ئەسما مەحیەدین: ئەگەر ئەم دووبەرەکییە لەنێو کورددا کۆتایی پێ نەیەت تا ئەبەد ناگەینە مەقسەد
وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: مێژوو دەلاقەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و گۆڕەپانێک بۆ لێفێربوون، ئاوێنەیەک لە زانست و چیرۆکێک پڕ لە ئەزموون. لەو دیمانەیەدا لەگەڵ خاتوو ئەسما مەحیەدین، کارناسی مێژوو باس لە هۆکارەکانی بایەخمەندی مێژوو بۆ هەر نەتەوەیەک، و ئەو چەواشەکارییانە دەکەین بەسەر مێژووی کورددا هاتوون.
خاتوو ئەسما سەرەتا با ئەمە بپرسم کە هۆکاری بایەخمەندیی مێژوو بۆ هەر نەتەوەیەک چییە؟
مێژوو بۆ هەر نەتەوەیەک گرینگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە چونکە بناغەیەک دەڕەخسێنێت لە داڕشتنی داهاتووی ئەو نەتەوەیە کە دەتوانین لە چەند خاڵێکدا باسیان بکەین:
یەکەم: مێژوو یارمەتیی ئەو نەتەوەیە دەدات کە تێبگات لە بنەچە و ڕەچەڵەک و بەها باڵاکانی خۆی و هەستی شانازیکردن بە میراتی مێژوویی لا دروست دەکات.
دووهەم: وانەوەرگرتن و فێربوون لە ئەزموونی پێش خۆیان، واتا هەر نەتەوەیەک دەتوانێ سوود لە ڕووداوە مێژووییەکانی خۆیی وەرگرێ، بەجۆرێک کە هەڵەکان دووبارە نەکاتەوە، و لە هەمان کاتیشدا ئەو ستراتێژییە بەکاربهێنێ کە نەتەوەکەیان تێیدا ئەنجامی باشی بەدەست خستوە.
سێیەم: گرینگی مێژوو خۆی دەبینێتەوە لە پاراستنی کولتوور و فەرهەنگی ئەو نەتەوەیە، و ئەگەر بایەخدان بە مێژوو لای ئەو نەتەوەیە هەبوو، ئەوا بایەخدان بە فەرهەنگ و هونەر و کولتووریش دێتە ئاراوە. کەوابوو ئەمانە هەموویان گرێدراوی یەکن و کاریگەرییان لەسەر یەک هەیە.
چوارەم: گرینگییەکیتری مێژوو کە ڕۆڵی باڵا دەبینێ بۆ سیاسەتی ڕێنماییکردن و بڕیاردانی سەرکردەکانی ئەو نەتەوەیە، ئەوەیە کە سەرکردەکان دەتوانن پێشینەی مێژوویی نەتەوەکەیان بەکار بهێنن و تێکهەڵکێشی سیاسەتی مۆدێڕنی سەردەمی بکەن، کەواتە دەتوانین بڵێن کە مێژوو دەکرێت ببێتە ئامرازێک بۆ حوکمڕانییەکی سەرکەوتوو.
پێنجەم: مێژوو بە تیشک خستنەسەر دەسکەوت و خەباتی نەتەوەیی دەتوانێ هەستی نیشتمانپەروەری و شانازیکردن لای ئەو نەتەوەیە بەهێزتر بکات.
ئایا ئێمەی کورد توانیومانە ئەو بایەخە بە مێژووی خۆمان بدەین؟
ئاشکرایە ئێمە وەک گەلی کورد خاوەن خودان دیرۆکی دێرین و لەمێژینە و دەوڵەمەندین، بەڵام بەداخەوە لە هەمان کاتدا تاکی کورد کەمتر پەڕژاوەتە سەر گرینگیدان بەو مێژووییەی کە هەیەتی. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەر چەندین هۆکار کە گرینگترین هۆکار هەلومەرجی ڕامیاریی و کۆمەڵایەتییە. کورد لەم ڕوانگەوە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی و دژواری بۆتەوە بەجۆرێک کە هەر لە کۆنەوە نەیاران نەیانهێشتوە چاو بکەینەوە و چاوترسێن کراوین. بەڵام بەو پێیە بۆ گەلێکی چەوساوە و زوڵملێکراوی وەکوو کورد لەسەریەتی گەڕان بە مێژووی خۆیدا بکات و دەبێ لە خەبات و تێکۆشانی ناودارانی خۆیی ئاگادار بێ. ئەگینا ناچار دەکرێت مێژووییەک قبووڵ بکات کە نەیارەکەی بۆیساز کردووە.
