کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمە "تۆفانی ئەلئەقسا"یە یان پشیلەی ڕەجەبە شێت؟

00:47 - 6 بەفرانبار 2724

ئەمە "تۆفانی ئەلئەقسا"یە یان پشیلەی ڕەجەبە شێت؟

دارسمە

هەرکەسێک دوو دێڕە هەواڵی خوێندبێتەوە یان ڕۆژێک لە ڕۆژان سەیری تەلەفزیۆن و ئەم مۆبایلە پانکۆڵانەی بەردەستمانی کردبێت، یان لەنێو ماشێنەوە دەستی بە دوگمەی ڕادیۆ کەوتبێت، بێگومان ناوی "تۆفانی ئەلئەقسا"ی بەر چاو یان بەر گوێ کەوتوە.

تۆفان لە مێژوودا گەلێکن، بەڵام ئەم تۆفانەی باسی دەکەین، وەک هیچ‌کامیان نیە. بۆ وێنە، لە ئەمریکا "تۆفانی کاترینا" نێوبانگێکی زۆری دەرکرد و بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سەبارەت بەم تۆفانە بڵاو بوونەتەوە، ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی هەڵی کرد و بەخێرایی ٢٨٠ کیلۆمیتر لە کاتژمێرێکدا، لە بەشێک لە "کەنداوی مەکسیک"ـه‌وە هەتا ویلایەتی "لووئیزیانا" و "ئالاباما"ی گرتەوە و هەزار و ٨٣٦ کەسی لەکۆڵ ژیان کردەوە. لە خۆرهەڵاتی ئەم گۆی زەوییەش گەورەترین تۆفان، "تۆفانی بێبینکا"یە و لەم ساڵانەی دواییدا چین و چەند وڵاتێکی ئەم ناوچەیەی گرتەوە و ئەم تۆفانەش نزیکەی هەزار کەسی دیکەی لە ژیان داماڵی.

ئەمانەی سەرەوە ئەو تۆفانە بەناوبانگە سرووشتیانە بوون لە مێژووی ئەم ساڵانەی دواییدا لە خۆرهەڵات و خۆرئاوای جیهان ڕوویان‌داوە. بە هەر دوو ئەم تۆفانە گەورانە، لەسەریەک دووهەزار و پێنسەد کەسێکیان پێ لە ژیان دوور نەخراوەتەوە و هەرکامیان (پەرژینی بەگوڵ بێت لە ڕووی ئێوە)، چەند کاتژمێرێک دوای هەستان نیشتوونەتەوە.

بەڵام لە خۆرهەڵاتی ناوین کۆماری ئیسلامی تۆفانێکی هەستاندوە، هەتا ڕێکەوتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆژنامەیە ساڵێک و دوومانگ و ١٥ ڕۆژە بەردەوامە و به گەلەکۆمەی زۆربەی وڵاتانی جیهان نانیشێتەوە.

ئەم تۆفانە هەتا ئێستا توانیویەتی دەیان هەزار کەس بێ‌ژیان بکات و ژمارەی بریندارانی بەرەو بێ‌ژیانکردنیش لە بان ١٠٠ هەزار کەسن و بە میلیۆنان کەسیش له ئاوارەییدا ژیان‌تاڵن.

ئەمەی خۆرهەڵاتی ناوین "تۆفانی ئەلئەقسایە" و ماوەیەکی زۆر بەڕێوەبەرانی خاوەن "فوو"ی کۆماری ئیسلامیی ئێران "فوو"یان پێدا کرد و سەرئەنجام لە ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٣ لە سنووری نێوان ئیسرائیل و فەلەستینەوە هەڵیان‌ئەستاند و ئێستا هەر ئەوانەی هەڵیان‌ئەستاندوە، لەترسانی خۆیان دە بۆدڕ و تۆنل و ژێرزەمینان داوێن و بە لارەملی چاوەڕوانن بنیشێتەوە.

ئەم تۆفانەی بە ناوی ئەلئەقسا هەستاوە، تۆفانێکی سەیرە. ئەوانەی هەڵیان‌ستاند، زیاتر لە ١٤ مانگە خۆیان بە دەستیەوە دەناڵێنن. تۆفانی ئەلەقسا وەک هیچ تۆفانێکی دیکە نیە، گەردەلوولی جوداجودای لێ ساز دەبن و هەر جارە لە شوێنێک لەم خۆرهەڵاتی ناوینە تەپوتوز بەبا دەکات.

