کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری کوردستان لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا

11:43 - 2 رێبەندان 2724

کۆماری کوردستان لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا

‎خالید حەسەن‌پوور

هەتا لە سەردەمی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دوورتر دەکەوینەوە، گرینگی ئەو ڕووداوە و ئەو ڕۆژە زیاتر هەست پێدەکەین. بە دڵنیایەوە ئەو بایەخ و جێگەو پێگەیەی کە کۆمار لە سێ دەیەی ڕابردوو لەنێو کورد دا وەدەستی هێناوە، لە سەردەمی کۆمار و تەنانەت زۆر دواتریش گرنگیەکەی بەو جۆرەی ئێستا ھەست پێنەکراوە!

‎پاش ئەوەی کۆماری کوردستان و حكومەتی ئازەربایجان ڕووخا و زۆربەی بەڕێوەبەرانی ئەو دوو كیانە ئیعدام کران یان لە بەندیخانە پەستێوران یان ڕێگای ئاوارەییان گرتەبەر، پارسەنگی هێز بە زیانی” دیسەنترالیزە كردن” ی ئێران و پرسی نەتەوایەتی لە ئێران و بە سوودی حکوومەتی ناوەندگەرا گۆڕا. هۆکاری ئەوەش لە لایەک دەگەڕایەوە بۆ زاڵبوونی بیری سەرانسەری بەگشتی و هەروها ڕوانگەی چەپ بەتایبەتی كە لەو سەروبەندەدا وەك ئالترناتیڤێك بۆ پرسی نەتەوایەتی برەوی پەیدا كردبوو! ئەو بیرۆكەیەش پاش شکستی کۆماری کوردستان و هەروەها ڕووخانی حكوومەتی ئازەربایجان، بە هۆی حیزبی توودەوە ئێران و حکومەتی پاشایەتی و شۆڤێنیزمی ئێرانی بە گشتی پەرەی پێدرابوو . لەگەڵ ئەوەی حیزبی توودە و نیزامی پاشایەتی لە ڕووی سیاسی و ئیدئۆلۆژیكەوە دژی یەک بوون، بەڵام هەردوکیان لە پێناوو یەك ئامانجدا كە ئەویش سەنترالیزەكردنی ئێران بوو تێدەكۆشان. لەلایەکی ترەوە پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان و ئێعدامی قازی محەممەد وەک نوێنگەی سەروەری نەتەویی کورد ، بیری ناوەندگەرایی لە ڕوانگەی چەپ بەرەبەرە باڵی بەسەر سیاسەت لە کوردستانیشدا کێشابوو و، هەرەسهێنانی کۆمار خۆی لە خۆیدا ببوو بە هۆی ئەوەی بیری چەپ و بەسترانەوە بە ناوەند لەنێو بزووتنەوەی کوردیشدا چەکەرە بکا .

‎بەڵام پاش ئەوەی نیزیكەی چوار دەیە لە دامەزرانی کۆماری کوردستان دوور کەوتینەوە، ڕوودانی هێندێک ئاڵوگۆڕی گرینگی سیاسی وەک هاتنە کایەی هەرێمی کوردستانی باشوور لە سێ دەیەی ڕابردوودا و پێکهاتنی حکومەتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا، ھەروەھا سەرهەڵدانی بناژۆیی ئیسلامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا کە بەپێی ئەوە بەشێک لەو وڵاتانەی کە خاوەن کێشەی کوردن، لە حیساباتی نێونەتەویی‌ دا جێگاو پێگەی ڕابردوویان نەما، ئەوانە هەمووی وایکردوە کە کێشەی کورد زیاتر لە ڕابردوو بێتە ناو ڕۆژەڤی سیاسیەوە و تەنانەت بچێتە ناو چەقی سیاسەتی نێونەتەویشەوە. مەسەلەی کورد ئێستا تا ڕادەیەكی زۆر بۆتە جێگای سەرنجی ڕای گشتی و ناوەندەکانی دەسەڵات، تەنانەت لە ڕووی فۆڕمی سیاسی نێوەڕۆكی سێكۆلارەوە، وەپێش کێشەی فەلەستینیش کەوتۆتەوە. كەس نییە لە جیهانی پێشكەوتوو سەبارەت بە نێوەڕۆكی بزووتنەوەی كورد قسەیەكی هەبێ، بەڵكوو ئەگەر قسەیەكییان هەبێ، لەسەر تێكچوونی ئەو جوگرافیە سیاسیە هەیانە كە كورد تێیدا دەژی! هەمووی ئەوانەش وایانكردوە کە پرسی دەسەڵات و سەروەری بێتە ناو ئەجێندای سیاسی کوردەوە. هەر لەو گۆشە نیگایەشەوەیە کە تاقیکردنەوەی کۆماری کوردستان، گرنگیەکی زیاتری لەنێو سیاسەتی کوردیدا پەیدا کردوە.

‎بێجگە لەو هۆکارانەی سەرێ، هێندێک هۆکاری نێوخۆیی لەنێو بزووتنەوەی کوردا هەن کە، بەنۆرەی خۆیان بوونەتە هۆی پرستیژی ڕۆژ دەگەڵ ڕۆژی زیاتری کۆماری کوردستان. پاش٧٨ ساڵ کە لە تەمەنی کۆمار تێدەپەڕێ، هێشتا هیچکام لەو کیانانەی کورد کە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دامەزراون، لە ڕووی فۆڕم و نێوەڕۆکەوە نەگەیشتوونەتە ئاستی کۆماری کوردستان. ئەو جیاوازییە وەختێک جێگای سەرنجە کە فاکتەری کات، شوێن و گۆڕانکاری لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەكانی - پاش زیاتر لە حەوت دەیە -  بێتەسەر. بە خۆڕایی نییە کە زۆرێک لە مێژوونوسانی فارس و تەنانەت ئازەریش، هەوڵی بچوککردنەوەی کۆمار دەدەن.