هۆکارێکی دیکە سڕینەوەی مێژووی کوردە. ڕوونە مێژووی کورد لەلایەن زلهێزەکان و دەسەڵاتە باڵاکانەوە بەتایبەتی مێژوونووسەکانی سووریە، عێراق، تورکیە، ئێران دەستێوەردانی تێدا کراوە و سەر لەنوێ لە چوارچێوەی بەرژەوەندی وڵاتەکانیان دایانڕشتۆتەوە. ئێمە لێرەدا دەبێت بگەڕێینەوە سەر مێژوونووسە ڕۆژئاواییەکان و گەڕیدەکان بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتناسەکان کە چۆن بەشێکیان باسیان لە کورد و ژیانی کورد کردووە. زۆر جار ئێمەی کورد لە ململانێی سیاسی و سەربەخۆیی هێندەی شەڕی مانەوەمان کردوە، بەوە ڕانەگەیشتووین کە مێژوو بخوێنینەوە بەو واتایەی کە کورد شەڕی مافی سەرەتاییەکانی پێش مێژوو و زانستی مێژووناسی خستووە. بۆ هۆکارێکی دیکە دەتوانین ئاماژە بە ناسەقامگیری سیاسی و نەبوونی هەوڵی یەکگرتووی خۆمان بکەین.
ئەو هەنگاوانە چیین کە داگیرکەر بۆ چەواشەکردنی مێژووی کورد بەکاریان دێنێ؟
چەواشەکاری و تێکدانی مێژووی کورد ئامرازێکی بەردەوامی زلهێز و دەسەڵاتە باڵاکان بووە کە بەردەوام بۆ سڕینەوە و سەرکوتکردنی گەلی کورد و ویستی سەربەخۆیی و دووبارە نووسینەوەی مێژووییەکی سەراسەر درۆیینە لە خزمەت ئەجێندا و مەرامە سیاسییەکانی خۆیان کەلکیان لێوەرگرتوە. لێرەدا چەندین هۆکار هەن کە نەیار بۆ چەواشەکاری مێژووی کورد دەستی بۆ بەرێت، لەوانەش سڕینەوەی کولتوورە، ئەوەیش لە ڕێگای داگیرکاری فکری، بەجۆرێک کەوا لەو نەتەوەیە دەکەن کە کلوتوور و دابونەریتی خۆیان بیر بچێتەوە و نەریتی و کولتووری بێگانە قبووڵ بکەن و وەریبگرن. بە تایبەت زمان، مۆسیقا، جلوبەرگ، شایی و هەڵپەڕکێ و... یانێ دەتوانین بڵێین کە ئێمەی کورد بەجۆرێک فیکرمان داگیر کراوە کە دەستمان بەرداوە لە زۆرێک لە دابونەریت و کلتووری ڕەسەنی خۆمان کە دەتوانین ناوی بنێین سیاسەتی "ئاسێمیلە"کردن.
هەنگاوێکی دیکە بە کەم سەیرکردنی ڕۆڵی کوردە لە ڕووداوە مێژووییەکان، بە تایبەتی سەردەمی هەر دوو زلهێزی عوسمانی و سەفەوی کە زۆر جار کوردەکان وەک سەرکردەی سەربازی یان والی، موفتی، ڕۆڵی بەرچاویان بینیوە. بەڵام بە دەگمەن یان بگرە هەر تیشک ناخرێتە سەریان. و زۆرجار ئێمە دەبینین کە ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد وەک خواست و ویستی سەربەخۆیی دژی داگیرکاری سەیر نەکراوە، بەڵکوو وەک کردەوەی یاخی بوون و خیانەت و دەرچوون لە قاڵب دراوە، کە ئەمە لەکاتێکدایە کە هەموو ئەوانە بۆ کورد خەباتی ڕەوان و بۆ چارەی خۆنووسین و ویستی سەربەخۆیی بوونە. هەنگاوێکی دیکە نکۆڵیکردنە لە بوونییەت و ڕەچەڵەکی کورد وەک نەتەوەیەکی دیاریکراو لە جۆگرافیایەکی جیاوازدا، کە سەرەڕای بوونی هەزاران بەڵگەی مێژوویی و شوێنەوار بۆ سەلماندنی بوونییەتی کورد لە زێدی خۆیان، بە نموونە لە سەردەمی ئەتاتورک بە کوردەکانیان دەگوت: "تورکی چیایی" کە نکۆڵییان دەکرد لە بوونی ناسنامەی نەتەوەیی کورد یان ئەوەتا "تیئۆری ئاریایی" بوون کە بەداخەوە بەشێکی زۆری ئێستای کورد ئەم تیئۆرییەی پەسەند کردووە و مێژووەکەی خۆی پێ بچووک کردۆتەوە. هەنگاوێکی دیکەی ئەم چەواشەکارییە، سنووری دەستکرد و گۆڕینی بە ئەنقەستی دێمۆگرافیای شوێنە کوردستانییەکانە کە ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن لە داڕشتنەوەی مێژووییەکی ساختە.
