کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خیانەت بە فەلسەفە و ڕووناکبیری!

12:09 - 18 بەفرانبار 2724

خیانەت بە فەلسەفە و ڕووناکبیری!

(لە پەراوێزی دیبەیتی مەهدی نەسیری و بیژەن عەبدولکەریمی)

شاڕۆخ حەسەن‌زادە

چەند ڕۆژ لەمەوبەر، دوو کەسایەتیی ناسراوی ڕاگەیاندنەکان لە ئێران پێکەوە باسێکیان لەسەر پاشەڕۆژی ئێران و ڕووداوەکانی نێوخۆ و دەرەوە کرد. "بیژەن عەبدولکەریمی" مامۆستای زانکۆ لە بواری فەلسەفەی و "مەهدی نەسیری" ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی هەرکام بە پێی ڕوانگە و لە گۆشەنیگای خۆیانەوە هەوڵیان دەدا پڕۆپاگەندە بۆ بۆچوونەکانیان بکەن. بەڕواڵەت ئەو دوو بەڕێزە هەردووکیان ڕەخنەگری سیاسەتەکانی ڕێژیمن و تەنانەت بەڕاشکاوی باس لە تێپەڕین لەو نیزامە دەکەن.

سەرجەم گوتوبێژەکە نزیک سێ کاتژمێر و نیوە و ئەوەی منی هان دا لەو پێوەندییەدا هەڵوێستەیەک بگرم، دوو ڕوانگەی جیاوازی ئەو دوو بەڕێزە بوو کە وێڕای هەموو ڕەخنەکانیان لە سیستەم و دەستەڵات، ئێستا، داهاتوو و جۆری حاکمییەت، بەهیچ کلوچێک بەلای مافی نەتەوەکان و دەوریان و داهاتوویان، و سەنگ و قورساییاندا نەچوون و لەنێو دوو ئایدۆلۆژی ئەزموونکراودا قەتیس مانەوە.

بە شێوەیەکی گشتی؛ "عەبدولکەریمی"، هەوڵی دەدا وەک فەیلەسووفێک دەربکەوێت و بە قسە و لێدوانی فەلسەفی و بەکارهێنانی چەمک‌گەلی زانستی خۆی هەڵکێشێ و بڵێ؛ من زۆر لەوانە زاناترم و ئەوەی من دەیڵێم ڕاستە. تەنانەت بەڕاشکاوی پللارێک لە نەسیری دەدا و دەڵێ؛ بەداخەوە ئەو باسانە هەمیشە بەو ئاقارەدا دەڕۆن کە من لێی تێ‌ناگەم و خۆزگە دەخوازێ ئەو خەڵکانە ئاستی زانستی خۆیان بەرنە سەر و بە شێوەی زاستی پێکەوە قسە بکەن!

 عەبدولکەریمی سەرەتا بە شێوەیەکی دەستکرد هەوڵ دەدا خۆی بەدوور بگرێت لە سیستەم و پێێ ناخۆشە کۆمەڵگە تانەی لێ‌دەدەن و پشتیان تێ‌کردووە و وەک "بەکرێگیراوێکی حاکمیەتی" پێناسەی دەکەن، لە چەند جێ دەست دەکات بە پاڕانەوە و لە جێێ دیکەش دەبێتە دژبەر! لە شوێنێک دەڵێ: "بەپێی ئەو ڕەوشەی لە دەوروپشتمان هەیە، بەڵێ دەبێ گۆڕانکاری بکرێ، ئەوە بە قازانجی نیزامە، تەنانەت بە قازانجی ئەمنییەتی نەتەوەییمانە، ئەگە ئەو گۆڕانکارییانە نەکرێن و دۆخەکە باش نەکرێت مەترسیی تێداچوون هەیە... ئێمە خوازیاری گۆڕانکارین و تەنانەت خوازیاری گۆڕینی ئەو نیزامەشم!" بەڵام لە درێژەدا چەندین جار تووشی دژوازی دەبێ و هەرجارێ بۆ لایەک شەن دەکا و دەڵێ؛ ئەو ڕێژیمە گۆڕانی بەسەردا نایە و تەنانەت ڕۆژئاواییەکانیش ئەوەیان ناوێ و وەک خۆی دەمێنێتەوە. ئەو دەیهەوێ بەو قسانە ئاوێکی پاک بەدەستی خەڵکی ناڕازیدا بکات و پێیان بڵێ، واز بێنن، دنیا دەگەڵ گۆڕینی ڕێژیم نییە و ئەگە بڕیارە گۆڕانکارییەکەی چاکسازیخوازانەش هەبێ دەبێ هەر بەو هێزە حکوومەتی و ئەمنییەتی و خەڵکی نێوخۆ کە ئەو بە "بەرادەرانی ئینقلابی-شیعە" ناویان دەبا، بکرێ.

