لە درێژەی شەپۆلی سەرکوتکاری و دەرکردنی سزای قورس دژ بە چالاکوانانی مەدەنی و هونەری، مەهدی پاکمێهر، هونەرمەند و گۆرانیبێژی کوردی نیشتەجێی بوجنوورد لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٦ ساڵ بەندکردن و ٨٠ لێدانی قامچیی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، مەهدی پاکمێهر تەمەن ٤١ ساڵ، کە یەکێکە لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە دوو دۆسییەی جیادا لەلایەن دادگای ئینقڵاب و دادگای تاوانەکانی بوجنووردەوە ڕووبەڕووی ئەم سزایە بووەتەوە.
بەرپرسانی دادوەری ڕێژیم بە شێوازێکی نایاسایی و بۆ شاردنەوەی ڕەهەندەکانی ئەم حوکمە، لە پێدانی کۆپیی نووسراوی بڕیارەکە بە خۆی یان پارێزەرەکەی خۆیان پاراستووە.
ئەم هونەرمەندە کوردە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوودا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان لە لاقی بە قورسی بریندار بوو و پاشان لە ١٩ی بەفرانباردا لەگەڵ کارمەندانی کافەکەی خۆی دەسبەسەر کرا.
ناوبراو بۆ ماوەی دوو مانگ لە دۆخێکی سەختدا و بەبێ ڕاگرتنی باری تەندروستیی لە بەندیخانەی بوجنوورد ڕاگیرا.
جێی ئاماژەیە، پاکمێهر پێشتریش لە ساڵی ٢٠٢٤ سزای ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپابوو؛ هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧دا بەهۆی بڵاوکردنەوەی گۆرانیی نەتەوەیی "بژی کوردستان" و ناوبردنی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.