هۆکاری مانەوەی نەتەوەی کورد دوای سەدان ساڵ بێدەوڵەتی و پارچە پارچەبوونی خاکەکەی لە چیدا دەبینی؟ ڕۆڵ و دەوری زمان و گۆرانی لە مانەوەی کورددا چی بووە؟
مانەوەی نەتەوەی کورد دوای ئەو هەموو دژواری و نەهامەتییەی کە بەسەریدا هاتوە و سەرەڕای بێدەوڵەتی و دابەشبوونی بەسەر چەندین وڵاتدا جێگەی سرنج و تێڕامانە کە دەکرێت لە چەند هۆکاری سەرەکیدا پۆخت بکرێتەوە.
لێرەدا ڕاستە کە زمان و گۆرانی دەورێکی باڵایان بینیوە لە هێشتنەوەی کورد، چونکە زمان وەک پایەی شوناس دادەنرێت، ئەوەش ڕاستە کە بەکارهێنانی زمانی بێگانە لەنێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە ئێستادا بە تایبەتی لەنێو گەنجان کەم یان زۆر دەبیندرێ، بەڵام بایی ئەوەشمان ماوە زمانەکەمان لە فەوتان بپارێزین و بەرگەی لەمپەرەکان بگرین. و سەبارەت بە مۆسیقا، دەنگبێژی و هونەری زارەکی و چیرۆک گێڕانەوە دەتوانین بێژین کە دەوری باڵایان هەبووە و هەیە و مێژووە بەهاکانیان هەتا ئێستا پاراستوە و تەنانەت لە قۆناغە پڕ دژوار و فشارییەکاندا وەک سەکۆی کلتووری مامەڵەیان کردووە. ئەمانە کە باسمان کرد دەکرێت هۆکاری مانەوەی گەلی کورد بێت و لە هەمان کاتدا دەتوانین لە چەندین هۆکاری دیکەدا چڕی بکەینەوە، وەکوو: بەهێزی پێکهاتە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەنێو کۆمەڵگەی کوردی بە تایبەتی پەیوەندی خێڵەکی. بە بۆچوونی من هۆکاری سەرەکی پێوەندییە خێزانییەکانن، بەجۆرێک کە ڕێژەیەکی زۆری کوردەکان زەماوەد لەگەڵ هاوزمان و هاوخوێنی خۆیان دەکەن و کەمتر تێکەڵی نەتەوەکانیتر دەبن. هۆکارێکی دیکە، جوگرافیایە. ئاشکرایە کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە بوونی ناوچەی شاخاوی و بەرز کە هەر لە دیرۆکەوە تا ئێستا ڕۆڵی باڵایان لە بەرگریکردن لە هێرشە دەرەکییەکان بینیوە، هەر لەم بابەتەوە خاکی کوردستان دەوڵەمەندە بە بوونی نەوت و سامانی سروشتی کە لە ئاکامدا وایکردووە بەشێکی زلهێزە دەرەکییەکان پشتیوانیان بۆ کوردەکان دەربڕن کە ئەوەش دەکەوێتە چوارچێوەی ستراتێژی بەرژەوەندی دەرەکی. و هەروەها بەدرێژایی مێژوو ئێمەی کورد کەم تا زۆر توانیومانە ئامرازی خۆگونجاندن و خۆڕاگری بەکاربهێنین و لەگەڵ گۆڕانکارییە ڕامیاری و کۆمەڵایەتییەکاندا بەر هەڵەستکاری ئاسمیلەکردن ببینەوە و لە ئەنجامی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانمان بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمان ئەگەرچی زۆر جارانیش سەرکەوتوو نەبووین. بەڵام سەرەڕای دووبەرەکی بە هۆی هەبوونی خواست و ئامانجی هاوبەش لە هەر ناوچەیەکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا سەرەڕای نەبوونی دەوڵەت و پارچەپارچە بوونی خاکەکەمان توانیومانە ئەمانە بکەینە میکانیزمێک بۆ پاراستنی خۆمان و هۆکارێک بۆ مانەوەمان.