ناوبراو بە هیچ شێوەیەک بڕوای بە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە نییە و ڕەنگبێ ئەگەر بۆی بکرێ هەموویان قڕ بکات! سەروبنی قسەکانی عەبدولکەریمی، زۆر زیرەکانە ترساندنی خەڵک لە بەسووریەبوونی ئێران بوو. ئەو مانۆڕی لەسەر ئەوە دەدا ئەگە شتێک ڕووبدات و بۆشایی ئەمنییەتی لە ئاکامی نەمانی دەستەڵات هەبێ، ئەوە کارەسات ڕوو دەدات! پاشان خەڵک وەبیر غەزە و لوبنان و عێراق دێنێتەوە و دەیهەوێ بۆ خەڵک وێنا بکات ئێرانیش وەک ئەوانی لێ دێ و ماڵی هەموومان خراپ دەبێ! بەڵام ئایا ئەم بۆچوونە ڕاستە؟ بڕیارە ڕۆژئاوا هێرش بکاتە سەر ماڵ و سامانی ئەو خەڵکە و لەنێویان بەرێ؟ تەنانەت لە جێیەکدا لە زار بەرپرسانی ئەمنی و سپاییدا دەڵێ، لات و چەقۆکێشەکانی تاران ماڵەکانی باکووری تارانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردوە! بەڕاستی مامۆستایەکی فەلسەفەی زانکۆ ئاگاهانە یان نائاگاهە فریوی درۆ و دەلەسە و پیلانەکانی دامەزراوە ئەمنییەتییەکان بخوات و بەم شێوە نزمە پڕۆپاگەندە بۆ دیکتاتۆر بکات دەبێ ئاستی تێگەیشتنی چەندە بێ و چ ئەخلاقێکی هەبێ؟

لە ڕەوتی مێژوودا بەشێک لە بیرمەندان و فەیلەسووفەکان دە داوی ڕێژیم و دەستەڵاتەکان کەوتوون یان خۆبەخشانە هاوکاریان بوون و زانستی خۆیان خستووەتە خزمەت بەرژەوەندیەکانیان. ئەوان وێڕای ئەوەیکە توانیویانە گۆڕانکاری مەزن لە شێوەی بیرکردنەوە و ڕۆنانی چەمک و مانای تایبەت لە زانستدا بخولقێنن، بەڵام هەڵوێستی سیاسی و پشتیوانییان لە دەستەڵاتەکان بەتایبەت دیکتاتۆر و فاشیستەکان؛ گەورەیی ئەو بیرمەندانەی خستووەتە ژێر پرسیار. یەکێک لە هەرە فەیلەسوفە ناسراوەکانی سەدەی بیستەم، "مارتین هایدگەر" بوو. هەڵبەت نامهەوێ لێرەدا کەسایەتی و زانایی هایدگەر و عەبدولکەریمی پێک بگرم، بەڵام دەوری هایدگەر لە سەردەمی هیتلەری نازی بەو زانستەی هەیبوو بە نەرینی زۆر کەسایەتی و بیرمەندی وەک "ئێدمۆند هۆسرێل" و "کارێل یاسپێرس"، کە لە زۆر شوێندا باسیان لەوە کردووە لەبەر ئەو بۆچوونە سەقەتانەی بەتایبەت لەهەمبەر جوولەکەکان، هیچ کات نایبوورن و لەبواری ئەخلاقییەوە شەرمەزاری دەکەن. ئەوان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە هایدگەر، ڕەگەزپەرستێکی شارەزا بوو.

