کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا و سەهیۆنیزم لەمەودوا تەنیا دەتوانن سوپ و شۆرباو بخۆن

18:42 - 20 خەزەڵوەر 2724

ئەمریکا و سەهیۆنیزم لەمەودوا تەنیا دەتوانن سوپ و شۆرباو بخۆن

دارسمە

هەتا ئێستا لە کەس شاراوە نەبووە، وڵاتانی خۆرئاوا لە بواری تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتنی زانست و پیشەوە هەرنەبێت بست و قولانجێک لە سەرووی خەڵکی وڵاتانی دیکە بە تایبەت ئێمەمانان بوونە. چین و کۆرە و مۆرە و ئەم ژاپۆن و ماپۆنەی لێ‌دەربکەی، ئەوانی دیکەمان لەم بوارەوە هەر تۆزی ئەم کافرانەمان نەشکاندوە. دیارە ئەم وڵاتانەی ناخۆرئاواییش وەک کۆرە و ژاپۆن، چینی دەربچێت گوێ لەمەستی ئەمریکا و زایۆنیستانن. هەر بەڕاست ئەم جوولەکانە دزەیان کردووەتە نێو هەموو دامودەزگایەکی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی خۆرئاوا..

وڵاتانی ئورووپایی هەر مەپرسە. هەموو بە چاوی خۆتان دیتتان و بە هەردوو گوێچکەی خۆتان بیستتان لە کاتێکدا دەسەڵاتی ئەڵمان هەر ئەو ئەڵمانەی بە دادگای میکۆنۆسەوە هەڵاوبگرێکی وای بۆ کۆماری ئیسلامی ساز کرد، هەر مەپرسە؛ ئێستا سەرۆک کۆماری ئەم ئەڵـمانه، بە ڕووهەڵماڵاوی پشت بە جیهانی ئیسلام و ڕوو بە جوولەکان داوای لێبووردن لە جوولەکان دەکات و دەڵێت هیتلەر بەشێکی زۆری جوولەکانی جڕنیاوفڕنیا داوە و هۆلۆکاست و شتی کردوون. ئەو دەڵێت ئێمە لە جیات هیتلێر داوای لێبووردن دەکەین. سەرەڕای ئەمەش لەم یەک‌دوو ڕۆژەی دواییدا هەواڵێک بڵاو کرایەوە و دڵێت، کەشتییەکی گەورەی پڕ لە چەک و تەقەمەنیی لە ئەڵمانەوە بە مەبەستی یارمەتیدانی جوولەکان لە ڕۆخەکانی ئیسرائیل نزیک بووەتەوە.

ئەمانە هەموو بە جێگەی خۆیان، بەڵام لەم دواییەدا ئەڵمان ئەمەی سەلماند بەتوندی پشت لە چاکەکاران و ڕوو لە خراپەکاران دەکات. بۆ ئەمەش تەنیا سەیری هەواڵی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی مێدیایان بکەن، دەزانن ئەڵمانی ئابڕووبەرە چ فەرتەنە و هەڵڵایەکی ناوەوتەوە. دوای ئەوەی کابرایەکی "ضد انقلاب" بە ناوی جەمشید شارمەهد بە سزای ئیعدام گەیەندرا، ئەم ئەڵمانە وەک جاری گۆرین باڵیۆزی خۆی لە ئێران بانگ کردەوە و سێ کۆنسۆلخانەی ئێرانی لە شارانی گەورەی خۆی داخست و بەمانەشەوە نەوەستا و داوای لە هاووڵاتیانی کرد سەردانی ئێران نەکەن و ئەوانەی لەوێشن بەپەلە ئەم وڵاتە جێ بهێڵن. ئەو ئەڵمانەی لە سەردەمی کۆتایی حکومەتی ڕەزاخاندا دۆستی نزیکی ئێران بوو، ئێستا وەی بەسەر هاتوە خەریکە پشتی سەهیۆنیزم دەگرێت و هەموو وڵاتانی خۆرئاوا لە دژی وڵاتی رەزاخان هان دەدات.

ئەم ئەڵمانە و تەناتەت ئەو ئەمریکایەی خەریکە بە فڕۆکەی بۆمباهاوێژی بی ٥٢ هەڕەشە لە ئێران دەکات و هەموو وڵاتانی دیکەی خۆرئاوا بە ژاپۆن و کۆرەی باشووریشەوە لە خۆرهەڵاتی ئاسیا، هەموویان بۆ زاڵ‌بوون بەسەر ئەم گەڕەکەی ئێمەدا زیاتر فێر دەبن و زۆرتریش بەرهەم دەهێنن. بۆ گەیشتن بەم بەناو پێشکەوتنەش مێشکی خۆیان بە خواردنی خواردەمەنیی باش تەیار کردووە. ئەوان بە زەبری خواردنی چەندین جۆری ڤیتامین و میتامین و پڕۆتئین و مرۆتئین و شتی ئالەم جۆرە مێشکی خۆیان بە هێز کردووە و پاشان ئەم زانست و مانستەیان لەم مێشکە هیچ و پووچەیاندا خستووەتە سەر یەک.

