" لە کۆلکە ڕەوینەوە و بەسەر بەرازدا کەوتن "
سمایل شەرەفی
ماوەی چەند مانگێکە یەکێک لەو دەنگە ناڕازی و ڕەخنەگرانەی نێوخۆی وڵات کە ئەلحەق بوێرانە و لێبڕاوانە لە سەروگوێلاکی تەواوەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدات، "مێهدی نەسیری"یە. نەسیری کە ساڵی ١٣٧٠ بە دەستوری عەلی خامنەیی بەڕێوەبەریی ڕۆژنامەی "کەیهان" پێ ئەسپێردرا، لەگەڵ خوێندنی لە حەوزەی عیلمییەی قوم تا دەیەی ٩٠ی هەتاوی وەک کەسێکی نزیک لە ڕێبەری نیزام، نوێنەرایەتیی ناوبراوی لە کاروباری فەرهەنگیدا لەئەستۆ بووە.
مێهدی نەسیری لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی ٩٠دا وردەوردە نێوانی لەگەڵ شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن باڵی بناژۆخوازی دەسەڵاتەوە تێک دەچێ و تا ڕادەیەک لە بەرەی بەناو ڕێفۆرمخوازی دەسەڵات نزیک دەبێتەوە کە نزیکبوونەوە لەوانیش زۆر ناخایەنێ و خۆی گوتەنی دوای سەرکوتی خۆپێشاندانەکانی ١٣٩٨ی هەتاوی، هیوای بە تەواویەتی ڕێژیم لە دەست دەدات. ناوبراو پێش لەسەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا، وێڕای ناڕەزایەتیدەربڕینی بە ئەندازیاریکردنی هەڵبژاردنەکانی ١٤٠٠، ڕاشکاوانە ڕیزی خۆی لە ڕێژیم جیا دەکاتەوە و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا وەک سیمایەکی دیاری میدیایی و سیاسی، و وەک ڕەخنەگرێکی جیدیی ڕێژیم لە میدیاکان دەرکەوت.
نەسیری کە پێشتر نوێنەرایەتیی کەسی یەکەمی ڕێژیمی لە چەند شوێن و ناوەندی فەرهەنگی و میدیاییدا کردبوو و لە حەوزەی ئوسولی فیقهیدا خوێندوویەتی، لە وتوێژ و دیبەیتەکانیدا شارەزایانە و لە هەمان کاتدا بوێرانە دەردەکەوێ و لێبڕاوانە باسی لە تێپەڕین لە تەواویەتی ڕێژیم دەکات. ناوبراو لە ساڵی ١٤٠٣ گەڵاڵەی "لە تاجزادەوە تا شازادە"ی هێنایە گۆڕی و قسەی لە زەروورەتی وتووێژی نێوان ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوە و نێوخۆی وڵات کرد.
نەسیری کە ئێستا بە یەکێک لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێ و زۆرترین دەرکەوتنی لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە و بە قەولی خۆی بە جیدی کار لەسەر گەڵاڵەی "لە تاجزادەوە تا شازادە" دەکات، ئیدیعا دەکات لەگەڵاکەیدا هەموو گرووپێکی فکری و تەشکیلاتی دەتوانن خۆیانی تێدا ببیننەوە. بەڵام کە سەیری تێفکرین، لێکدانەوە و پلانە کارییەکەی دەکەی و لێی ورد دەبییەوە، چەند گرفتی بنەڕەتییان تێدا بەدی دەکرێ کە بریتین لە؛
١- بۆ پاساوی بیرۆکەی "لە تاجزادەوە تا شازادە" لە هەموو لێدوانەکانیدا هەوڵ دەدات وا نیشان بدات کە پاشایەتیخوازی لە ئێران و شەخسی ڕەزا پەهلەوی کە بەردەوام بە "شازادە" ناوی دەبات، لەنێو کۆمەڵگە ناڕازییەکانی ئێراندا زۆرترین لایەنگر و پێگەی هەیە. نەسیری بەم ئیدیعایە دەیهەوێ بڵێ؛ ئەگەر قەرارە دیالۆگێک لە نێوان بەرەی ئۆپۆزیسیۆندا ساز بێت، ئەوە سەڵتەنەتتەڵەب و خودی "شازادە"یە کە دەبێ ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن.
