ڕق و دوژمنایەتی نەبڕاوەی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە کوردستان
ڕەزا دانشجوو
لە سەروبەندی دووهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" سووکایەتیکردنی تێرۆریستێکی سپای پاسداران لە پێگەی بەناو مامۆستای زانکۆ کاردانەوەی جیاوازی کەسایەتییە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی ئاسایی لە میدیاکاندا بەدوای خۆیدا هێنا. هەر ئەو کاردانەوەیانەی کە لە کۆتاییدا بوونە هۆی لەسەرکارلابردنی ئەم بەناو مامۆستای زانکۆ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمەوە.
ئەوەی کە ئەم لەسەرکارلابردنە چەندە واقعیە و چەندە لای کۆمەڵانی خەڵک گرنگە، دەبێ بێگومان بگوترێ: ئەزموونی چلوچەند ساڵەی حوکمڕانیی کارەساتباری کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە ئەم نمایشە کورتخایەن و ڕواڵەتییانە تەنیا بۆ وەڵامدانەوەی ڕای گشتین و لە زۆربەی کاتەکاندا کەسی خەتاکار کە هەمیشە ئەندام یا پێوەندیدار دامەزراوە ئەمنییەکانی ڕێژێمە دوای ماوەیەک لە شوێنێکی تر و ڕەنگە لە پوست و پێگەیەکی باشتردا درێژە بە کارو چالاکییەکانی دەدات. بەڵام بەڕاستی هۆکاری ئەم هەموو ڕق و دوژمنایەتییەی ڕێژیم و کاربەدەستانی لە کورد و کوردستان چییە که کەسێکی بەناو مامۆستای زانکۆی ڕێژیم به لێدوانێکی وا ناحەز کە بێگومان تەنها شایستەی خۆی و ئەربابەکەیەتی باسی کورد ئاکات؟
بە دڵنیاییەوە ئەو یەکەم کەس نییە هێندە ڕووهەڵماڵراونە هێرش دەکاتە سەر کورد و بە دڵنیاییەوە لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا دواهەمین کەسیش نابێت. لە سەروبەندی دووهەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینادا، چاوخشاندنێک بە مێژووی تەواو خۆڕاگری و خەباتی کوردستان لە دژی دیکتاتۆریەتی وەلایەتی فەقیهـ دەتوانێت وەڵامێکی گونجاو بێت بۆ ئەم پرسیارە. لە ڕاستیدا وەک باس کرا شۆڕشی ژینا خاڵی وەرچەرخانی خەباتی ڕۆژهەڵات دژ بە نیزامی کۆماری ئیسلامی بوو و بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکان و ڕیشەی ئەم دوژمنایەتییەی دەسەڵاتی وەڵایەتی فەقیهـ لەگەڵ کورد و کوردستان، مرۆڤ دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ڕێبەندانی ١٣٥٧.
دوای ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی و سەرکەوتنی شوڕشی گەلانی ئێران کورد هیوادار بوو لە چوارچێوەی هاوبەشییەکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەدا لەگەڵ گەلانی تری ئێران کۆتایی بە دەیان ساڵ لە هەڵاواردن و چەوساندنەوە بهێنێت. لەم کاتەدا ڕێبەرانی سیاسیی کورد چەندین جار ئاشتییانە و بە پەیامی دۆستانە داوایان لە خومەینی کرد هەر بەپێی دروشمەکانی پێش سەرکەوتنی شۆڕش هەوڵی چەسپاندنی دادپەروەریی ڕاستەقینە و پاراستنی مافی نەتەوەکانی ئێران بدات. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە ئەو هەوڵانە لە کاتێکدا درا کە سەرکردەکانی کورد زۆربەیان هیچ هەڵوێستێکی ئەرێنییان بەرانبەر خومەینی و حکومەتەکەی نەبووە، بەڵام هەلومەرجی سەیر و سەمەرەی ساڵی ٥٧ و پشتیوانیی ڕەوتە سیاسییە جۆراوجۆرەکان لە خومەینی وای کرد کە کورد خۆی لەگەڵ زۆرینەی کۆمەڵگەدا هاوئاهەنگ بکات تا پێش بە تاقمێک بیری شۆڤێنی و تاقمێک گرووپی دیار کە ئامانجیان بەلاڕێدابردنی داخوازییەکانی کورد و پێناسەکردنی کورد وەک لایەنی دژی شۆڕش و جوداییخواز بوو بگرێت.