هایدگەر بە زمانێکی فەلسەفی تایبەت بە خۆی، هیتلەر وەک کەسایەتییەکی ئاوەزمەند و مەزن پێناسە دەکات کە بڕیاری داوە مرۆڤایەتی لە "فەرامۆشیی بوون" ڕزگار بکات! وەک شێوەی بیرکردنەوەی عەبدولکەریمی کە پێی وایە ئەوە خامنەیی و ڕێژیمەکەیەتی لەبەرامبەر "نیزامی سوڵتە" (ئەمریکا و ئەورووپا)دا ڕاوەستاون و ئێمەش دەبێ بە هەموو شێوەیەک لە پشتی بین و نەهێڵین بکەوێت. ئەو بەڕێزە پێی‌وایە ئەوەی خامنەیی دەیکا و دەیڵێ بەبێ بیرکردنەوە نەبووە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیی ڕۆنڕاوە و نابێ پشتی تێ‌بکەین. هایدگێریش لە ٢٧ـی مەی ١٩٣٣ دا لەنێو خوێندکارانی زانکۆی فرایبورگ دا گوتبووی؛ هێڵە گشتییەکانی زانکۆ دەبێ گوێڕایەڵی لە خواستەکانی "پێشەوا" بکا!

لە نزیک سێ کاتژمێر و نیو گوتوبێژەکەدا، سێ چوار جار ناوی کورد هات کە هەردووک لا بەتایبەت عەبدولکەریمی وەک چەکدارگەلێک کە شەڕیان بە نیزام فرۆشتوە یان شەڕخواز و "تەجزیەتەڵەبن" باسیان دەکات. ئەگە "ئێدوارد سەعید" لە "ئۆریەنتالیزم"دا چۆنیەتی ڕوانگە و خۆبەزلزانینی ڕۆژئاواییەکان لەهەمبەر ڕۆژهەڵاتیەکان باس دەکات و لەسەر ئیستعمار و زۆرداریی و لایەنە جۆراوجۆرەکانی دەدوێ، عەبدولکەریمیش ئاگاهانە بە سووکی باسی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد دەکات، بەڵام پێشی وایە دەبێ لەبەرامبەر سیستەمی زاڵ و ئیستعماری نوێدا بوەستین و نابێ ملکەچی بین دەنا وەک "لیڤیاتان"ـی "هابز" سەری هەموولایەک دەخوات! هایدگەریش بە چەمکێک کە لەخۆی وەدەرنابوودەیهەویست بیسەلمێنیت کە جوولەکەکان کاڵ‌فامن و ڕێک لە ڕاستای سیاسەتەکانی ئایدۆلۆژیکی هیتلەری نازی، لەو جێگە و پێگە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەی کە هەیانبوو، بیانهێنێتە خوار هەتا بەستێن بۆ کۆمەڵکوژییان ئامادە بکات. واتە ئەو تێڕوانینە کۆلۆنیالیستییە بە هەمو شێوەیەک بۆ لەنێوبردنی جوولەکە یان دژەجوولەکە وەک ئەو ڕوانگەیەی عەبدولکەریمی لێد ێ کە کوردی پێ کێوی، شەڕخواز و بەلووچی پێ نەخوێندەوار و قاچاغچییە و تورکی پێ بێ مێشکە و ... ئەو جۆرە ڕوانینە بە مەبەستی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن تەنانەت لە هونەر و سینەمای ئێرانیشدا ڕەنگی داوەتەوە. بە واتایەکی دیکە، زانستی ڕۆژئاواییەکانی وەرگێڕاوەتەوە و بە قازانج و مەبەستی تایبەتی خۆی بۆ چەوساندنەوەی نەتەوەکانی دیکەی ئێران کەڵک وەردەگرێ. جا سەیرەکە لەوەدایە، ئەگە ڕێژیمی ئێران بە ڕێبەریی خامنەیی لە بەرامبەر زۆرداریی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بوەستێت، ئەوە بۆ عەبدولکەریمی ڕەوایە و مافی خۆیەتی لەپەنا ڕێژیم بەدژی ڕۆژئاوا بوەستێ، بەڵام ئەگە کورد یان نەتەوەکانی زوڵملێکراو لە بەرامبەر ملهوڕی و جینایەتەکانی ڕێژیم ڕابوەستن و لەپێناو مافەکانیاندا خەبات بکەن، ناڕەوایە و دەبنە شەڕخواز و تەجزیەتەڵەب!