ئێستاش تەنیا ڕێگەی بەرەنگاربوونەوە ئەمەیە، ڕەگ و ڕیشەی ئەم دوژمنانە بدرێت و تێکدانی مێشکیان لە سەرووی هەموو ئامانجانە. کاتێک مێشکیان تێکدرا، ئەمجارە لەم تەکنۆلۆژیا و مەکنۆلۆژیا دوا دەکەون و ناتوانن چەکی ناوازە دروست بکەن و بە ناردنی وردە مانگیلان بۆ بۆشایی ئاسمان ئینترنێت و مینترنێتی بێ‌سنوور بخەنە بەر دەستی خەڵکەوە و هەژارۆکە و مەژارۆکان دژبە ڕێبەرانی پایەبەرز بورووژێنن و هەستی شوڕش و مۆڕش و ئینقلاب و مینقلابیان بخنە مێشکیانەوە. بۆ ئەوەی ئەم خۆرئاواییانە لە کاروانی زانست و تەکنۆلۆژیا و چەک و چۆڵ جێ بمێنن و نەتوانن فرۆکەی تێپەریو لە بی ٥٢ بەرهەم بهێنن، پێویستە لە مێشکیان بدرێت. بۆ لێدانی میشکیشیان بەرلە هەموو شتێک واباشە سەرچاوەی تێرکردن و بارگاوی‌کردنی مێشکیان تێک بچێت.

لێرەدایە ڕۆڵ و کاریگەریی ددان دەردەکەوێت. ئەگەر جەندەکی مرۆڤێک بێ‌ددان بکرێت، ئەوە لە پێڤاژۆی جاوین و وردکردن و کاوێژ‌کردندا دەمێنێتەوە و لەم بوارەدا پەکی دەکەوێت. ئەگەر جەندەکێکیش وردکردن و جاوین و کاوێژی نەمێنێت، هیچ خواردەمەنیەکی بۆ ورد ناکرێت و لە ئاکامدا بە برسیەتی دەمێنێتەوە و ئەم برسیەتیەش کار لە مێشک و دەماغ دەکات و ئەگەر مێشک و دەماغیش لە کارکەوتن کاری تەکنۆلۆژیا و بەرهەم هێنان و داهێنانیش پەکی دەکەوێت.

وەک هەمووشمان بە ورد و درشت و نەوسن و کەم ئیشتیاوە دەزانین، بەشێکی بەرچاوی ئەو خواردەمەنیانەی مرۆڤ دەیان‌خوات و سوودیان لێ‌وەردەگرێت، وەک گۆشت و سەوزە و میوە پێویستیان بە هاڕین و جاوین هەیە و لە پێڤاژۆی هاڕین و جاویندا دەگەڵ لیکی دەم تێکەڵ دەبن و دوای ئەوە بە سورینچكدا بەرەو گەدە شۆڕ بوونەوە دەگەڵ تڕشەڵۆکەکان دەستیان دە نێو دەستی یەکتری نا و چونە نێو ڕێخۆڵە، لەوێوە بەشی مێشک و دەماغیان لێ جیا دەبێتەوە و پاش ئەوە تەڤلی ئۆکسیژن دەبن بە خوێنەبەراندا بەرەو مێشک دەڕۆن و لەوێ خزمەتی بیرگە و میرگە دەکەن و مێشک بەرەو بەرهەمێنانی زانست و زانیاری هان دەدەن.

وەک ئاماژەی بۆ کرا لە پڕۆسە یان پێڤاژۆی هەرس‌کردندا ئەگەر ددانی مرۆڤ نەمێنێت، زیانێکی زۆر بە دەستەڵاتی سەرکیی لەش واتە مێشک دەگات و هەر لەبەر ئەمەشە لە ئێرانەوە دەگوترێت وڵامی "ددان شکێن" وەک خۆیان دەڵێن "پاسخ دندان‌شکن" بە ئەمریکا و سەهیۆنیزم دەدەنەوە. خۆ ئەگەر ئەمریکا و سەهیۆنیزمیش دەم و ددانیان بشکێت، مێشکیان برسی دەبێت و ناشتوانن خوارددەمەنی وەک گۆشت و سەوزە ورد بکەن و وەک نەخۆشی خەوێندراوی نەخۆشخانە تەنیا دەتوانن سوپ و شۆرباو بخۆن.