خامنەیی تووشی وەهمی سەرکەوتن بووە یا ترساوە؟
هەردی سەلیمی
ڕووداوە خێرا و یەک لەدوای یەکەکانی ئەم ماوەیەی ناوچەکە زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسیی تووشی سەرسوڕمان کردووە. بەجۆرێک کە کەمتر کەسێک ئامادەیە بەدڵنیایییەوە باس لە داهاتووی ئاڵۆزی ئەم ناوچەیە بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا هەندێک دڵنیان لەوەی کە کۆماری ئیسلامی، ئەو کۆماری ئیسلامییەی پێشووتر نییە و چەندین شکستی قووڵی ئەزموون کردووە و جارێ ماویشیەتی و شکستی دیکەشی ڕووبەڕوو دەبێتەوە. بە جۆرێک کە هەموو کێشە و قەیرانەکانی تەمەنی کۆماری ئیسلامی یەکجێ گوشراون و کورت بوونەتەوە و لە ئێستادا یەخەیان گرتووە. لەو شکست و دۆشداماوییانەی کۆماری ئیسلامی کە لەم ماوەیەدا زۆریان ئاماژە پێکراوە و بۆ هەمووان ڕوونن، دەگەڕێین، دەکرێ ئێستا شکستی ئاگربەستی شەڕی غەززەشی لێ زیاد بکەین.
ئاگربەستی ئەمجارە بەدەر لەوەی بۆ حەماس و ئیسرائیل چ ئاکامێکی هەبووە و کام لایان دەتوانین بە براوە بزانین، دەبێ بڵێین نەفسی ئەم ئاگربەستە شکستێکی ترە بۆ کارنامەی کۆماری ئیسلامی. بەڕواڵەت هەردووک لا باس لەوە دەکەن کە سەرکەوتوو بوون، بەڵام لە ڕاستیدا نە ئیسرائیل توانی بەتەواوی بە ویستەکانی خۆی بگات و نە حەماسیش؛ هەردووک لا لە شوێنێکدا چەقین. بەڵام وەک چۆن کۆماری ئیسلامی ئاگربەستی لوبنانیشی وەک سەرکەوتنێک باس کرد، دەیهەوێ ئەمەی غەززەش بە هەمان شێوە دەرخواردی لایەنگرانی خۆی بدات؛ لێرەدا دەبێ بڵێین ئەگەر ئەو گریمانەیەش قەبووڵ بکەین کە حەماس سەرکەوتوو بووە، ناتوانێ ئەم "سەرکەوتن"ە بچێتە سەر حیساب و کارنامەی کۆماری ئیسلامی. بۆ؟ چونکە کۆماری ئیسلامی تاکە دەوڵەتێکی جیهان بوو کە بە شێوەی ڕاشکاو و ڕاستەوخۆ پاڵپشتی حەماس بوو، بەڵام لە هەموو دەوری ئەم وتووێژانەدا بچووکترین حیسابی لەسەر نەکرا و ئەوە دەوڵەتانی میسر و قەتەر بوون ڕۆڵی نێوبژیوانی و دەمڕاستیان گێڕا، هەروەک چۆن لەسەر داهاتووی سووریەش، کۆماری ئیسلامی کە بە میلیاردەها دۆلاری لەو وڵاتەدا خەرج کردبوو، هیچ ڕۆڵێکی بۆ لەبەرچاو نەگیرا و وەک ئەسەد لەو وڵاتە وەدەر نرا.
بەم پێشەکییەوە هەڵسەنگاندنێکی سەرپێیی بۆ قسەکانی ئەم دواییانەی عەلی خامنەیی دەکەین، لەم پەنجەرەوە دەڕوانینە قووڵاییی شکستەکانی کۆماری ئیسلامی. خامنەیی لە ٢١ـی سەرماوەزی ئەمساڵەوە هەتا ١٩ی بەفرانبار، واتە کەمتر لە مانگێک، ٥ جار بۆ لایەنگرانی سوخەنڕانیی کردووە. لێرەدا کورتەیەک لە هەر پێنجیان دێنینەوە: ٢١ی سەرماوەز وتی؛ دەڵێن بەرەی موقاومەت لاواز بووە... بەتەواوی لە هەڵەدان.
٢٧ی سەرماوەز وتی: پێیانوایە بابەتی مەقاومەت کۆتاییی پێهاتووە: بەتەواوی لە هەڵەدان.
٣ی بەفرانبار ڕووبە ئیسرائیلییەکانی وتی؛ قسەی قۆڕ دەکەن، ئێوە کەی سەر کەوتوون داماوانە؟!