ڕەفتار و شێوەی هەڵسوکەوتی خومەینی بەرامبەر بە کێشەی کورد وای کرد کۆمەڵگەی کوردستان و سەرکردە سیاسییەکانی هەر زوو ئاگاداری نییەتی ناحەزان ببن و بزانن کە خومەینی و بریکارەکانی بەنیازی چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگەی سیاسی و ئاشتییانە نین. لە ڕۆڵی وێرانکەر و دوژمنایەتی و ڕق و کینەی سەیر و سەمەرەی هەندێک کەس و ڕەوتی سیاسی کە خۆیان دواتر بوون بە نەیارانی خومەینی لە پرسی کوردستاندا نابێ بە ئاسانی چاوپۆشی بکرێت. ڕەنگە، ئەگەر ڕێبەرایەتیی سیاسی کورد لەم سەردەمەدا پشتیوانی و هاودڵی و هاوئاهەنگی لانیکەم بەشێک لە گرووپەکانی تریان هەبوایە، دەسەڵاتی گەندەڵ و جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی هەرگیز نەیدەتوانی بێتە سەر کار و بەم شێوەیە ڕەگ داکوتێ.
دوای بایکۆتی مێژوویی کوردستان و "نا"ی چارەنووسسازی بۆ ڕیفراندۆمی گاڵتەجاڕی ڕژیم بۆ دیاریکردنی جۆری حکوومەت کە ئاکامەکەی لە ١٢ خاکەلێوەی ٥٨دا ڕاگەیەندرا، دوژمنایەتیی ڕێژیمی وەلایەتی فەقێهـ لەگەڵ کوردستاندا چووە قۆناغێکی نوێ. ئەمجارە خومەینی و بریکارەکانی ڕاستەوخۆ هەڕەشەیان لە خەڵکی کوردستان دەکرد. مانگی گەلاوێژی ٥٨ی هەتاوی و دەرکردنی فەرمانی جیهاد لە دژی کوردستان لە لایەن خومەینیەوە دەتوانێ وەک سەرەتای ئاشکرابوونی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی و کورد دیاری بکرێت. سەرەتای چل و چەند ساڵ خەباتی ڕۆژهەڵات بۆ ڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتەی کە باوەڕی بە هیچ کام لە چوارچێوە و پرەنسیپەکانی ئینسانی نەبووە و نییە.
ئەگەرچی ڕاگەیاندنی فەرمانی جیهاد لە لایەن خومەینیی دەججالەوە دژی کورد و هێرشی هەمەلایەنەی ڕێژیم بۆ کوردستان ڕووبەڕووی خۆڕاگری قارەمانانەی پێشمەرگەی کوردستان بۆوە و خەسارێکی قورسی بە کۆماری ئیسلامی گەیاند، بەڵام بەداخەوە بەدەر لە شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک لە ڕۆڵە قارەمانەکانی کوردستان و لێکەوتە ناخۆشەکانی دواتری، بووە هۆی وێرانکاری و لەنێوبردنی بەئەنقەستی بەشێکی زۆر لە ژێرخانی کوردستان. لەم شەڕە نایەکسانە لە ڕووی دەستڕاگەیشتن بە چەک و ئامێری جەنگییەوە، کۆماری ئیسلامی چەندین جار هەموو پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کرد و دەیان کوشتاری بەکۆمەڵ و تاوانی جەنگیی ئەنجام دا. دوای کۆچکردنی زۆرەملێ و بێگومان خۆدەستپێشخەریی حیزبە کوردییەکان بۆ دەرەوەی شارەکان بۆ پێشگرتن لە زیانی زیاتر بە شارەکانی کوردستان تا کاتی ڕاگرتنی شەڕی چەکداری دژ بە ڕێژیم، کۆماری ئیسلامی دەیان جار بە کەڵکوەرگرتن لە شێوازی نامرۆڤانە وەک دەسبەسەرکردن و زیندانیکردنی بنەماڵەی پێشمەرگە و کەسانی نەیاری، دەرکردن و لەسەرکارلابردنی کەسوکاریان و... هەوڵی دا تا ڕوح و گیانی بەرخۆدان لە کوردستان لە نێو بەرێت؛ ئەم پیلانە چەپەڵەی کە کۆماری ئیسلامی هیچ کات نەیتوانی تێیدا سەرکەوتوو بێت.
تەنانەت دوای ڕاگرتن و وەلانانی خەباتی چەکداری لە لایەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و جێگیربوونی بەشی ئاشکرایان لە هەرێمی کوردستان، کۆماری ئیسلامی بەردەوام بوو لە هێرشکردنە سەریان و نەک هەر ئاژاوەگێڕی دژی لایەنە سیاسییەکانی ڕوژهەڵات ڕانەگرت، بەڵکوو جیا لە دەیان تێرۆری ئەندامانی سەرکردایەتی و ئاسایی و موشەکباران و تۆپبارانی شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵە و کەسوکاریان و کوشتنی دەیان کەسی بێتاوانی مەدەنی، گۆشەیەکی نوێی دوژمنایەتی و کینەی مێژوویی خۆی لە دژی کورد نیشان دا.
