کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"موجتەبا" کلیل وشەی دوایین پیلانی دیکتاتۆر!

12:45 - 5 رێبەندان 2724

"موجتەبا" کلیل وشەی دوایین پیلانی دیکتاتۆر!

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

جێنشینی لە ڕێژیمە دیکتاتورەکان بەردەوام جێگای مشتومڕە، چونکە دەسەڵات بۆ کێ دەمێنێتەوە، دیکتاتۆری نوێ کێ دەبێ و چۆن دەبێ، بۆ بەردەوامیی دیکتاتوری و دەسەڵاتی تاقمی دیکتاتور و نزیکەکانی جێگای سەرنجە. بە تایبەتی کە دیکتاتۆر پیر و بەرەوڕووی هەزاران قەیرانی بێ چارەسەری بێ ئەو بابەتە دوو ئەوەندە گرینگ دەبێت. ئەو بابەتە ئەوەندە چارەنووسسازە کە لەنێو دەرفەت و مەترسی سنورێکی زۆر باریک هەیە و ئەوە ڕێژیم بە کام لادا دەکەوێ پێوەندیی بە چۆنیەتی و هاتن و بەردەوامی جێنشینەوە هەیە.

بابەتی جێنشین لە کۆماری ئیسلامیدا هەر لە سەرەتادا دوای هاتنەسەرکاری خومەینی لەگەڵ خۆی زۆر باس و خواسی هێناوە و وەک یەک یارییەکانی تەختی دەسەڵاتدار بە سەدان کتێبی لە سەر دەنووسرێ، بە تایبەتی بۆ مەڵا دەسەڵاتدۆست و گەندەڵ و جنایەتکارەکانی ئیسلامی، کە مەترسی دەکەوێتە سەر دەسەڵاتیان هیچ سنورێک بۆ پارێزگاری ئەو دەسەڵاتە نازانن. چارەنووسی گەوەرە مەڵایانی وەک تاڵقانی و مونتەزیری و، نەهێشتنی ئەحمەدی کوڕی خۆمەینی و دانانی خامنەیی و مردنی بە گومانی یەک بە یەکی ئەوانی وەک جێنشینی ئەو ناویان دەهات، لایەنێکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە کە مشتومڕی زۆری لە سەر بووە.

لەنێو هەموو ئەو باسانەدا ناوی موجتەبای کوڕی خامنەیی لە کاتە هەستیارەکانی لانی‌کەم دوو دەیەی ڕابردوودا بەردەوام لە سەر زمانان بووە، بە جورێک کە لە دروشمی خۆپێشاندانەکانی دژی ڕابەری کۆماری ئیسلامی بەردەوام ناوی هاتوە. لە دوایین پەردەی ئەو باسانەدا بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەست لە کارکێشانەوەی موجتەبا لە درس گوتنەوە لە حەوزەی قوم و هەروەها دیاریکردنی لە لایەن مەجلیسی خوبرگانە کە ئەرکی هەڵبژاردنی ڕێبەری داهاتووی هەیە. تەنانەت شێوازی درز کردن و بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە بە جورێک بە زیرەکی دەکرێ بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکانی هەڵبسەنگێنن و تەنانەت باس دەکرێ کە دیاریکردنی تەواو بووە و تەنیا چۆنیەتیی ڕاگەیاندنەکەی جێگەی باسە.

بۆ ئەوەی باسی شرۆڤەی ئەو پیلانەی ڕێژیم بکەین پێویستە هەڵوێستەیەک لە سەر دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی لە ئاستی جیاوازدا بکەین. لە ئاستی نێوخۆی کۆماری ئیسلامیدا بەرەوڕووی سەدان قەیرانە و سەرۆک کۆماری دیاریکراوی ڕێبەر ڕۆژانە باس لەوە دەکات کە ئەوان ناتوانن هیچ کام لەو قەیرانانە چارەسەر بکەن. یەکێک لەو سەدان قەیرانە دەکرێ نەبوونی وزەی پێویست بێ کە بە جورێک ژیانی خەڵکی بە تەواوی بەرەو فەلەج‌کردن بردوە و سەرۆک‌کۆمار دەڵێ ناتوانین چارەسەری بکەین. دۆخی نێوخۆ بەرەو تەقینەوەیەکی دیکە دەڕوات کە بە ئەزموونی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەوڵەمەندە و دەتوانێ مەترسییەکی جیدی بێ بۆ سەر دەسەڵاتی دیکتاتوری و کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە هەیە.