١٢ی بەفرانبار وتی: پێیانوایە ئەو خوێنانەی لە ڕێی پاراستنی حەرەمدا ڕژاون، بەفیڕۆ چوون... هەڵەیەکی گەورەیە.
١٩ی بەفرانباریش خامنەیی وتی: دوژمن بە بانگەشە دەڵێ ئێوە خەریکە لاواز دەبن. خۆی خەریکە لاواز دەبێ... موقاومەت زیندووە.
ئەم دووبارەبێژییە بێسوودانەی عەلی خامنەیی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆماری ئیسلامی بەتەواوی لە ڕووی وێژمان، چەمک، زمان، سیاسەت، بانگەشەوە تووشی قەیران و شکستێکی قووڵ بووە و ئەم وتاردانە دوابەدوای یەکانەی ڕێبەری ڕێژیم تەنیا هێورکەرەوەیەکە بۆ لایەنگرانیان؛ ئەڵبەت لەوانەیە زیاتر لەوەی بۆ لایەنگرانی هێورکەرەوە بێت، بۆ خودی خامنەیی هێورکەرەوەیە. بە واتایەکی تر لێرەدا ڕوون نییە خامنەیی ورە بەوان دەدات یان کۆبوونەوەی ئەوان لە دەوری خامنەیی ورەیەکە بۆ ئەم؟
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ترسێکی زۆری لێ نیشتووە و بەحەق پێیوایە خەڵکی ئێران لە تەدارەکی ناڕەزایەتیدەربڕینێکی دیکەدان، بۆیە بەردەوام هەڕەشە لە خەڵک دەکات و ڕێوشوێن دادەنێ بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم کە گەر بێت و کەسێک گومان، نائومێدی، دووبەرەکی یا ترس بڵاو بکاتەوە، دەبێ ئەو کەسە بەدواداچوونی بۆ بکرێ و سزا بدرێت. بەڵام کام گومان و نائومێدی و ترس و دووبەرەکی؟ ڕێک ئەوانەی وا سەرتاپای لایەنگرانی داگرتووە، ئەوان گومانیان بۆ دروست بووە لەوەی بۆچی چەند ساڵ لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان بەکوشت دران؟ نائومێد بوون لەوەی کە سەرەڕای تێچووی ماددی و گیانی زۆریان شکستیشان خواردووە، ترس دایگرتوون لەبەر ئەوەی چارەنووسی لایەنگرانی ئەسەد چاوەڕوانیانە، هەر ئەمانەش دووبەرەکیی خستووەتە نێویانەوە؛ بۆیە گەر قەرار بێ کەسێک سزا بدرێ لەوانەیە کەسی بە دەوری خامنەیییەوە نەمێنێ، چون ئەم چوار تایبەتمەندییە و زیاتریش هەموو یارانی دەسەڵاتی داگرتووە. خامنەیی لەمانە تۆقیوە بۆیە بەردەوام وەک کەسێکی ئالزایمێری دێ و دووپاتەبێژی دەکات.
دوو خاڵی تریش کە جێی ئاماژەیە ئەوەیە کە خامنەیی دەستەوداوێنی مەدداح و پەسنبێژان بووە بۆ ئەوەی بانگەشە بۆ سیاسەتەکانی بکەن و ڕوونکردنەوە بۆ خەڵک بدەن، ئەمە خۆی گرینگە کە کۆماری ئیسلامی لە عەللامە و ئایەتوڵڵاوە هەتا ئەم ئاستە داکشاوە – ئەڵبەت نەک بڵێین ئەوان پلەیان بەرز بووبێت، بەڵام مەدداح و عەللامە جیاوازن لە کۆنتێکستی هەمان کۆماری ئیسلامیدا - یەکی تریش ئەوەیە ئەدەبیاتی خامنەیی لە ترس و دۆڕاویدا گۆڕاوە و نزم بووەتەوە، وا وێدەچێ ماوەیەکی تر لە دەسەڵاتدا بێ و شکستی تریش ببینێ و بچێژێ، کاری دەگاتە جنێو و جنێوکاری؛ چون هەر ئێستاش وشەی وەک بەدبەخت و داماو و نەفام و... لە دەمی داناکەوێ و دژبەرانی خۆی بەم وشە ئاستنزمانە ناو دێنێت. ئەگەر خامنەیی وەک سەمبولێک لە کۆماری ئیسلامی ببینین، نیشان لەوەیە ئەم قەیران و شکستانە هەتا ناخیان ڕۆچووە و تووشی گرفتی دەروونییشی کردوون، سەرەڕای تێکڕمانی قەبارەیان.