تێرۆرکردنی ترسنۆکانە و زەبوونانەی دوکتور قاسملوو و هاوەڵانی لە ڤییەن و دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە بەرلین و دەیان تیرۆری پلان بۆ داڕێژراوی دیکە لە تورکیە و هەرێمی کوردستان نیشانی دا کە کۆماری ئیسلامی هەرگیز ئامادە نییە هەڵسوکەوتی خۆی بەرانبەر کورد بگۆڕێت.
ئاشکرایە کە خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هەموو ناعەدالەتی و ستەم و دڕندەیی دەسەڵاتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگ نابن و هەموو دەرفەتێک بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتیی خۆیان لە دژی دەسەڵات کەڵک وەردەگرن، ساڵانێک خۆڕاگری و ڕاوەستان دەرئەنجامی ئەم شێوازە لە بیرکردنەوە، ڕەنگە شۆڕشی ژینا بە لوتکە و پێگەیشتنی فیکریی ئەو شێوازی بیرکردنەوەیە دابندرێت.
شۆڕشی ژینا وەڵامێکی ڕوون بوو بۆ ساڵانێک تێرۆر، ئێعدام و سەرکوتکردن لە کوردستان، تووڕەیی و ڕق و کینەی ساڵیان لە قوڕگداماویی کۆمەڵگەی کورد بەرامبەر بە هەڵاواردن و ئاسمیلەکردنی پلاندارێژراوی ڕێژێمی وەلایەتی فەقیهـ دژی کوردستان، یاخیبوونێک لە دژی ئێکۆترۆریزم و سیاسەتی "زەویی سووتاوی"ی کۆماری ئیسلامی دژ بە سروشت و سامانە سروشتییەکانی کوردستان. شۆڕشی ژینا بەیاننامەی بێزاری و مانیفستی ڕزگاریی خەڵکی کوردستان بوو دژی حکوومەتی داگیرکەری ئاخوندی و بریکارە تیرۆریستییەکانی، "نا"ی یەکلاکەرەوە بۆ تەواوی داخوازییە ناڕەواکانی کۆماری ئیسلامی. هەرچەند لە خاکەلێوەی ٥٨ هەتا شوڕشی ژینا " نا" تاقانە وڵامی کوردستان بوو بۆ هەر داخوازییەکی دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئەوەی "نا"ی شۆڕشی ژینای لەوانی تر جیاواز کرد، پشتیوانیی گەلانی تری ئێران بوو لە سەرتاسەری ئەم جوغرافیایەدا. ئەو وشیارییەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە هەموو بەشەکانی ئێراندا بڵاو بووەتەوە، تەنانەت لە سنوورەکانی ئێرانیش تێپەڕیوە.
لە ڕاستیدا کوردستان لە ئەرکێکی مێژووییدا بوو بە پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری خەباتێکی پیرۆز بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی. ئەگەرچی ڕێژیم بە کوشتن و گرتنی هەزاران کەس توانی بۆ ماوەیەک بزووتنەوەکە بێدەنگ بکات، بەڵام بە گوتەی خودی دیکتاتۆری ڕێژیم، ئەو بێئابرووییەیی یەخەی و بەرۆک ڕێژیمی گرتوە، هەرگیز قەرەبووی نابێتەوە. کوردستان وەک ڕۆڵە نەترس و بوێرەکەی چیرۆکەکەی "هانس کریستین ئەندەرسۆن" ڕووی شاراوە و ڕاستەقینە، ڕووت و بێئابڕووی دیکتاتۆری پیری نەک هەر بە تەواوی خەڵکی ئیران بەڵکوو بە جیهان ناساند. دوای دوو ساڵ لە دەسپێکی شۆڕشی ژینا، ئێستاش دەنگدانەوەی هاواری خەڵکی کوردستان وەها خەونی دیکتاتۆری ئالۆز و پەرێشان کردوە کە خۆی و بەکرێگیراوانی تەنانەت بیستنی ناوی کورد و کوردستان ئازاریان ئەدات.
ئێستا دەتوانن لە هۆکاری ئەو هەموو ڕق و کینە و دوژمنایەتییەی کۆماری ئیسلامی لە دژی کورد و کوردستان تێبگەن، لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم حکومەتە نامرۆڤانەیە، کوردستان لە پێشەنگی خەباتی دژ بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بووە و هەیە. ساڵانێکە تاکە هەواڵێک کە خەڵکی کوردستان دڵخۆش دەکات، مەرگی دیکتاتۆر و کۆتاییهاتنی ڕێژیمی وەلایەتی فەقیهە.
لە کۆتاییدا با لە زمانی ئاخوند "بەهەشتی" بەڵام ئەمجاره به ناوی خەڵکی کوردستان و ڕوو لە کۆماری ئیسلامی بڵێین: لێمان تووڕه بن و لەم تووڕەییە بمرن، کوردستان نە قەت کڕنۆش دەبات نە قەت بەچۆک دادێت.