٢- هەر بۆ پاساوی زەقکردنەوەی لایەنی سەڵتەنەتتەڵەب و ڕەزا پەهلەوی، زۆر ناشیانە و لە ڕووی دەمارگرژییەوە هەوڵی پاساودانەوەی کارنامەی پڕ لە سەرکوت و جینایەتی دەسەڵاتی پەهلەوی دەدات، بە جۆرێک کە تەنانەت جاری وایە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ١٣٥٧ دەباتە ژێر پرسیار و پاکانە بۆ حەمەڕەزاشا و نیزامی پەهلەوی دەکات.
٣- لەگەڵ ئەوەی لە شیکردنەوەی گەڵاڵەی "لە تاجزادەوە تا شازدە" باس لە کەوتنە دیالۆگی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکات، بەڵام بە هیچ جۆر خۆی لە هێز و لایەنەکانی سەر بە نەتەوەکان و یەک لەوان کورد و حیزبە سیاسییەکانی نادات کە سەرەکیترین قوربانیانی سیاسەتی دژیگەلیی ڕێژیم و لە هەمانکاتدا بەرانبەر بە سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە خەباتکارترین لایەن بوون و هەن. تەنانەت لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا گریمانەی ئێرانی فدراتیو ڕەت دەکاتەوە و خۆی لە باسکردن لە مافی نەتەوەکان دەبوێرێ.
٤- بەپێچەوانەی خەڵکی ئێران و گەلانی ئەم وڵاتە کە بۆ دوای نەمانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بیر لە بەرەوپێشچوون و بنیاتنانی دەسەڵاتێکی وڵامدەری دێموکراتیک دەکەنەوە، هەموو هەوڵێکی قسەکردن لە گەڕانەوە بۆ مودێلێکی کۆنی پاشایەتییە کە خەڵکی ئێران ٤٧ ساڵ پێش ئێستا ڕووخاندیان و بەداخەوە تووشی دەسەڵاتێکی دیکەی لەو خراپتر بوون.
مێهدی نەسیری و هەموو ئەوانەی وەک بەڕێزیان کەسایەتیی سیاسی لە نێوخۆی وڵات کە بیر لە گەڕانەوە بۆ نیزامی پاشایەتی دەکەنەوە – کە پێناچێ زۆریش بن – ئەگەر دەیانهەوێ لەم قۆناغەدا هاوکاریی بە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران بە مەبەستی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە دەسەڵاتێکی گەلی بکەن، پێویستە وشیار بن و کراوەتر گوێ لە خەڵکی ئێران ڕادێرن و بەچاوێکی واقعبینانەوە لە پرسی نەتەوەکان و داخوازییە ڕەواکانیان بڕوانن.
گەڕانەوە بۆ مودێلی کۆنی حوکمڕانی لە ئێران جیا لە "لە کۆلکە ڕەوینەوە و بەسەر بەرازداکەوتن" شتێکی دیکە نیە و وێناچی خەڵکی وڵات هێندەش بیرەوەریی مێژووییان کوێر بووبێتەوە و ئەو ڕابردووەیان بیر چووبێتەوە.
لە کۆتاییدا وەک لە سەرەتاوە ئاماژەی پێ کرا، وێڕای دیتن و پێزانین بۆ هەوڵ چالاکییەکانی کەسانی وەک مێهدی نەسیری کە لە نێوخۆی وڵات و لە قوڕگی دوژمندا ئاوا بوێرانە بانگەشەی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن و خۆیان بە پشتیوانی خەڵکی ناڕازی لە ڕێژیم لە قەڵەم دەدەن، پێویستە دڵنیایان بکەینەوە کە نەدیتن و حاشاکردن لە پرسی نەتەوەکان و یەک لەوان پرسی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و، خۆگێلکردن لە چارەسەرکردنی ئەو کەلێنە نەتەوەییانەی کە لە ئێراندا هەن، نەکهەر لە قازانجی ئێرانی داهاتوو نیە، بەڵکوو قەیرانەکان قوڵتر و بەرینتر دەکەنەوە.