کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سارۆ خوسرەوی: گەلی کورد پێویستە جەژنی خاوەنکار بە بەشێک لە شکۆ و شانازییەکانی مێژووی خۆی بزانێت

12:48 - 30 خەزەڵوەر 2724

سارۆ خوسرەوی: گەلی کورد پێویستە جەژنی خاوەنکار بە بەشێک لە شکۆ و شانازییەکانی مێژووی خۆی بزانێت

 

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: خاوەنکار جێژنی ئایینی یارسانەکانە کە هەر ساڵە لە چلەی پاییزدا لەلایەن پێڕەوانی ئایین یاری بە شکۆوە بەڕێوە ئەچێت. "کوردستان" بۆ باس و بابەتێکی تایبەت بە جێژنی خاوەنکار لە کۆمەڵگەی یارسان و مێژوویی ئەم جێژنە و تایبەتمەندییەکانی ئەم جێژنە لە کوردستان وتووێژێکی لەگەڵ سارۆ خوسروەی، نووسەر و لە پێڕەوانی ئایینی یاری پێک‌هێناوە.

 

کاک سارۆ سەرەتا پێمخۆشە بەم پرسیارە وتووێژەکەمان دەست پێ بکەم، کە جێژنی "خاوەنکار" واتای و فەلسەفەکەی چییە؟

لە پێشدا با ئەوە بڵێم، وشەی "خاوه‌نکار" یانی سێحەبکار، بەڵام له‌ ئه‌ده‌بیاتی باوەڕیی یارساندا  مه‌به‌ست له "خاوەنکار" ئافرێنه‌ر و خاوەنی چەرخی گەردوونە. ئه‌م وشه‌یه‌ هاوواتای خودایە و لە پەڕاوەکانی یارساندا وه‌ک: "ساحێبکەرەم"، "پاشا"، "سوڵتانی حه‌قیقه‌ت" و "شای هه‌ورامان"یش لێک دراوه‌ته‌وه‌. واتای ئەوەیە کە تۆ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا لەگەڵ خوایەک ڕووبەروو دەبیتەوە کە وەک تۆ ئەندامێکە لە کۆمەڵگە، ئەم خودایە لە بوونی مرۆڤدا خۆی نیشان دەدات و تۆ دەتوانی ڕاوێژی لەگەڵ بکەی. له یارساندا جه‌ژنێک هه‌یه‌ به ناوی "خاوه‌نکار" و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی "مه‌ڕنۆ" وه‌ک شوێنی ڕووداو یادی لێ دەکرێته‌وه‌، ئه‌م جه‌ژنه‌ وه‌کوو جه‌ژنی "مه‌ڕنۆ"یش ناوی لێ ده‌برێت. ئه‌م جه‌ژنه به‌ خاتری ئاماده‌بوونی "سوڵتان سه‌هاک" و یارانی له‌ شوێنی ڕووداوه‌که و سه‌رکه‌وتنی تیشک به‌سه‌ر تاریکاییدا و بوونی ڕه‌سمیی یارسان له فۆرمی مرۆڤدا، وه‌ک خاڵی وه‌رچه‌رخان و بنه‌ڕه‌تیی بیرۆکه‌ی یاری، یادی لێ ده‌کرێته‌وه و هەموو ساڵێک له‌ کۆمەڵگەی یارساندا‌ پیرۆز ده‌کرێت. مژاری یارسان بەر لە “مەڕنۆ” تەنیا وەک ئەدەبیاتێکی باوەڕی هەبووە، ئەوەیش بەدەر لە چوارچێوەی مەدەنی، دەستووری و سیستەمی ئایینی. بەڵام دوای “مەڕنۆ” کۆمەڵگەی یارسان دەبێتە خاوەنی سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئایینیی تایبەت بە خۆی. جەژنی خاوەنکار، پەیوەستە بە ڕۆحی ئەوەینداریی یارسانییەکانەوە لە مەڕ مێژووی ١٢٠٠ ساڵەی ئایینەکەیان لە چەندین قۆناغی ئەستەم و پڕ لە تێکۆشانی لەبۆ زیندووڕاگرتنی ئایین، فەرهەنگ و شارستانیەتی کوردان لە نیشتمانی خۆیاندا.

مێژوویی جێژنی "خاوەنکار" بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

ئایینی یاری بە نهێنی و ئاشکرا، چەندین دەورەی تێپەڕاندووە تا گەیشتووەتە ڕووداوی مەڕنۆ . وەک دەورەی بالوول، دەورەی شاخۆشین، دەورەی بابا سەرهەنگ، دەورەی بابا جەلیل، دەورەی بابا نائوس، سەجنار و پاشان دەورەی پردیوەر. مێژووی گشتیی سەرهەڵدان و پەیدابوونی ئایینی یاری دەگەڕێتەوە بۆ  نزیکەی ١٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا، بەڵام تەمەنی نوێی ئەم ئاینە ٧٠٠ ساڵە، واتە لە چەرخی سێزدەی زایینی و لە کاتی سەرهەڵدانی سوڵتان سەهاک لە (دەورانی پردیوەر)، لە هەورامان جێژنی خاوەنکار لە ژێر ناوی “دەعوەتی پادشایی” بەڕێوە چووە.