زۆر سەیرە چۆن کەسێک بانگەشەی ئەوە بکات لە بواری زانست دوامین پلەکانی بڕیوە و وەک مامۆستای زانکۆی تاران وانەکانی فەلسەفە دەڵیتەوە دەتوانێ پاساو بۆ مانەوەی سیستەمێکی دیکتاتۆر و درێژەی جینایەتەکانی بێنیتەوە؟ چۆن دەتوانێ ئەوەندە کورت‌بین و بەرژەوەندیخواز بێ؟ بەڕێزیان فەلسەفەی ئەخلاقی ئەفلاتوون و تەنانەت کانتیش خوێندوەتەوە بەڵام لەبیری چووەتەوە. ئەخلاق، لە بۆچوونەکانی ئەفلاتووندا لە لقەکانی سیاسەت و بیرکردنەوەیە، ناوبراو دوای گەنگەشە لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی باسی دادپەروەری تاکیش دەکات کە ئەمەیان وەک ئەخلاق پێناسە دەکات، بایەخەکان لە ڕوانگەی ئەفلاتون لە سێ خاڵ تێناپەڕن: ١. جوانی. ٢. دادپەروەری. ٣. حەقیقەت. کۆی تێگەیشتن لەم سێ خاڵە، خێر و چاکەیە. ئەوەیکە دەڵێ؛ ئەخلاق لە ڕەهەندەکانی جوانییە، مەبەستی لێرەدا بۆ وێنە جوانیی گوڵ نییە بەڵکوو جوانی لە کار و کردەوەی مرۆڤەکانە کە لە ڕوحێکی خەمڵێندراو بە ئاوەزەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەو شێوە ڕوانینە و پاساوهێناوە و دژوازییەی قسەکانی عەبدولکەریمی، بێ‌ئاکاریی ناوبراو دەسەلمێنێت و وادیارە بەرژەوەندییە کەسییەکانی ئیزنی بیرکردەنەوەی لێ‌سەندوە و زانست و ئاوەزی خۆی دۆڕاندوە. ئەو هەست بەبەرپرسیارەتییەی کە دەبێ هەیبی دەکاتە قوربانی و بنەما ئەخلاقییەکانی وەلاناوە و بایەخ بە خواستی خێری ‌گشتی نادات.

