کاناڵی سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا پەرژاوەتە سەر پەرەدان بە دروستکردنی دڕۆنی ئێرانی لە کارخانەیەکی ڕووسیە بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکرایندا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەم کارخانە شاردراوە کە لە ناوچەی یالابووگا لە تاتارستانی ڕووسیە خەریکی بەرهەمهێنانی دڕۆنە ئێرانییەکانە، بە کەرەستە و کەلوپەلی چینی و هێزی کاری ناشارەزا و مێرمنداڵانی ڕووسی و ژنانی ئەفریقایی، پەرەی بە دروستکردنی دڕۆنەکان داوە.
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمی ئەم کارخانە و بەپێی ئامارەکان، ڕووسیە هێرشە دڕۆنییەکانی خۆی بۆ سەر ئۆکراین بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
بەپێی ئەم ئامارانە کە لەلایەن ئەرتەشی ئۆکراینەوە بڵاو کراوەتەوە، لە شەش مانگی ڕابردوودا، هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر شارەکانی ئۆکراین بە دڕۆن، لە ٤٠٠ هێرش لە مانگێکدا گەیشتووەتە زیاتر لە ٢ هەزار و ٤٠٠ هێرش لە مانگدا و هەروەها تەنیا لە دوایین مانگی زایینی ساڵی ٢٠٢٤دا و تا ئێستا لانیکەم هەزار و ٧٠٠ هێرشی دڕۆنی کراوەتە سەر ئۆکراین.
لە ئێستادا کاناڵی سی ئێن ئێن بە لێکۆڵینەوەی هەژمارە کۆمەڵایەتییەکان لەم پێوەندییەدا و هەروەها بە هاوکاریی سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئۆکراین توانیویەتی وردەکارییەکان سەبارەت بەم کارخانە و چۆنییەتیی پەرەدان بە بەرهەمەکانی بدۆزێتەوە.
سی ئێن ئێن بەپێی وێنە ئاسمانییەکان دەریخستووە کە دوو بینای دیکە لەم شوێنەدا دروست کراوە و ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکانی بۆ زیاد کراوە.
گرووپی زانیارییە سایبێرییەکانی ئۆکراین بەڵگەنامەیەکیان ڕادەستی ئەم کاناڵە ئەمریکاییە کردووە کە دەریدەخات مۆسکۆ و تاران گرێبەستێکی ١.٧٥ میلیارد دۆلارییان بۆ دروستکردنی دڕۆن لە نێو ڕووسیە واژۆ کردووە.
ناوچەی تایبەتی ئابووریی یاڵابووگا لە تاتارساتانی ڕووسیەیە کە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی بۆ ڕاکێشانی کۆمپانییە ڕۆژاواییەکان بە لابردنی باجی دەوڵەتی دامەزرێندرا بەڵام پاش دەسپێکی شەڕی ئۆکراین زۆربەی کۆمپانییە ڕۆژاواییەکان ئەم ناوچەیان بەجێ هێشت.