جێژنی "خاوەنکار" یا جێژنی "مەڕنۆ"یشی پێ دەڵێن، پێمان خۆشە لێرەدا باسێک لە حیکایەتی ئەو مەڕنۆوە بکەن.

سوڵتان سەهاک بەرزنجەیی، کوڕی “شێخ عیسا”، یەکێک بووە لە گەورەکانی ناوچەکە. سوڵتان سەهاک لەساڵی ٢٦٠ی کۆچی هەتاوی لە بەرزنجەی سەر بە “عەربەت” لە پارێزگای سلێمانی لەدایک بووە. لەبەر ئەوەی لە باری بیر و بڕواوە کەسێکی جیاواز بووە، لە سەردەمی منداڵیدا، براکانی و خەڵکی ناوچەکە بەرانبەری نەرم‌ونیان نابن و لەگەڵی کەوتوونەتە ململانێی فیکری. پاشان لەبەر گوشار و زوڵم و زۆریی هێزە دەسەڵاتخواز و ڕادیکاڵەکان، لە ناوچەی بەرزنجەی سلێمانییەوە بەرەو هەورامان کۆچی کردوە. لە ڕێگە، لە نزیکی هەورامان و لە کێوی “شنروێ”ی ئێستادا، هێزێکی نەیار دوایان کەوتوون و هێرشیان کردوونەتە سەر. سوپایەک لەژێر ناوی “چیچەک”، کە پێک هاتبوون لە نەیاران و تاریکپەرستانی ناوچەکە، بە هاوکاری لەگەڵ هێزی پشتیوان کە بۆ پیلانگێڕی ڕەوانەی دەڤەرەکە کرابوون، ڕووبەڕووی سوڵتان سەهاک و یارانی بوونەتەوە. سوڵتان سەهاک لەگەڵ یارانی پەنا دەباتە ئەشکەوتێک بەناوی “مەڕنۆ” و بۆ ماوەی سێ شەو و سێ ڕۆژ لەوێ دەمێنێتەوە. لە ئەنجامی هەڵکردنی با و بۆران و گەردەلوول، سوپای چیچەک لە پاش سێ ڕۆژ تەفروتونا دەبن و لە ئاکامدا بەهۆی ڕووداو و بەڵای سرووشتی، ناچار دەبن ناوچەکە بەجێ بهێڵن. سوڵتان سەهاک، لە بەر ئەوەی سوپای چیچەک نەیتوانیبوو بە ئامانجی خۆی بگا و لە پلانەکەیاندا سەرکەوتوو نەبوون، دوای ڕۆژی سێهەم بڕیار دەدا جەژنێک بەڕێوە ببا بە ناوی جەژنی “خاوەنکار”. ئەم جەژنە، بە جەژنی “مەڕنۆ”یش ناوبانگی ڕۆیشتوە. دوای بەڕێوەچوونی جەژنەکە، سوڵتان و یارانی درێژە بە سەفەرەکەیان دەدەن و دەگەنە هەورامان و لەوێ دەعوەتی پادشایی بەڕێوە چووە.

تایبەتمەندییەکانی ئەم جێژنە چییە؟ و بۆچی زۆربەی خەڵک ئاگاداری حەقیقەتی ئەم جێژنە نین، و تەنیا وەک جێژنێکی سادە و نەریتی چاوی لێ دەکەن؟

دوای گەشەسەندن و سەقامگیریی ئیسلام لە کوردستان، زۆر لە ئایین و کولتوورە جیاوازەکان لەژێر کاریگەریی کولتووری زاڵدا، بە جۆرێک لەنێو چوون یان کەمڕەنگ بوونەتەوە. لەم نێوەدا، بەشێک لە باوەڕمەندانی ئایینییە زاگرۆسییەکان شانبەشانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، تێ‌کۆشان و نەچوونە ژێر باری ئایینی داسەپاو، بەڵکوو لەسەر ئایینی دێرینی خۆیان مانەوە، کە یەکێک لەوانە پێڕەوانی ئایینی یارییە. سەرچاوەی یاسا و بیری ئایینی یاری دەچێتەوە سەر "مەڕنۆ" و لەوێوە چوارچێوە وەردەگرێ. پاشانیش خاوەنکار دەبێتە چەمکێکی نوێ و ژیان ڕەنگ‌ڕێژ دەکا و هەوڵ دەدا لە حەقیقەت بگا. بوونی یارسان بە هۆی ئەم ڕووداوەوە، سەلمێندراوە و سوڵتان سەهاک و یارانی لە پردیوەری هەورامان، ڕێساویاسای ئایینی یارییان داڕشتووە. کۆمەڵگەی یارسان هەتا چەند ساڵ پێش ئێستا لە ڕووی فەلسەفی و ئەدەبیاتی باوەڕییەوە شارەزای ڕووداوی مەڕنە و گرینگیی جەژنی خاوەنکار نەبوون، هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە پەرتۆکەکانی ئایینی یاری وەک”سەرنجام و  زەبووری حەقیقەت” بە شێوەی گشتی لەبەر دەست نەبوون و زۆرتر لە تەکیە و خانەدانەکانی یارسان پارێزراو بوون، بەڵام لە پاش چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەم دوو پەرتۆکە و هەروەها شرۆڤەی بەشێکی زۆر لە کەلامەکان، باوەڕمەندانی یارسان باشتر لە گەوهەر و حەقیقەتی خاوەنکار تێگەیشتن.