ئەخلاقی کانتی کە وەک بۆچوون‌گەلێکی ئاکاری و ئەرک‌مەند بوون، بۆ یەکەمجار لەلایەن "ئێمانۆیەل کانت"ـەوە لەسەر بناغەی ئاوەزمەندی چاخی ڕەوشەنگەری پێناسە کراوە. بە باوەڕی ناوبراو؛ خواستی خێرخوازانە تەنیا بە هۆکاری خۆی وەک بایەخێکی ڕەها سەیر دەکرێ و؛ کردەوەیەک تەنیا کاتێک دەتوانێ خێرخوازانە بێ کە هەست بە بەرپرسیارەتی لە هەمبەر بنەما ئەخلاقییەکانیی لەبەرچاو گرتبێ. لە بەشێکی دیکەدا کانت پێی وایە؛ مرۆڤەکان هیچ‌کات نابێ تەنیا وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێک کەڵکیان لێ وەربگیردرێ بەڵکوو دەبێ هەمیشە وەک خودیی ئامانج چاو لێ‌بکرێن و مرۆڤایەتی خۆی بپارێزیت. بناغەی جیهان‌داگریی کانت لەسەر ئەمە ڕۆنراوە؛ کردەویەک هەتا ئەوکاتەی لۆژیکێکی دژواز نەخولقێنێت، دەبێ بۆ سەرجەم تاکەکان لەبەرچاو بگیرێ.

عەبدولکەریمیش وەک هایدگەر و "کارێڵ شمیت" پاساو بۆ فاشیمزم دێننەوە و دژی دێموکراسیی لیبراڵن کە دواتر لەلایەن قوتابی و دۆستەکانیان تەریق دەکرێتەوە، بەڵام لێرەدا قسەیەکی جوانیش دەکات؛ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و هێنانەوەی ڕێژیمێک کە هەر ئەو خەڵکە ڕووخاندوویەتی ئەوپەڕی گەوجی و نەزانییە و نابێ ڕوو بدات. لە شوێنێکیش دا لەبەرامبەر ئەو هەمووە گەندەڵی و فەسادەی کە نەسیری باسی دەکات و بە ڕەزای پەهلەوی هەڵدەڵێ، دەڵێ؛ باشتر وایە شازادە ئەو سەدان میلیۆن دۆلارەی باوکی دەگەڵ خۆی دزی و بردی بێنیتەوە جا دواتر قسە بکات! بەڵام لە کۆتاییدا بە تەواو مانا ڕوانگەی ئایدۆلۆژی و تەسکی کۆماری ئیسلامی بە نییەتێکی پاکەوە دەردەبڕێ و دەڵێ؛ ئێمە ئوستوورەی مێژوویی وەک عەلی و حوسێنمان هەیە، ڕێبەر و ئایدۆلۆژی و قارەمان (قاسم سلێمانی)مان هەیە، چەک و میدیامان هەیە، هیزی بەسیج هەیە و باسی مەزڵووم بوونی ئێران و فلەستین و تەنانەت ئەمریکای لاتین و ئەفریقاش دەکات! ئەو بەئاشکرا خۆی لەپەنا هێزە ئەمنییەتییەکان دەبینێتەوە و پێیوایە هێزی شیعە و برادەرانی سپایی دەتوانن ئەو نیزامە لەسەر پێ ڕابگرن. عبدولکەریمی نایشارێتەوە و دەڵێ ئەوانەی لە لوبنان و ەفلستین دەکوژرێن مناڵانی ئەم نیشتمانن و لەسەر حەق بوون و ئەو ڕێک وەک قسەکانی خامنەیی و بەرپرسانی سپا لێدوان دەدا. ئەو بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە فیت و بەرهەمی میدیای ڕۆژئاوایی و نیزامی سوڵتە دەزانێ و لەسەر ئەو باوەڕەیە هێزەکانی ئینتزامی ئەگە ئەو چەند کەسەیان نەکوشتبا و کوێر نەکردبا ڕەنگبوو هەزاران و دەیان هەزار کەسی دیکە لە ئاکام بۆشایی دەستەڵات کوژرابان! ئەو پێی وایە تەنیا دەبێ لەگەڵ هێزی شۆڕش یان "بەچەهای ئینقلاب" دەتوانن قسە بکەن و هەر ئەوانیش دەتوانن چارەسەری ئەو دۆخە بکەن ئەوانی دیکە درۆ دەکەن و ڕاسپێردراوی دەوڵەتانی دیکەن بۆ شێواندنی ئێران!