چیرۆکی شاماران چییە؟
قسە لەسەر کوردانەیی شاماران ناکەین چونکە لە ڕەگ و ڕیشەوە چیرۆکێکە لە ئەفسانە و فۆلکلۆری کوردییەوە سەرچاوەی گرتووە و لە دەوری بوونەوەرێکی ئەفسانەییدا دەسووڕێتەوە و دەتوانین بڵێن کوردانەترین دیمەنی هەیە، شاماران کە واتای "شاژنی مارەکانە" چیرۆکێکە کە بە چەندین شێوە باس کراوە و جارێک بە ئێرانی دەکرێت و جارێکیش تورکی و گەلانیتری ناوچەکەش هەر لایەنە و دەخوازێ بەرگی خۆی پێیدا هەڵواسێ کە بەداخەوە تەنیا کورد نەبێ زۆر جاران نکۆڵی لە بوونی ئەفسانە و چیرۆکەکانی دەکات و لە خۆیدا دایدەماڵێت، شامارانیش بەدەر نییە لەوە.
جابۆیە لێرەدا من بەپێی ئەزموونی خۆم و خوێندنەوەم بۆ چەندین سەرچاوە و ژێدەر بەمجۆرە دەکرێت چیرۆکی شاماران باس بکەم: شاماران کە وەک خواژنی زانایی و بوونەوەرێکی نیوە ژن و نیوە مار وێنا دەکرێت، کە هێمای زانایی و زانست و ژیریی و هێزی عیرفانییە، لە بەهەشتێکی ژێرزەمینیی شاراوەدا نیشتەجێیە کە پڕە لە گەنجینە و جوانی سروشتی. و لێرەدا دەکرێت بپرسین کە چۆن ئەم بوونەوەرە دۆزراوەتەوە؟ تاماسب یان تاماسپ کە داربڕێکی هەژارە ڕۆژێک لە دارستان دەکەوێتە نێو چاڵێکی تەنگ و تاریک زۆر هەوڵدەدا لێی بێتە دەرەوە بەڵام بێسوودە، پاشان دەست دەکاتە کۆڵینی دیواری چاڵەکە و دەیکۆڵێ و تا دەگات بە دەروازەی ئەشکەوتێک، ئەشکەوتێکی پڕ لە مار دەبینێ و مارەکان بە دیتنی بەرەو ڕووی دێن، لەو کاتەدا چاوی دادەخا و لە خودا دەپاڕێتەوە کە ڕزگاری بکات، کە چاوی دەکاتەوە ژنێک دەبینێ کە نیوەی جەستەی مارە و نیوەکەیتری مرۆڤ. خۆی دەناسێنێ و دەڵێ:"من شامارانم، شای مارەکان و هەموو زانست و نهێنییەکانی جیهان دەزانم". ئیدی شاماران بەخێرهاتنی دەکا و تاماسب ماوەیەک لەلای دەمێنێتەوە و بە جوانی و مێهرەبانی شاماران سەرسام دەبێت. ساڵ دێت و ڕۆژ دەڕوات تاماسب بیری ماڵەوە و ئارەزووی گەڕانەوە دەکات، شاماران ڕازی دەبێت بەڵام بەو مەرجەی شوێنی ئاشکرا نەکات، چونکە مەترسی بۆ سەر دروست دەبێت، تاماسپ ئەوێ جیدەهێڵێت و بەڵێنەکەی دەباتە سەر تا ئەو کاتەی کچی پاشا تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن دەبێت و ڕاوێژکاری پاشا بانگەشەی ئەوە دەکات کە تاکە چارەسەر گۆشتی شامارانە، بۆ دیتنەوەشی ئەگەر ئەو کەسەی کە لەگەڵی ژیابێ تەڕ بکرێ پێستی دەگۆڕدرێ وەک پوولەی ماریی لێدێ و ئاشکرا دەبێ کە لەلای بووە بۆیە هەموو گەنجەکانی شار دەخەنە ناو حەوزێکەوە و تاماسبیش بە زۆری هەڵدەدەنە ناو ئاوەکە و تاماسب پێستی دەگۆڕدرێ و دەستبەجێ دەسگیر