‎دوو ڕوانگە لەنێو کورد دا زیان بە کۆماری کوردستان و پڕۆسەی بە کۆماریکردنی ستاتۆسەکانی کورد دەگەینێ. ڕوانگەی یەکەم ئەوەیە کە دەیهەوێ کۆماری کوردستان لە قەوارەی خۆی بچووکتر نیشان بدا و هەوڵدەدا لە ناو و ناوبانگی کۆمار کەم کاتەوە. ئەگەرچی ڕەگ و ڕیشەی ئەو بیروبۆچوونە ( واتا بچوککردنی قەوارەی کۆمار ) بە پلەی یەکەم لە نەتەوەی حاکمەوە سەرچاوە دەگرێ، بەڵام ڕەهەندێکی ئەو ڕوانگەیە لەنێو کوردیشدا هەیە. ڕوانگەی دووهەم ئەوەیە کە لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمار و بەڕێوەبەرانیدا، هەوڵدەدا نەوعێک مێژووسازی بکاو و لە ڕێگایەوە وەھا پرستیژێک لە کۆمار و بەڕێوەبەرانی دروست بکا، کە کەس بۆی نەبێ تەنانەت لاوازییەکانیشی بەرجەستە کاتەوە. هەر دوو ڕوانگە کە یەکیان بچووکی دەکاتەوە و ئەویتریش لە ڕێگای مێژووسازییەوە هەوڵدەدا کۆمار لەئاستی خۆی گەورەتر نیشان بدا، نەوعێک دەستێوەردانی مێژوویین و ئەجنێدای سیاسیان لە پشتە. کە یەكیان موزایەدەی سیاسی بە کۆمارەوە دەکا و خۆی  لە هەموو کەس زیاتر بە ڕێبواری ئەو ڕێگایە دەزانێ، ئەویتر دەیهەوێ لە ڕێگای بچووک نیشاندانی کۆمار،  لە دەوری دامەزرێنەری ئەو ڕووداوە کە حیزبی دێموکرات و پێشەوا قازی محەممەدن کەم بکاتەوە. لە پێوەندی لەگەڵ نرخاندنی ئەو ڕووداوە مێژووییەدا، ڕەنگبێ دروستترین کار ئەوەبێ کە کۆماری کوردستان وەک ڕووداوێکی مێژوویی بە هەموو کەموکوڕی و نووقسانەکانیەوە وەک خۆی ببینین، و لەو پێوەندییەدا ئارەزووەکانمان لە جێگای ڕاستیەکان دانەنێن .

هۆکاری  پێکھاتن و شکڵگرتنی زۆربەی کیانەکانی کورد بە کۆماری کوردستانیشەوە یەک شتە، ئەویش ئەوەیە کە لە ئاکامی تێکچوونی پارسەنگی هێز بە زیانی دەوڵەتی ناوەندی، لەئاستی ناوچە و جیهاندا هاتوونەتە کایەوە. ئەوەش لە پێشدا ئەوە دەگەیەنێ کە کورد ھەموو بنەما نەتەوەییەکانی تێدایە و خۆی لە نەتەوەکانیتر بە  جیا دەزانێ، بۆیە لە دەرفەتەکان کەڵک وەردەگرێ و تەعبیر لە خۆی دەکا. بەڵام هۆکاری زۆربەی نیزیک بە تەواوی شکستی کیانەکانی سیاسی کورد بە کۆماریشەوە، دیسان وێکدەچن. بەومانایە ھەرکە پارسەنگی هێز بە سوودی دەوڵەتی ناوەندی و بە زیانی کورد تێک چووبێ، کورد لە ناو خۆیدا تووشی دووبەرەکێ دەبێ و دەرفەتەکە لە کیس دەدا و ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ کە کورد ڕاستە یەک میللەتە، بەڵام بنەما نەتەوەییەکانی بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی سیاسی سەقامگرتوو، لەرزۆک و دەڵەمەیە و، بە هۆی جیاوازیەکانیەوە بەرگەی زەختی میللەتی سەردەست ناگرێ. بۆیە لەگەڵ ئەوەی دەستەواژەی ''نەتەوە سازی '' ڕەنگبێ بۆ نەتەوەیەک کە شەرت و مەرجەکانی یەک نەتەوەی تێدایە، شتێکی پڕبە پێست نەبێ، بەڵام مێژووی لەکیسدانی دەرفەتەکان بەهۆی جیاوازیەکانەوە، ئەوەمان پێدەڵێن کە هەتا نەبین بە نەتەوەیەکی یەکگرتوو و پتەوو، ناتوانین بە ئامانجەکانمان کە گەیشتن بە دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بگەین. بۆیە کورد بە پێچەوانەی نەتەوەکانی دیکەی جیهان کە، پێشتر چوونە ناو پڕۆسەی دەوڵەتسازی و دواتر بوون بە نەتەوە، سەرەتا پێویستە بچێتە ناو پرۆسەی نەتەوەسازییەوە و دواتر بەرەو دەوڵەتی نەتەویی بڕوا.