کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنار لە ئەدەبیاتی باوەڕیی کوردانی زاگرۆسدا

14:34 - 23 رەزبەر 2724

هەنار لە ئەدەبیاتی باوەڕیی کوردانی زاگرۆسدا

سارۆ خوسرەوی

هەر لە دێرزەمانەوە، هەنار لە زەنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وەک میوەیەکی تامخۆش و هێمایەکی

پیرۆز لەنێو ئایین و ئەفسانە کۆنەکاندا باسی لێوە کراوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندیی مرۆڤی کورد لەگەڵ ژینگە و سروشت و خۆشەویستیی لەڕادەبەدەریان بۆ دارودرەخت.

هەنار، لەبەر جوانی و زۆریی دانەکانی، لە کولتووری زاگرۆسدا، بە میوەیەکی پڕبەرەکەت ناوی ڕۆیشتوە. دەگێڕنەوە لە کولتووری کۆنی کوردەواریدا، هەرکات کۆرپەیەک هاتۆتە دنیا، بۆ ئەوەی هاڵ (دێوی کۆرپەکوژ) نەیبا، بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە بەردەم ئەو ماڵە تەلیسمێکیان لە دارهەنار هەڵواسیوە.

بەو جۆرەی کولتوورناسانی کورد باسیان لێوە کردوە، زەمانی زوو لەکاتی شایی و زەماوەندا، ئەم میوەیە لەلایەن زاواوە پێشکەش بە بووک کراوە، بۆ ئەوەی ئەو بووکە لە پرۆسەی ژیانی هاوسەرییدا وجاخ کوێر نەبێت و ببێتە خاوەن مناڵ، کە دیارە هەنار لێرەدا بە هێمای زاوزێ و بەرەکەت و بەردەوامیی ژیان لێکدانەوەی بۆ کراوە. تەنانەت کاتی خۆی لە کوردەواریدا زۆر مناڵ کە لەدایک دەبوون، ناوی هاوشێوەی هەناریان لێ نراوە، وەک،

 " هەنار، هەنارە، نار، گوڵنار و نارێ". هەروەها ناوی زۆرێک لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان لە هەنارەوە وەرگیراوە، لەوانە ”هەنارە، ئەنارکی لە شاری ئیلام، ئەنار لە سەرحەد و باخەهەنارە لە گەرمیان.”

لە تاتەقوڕینەکانی سۆمەریشدا، وێنە و شوێنەواری هەنار بەرچاو کەوتوە، کە وەک پیرۆزی و داری ژیان بینراوە.

هەروەها بەگوێرەی ئەفسانە یۆنانییەکان، ئافرۆدیتی خواوەندی ئەوین، دارەهەناری بە دەستی خۆی لەنێو دوورگەی قیبرس چاندوە و بە ڕژانی خوێنی دیونوسوس، هەنارەکە گەشەی کردووە.

یان وەک ئەوەی لە دەقە کۆنەکاندا ئاماژەی پێ کراوە، دەنکی هەنار هێمای زاوزێی ئاناهیتایە. گوڵەهەنار هێمای ئاگردانە. زەردەشتییەکان لە کاتی رێوڕەسمە ئایینییەکانیان چڵە هەنارێک بە دەستەوە دەگرن و لەناو ئاتەشگە و مەزارگەکانیشیان داری هەنار دەچێنن.

لە شەوی چلەدا، کە درێژترین شەوی ساڵە و بە شەوی لەدایکبوونی خۆر ناوی دەرکردوە، کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خوانەکانیان بە هەنار دەڕازێنەوە و پێیان وایە، ڕەنگی سووری هەنار هێمایە بۆ خۆر و گەرما و نیشانەی بەڕێوەبوونی بەهار و ژیانێکی نوێیە.

لە فەرهەنگی ناوچەکانی هەورامان، هەنار لە ڕەگەزی مێیە. بە پێی باوەڕی خەڵکەکە، سووری ڕەنگی هەنار دەگەڕێننەوە بۆ خوداوەندیی میترا و هێمای پیرۆزیی ئاگر لە ئاتەشگە کۆنەکانی هەوراماندا. واتە، هەنار لە کولتوور و ئەفسانەی زۆربەی وڵاتاندا، هێمای زاوزێ و بەرەکەت و ئەویندارییە.

لە ئایینی میترا‌ و کولتووری زاگرۆسدا، تاجی سەری پادشاکان لە گوڵی هەنارەوە وەرگیراوە و تا ئەوڕۆش وەک خۆی ماوەتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕیشە کۆنەی کە لە میزۆپۆتامیادا هەیە.

