کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"گرتن و لێدان و کوشتن، عامیلی ئازادییە"

12:48 - 22 بەفرانبار 2724

"گرتن و لێدان و کوشتن، عامیلی ئازادییە"

هەردی سەلیمی

ئەمە بەشێک لە شێعرەکەی مامۆستا "قانع"ـە کە لە شێعر دەرچووە و بووەتە شوعار و تەنانەت بووەتە وێردی سەر زمانی هەر کوردێک کە گاگۆڵکێی خەبات دەکات. ئایا بەڕاستی گرتن و لێدان و کوشتن دەتوانێ عامیلی ئازادی بێت؟ یان ئاوا بپرسین: ئازادی مەعلوولێکە لە گرتن و لێدان و کوشتن؟ لە وڵامدا دەبێ بڵێین بەڵێ یەکێک لە هۆکارەکانە، گرتن و لێدان و کوشتن یا گەیشتن بە ئازادی خێراتر دەکاتەوە، یان هێورتری دەکاتەوە؛ بەڵام ناتوانێ پێش بەو کەسە بگرێ کە ڕێبواری ڕێی ئازادییە. ئەمە ڕاستییەکە و ڕەوتی مێژوو بێ‌ئیستسنا نیشانی داوین و بەردەوامیشە لە نیشان‌دانی ئەم ڕاستییە. لەم حاڵەدا پرسیار ئەمەیە ئەی بۆچی دەسەڵاتدارانی خۆسەپێن بۆ مانەوەیان پەنا دەبەنە بەر گرتن و لێدان و کوشتن؟ ئەگەر بەکورتی وڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، دەبێ بڵێین بۆ ئەوەی گەیشتن بە ئازادییەکە هێورتر کەنەوە.

وەک چۆن هیچ ڕووداوێک یەک هۆکاری نییە، زۆربەی ئاکارەکانیش چەندین هۆکاریان لەپشتە، وەک سیاسەتی سەرکوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. دەکرێ زۆر هۆکار بوترێ بەڵام لێرەدا سەرەکیترین هۆکارەکان باس دەکەین:

یەکەم: ڕازی‌کردنی لایەنگرانیان. بۆ دەسەڵاتێکی ئیدئۆلۆژیک زۆر گرنگە لایەنگران و پاڵپشتانی خۆی ڕازی بکات و نیشان بدات کە بە دڵی ئەوان دەجووڵێتەوە.

دووهەم: بردنەسەری تێچووی کار و تێکۆشانی سیاسی. دەیانهەوێ بە سیاسەتی گرتن و لێدان و کوشتن تێچووی هەر جۆرە چالاکییەک کە لەدژیان دەکرێ، ببەنە سەر و لە ڕێگەی ئەو گیراوانەوە پەیامێک بۆ نەگیراوەکانیش بنێرن.

سێهەم هۆکار: بڵاوکردنەوەی ترس و بەدوای ئەودا ناچالاک‌بوونی ناڕازییان و کونترۆڵی کۆمەڵگە لەلایەن دەسەڵاتەوە. ئەمە یەکێک لە مەبەستە سەرەکییەکانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانە، لە یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوودا "کا.گێ.بێ"ـیان هێندە گەورە کردبۆوە بۆ ئەوەی خەڵک بترسێ و لە ئاکامیشدا پێش لەوەی هەوڵێک بدەن خۆ بە شکست‌خواردوو بزانن لە بەرامبەر دەسەڵاتدا.

چوارەم: یەکڕیزیی نێو ماڵی دەسەڵات، ئەمە کە دەتوانێ سەرەکیترین هۆکار بێت، بۆ ئەوەیە کە هەموو باڵەکان لێک نزیک کاتەوە و ئەسڵی "حفظ نظام"ـیان بیر بێنێتەوە، لە ڕێگەی ئەم پەروەندەسازییانەوە بە هەموو لایەک ڕابگەیەنێ کە دەسەڵاتەکەیان لە مەترسی‌دایە و دەبێ وەخۆ کەون بۆ پاراستنی.

بۆیە کۆماری ئیسلامی کە ئێستا هەتا بینەقاقا لە قوڕی قەیرانی جۆراوجۆردا چەقیوە، دەیهەوێ لە ڕێگەی سەرکوتەوە کێشەکانی "چارەسەر" بکات. بەپێی ئامارێک کە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"ەوە بڵاو بووەتەوە لە ساڵی زایینیی ڕابردوودا ١٢٣٥ کەس لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و هەروەها ٥٠٦ چالاکی سیاسی، ئایینی و مەدەنی سزا دراون. هەر لەم پێوەندییەدا "هرانا"ش ڕایگەیاندوە کە ٥٤ کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە. لە بەرامبەر ئەم دڕەندەیییەی دەسەڵاتدا خۆڕاگریی چالاکانی سیاسی و مەدەنی هەر بەردەوامە و تەنانەت لە نێو زیندانەکان‌دا کەمپەینی سێ‌شەممەکانی نا بۆ سێدارە هەر بەردەوامە و ئێستا پتر لە ٥٠ حەوتووی تێپەڕاندوە و ٣٠ بەندیخانە بەم کەمپەینەوە پەیوەست بوون.