دەکرێ و لەژێر فشارێکی زۆردا ناچاری دەکەن شوێنی شاماران بدرکێنێ، ئیدی شاماران دێننە لای فەرمانڕەوا، شاماران پێش مردنی دەڵێ: "هەر کەس سەرم بخوا دەمرێ و هەر کەس ناوقەدم بخوا چاک دەبێتەوە و هەرکەس کلکم بخوا ژیری منی پێدەگا" بەو شێوەیە وەزیر سەری دەرخواردی تاماسب دەدا و لە ناوقەدی دەدات بە شازادە و خۆشی کلکی دەخوا، بەڵام شاماران کە دەیزانی وەزیر تووشی ئەو بارودۆخەی کردووە درۆی کردبوو و وەزیرەکە دەمرێ و تاماسب زانایی پێ دەگا و شازادەش چاک دەبێتەوە و فەرمانڕەوا داوا لە تاماسپ دەکات ببێتە وەزیری ئەو، تاماسپیش بە ڕەنگێکی پڕووکاوە کۆشک جێدەهێڵت، بەم شێوەیە چارەنووسیان بۆ دیاریکرا و بەڵام ئەوەی ناوی لەنێو ناوان مایەوە شاماران بوو.
بۆچی نەیاران و داگیرکەران دەیانەوێت شاماران لە کورد داماڵن و بە ناوی خۆیانەوە تۆماری بکەن؟
ئاشکرایە ویستی داماڵینی ئەفسانە و چیرۆک و توخمە کلتوورییەکان لە کورد دەچێتە قاڵبی سڕینەوەی مێژوو و پاڵنەری سیاسی کلتووری، زۆر جاران داگیرکەران ئامانجیان لە هەڵوەشینی کلتووری ئەو ناوچەیە کە داگیری دەکەن بۆ تێکدانی ناسنامەی مێژووییە، ئەفسانەیەکی وەک شاماران کە ناوەخنی دانایی و ژیری لەخۆ دەگرێت، داگیرکەران هەوڵیانداوە بیکەن بە میراتی خۆیان و دووپاتە نووسینەوەی بۆ بکەن و لە بەرژەوەندی خۆیاندا بەکاری بهێنن، کورد چەندین سەددە ڕووبەڕووی سەرکوتکردن بۆتەوە بە تایبەتی زمان و کلتوورەکەی بۆ کەمکردنەوەی هەوڵی سەربەخۆیی سیاسی. هۆکارێکی دیکە ئەوەیە ئەو ناوچانەی کە ئەفسانەی شامارانیان تێدا ناسراوە کوردستان بە هەر چوار بەشەکەی "باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا" لەمێژە کێبەرکێیان لەسەرە و ئەو گەلانەشی ئەو ناوچانەیان کۆنتڕۆڵ کردووە زۆر جار هەوڵدەدەن بانگەشەی میراتی کولتووری ناوچەکە بکەن بۆ بەهێزکردنی شەرعییەتی مێژوویی خۆیان. سەرلەبەری ئەو خۆبەخاوەن زانینەی داگیرکەران، کورد چالاکانە هەوڵ و تەقالای خۆی داوە بۆ پاراستنی چیرۆک و ئەفسانەکانی بە تایبەتیش لە ڕێگەی هونەر و وێژەوە کە نووسەران و شاعیران و هونەرمەندان لە بەرهەمەکانیان شامارانییان وەک هێمایەکی ناوازەی کوردی چاندووە و هاوشانی ئەوانە هونەری زارەکی و زار بە زاری چیرۆکەکەی گەیاندۆتە نەوەی نوێ، و سەرەڕای ئەوەیکە داگیرکەران بەردەوام لە هەوڵی داماڵینی ئەم بەرگە زێڕینە لە مێژووی کوردستان بوونە، بەخۆشحاڵییەوە نەیانتوانیوە لە ئێمەی بستێنن و ئێستاکە وەک هێمایەکی بەهێز و ناسنامەی خۆڕاگری دەوڵەمەندی چاندی کوردی ماوەتەوە.