هەنار، لەبەر خۆشی و جوانی و گرینگیی لە کولتوور و ئەفسانەکاندا، زۆرتر لە هەر میوەیەکی تر لە کاتی گردبوونەوەی کوردان لە ناوچەکانی هەورامان و دەڤەری گۆران لە کرماشان، وەک شەوچەرە ئامادە دەکرێت.

ئێستاش بەشێک لە دانیشتوانی ئیلام و لوڕستان وەک نەریتکی دێرینە لە ڕۆژی جەژنی نەورۆز، چەند هەنارێک دەخەنە نێو کاسەیەکی پڕ لە ئاو و وەک هێمای بەرەکەت و ڕووناکی لە بەردەم ماڵەکانیان دایدەنێن.

لە ڕووی ئایینییەوە، هەنار لە ئایینی یاریدا میوەیەکی تاڕادەیەک تایبەتە و بە هێمای پیرۆزی، یەکبوون و هەرمان چاوی لێ دەکەن. پیرۆزی ئەم میوەیە لە جەژنی سێ ڕۆژەی خاوەنکار یان جەژنی پادشایی یارساندا بە ڕوونی دەبینرێت. هەنار لە دەستپێک تا کۆتایی جەژنی خاوەنکار لە جەم و خەمخانەکانی یارسان وەک نیاز دوعای لەسەر دەخوێندرێت و لە نێوان جەمنشینان دابەش دەکرێت. هەموو یارسانییەک کە بەشە هەناری خۆی وەردەگرێت، لە پێشدا ماچی دەکات و پاشان دەیخوات. جگە لەوە، لای یارسانییەکان گونجاو نییە لە جەمدا هەنار لە نێوەڕاست‌ڕا لەت بکرێت، بەڵکوو دەبێ بە شێوەیەک لەت بکرێت، دانەکانی کە نیشانەی بەرەکەت و یەکبوونە، زیانیان پێ نەگات. تەنانەت هەر لەبەر ئەم هۆکارە، زۆرجار یارسانییەکان لەباتی چەقۆ بە دەست هەنار لەت دەکەن.

لە ئەدەبیات و فەلسەفەی باوەڕیی یارساندا، هەنار چەتری یەکبوونە، وەک ئەوەی کە سەدان دانەی هەنار لەناو پێستێکدا یەکیان گرتوە. لەنێوان هەر ڕیزە هەنارێک پەردەیەکی سپی و ناسک هەیە کە ئەو پەردەیە سنووری نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دیاری دەکات، بەڵام لە گەوهەردا هەر هەموویان بەرهەمی یەک دارن و لە یەک سەرچاوە ئاویان خواردوەتەوە. ئەم بیرۆکەیە دیارە لە فەلسەفەی مرۆڤمەداریی ئایینی یاریدا ڕەنگی داوەتەوە.

هەروەها لە یارساندا، پیرۆزیی هەنار ڕیوایەتێکی ئەفسانەیی هەیە کە ئەویش پەیوەندی بە لەدایکبوونی “باوەیادگار”, یەکێک لە ڕێبەرانی یارسانەوە هەیە، کە گوایە “دادە سارا” پاکیزە کچی پیر میکائیل, لە ڕێگای خواردنی دەنکە هەنارێک لە جەمی یارساندا، دووگیان بووە و دوایی باوەیادگاری هێناوەتە دنیاوە. دیارە ئەمە تەنیا ئەفسانەیەکە لە ئەدەبیاتی باوەڕیی یارساندا، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هێمای پیرۆزیی هەنار لەگەڵ دۆنادوونبوونی مرۆڤ بە ڕووەک. مەبەست لەم ئەفسانەیە ئەوەیە کە مرۆڤ سروشت بە بەشێک لە خۆی بزانێت و ڕێزی لێ بگرێت.

لە چیرۆکی ئەفسانەیی (دەنکە هەنارە) دا ئەم میوەیە وەک هێمای زاوزێ و ڕەمزی خۆشەویستی نیشان دەدرێت. ئەم چیرۆکە زار بە زار لە باوانمانەوە پێمان گەیشتوە و پڕە لە راز و نهێنی و ئەوینی مرۆڤی کورد بۆ دار هەنار و ژینگەدۆستیی مرۆڤ لەگەڵ ڕووەک و درەخت.

