تراویلکەی "قوڵایی ئیستراتژیک"ی کۆماری ئیسلامیی ئێران
سمایل شەرەفی
دۆخی ئەمڕۆ و سێزدە ساڵی ڕابردووی خەڵک و وڵاتی سووریە، ڕوونترین وێنایە لە ئاکامی سیاسەتی حزووری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم وڵاتە. وڵاتێک کە سەرخان و ژێرخانی خاپوور بووە و هەر تیکە و بەشێکی لەژێر هێژموونی وڵاتانی دوور و نزیک دایە. وڵاتێک کە هێشتا نەیتوانیووە پشتی لەژێر هێرشەکانی داعش و شەڕی نێوخۆییدا ڕاست بێتەوە، بۆ جارێکی دیکە تووشی پێکدادانێکی دیکەی نیوە نێوخۆیی و نیوە دەرەکی بۆتەوە کە هەودایەکی هەرە بنەڕەتیی لەم ئاژاوە و دەستێوەردان و بشێویانە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
کۆماری ئیسلامی بە بیانووی شەڕ لەگەڵ داعش سپای قودسی بە فەرماندەیی قاسم سلێمانی ڕەوانەی سووریە کرد کە بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ ڕووبەڕووی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی بەشار ئەسەد بوونەوە و بە هەزاران خەڵکی بێتاوانیان کوشت و هەر خەڵکی سووریە دەزانن قاسم سلێمانی و سپاکەی چ جەنایەتگەلێکیان لەم وڵاتە خوڵقاند.
پاساوی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ حزووری لە سووریە ئەگەر لایەنێکی ئیدئۆلۆژیکی شیعەگەرایانەی بەناو "پاراستنی حەرەم"هەیە کە مەبەستیان شوێنی گڵکۆی زەینەبی کچی ئیمام عەلی واتە "مزگەوتی حەزرەتی زەینەب"ە، بەشە هەرە ئەساسییەکەی پێڕەویکردن لە سیاسەتی دیاریکردنی قوڵایی ئیستراتژیک بوو. لەو پێوەندییەدا هەم عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم و هەم زۆرێکی دیکە لە بە قەول بیرمەندان و تیئۆریسێنەکانی ڕێژیم دەیانگوت؛ ئەو شەڕەی لە حەڵەب و ڕەقا و دیمەشق دەیکەن بۆ ئەوەیە لە تاران و ئیسفەهان و تەورێز نەیکەن. بە واتایەکی دیکە ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە بەو حزورە سەربازییانەی بۆ نموونە لە سووریە و عێراق هەیانە، توانیویانە ئەمنیەتی وڵات بپارێزن. تەنانەت لە ڕووی تەبلیغی و میدیاییشەوە بە زەقکردنەوەی شەڕ و کاولکارییەکان لە عێراق و سوورییە کە هۆکاری هەرە بنەڕەتییان خودی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون و هەن، لەلایەک خۆیان ڕادەنا کە توانیویانە ئێران لە کەوتنە وەها دۆخێک بپارێزن و لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکی خەباتکار و بێزار لە ڕێژیمەکەیان لە نێوخۆی وڵات لە "بەسوورییەییبوون"ی ئێران بترسێنن.
لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا کە هێزە دژبەرەکانی بەشار ئەسەد و زەقتر لە هەمووان "تەحریر شام" توانیان لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا بەشێک لە شاری حەڵەب و دەورووبەری کە کاتی خۆی قاسم سلێمانی بە سپای قودسەوە بە ئەنجامدانی دەیان جینایەت و کوشتنی هەزاران کەسی بێتاوان لێی جێگیر ببوو، لە هێزەکانی بەشار ئەسەد و موستەشارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاک بکەنەوە و سەفارەتی ڕێژیم لەو شارە بگرن، بۆ هەموو لایەک دەرکەوت کە سیاسەتی قوڵایی ئیستراتیژیکی کۆماری ئیسلامی لەسەر چ بنەمایەکی بۆش بنیات نراوە.
ئەوەی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و لەو گرینگتر وڵاتی سووریە خەریکە ئەم ڕۆژانە باجەکەی دەدات، دەستێکەڵکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و حزووری شەرئەنگێزانەی ئەم ڕێژیمە لەم وڵاتە دایە. بەشار ئەسەد کە گوێی لە داخوازییە دێموکراتیکەکانی خەڵکی وڵاتەکەی بۆ ئاڵۆگۆڕی سیاسی خەواند و پێی وابوو دەتوانێ بە بێ گوێدان بە سەرنج و تێبینییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دوور و نزیک، لە دەستئاوەڵاهێشتنەوەی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێت، دەبوو چاوەڕوانی وەها ڕۆژگەلێکیش بکات.