لە ئاستی ناوچەدا ئیتر تەوەرێک بە ناوی مقاومەت نەماوە و ئەوەش دەستی ئێرانی ئەوەندە لاواز کردوە هیچ بەرگێکی جیا لە بەرگی ئەتومی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ڕۆژائاوا پێ نەمابێت. ڕێژیم لە لایەک پێویستیی بە لابردنی گەمارۆکان هەیە بۆ ئەوەی هەناسەیەک هەڵکێشێ، لە لایەکی دیکە بەرگی شەڕ و ئاڵۆزیی ناوچەی لە دەستدا نەماوە و، بەرگی چەکی ئەتۆمیش ئەگەر لە ڕێگەی گوشارەکانی ترامپ لە دەستی دەربهێنرێ، ئەوەش بە پاشەکشە بۆ ڕێژیم دادەنرێت. ڕێژیمە دیکتاتورەکانیش یەکەمین هەنگاوی پاشەکشە بە نەمانی خۆیان دەزانن، بۆیە کۆماری ئیسلامی خۆی لە هەموو لایەکەوە لە ژێر گوشاردا دەبینێ و بە دوای ئەوەیە خۆی لەو قەیرانە دەرباز بکات.

یەکێک لە گرینگترین ڕێگەچارانەی بەردەم کۆماری ئیسلامی، ڕێککەوتن لە گەڵ ڕۆژئاوا و ترامپە. کۆماری ئیسلامی کە بەو ڕێگەچارەیە زۆر ڕازییە، چونکە تەنیا ڕێگە چارەیەتی بۆ هیوای چارەسەری ئەو هەموو قەیرانە و بۆ ترامپی بازرگانیش بە سەرکەوتن دادەنرێ، بەڵام لاواز بوونی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئاستەکان وایکردوە کە ئەو ڕێککەوتنە بە هەمان شێوە بۆ ترامپ سەرکەوتن بۆ خامنەی و نێوخۆش شکستێکی گەورە نیشان بدرێ کە ئەگەری تەقینەوەی خەڵکی لێ‌بکەوێتەوە. بۆیە ڕێژیم بە دوای ئەوەیە ڕێککەوتن بکرێ، بەڵام بە پاشەکشە بۆ دەسەڵاتی حاکم نیشان نەدرێ. لێرەشدا فاکتەری موجەتەبا گرینگی دەنوێنێ، چونکە دەتوانێ بە ڕێککەوتن هەناسەیەک بۆ ڕێژیم دابین بکات و بەو شێوەیە لە سەر حوکم بمێنێتەوە و پشتیوانی ڕووسیەی هەبێ کە نەڕووخێ و ڕووسیە تووشی شکستێکی دیکەی وەک سووریە نەبێ، بۆ ترامپیش سەرکەوتنە کە دەڵێ بە ێ شەڕ کۆماری ئیسلامیم لغاو کردوە. بۆ موجەتەبا و ڕێژیمیش ئەو بابەتە بە پاشکشە داناندرێ و بەڵکوو ڕوویەکی نوێی ئەو ڕێژیمە نیشان دەدرێت کە هیوایەکی درۆیین بۆ چارەسەری قەیرانەکان لە نێوخۆ دروست دەکات، بە تایبەتی کە هەر لە ئێستاوە دەزگای پرۆپاگەندەی ڕێژیم هەوڵ دەدەن بڵێن موجتەبا بن سەلمانێکی دیکەیە و دەست دەکا بە ڕێفورم، هەروەها گرەنتیش دەدرێ بە ئەوروپا کە پەنابەری زیاتر ناچێ و گرێبەستە بازرگانییەکان بەردەوام دەبن و لە شەڕ لە گەڵ ڕووسیەدا وزە بۆ ئەوروپاش دابین دەکرێ، واتە هەموو داواکانی ئەوروپیەکانیش هەر ئەوانەن ئەگەر جێبەجێ بن.

ئەو سناریۆیە سەرفی نەزەر لە سەرکەوتنەکەی ئەگەری جێبەجێ بوونی هەیە، چونکە هەموو پڕوپاگەندەی ڕێژیم لە ڕاستای ئەو بابەتەدا دەچێتە پێش، و بەو سناریۆیە کە هەموو لایەک خۆیان سەرکەوتوو دەبینن، تەنیا گەلانی بندەستی ئێران نەبێ کە بە درێژبوونەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی تووشی هەزاران نەهامەتی دیکە دەبنەوە.

مێژووی سووریە دەڵێ دوای مردنی حافز  ئەسەد لە ناکاو دەرفەت بۆ بەشار دروست بوو کە پزیشکی گەنجی چاو کە لە لەندەن خوێندنی تەواو کردبوو، وەک ڕزگاریدەری سوریە نیشان بدرێت بۆ ئەوەی دوای سیاسەتی توندی مستی ئاسنینی حافز ئەسەد هەندێک ڕێفورم بکرێت. بەڵام بینیمان بەشار ڕووی حافزی باوکی بە جینایەتەکانی سپی کرد. بەشاری پزیشکی چاو کە هیچ ئەزموونی دەسەڵاتی نەبوو، تەنانەت تا مردنی براکەی کەس هەر باسی هاتنە سەرحوکمی نەدەکرد ئاوا ستەمکار دەرچوو، ئەی موجتەبا کە دەستی لە هەموو سەرکوت و جینایەتەکانی ڕێژیمدا هەیە چۆن ستەمکارێک دەردەچێ پێویستی بە شرۆڤەیەکی زیاتر نیە، بە تایبەتی کە موجتەبا لە مێژە خۆی بۆ ئەرکە ئامادە کردوە.