کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێسەروشوێن کردنی هاووڵاتییەک لە پیرانشار

12:23 - 23 جۆزەردان 2726

سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٦ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی ناڕەوا و سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی "خالید حەسەن‌زادە"، هیچ زانیارییەکی ڕوون لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، خالید حەسەن‌زادە لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن یان پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، ناوبراویان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدان بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەتییەکانی  ڕێژیم لە شاری ورمێ گواستووەتەوە.

خالید حەسەن‌زادە نێزیکەی دوو حەفتە لەمەوبەر بەبێ پیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕفێندراوە.

تا ئێستا ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی ڕێژیم هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ناوبراو کراون، بە بنەماڵەکەی نەداوە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای کەسوکاری دروست کردووە.