ئەم تۆفانەی باسی دەکەین، دوای ئەوەی لە سەرەتادا لە ئیسرائیل خۆی بە شوێنێکی هەڵپەڕکێ و گۆرانی‌گوتن و سەما و هەڵپەڕیندا کرد و کۆمەڵێک ژن‌وپیاوی عاشقەوماشقەی سەرخۆشی بێگوناحی دایەبەر، ئەمجارە لە غەززە، گەردەلوولێکی لێ‌کەوتەوە و زیاتر لە چل‌هەزار کەسی بەگوناح و بێ‌گوناحی لە کاروانێکی دوور و درێژدا کردە ڕێبوارانی بەتاسەی بەهەشت و دۆزەخ.

هێشتا گێژەڵووکەی غەززە نەنیشتووەتەوە، گێژەڵۆکەیەکی دیکە لە لوبنان سەری هەڵدا و وەک "ئەسپەک" و "نەخۆشیی لەناکاو" خۆی بە وردە ئامێری پێوەندیکردندا کرد و هەموویانی لە ئان‌وساتێکدا تەقاندەوە و خەڵکێکی زۆری کوێروکوتر کرد و ئەمجارە کەوتە گیانی مامە "حەسەن نەسرووڵلا" و چەندین گەورە پیاوی حیــــــزبوڵڵای سەرنگون کرد.

 پێش ئەوەی ئەم گەردەلوولە بچووکە بکەوێتە گیانی حیــــــزبوڵلا، گێژەڵووکەیەکی بچووکی دیکەی جیابووەوە هەمان تۆفانی هەستاو، وەک ئازەری دەڵێن لە چیاکانی ئازەربایجاندا لەنێوان دوو "باڵەفڕان"دا باوەشی بە باڵەفڕی هەڵگری برایم ڕئیسی و وەزیر دەرەوەی ئێران و پێشنوێژی شاری تەبرێز داکرد، ئەوەندەی پێ نەچوو لە بناری چیای دەماوەندیش لە تاریکەشەوێکی ئەنگوستەچاودا دەستی نایە بینەقاقای "ئیسماعیل هەنیە"ی سەرۆکی ڕێکخراوی حەماس و لە جێدا لەژیان دایبڕی.

ئەم تۆفانی ئەلئەقسایە، تۆفانێکی سەیرە. ئەوانەی هەڵیان‌ئەستاند و ماوەیەکی زۆر هەوڵیان دەدا نەنیشێتەوە، دەیانداتە بەر خۆی و بەشێکی زۆریان یەک‌یەک و دوودوو و سێ‌سێ و چەندچەند کەوتن و لەبەرانبەریدا خۆیان نەگرت.

هەر سەیری ئەم "بەشار ئەسەد"ە ملدرێژەی سووریە بکەن، نزیکەی چاردە مانگ بوو به هەنبانەیەکی وەک هەنبانەی ئاگردەماندنی ئاسنگەران بای بە تۆفانەکە دادەکرد و هەوڵی دەدا نەنیشێتەوە. ئاخری کار گەیشتە شوێنێک تۆفان ملی خۆی و ژنە قەدباریکە باڵەبەرزەکەی بادا و بەچەشنێک ڕەهەوای خستن، لە دامێنی سەحرای کاکی‌بەکاکیی سیبری کەوتنەوە زەوی. هەر ئەم تۆفانە پێش ڕەپێچەک‌دانی بەشار و "ئەسما گیان"ی هاوسەری، گەشتێکی بەسەر ئێراندا لێدا و لەترسان هەموو ئەو مووشەکانه نیشتنەوە، بە هیوای گورزوەشاندن خەریکی هەستان بوون. لەمەو دوا کەس ناتوانێت بەم جۆرە مووشەکانە بڵێت نوقتەزن، بەڵام تۆفانی ئەلئەقسا هەر خوا خۆی دەزانێت چ نوقتەزەنێکە!

ئەلئەقسا، ئێستا کون‌بەکون بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەرێت، یەکەم جار فوویان پێداکردوە و هەڵیان‌ئەستاندوە. ئەم تۆفانە به هیچ شێوە و شێوازێک ناکرێت دەگەڵ تۆفانە سرووشتیەکانی مێژوودا هەڵیبسەنگێنی. تۆفانێکی ماندوونەناسە و ئەوانەی بۆ هەستانی هەرەوەزیان دەکرد، هەموویانی گرتەبەر و هەتا هاندەری سەرەکیی سەرهەڵدانیشی نەگرێتەوە، ناسەکنێت و هەدا نادات.

قسەی خۆمان بێت، ئەم تۆفانە سەرشێتە وەک پشیلەی ڕەجەبەشێتە و خەریکه گەڕەکە ماڵی خۆرهەڵاتی ناوین بە خۆیەوە دەسووتێنێت.