نەریتی بەڕێوەبردنی ئەم جێژنە چۆنه؟ و فەلسەفەی بوونی "هەنار" یا "سێوی سوور" و "کەڵەشێر"ێکی تەندروست لەم جەژنەدا چییە؟

نەریتی بەڕێوەبردنی ئەم جەژنە ئاوایە کە هەر بنەماڵەیەکی یارسانی لەسەریەتی کەڵەشێرێکی تەندروست کە بتوانێ بقوولێنێ، لەگەڵ برنج کە بە ڕۆنی خۆماڵی لێ‌نرابێت، بباتە خزمەتی جەم و جەمخانە هەتا لەوێ لەلایەن سەیدەوە نزای لەسەر بخوێنرێ و پاشان بە شێوەیەکی دادوەرانە لەنێوان خەڵکیدا دابەش بکرێ. جگە لەو شتانەی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێ کرا، “نیاز”یش دەکرێ لە هەنار، سێوی سوور و چەند شتی تریش پێک بێ و لە جەمدا ئامادە بکرێ. جەمی دابەشکردنی هێز و دەسەڵات، جەمی دابەشکردنی نیاز، جەمی هاریکاری و یەکیەتیی پێک دێ و ئەوجا جەم‌نشینان سەرقاڵی داگیرساندنی مۆم دەبن و لەگەڵ تەمبووردا کەلام دەخوێنن. لە ڕۆژی جەژندا، یارانی یاری، خۆیان بۆ سەردانی یەکتر ساز دەکەن و ئەندامانی جەمخانەکان بۆ جەژنە پیرۆزە سەردانی یەکتر دەکەن. ئەم نەریتە لە لای گشت ئەندامانی کۆمەڵگەی یارسان، جێگای خۆی گرتووە. لە ڕووی ئایینییەوە، هەنار لە ئایینی یاریدا میوەیەکی تاڕادەیەک تایبەتە و بە هێمای پیرۆزی، یەکبوون و هەرمان چاوی لێ دەکەن. پیرۆزی ئەم میوەیە لە جەژنی سێ ڕۆژەی خاوەنکار یان جەژنی پادشایی یارساندا بە ڕوونی دەبینرێت. هەنار لە دەستپێک تا کۆتایی جەژنی خاوەنکار لە جەم و خەمخانەکانی یارسان وەک نیاز دوعای لەسەر دەخوێنرێت و لە نێوان جەمنشینان دابەش دەکرێت. لە ئەدەبیات و فەلسەفەی باوەڕیی یارساندا، هەنار چەتری یەکبوونە، وەک ئەوەی کە سەدان دانەی هەنار لەناو پێستێکدا یەکیان گرتووە. لە نێوان هەر ڕیزە هەنارێک پەردەیەکی سپی و ناسک هەیە کە ئەو پەردەیە سنووری نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دیاری دەکات، بەڵام لە گەوهەردا هەر هەموویان بەرهەمی یەک دارن و لە یەک سەرچاوە ئاویان خواردوەتەوە. ئەم بیرۆکەیە دیارە لە فەلسەفەی مرۆڤمەداریی ئایینی یاریدا ڕەنگی داوەتەوە. هەروەها لە باوەڕیی یارساندا، کەڵەشێر هێمای ئاگایی و  بێدارییی کۆمەڵگەیە بۆ شۆڕش و تێکۆشان و پێشکەوتن. تەندروستی کەڵەشێر بۆ ئەوەیە بتوانێ بخوێنی و کۆمەڵگە وەخەبەر بێنێ. سێویش وەک میوەی ئەوین و پەیمانی دۆستایەتی لە جەمی یاریدا دابەش دەکرێت.

گرینگی جەژنی "خاوەنکار" بۆ گەلی کورد بە گشتی چییە؟

فەلسەفەی خاوەنکار، لەدەوری یەک کۆمان دەکاتەوە، بۆ پارێزگاری لە شوناس و فەرهەنگ و شارستانییەتی خۆمان. خاوەنکار، تێکۆشانی سەرمەستانە و هێمای بێداری گەلە لە بەرانبەر داگیرکەران و نەیاران لەسەر خاکی کوردستان.گەلی کورد پێویست دەکات وەک فەلسەفەیەکی مەعنەوی و سیستەمی فیکری چاو لە جەژنی خاوەنکار بکات و بەدەر لە مەسەلەی ئایینی، خاوەنکار وەک بزووتنەوەیەکی فیکری و بەشێک لە شکۆ و شانازییەکانی مێژووی خۆی بزانێت.

کاک سارۆ سپاس بۆ بەشداریتان لەم دیمانەیەدا و ماندووش نەبن

سپاس بۆ بەڕێزتان ئێوەش ماندوو نەبن.