کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە چی ڕا کۆماری ئیسلامی گەیوەتە لێواری هەڵدێران؟

19:23 - 22 بەفرانبار 2724

بە چی ڕا کۆماری ئیسلامی گەیوەتە لێواری هەڵدێران؟

عەلی بداغی

لە بارودۆخی ئێستای ئێران و ناوچە و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا ڕەشبینترینی ئەو کەسانەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان دوورەدەست دەدی، قەناعەتیان وایە ئەم ڕێژیمە لەسەر لێواری هەڵدێرانە. هۆکارەکانی ئەم قەناعەت‌هێنان و ئاکامگیرییە بۆ کۆمەڵێک دۆخ و هەروەها گۆڕانکاریی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری دەگەڕێتەوە. ئەم کورتە وتارەش باس لە فاکتەرەکانی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا دەکات.

ئابووری و بەهێزبوونەکەی بێگومان گرینگترین کۆڵەکەی ڕاگرتنی هەر نیزامێکی سیاسی و حکوومەتییە. ئێران ئەگەرچی وڵاتێکی دەوڵەمەند لەڕووی سەرچاوەکانی هێزی مرۆیی، وزە، کانگا و کشتوکاڵە؛ بەڵام ٤٥ ساڵ سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی کە هیچ تەبایی و سنخییەتێکی لەگەڵ بەرژەوەندیی خەڵکی ئەم وڵاتە نییە، ئابووریی ئێرانی خستووەتە  دۆخی ئاویلکەدان. لەو پێوەندییەدا تەنیا ئاماژە بە داڕمانی بەها و بایەخی تمەن وەک دراوی نیشتمانیی وڵات دەکەین کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە توانای کڕینی خەڵکەوە هەیە و لە ماوەی ٤٥ ساڵدا نەک دوو هێندە و سێ هێندە و دە هێندە، بەڵکوو  ١٢ هەزار هیندەی پێش بە دەسەڵات‌گەیشتنی کۆماری ئیسلامی دابەزیوە. ئابووریی داڕماوی ئێران جگە لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی و خەرجکردنی سامانی گشتیی وڵات لە لوبنان، سووریە، فەلەستین، یەمەن و عێڕاق هۆکارگەلی دیکەشی هەن؛ وەک: گەندەڵیی بەربڵاو و سیستماتیکی حکوومەتی، پاوانکردنی بەشی هەرە زۆری سەرچاوەکانی ئابووریی وڵات لەلایەن بازنەیەکی تەسک لە بڕیاربەدەستانی ڕێژیم و دزی و گزیی بەرپرسانیش لە جێی خۆی کە ئێستا هەر ئەو دۆخە شپرێوە ئابوورییە ببێتە هۆکارێک بۆ ڕووخانی ڕێژیم.

هۆکارێکی دیکە بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کەلێن و مەودای نێوان خەڵک و دەسەڵاتە کە نەک هەر ڕۆژ بە ڕۆژ بەرفراوانتر دەبێت، بەڵکوو بە بەردەوامی ئاڵقە نیزیکەکانی حاکمییەتیش لێیان هەڵدەوەرێ و مۆرەکانی موخلیس و کارای دۆینێ‌یان ئەمڕۆ لێیان بوونەتە ڕەخنەگر و لەگەڵ پاکانەکردن بۆ خۆیان بە کەمتر لە ڕووخان و داڕمانی حوکمەتیش ڕازی نین.

لە ماوەی پتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا گوشارە ئابووری و ناڕەزایەتییە گشتییەکانی خەڵک بە سەرکوت و پێشێلکرانی ماف و ئازادییەکانیان، بە گرانی و بێکاری، بە گەندەڵیی ئابووری و بێ‌بایەخیی خەڵک لە بەرنامە و پڕۆژەکانی حکوومەت بەردەوام کەلێنی نێوان خەڵک و حوکمەتی بەرفراوان کردوە. پەرەسەندنی خۆپێشاندانە سەراسەرییەکان و جار بە جار بایکۆتی گشتگیرتری هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوو بەڵگەی ڕاستیی نەک هەر دوورکەوتنەوەی خەڵک و دەسەڵات، بەڵکوو دوژمنایەتیی ئەو دووانە لەگەڵ یەکترین.

کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر ئەوە کە شەرعییەتی سیاسیی خۆی لە نێوخۆی وڵات لە دەست دابێت، بەڵکوو لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا لە سۆنگەی سیاسەتی شەڕاشۆیی، قەیرانخوڵقێنی و ناسەقامگیرکردنی سیاسی و ئەمنییەتیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەلایەک و، لەلایەکی دیکە سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تەنگی پێ هەڵدەچندرێت. شکست و تێکشکانی ئەو ماوەیەی "بەرەی مقاومەت"یش دەکرێ هەر لەو چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێ و زیان و خەسارەکانی بۆ کۆماری ئیسلامی ببیندرێ. لەسۆنگەی ئەم تێکشکانەوە پێگەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بە لاوازترین ئاستی خۆی گەیشتوە، وەبەرهێنانە سیاسی و سەربازییەکانی ڕێژیم لە چەند دەیەی ڕابردوودا، ئەویش بە تێچووە سەدان میلیارد دۆلارییەکان هەرەسیان هێناوە، ئەو شکست و هەرەسهێنانە هاوکات لە بەرەی دژدا ورەی خەڵک بۆ بەردەوامی لە ناڕەزایەتییەکان و ئۆپۆزیسیۆن بۆ هەوڵی جدیتر بۆ ڕێکخستنی خۆپێشاندانەکانی بەرزتر کردوە و لە هەمان حاڵدا پێگەی سیاسیی دژبەرانی ڕێژیمی لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا قورستر کردوە.

ئێستا کە فاکت و هۆکارەکان باس لەوە دەکەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بەرەو هەڵدێری ڕووخان دەڕوات، پرسیار ئەوەیە چ شتێک خێرایی بەو ڕەوتە دەدات؟ پێش هەموو شتیک پێویستیی پەرەسەندنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە گشتییەکانی خەڵکە کە بەهۆی ناکارامەیی و ناوەڵامدەربوونی حکوومەت، هەروەها کەڵەکەبوونی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە تەنیشت سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵک پاڵنەرەکان بۆ ئەو مەبەستە زۆر و ئامادەن. لێکنیزیکی و کۆڕایی ئۆپۆزیسیۆن و ساغبوونەوەیان لەسەر هێڵە گشتییەکان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و چێ‌کردنی حوکمەتی داهاتوو کە هەمووان خۆی تێدا ببیننەوە، دەتوانێت خێراییەکی زیاتر بە ڕووخانی ڕێژیم ببەخشێت. لە تەنیشت دەور و بەشداریی خەڵک و ڕێکخراوەکان لە نێوخۆی وڵات و یەکیەتیی بەکردوەی ئۆپۆزیسیۆن کاریگەریی کۆمەڵگەی جیهانییش دەتوانێ ڕۆڵی کاتالیزۆر و وەپێشخەری ڕووخانی ڕێژیمی لێ بکەوێتەوە. تەریک‌خستنەوەی کۆماری ئیسلامی و زیادکردنی گوشارەکانی وەک سزا هەمەلایەنەکان، بڕینی پێوەندییە سیاسی، دیپلۆماسی و ئابوورییەکان و پشتیوانی‌کردنیان لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم دەتوانن بۆ ئەو مەبەستە گرینگ و چارەنووسسازیش بن.

لە ئێستادا گرینگ ئەوەیە هاواری خەڵکی ئێران لە ئێستادا بە باشترین شێوە بە کۆمەڵگەی جیهانی گەیشتوە کە بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کۆسپێکی جدی لە بەردەم بەدیهاتنی ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئێران هەڵدەگیرێ، هاوسەنگییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست لە بەرژەوەندیی دێموکراسی و سەقامگیربوونی ئەمنییەت دەگۆڕدرێ و ڕووخانی ئەم ڕێژیمە دەتوانێ ئیلهامدەر و پاڵنەر بۆ  بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش بێت.