لەگەڵ پشت‌ڕاست‌کردنەوەی سزای لەسێدارەدانی "پەخشان عەزیزی" ژنە کوردی چالاکی مەدەنی، دوو زیندانیی دیکەش بە ناوەکانی "بێهرووز ئێحسانی" و "مێهدی حەسەنی" بە تۆمەتی لایەنگری لە "سازمانی موجاهیدینی خەلق" سزای لەسێدارەدانیان پشت‌ڕاست کراوەتەوە. بێهرووز ئێحسانی، ٧٠ ساڵ تەمەنیەتی و لە دەیەی شەستی هەتاوییشدا هەر لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بووە. ناوبراو لە نامەیەکدا کە لە زیندانی "ئێڤین"ـەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە پێوەندی لەگەڵ ئەم سزایەی‌دا دەڵێ: "سەرەنجام پاش ٢٢ مانگ، ئێستا بێ‌ئەوەی بەڵگەیەکیان هەبێ سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکردووم، چاوەڕوانییەکی تریشمان لە دەسەڵاتی پەت‌وسێدارە نییە. من هەروەک لە کاتی لێپرسینەوەکانیشدا وتوومە بە دەردی شەهید "خسرو گلسرخی" لەسەر گیانم ئەویش بە حەفتا ساڵ تەمەنەوە چەنە لێ‌نادەم و ئامادەم گیانی بێ‌بایەخم فیدای ڕێی ڕزگاریی خەڵکی ئێران بکەم." ئەم ئاستە لە باوەڕ و نەترسان و هاتنە مەیدانەوە دەری‌دەخات کۆماری ئیسلامی ناتوانێ هیچ‌کام لەو مەبەستانەی وا لە سەرکوت‌کردن هەیەتی، بیانپێکێ و نەیپێکاوە تا ئێستا، بۆیەشە ئێمە شایەدی نموونەی ئاوا و وەڕێ‌خستنی کەمپەین و شادی و سەماین لەنێو دڵی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا.

لەم نێوەدا بابەتی ڕێژیم جیاوازە و بۆ هەموو لایەک ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام کۆمەڵگەش لە پێوەندی لەگەڵ سزای لەسێدارەدان‌دا چەند بەرپرسیارەتی‌ لەسەرشانە. دەبێ ئێمە بەتەواوی دژی ئەم سزا نامرۆڤانە و ئەم کوشتنە بەئەنقەست و حکوومەتییە بین، نەک تەنیا ناڕەزایەتی بۆ کەسانێک هەڵبڕین کە پێمان‌وایە بێ‌تاوانن، بەڵکوو دەبێ ئەم سزایە لە گشتییەتی خۆیدا ئیدانە بکرێ بێ‌لەبەرچاوگرتنی هەرچەشنە جیاوازییەکی ئەو کەسانە، واتە نابێ ڕوانگەیەکی هەڵبژێرانە لەم بارەوە هەبێ و کەسانێک بەهۆی بیر، ئایین، نەتەوە، ڕەگەز و هتدیانەوە زەقتر بکەینەوە یان پەڕاوێزیان بخەین. لە کۆتاییدا و بۆ پشت‌ڕاست‌کردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە دەسەڵات ناتوانێ بە گرتن و لێدان و کوشتن بەردەوام بێت، سەرەتا قسەی باوکی شەهید "یەحیا ڕەحیمی" لە شەهیدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بێنینەوە کە ڕوو بە عەلی خامنەیی لە دژایەتی لەگەڵ سزای لەسێدارەدان وتی: "ئیتر بەسە ئێعدام مەکە بیکە خاتر گیان ئەو "بەشار ئەسەد" ڕفێقتە!" کە بەم قسەیە وەبیری دێنێتەوە چەندە دەتوانن بە ئێعدام دەسەڵاتیان بپارێزن هەروەک ئەسەد، ئینجا قسەیەکیش لە "تالیران"، دیپلۆماتـی فەڕانسەوی بێنینەوە کە لە وڵامی سەرکوتکەران‌دا وتی: "ئێوە دەتوانن بە سەرنێزەکانتان هەموو کارێک بکەن، بەڵام ناتوانن لەسەریان دانیشن!"