ئێستا دۆخی ئاڵۆز و شەڕلێدراوی سووریە تەنیا بە دەوڵەتی بەشار ئەسەد و نەیارانی نێوخۆیی پێناسە ناکرێت، هەروەک چۆن ئەم وڵاتە زیاتر لە دە ساڵە هەر بەش و تیکەیەکی لەژێر دەسەڵات و هێژمونیی هێز و دەوڵەتانی دیکە دایە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەڵگرتنی ئاڵای "بەهێزکردنی بەرەی مقاومەت" لە ناوچەکە، جیا لە پەرەدان بە شەڕ و ناکۆکیی نێوخۆیی لە سووریە، بۆتە هۆی هاندان و تەحریکی ڕۆژئاواییەکان و وڵاتانی دەوروبەر کە لە بەرەو پێناسەی جیاوازدا هێژموونیی ئەم ڕێژیمە لە سووریە قبووڵ ناکەن. لە ڕەوتی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبناندا سەرۆکوەزیری ئیسرائیل، نەتانیاهۆ ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە لەسەر جموجۆڵەکانی ئێران لە ناوچەکە چڕ دەبنەوە. بۆ وڵاتانی عەرەبیش هیچ گومانی تێدا نیە کە سووریە بۆ ئەوان باگڕاوەندێکی مێژوویی لە پشتە کە هێژموونیی بەرەی شیعە تیایدا جێی نابێتەوە. بۆ تورکیە کە نزیک بە دە ساڵە بە دەیان کیلۆمەتر هێزی لە بەشێک لە باکووری ئەم وڵاتەدا مۆڵ داوە و بە جۆرێک گومانی هاندانی نەیارانی بەشار ئەسەدیشی لەسەرە، تەڕاتێنی سپای قودسی لە سوورییە بە ئاسانی پێ قبووڵ ناکرێ.
ئەگەر لە چوارچێوەیەکی بەرینتری نێودەوڵەتی و جەمسەرە گەورەکانیشدا سەیری دۆخی سووریە بکەین، ڕووسیە بە کردنە ئامانجی هێزەکانی دژبەری بەشار ئەسەد لە ڕێگای هێزی ئاسمانییەوە و تۆمەتبارکردنی کۆشکی سپی بە هاندانی ئیسرائیل و بەرەی دژبەری ئەسەد، کار بۆ مانەوەی خۆی لەم وڵاتە دەکات. ئەمریکاش لەگەڵ ئەوەی بێبەریبوونی خۆی لە تەحریر شام ڕاگەیاند، حزووری هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێژموونی سیاسیی ئەم ڕێژیمەی لە سووریە بە هۆکاری ئەم دۆخە زانی کە ناتوانن پێی بێهەڵویست بن.
ئەوەی لەم نێوەدا بۆ هەر کوردێک زیاتر جێی سەرنج و گرینگیپێدانە، ڕۆژئاوای کوردستان و هەڵوێستی هێزی سیاسیی ئەم بەشە لە نیشتمانی کوردستان و وڵاتی سووریەیە. بەداخەوە ڕۆژاوای کوردستان بە گەلێک هۆکاری حەشیمەتی، ژێئۆپلۆتیکی و بڕێکیش بیرکردنەوەی ئیدئۆلۆژیکی هێزی باڵادەست و زۆر هۆکاری دیکە، بژاردەی دڵخوازی لەبەر دەستدا نیە. بۆیە ناچارە لەنێو بژاردە نادڵخواز و ناچارییەکاندا ئەویش بە شێوەی "مەقتەعی"(کاتی) و تاکتیکی بجوڵێتەوە.
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران نە تەنیا نەیتوانی لە وڵاتانی دیکە و دوور لە سنوورەکانی خۆی بەسەر دوژمنانیدا زاڵ بێت و ئەمنیەت و ئاسایش بۆ خەڵک و وڵات بە دیاری بێنێ، بەڵکوو پێی خستبێتە سەر هەر شوێن و وڵاتێک، تووشی شەڕ و ماڵوێرانی و داڕمانی کردوە. سەروەت و سامانی خەڵکی وڵاتی لەپێناو مەرامە ڕەشەکانی خۆی لە عێراق و سووریە و لوبنان و فەلەستین و ویەمەندا بەفێرو داو جیا لەوەی ئەم وڵاتانەی تووشی شەڕی نێوخۆی و ناوچەیی کرد، خەڵکی وڵاتیشی لە هەژاری و بێهیواییدا هێشتۆتەوە. بە جۆرێک کە لە هەموو ئاستە نێوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەییەکاندا تووشی دەیان قەیرانی نێوخۆیی بووە و لە چاو گەلانی ئێران و گەلانی ناوچەکەش وەک دیاردەیەکی بەدناو و بەدڕەفتار سەیر دەکرێ.