەڵاتەكان بەشێوەیەكی دێموكراتێک، یاسایەكی پێشكەوتوو و دێموكراتیک بە دابین‌كردنی مافی نەتەوەكان، ئابووریی وڵات لەسەر بنەمای عەداڵەتی كۆمەڵایەتی، ئەو بنچینە سەرەكییانە لەگۆڕێدا نین، بەڵکوو بە پێچەوانەوە سەركوت و كوشتن و بڕین لە ئێراندا ڕۆژانە دەبینین و ڕێژیم بە چەک وڵامی هەر داخۆازییەكی خەڵک دەداتەوە . هەربۆیە لەسەر چارەنووسی ڕێژیم خەڵک بڕیار دەدەن نەک هەبوونی هێزێکی نیزامی.

دوورەدیمەنی هاوکێشەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی چۆن دەبینن؟

كۆماری ئیسلامی ئەوەندە هێز و سەرمایەی ماددی و مەعنەوی لەسەر ئەم پڕۆژە و سیاسەتی ناوچەییەی خۆی داناوە كە تازە ناتوانێت دەستی لێ‌هەڵگرێت. بۆیە لە کۆتاییدا یان دنیا  تەسلیمی ئیرادە و ویستی كۆماری ئیسلامی دەبێت، یان ناچار بە پەرچەكردار دەبێت و پێش بە سیاسەتی شەڕ و پاوانخوازی ئێران دەگیردرێت.

کاک سوڵتان سپاس بۆ بەشداریت و ماندووش نەبی

سپاس بۆ ئێوەش.