وێستگە مێژووییەکانی کورد لە خەبات بۆ سەربەخۆیی کامانەن؟
کوردەکان بەدرێژایی مێژوو چەندین جار بە دوای سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی بوون بەڵام هەوڵەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی ئاڵۆزییە ژێئۆپۆلەتیکییەکان و دەسەڵاتە دەرەکییەکان و داینامیکی ناوچەییەوە پووچەڵ کراوەتەوە. بە نموونە: سەردەمی کۆن و ناوەڕاست ماددەکان کە ئیمپراتۆرییەتێکی مەزنیان لە هەگبەتان، هەمەدانی ئێستا دامەزراند کە ئێمە ناتوانین بڵێین بزووتنەوەیەکی سەربەخۆیی بوو، بەڵام هەوڵێکی سەرەتایی بوو بۆ کورد، کە دواتر بەهۆی خیانەتی ناوخۆییەوە لە دوایین پاشای ماددەکان لەلایەن فارسەکانەوە دەسەڵاتیان لێوەرگیرا. هاوکات دەرکەوتنی چەندین میرنشین لە شانۆی میژوویی کورددا کە هەوڵیانداوە لەژیر فەرمانڕەوایی خەلیفەکان و بنەماڵە تورکییەکان دەربچن وەک میرنشینی (حەسنەوییەکان، مەروانییەکان، شەدادییەکان، و ئەیوبییەکان). دواتریش دەرکەوتنی ململانێی عوسمانی و سەفەوییەکان لەسەر خاکی کوردستان لە سەدەی شانزەوە تا سەدەی هەژدە وایکرد میرنشین و دەسەڵاتە کوردییەکانی ئەوکاتە هەوڵی جیددییانە بدەن بۆ سەربەخۆبوون و بەرگرییەکانیان چڕتر کردەوە و هەوڵەکانیش پچڕ پچڕ بوون دووری یەک بوون ئەوەش دەکرێت هۆکاری سەرنەکەوتن بووبێت، هەر چەندە میرنشینەکان تا ڕادەیەک سەربەخۆیی خۆیان هەبوو چونکە خودی خۆیان فەرمانڕەوایی خۆیان و ناوچەکەی خۆیان دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا پاشخانی دەسەڵاتی ناوەندی بوون لە تاران و ئیستەمبوڵ، جێی باسە بەردەوام لەنێو خۆیاندا دوژمنایەتی یەکترینیان دەکرد و کەمکات هەبووە پێکهاتبن و بەیەکەوە هەوڵی سەربەخۆییان دابێت.
بە بۆچوونی من سەرەتای سەرهەڵدان و خواستی سەربەخۆیی لە میرنشینەکانەوە دەستی پێ کرد ئەگەرچی هاوڕاش نەبووبن، بەڵام لە بازنەی دەسەڵاتی خۆیاندا هەوڵی تەواویان داوە. بە نموونە: "میربەدرخان" میرنشینی بۆتان بوو کە بەهۆی هەوڵەکانی بۆ سەربەخۆبوون لە ژێردەستی دەوڵەتی عوسمانی وەک باوکی ناسیۆنالیزمی کوردیش دێتە باسکردن و بۆ یەکەم جار هەوڵیدا لە بازنەی تیرەگەری و تایفەگەری بێتە دەرێ و هەوڵی داوە میرنشینەکانیتر وەک هەکاری بێنێتە سەر ئەو ڕایەی کە سەربەخۆبوونی کوردستان کارێکی پێویستە. لە دوای ئەویش شێخ عۆبەیدوڵڵای نەهری کە وەک یەکەم سەرکردە ناوی هاتوە بۆ دامەزراندنی ویلایەتێکی سەربەخۆی کوردی و پێی وابوو تاکە چارەسەری کێشەی کورد دامەزراندنی کوردستانی گەورەیە و بۆ ئەو مەبەستەش شۆڕشێکی بەرپا کرد کە وەک هەنگاوێک بوو بۆ بوون بە دەوڵەت و سەرەتایەک بوو بۆ سەربەخۆیی.