قسەکانی نەسیری کە خۆی وەک ڕۆژنامەنووس و تەنانەت ڕووناکبیر پێناسە دەکات، بەتایبەت باس کردن لە قەیرانە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، ئابووری، نیزامی، کۆمەڵایەتی و کولتووری هەمووی ڕاست و لەجێی خۆیدا بوو. بەتایبەت پرسی داڕمینی سەرجەم هێزە جێگرەوەکانی و کۆتایی دەستەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریە مۆتەکەیک بوو خەونی خۆشی دەستەڵاتی ئاڵۆز کردوە. نەسیری  بوێرانە کێشە و گرفتەکانی هەڵدا، پێێ وابوو کارەستایك جگە لە مانەوە دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوونی نییە و هەرچی دەیکێشین لەدەست ئەو حاکمیەتەیە، دەرگای هەموو چاکسازییەک داخراوە. سیاسەتی دژایەتی دەگەڵ "سولتە ستیزی" شکستی هێناوە و دەبێ دەگەڵ دنیا بەتایبەت ڕۆژئاواییەکان و لەسەرووی هەمووان ئەمریکا ئاش ببینەوە. نەسیری بە ڕاشکاوی باسی لە ڕووخانی ئەو ڕێژیمە دەکرد و بێ سڵ کردنەوە شەخسی خامنەیشی دەکردە ئامانج و هەموو ئەو هەڵە و سیاسەتە چەوتانەی لە ژێر سەری ناوبراو دەزانی.

لە ئاکامدا مەهدی نەسری وێرای ڕەخنە بەجێیەکانی بەداخەوە ڕێگای لێ هەتڵە دەبێ و ناوبراویش ڕاستییەکانی کۆمەڵگە نابینێت و بەهەر هۆکارێک بێ، پێێ وایە دەبێ بۆ ڕابردوو بگەڕێینەوە و دواڕۆژی ئەو جوگرافیایە دەدەست پاشاخوازەکاندا بێ. نەسیریش وەک عەبدولکەریمی باسی مافی نەتەوەکانی نێو ئێران ناکات و بە ڕوانگەیەکی داخراوی دیکتاتۆری هیچ باوەڕێکی بە مافی گەلانی نیشتەجێ لە ئێران نییە و خۆی لە قەرەی ئەو باسانە نادات چوونکە باوەڕی پێ نییە.

لە کۆتاییدا ئەوەیکە شیاوی سەرنجە ئەوەیەکە؛ بە ڕواڵەت ئەو دوو بەڕێزە لە بەرامبەر یەکتر دا ڕاوەستاون، هەرکام بۆچوونێکی جیاوازی هەیە و تەنانەت دژی یەکترن، بەڵام ئەگە منی کورد باسی مافەکانی خۆم لە ناو ئەو وێژمانەدا بێنمە گۆڕ، ئەو دوو کەسە و لایەنگرکانیان پێکەوە لەبەرامبەر ئێمە دەچنە یەک سەنگەر و بە تەواو مانا دژایەتیمان دەکەن. ئەوان ئێستاش پێیان وایە دەبێ لە ناوەند دەستەڵاتی ڕەهایان هەبێ، بە بەزەیی خۆیان خێر بە پەراوێز بکەن، مافی دامەزراندن و بەڕێوەبەری هی ئەوان بێ، جگە لەوە ئەگە دەنگ هەڵبڕین و داوای مافی خۆمان بکەین دەبینە یاغی و جوداخواز! مەخابن ئەم عەقڵییەتە دەمارگڕژەی ناوەندتەوەر لەو قۆنەغەدا یەکتر دەگرنەوە (بۆ وێنە لە بزووتنەوەی ژینا) و وێڕای بە ڕواڵەت قسە جوانەکانیان هیچ باوەڕێکیان بە دێموکراسی و مافەکانی ئێمە نییە و دواڕۆژی نزیکی ئازادیان لێڵ کردوە.