لە چیرۆکی ئەفسانەیی دەنکەهەناردا هاتووە: ”کچێکی تەلیسمکراو لەناو هەنارێکدا دەژی. شازادەیەک کاتی ڕنینەوەی هەنار، دەیەوێ یەکێک لە هەنارەکان بشکێنێ، کە دەنگی کیژۆڵەیەک دەبیستێ. کیژۆڵە لەناو هەنارەکە دێتە دەر و هێدی هێدی گەورە دەبێ. لەگەڵ گەورە بوونی کیژۆڵە، شازادە عاشقی دەبێ.

دەنکە هەنارەکە گەورە دەبێ، بەڵام ڕووتە و شازادە دەچێ پۆشاکی بۆ بێنێ تا بتوانێ لەگەڵ خۆی بیباتەوە. شازادە ماڵاوایی لێ دەکات و بەرەو کۆشک دەکەوێتە ڕێ. کچە لەپاڵ دار هەنارەکە چاوەڕوانی گەڕانەوەی شازادە دەکات، کە لەلایەن دێوێکی ڕەشەوە دووبارە تەلیسم دەکرێ.

دێوەڕەش ملوانکەیەکی دەنکە هەنارەکە لە مل دەکا و چاوەڕوانی شازادە دەکات. شازادە دوای گەڕانەوەی بۆ لای دار هەنارەکە، لە تەشک و قۆرەی دێوەڕەش دەحەپەسێ، بەڵام دێوەڕەش دەڵێت: ئەوە چاوەڕوانیی زۆر وای لێ کردووم و ئەگەر لەنێو کۆشک خۆم بشۆم، جوانییەکەی جارانم بۆ دەگەڕێتەوە.

شازادە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشک، لە دێوەڕەش بە گومان دەبێ و بۆ گەیشتن بە عەشقی ڕاستەقینە و دۆزینەوەی دەنکە هەنارەکە، چڵە هەنارێک لەنێو حەوشی کۆشک دەچێنێ و دواجار دەنکە هەنارەکە دەبێتە کۆترێک و خۆی دەگەیەنێتە لای شازادە.”

لەبارەی دۆناودۆنبوونی مرۆڤ لەگەڵ دار و درەخت، ڕيوایەت و چیرۆکی پڕ لە ڕاز و ڕەمز هەن لە دنیا. وەک ئەوەی کە لە ئاوێستادا هاتووە، یەکەمین ژن و پیاو، واتا مەشی و مەشیانە، لەناو پەلکی ڕێواسێکەوە هاتوونەتە دنیا. جیا لە کورد، خەڵکی دیکە هەن کە پێیان وایە، یەکەمین مرۆڤ لە ڕووەکەوە هاتووەتە دنیا، بۆ نموونە خەڵکی مالیزیا پێیان وایە، یەکەمین مرۆڤ لەنێو درەختی بامبۆوە هاتووەتە دنیا.

جێگای باسە، هەتا ئێستا بەشێکی زۆر لە کوردانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت هەورامی و یارسانییەکان، کە باوەڕیان بە کولتووری کۆنی زاگرۆس و ئایینە کوردییەکان ماوە، ساڵانە و لە وەرزی پاییزدا، جەژنی هەنار بەڕێوە دەبەن.

ساڵانە فستیڤاڵی هەنار لە  زۆربەی ناوچەکانی هەورامان وەک ڕێوڕەسمی شوکرانەبێژی بەڕێوە دەچێت. ئەم نەریتە لە نمایشکردن و فرۆشتنی هەنار، ئەوە دەردەخات کە ئەم میوەیە لە کولتووری خەڵکی ئەم ناوچانە لە ڕووی باوەڕییەوە، خاوەن گرینگی تایبەت بە خۆی بووە.

لە ڕووی زانستییشەوە، هەنار یەکێکە لەو میوانەی کە برێکی زۆر ماددەی ئاسنی هەیە و دەبێتە هۆی فرەبوونی ڕێژەی خوێن لە جەستەدا.

***

سەرچاوەکان:

- هەنار، میوەی پیرۆزی ئایینە دێرینەكانی کوردستان- عەزیز مورادی

- هەنار میوە پیرۆزەکەی کوردستان- جان دۆست، وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: موسلیم ڕەسوڵ عەبدوڵڵا

- پێگەی میوەی هەنار لە ئەفسانە و باوەڕی کوردیدا- هەردی دولبەر

- کتاب " ناردانه، انار" - نوشتەی حسین نقدی