بنەماڵەی موجتەبا و مەیسەم وەیسی، دوو چالاکی ناسراوی فەرهەنگی و مەدەنیی دەڤەری کرماشان کە لەم دواییانەدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شەهید کران، پەیامێکی ڤیدیۆییان بۆ ڕای گشتیی کوردستان بڵاو کردەوە.
لەو پەیامە ڤیدیۆییەدا، عەبدوڵڵا وەیسی وەک برای گەورەی ئەو دوو لاوە نیشتمانپەروەرە، ڕوونکردنەوەی پێویستی لەسەر کار، چالاکی، ویست، شێوازی کارکردن و بیروباوەڕی براکانی خستە ڕوو.
ناوبراو ڕایگەیاند کە موجتەبا و مەیسەم بەپێی ئەو دەستنووس و بەڵگانەی لێیان بەجێ ماوە، کەسانێکی تەواو سەربەخۆ بوون؛ ئەوان سەر بە هیچ حیزب، ڕێکخراو و لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو نەبوون، بەڵکوو تەنیا خەمخۆری خاکەکەیان بوون و بەفەرمی شەهیدی تەواوی کوردستانن.
بنەماڵەکەیان جەختیان کردەوە کە بەهۆی خولیای زۆری ئەو دوو برا هۆشیارە بۆ زانست و ڕۆشنبیری، دەیانەوێت ڕۆژی شەهیدبوونیان بکرێت بە ڕۆژی کتێب و کتێبخانەی کوردی، بۆ ئەوەی یاد و ڕێبازی فەرهەنگیی ئەوان هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە.
موجتەبا و مەیسەم وەیسی، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، لە نێو ماڵێکدا لە گوندی "خولەکەوش"ی سەر بە ناوچەی داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسدارانی نەبی ئەکرەم و جاش و مۆرکانی ڕێژیم شەهید کران.