لە دوای ئەویش چوونی شەریف پاشا بۆ پاریس کە بانگەشەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی کردوە و لەو پێناوەشدا ساڵانێکی زۆر لە ئەورووپا تێکۆشاوە و لە جەنگی یەکەمی جیهانی وەک سەرۆکی شاندی نوێنەرایەتی کورد بەشداری کۆنفڕانسی ئاشتی کرد لە پاریس بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندی بە سمکۆی شکاک و شێخ مەحموود دەکات، بەڵام دواجار ئەم خەونەش نایەتەدی و شەریف پاشاش بێ ئۆمێد دەبێت و دەستبەرداری خەونەکەی دەبیت. و پاشان حکوومەتەکەی شێخ مەحموود لە ساڵی ١٩١٩کە هەڵەبجە و سلێمانی تا دەگاتە ڕەواندز و کۆیە دەگرێتەوە کە زمانی فەرمی کوردی بوو. پاشان ساڵی ١٩٢٠ هەوڵێک هەبوو بۆ سەربەخۆیی کورد لە پەیمانی "سیڤەر" بەڵام دواتر کە پەیمانی "لۆزانی" بەسەردا هات سیڤەر جێبەجێ نەکرا و کوردیش لە نێوان "عێراق، ئێران، تورکیە، سووریە،" دابەش کرا. دواتر شۆڕشی سمایلئاغای شکاک و دوایە دامەزرانی "کۆماری کوردستان" لە مەهەباد لە ساڵی ١٩٤٦ و "کۆماری ئارارات" لە ئاگری لە ساڵی ١٩٢٧ هەوڵەکانی شێخ ئەحمەد لە باشوور و هەوڵەکانی مەلا مستەفا کە بە دوای ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆییە بوون.
لە باشووری کوردستان ساڵی ٢٠٠٥ و دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەددام کورد بە فەرمی هەرێمێکی بەدەستهێنا و لە ساڵی ٢٠١٧ هەوڵی سەربەخۆبوونی دا، بەڵام سەرنەکەوت . لە ڕۆژئاوای کوردستانیش پارتە کوردییەکان ساڵی ٢٠١١ەوە هەتا ئێستا ئیدارەی خۆسەرییان لە سووریادا هەیە.
هۆکاری سەرکەوتوو نەبوونی کورد لە هەوڵدان بۆ خواست و ویستی سەربەخۆیی چییە؟
بێگومان کورد لەپێناو سەربەخۆیی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی بۆتەوە و هیچ جارێکیش لەم هەوڵانەی سەرکەوتوو نەبووە و ئێمە دەتوانین هۆکارەکانی لەم چەند فاکتەرەدا دابڕێژین:
١- هۆکاری سەرەکی ناکۆکی و دووبەرەکیی نێوخۆییە کە دەردێکی کوشندەی نێوماڵی کوردە کە زۆر جاران جیاوازی ئایدۆلۆژی دەگرێتەوە کە سیاسەتی دژ بەیەک بەکاردەهێنن، کەواتە کورد بەبێ یەکڕیزی ئەستەمە بتوانێت دەوڵەتێکی نەتەوەیی یەکگرتوو بنیات بنێ.
٢- پارچەپارچەبوونی خاکی کوردستانە و کورد لە سەرەتای مێژووەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت بە تایبەتی لەلایەن عێراق، ئێران، سووریە و تورکیە کە خاکی کوردستان بەسەریاندا دابەش کراوە و بەهەر شێوەیەک بۆیان ڕەخسا بێت دژایەتی سەربەخۆبوونی کوردیان کردوە. بەو بەهانەیەی کە یەکپارچەیی خاکی ئەوان دەخاتە مەترسییەوە کە خۆی لە ڕاستیتدا هەر ئەوانن لەسەر خاکێکی داگیرکراودان.
٣- نەبوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی. ئەگەرچی لە هەندێک ئان و ساتدا پشتیوانییان لە دۆزی کورد کردووە، بەڵام بێ ئەنجام بووە چونکە تاکتیکی و کاتی بووە، و پاراستنی پەیوەندییان لەگەڵ نەیارانی کورد لەپێشینەی کارەکانییان داناوە. لێرەدا دەکرێت بڵێین ناکۆکی نێۆخۆیی کورد ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە نەگەیشتنی کورد بە سەربەخۆیی و ئەگەر ئەم دووبەرەکییە لەنێو کورددا کۆتایی پێ نەیەت تا ئەبەد ناگەینە مەقسەد.
خاتوو ئەسما سپاس بۆ بەشداریتان لەم دیمانەیەدا و ماندووش نەبن
سپاس بۆ ئێوەش کە ئەم دەرفەتەتان بە من دا بتوانم لە خزمەتتاندا بم.