
٨ـی مارس؛ خەبات بەردەوامە
هەردی سەلیمی
هەشتی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، ڕۆژێکە بۆ وەبیرهێنانەوەی بەردەوامیی خەبات لە پێناوی یەکسانیی ژن و پیاو و هەروەها سڕینەوە و نەهێشتنی هەرچەشنە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی، ڕۆژێک کە لە ١١٥ ساڵ لەمەوبەرەوە هەموو ساڵێ یاد دەکرێتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنان لە هەموو جیهاندا و بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ڕەهەندەکانی ماف، پێشکەوتنی زۆری بە خۆوە بینیوە و ئێستا لە ئاستێکی حاشا لێنەکراودایە. سەرەتای بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ژنان لە جیهاندا زیاتر لایەنی ئابووری و نەهێشتنی ستەمی چینایەتیی دەگرتەوە، هاوکات بۆ مافە سەرەتایییە سیاسییەکانیش ئەم هەوڵانە دەبینران، وەک بەدەستهێنانی مافی دەنگدان و خۆبەربژێرکردن و... بەڵام هەتا هات ئەم خەبات و هەوڵانە وێڕای پاراستنی دەسکەوتەکانی پێشوو و بەردەوامی لەو داوایانە بۆ هەموو شوێنێکی جیهان، هەم لایەنی زیاتری لێ دەرکەوت و هەمیش پەرەی زۆرتری ستاند.
هەر ئێستاش و تەنانەت لە جیهانی مۆدێرنی ڕۆژاواشدا ژنان هێشتا لەگەڵ کۆمەڵێک ستەم و نایەکسانیی زۆر بەرەوڕوون و ئاسۆی گەیشتن بە یەکسانییەکی نەتەنیا ڕەها بەڵکوو ڕێژەیییش هەر بەدەست نەهاتووە. بۆ نموونە هەر ئێستاش دنیای سیاسەت و دەوڵەتداری و... لە پاوانی پیاواندایە، هەنووکەش لە زۆر وڵاتی جیهان و یەک لەوان ئەمریکا ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافی لەباربردنی مناڵ لە شەڕدان. ئەم کێشە و کەموکووڕییانە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە چەند قات زیاترن و بەدەستهێنانی سەرەکیترین مافەکان، زۆر دوورتر دەنوێنن، بەڵام نائەگەر نا، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بەردەوامیی خەباتە.
ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا تەنانەت لە مافی سەرەتاییی هەڵبژاردنی جلوبەرگ و پۆششیشدا بێبەشن و ئەوە ٤٦ ساڵە لەم پێناوەدا خەبات دەکەن و نافەرمانیی مەدەنی بەڕێوە دەبەن. پڕبوونی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لە زیندانییانی ژن و سەپاندنی حوکمی سێدارە بەسەر چالاکانی سیاسیی ژن لەو وڵاتەدا، نیشان لە بەردەوامی و مکوڕبوونی ئەم خەباتەیە. سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و بەئامانجگرتنی گشتییەتی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئێران و بەتایبەتی پرسی حیجابی زۆرەملێ وەک یەکێک لە سوورترین هێڵەکانی ئەم دەسەڵاتە، شایەدێکە بۆ شێلگیریی ئەم بزووتنەوەیە و ڕادەی پێشکەوتن و بەرینبوونەوەکەی؛ ئەم بەردەوامی و پێشکەوتنە گەرەنتییەکە بۆ دەستەبەربوونی کۆمەڵێک دەسکەوتی بەنرخ و لەدایکبوونی کۆمەڵێکی تر داواکاریی نوێ و زیاتر.
لە ئێستای ئێراندا بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنان ڕاستە سەرکوتێکی زۆری لەسەرە و دەسەڵات لە ڕووی سیاسییەوە دان بە پاشەکشێدا نانێ و تەنانەت لە هەوڵی پەسەندکردنی یاسای دژەژنانەی زیاتریشە، بەڵام بەکردەوە ناچار بە پاشەکشێی زۆر بووە. هەر ئەم بابەتەش بووەتە هۆی ئەوە باوەڕبەخۆییی بزووتنەوەی ژنان لەو وڵاتەدا گەشە بکات و شوێنپێی قایمتر بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەوەی ئاماژەیەک بە کوردستان و بزووتنەوەی کوردستان لەم ڕۆژەدا بکرێ، ئەوەش بڵێین کە لە بەشێک لە بزووتنەوەی ژنانی ناوەنددا کە خەمی خاکیان نییە ئەوە دەبینین کە لە بیرۆکەی بزووتنەوە فیمینیستییە لیبرالییەکانی دنیا نزیک دەبنەوە، بۆیە هەندێک لە بەناو چالاکانی ناوەندگەرای مافی ژنان بە ناهەق و ناڕەوا پێیانوایە بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستان، بزووتنەوەی ژنانی خستووەتە ژێر سێبەری خۆی و نەیهێشتووە گەشە بکات، بەڵام ڕێک بەپێچەوانەیە، چون یەکەم ئەوەی کە بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد بە هیچ چەشنێک – لانیکەم لە وێژمانی خۆیدا – پیاوسالارانە نییە و لەسەر بنەمای پاشایەتی و میراتگریی نێرینە و دروشمی وەک "مرد، میهن، آبادی" دانەمەزراوە و هەوڵ دەدا لەگەڵ ڕزگاریی نەتەوەیی، هەموو زنجیرەکانی دیلیی دیکەش بپچڕێنێ. زۆربەی زۆری ژنانی کورد توانیویانە دووانەی هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ستەمی ڕەگەزی و نەتەوایەتی لە دەروونی خۆیاندا جێگیر بکەن و لە یەک ڕێوە هەنگاو بۆ گەیشتن بەو ڕزگارییانە هەڵێنن. ئەمە مێژووی خەباتی سیاسیی کوردستان نیشانی داوە و ئەم مێژووە شایەدە بۆ ئەوەی ژنان لەم پرۆسەیەدا نەتەنیا پەراوێزخراو و قوربانی نەبوون، بەڵکوو لە ئەکتەرە سەرەکییەکان بوون. لێرە بزووتنەوەی ژنان تایبەتمەندیی بزووتنەوەی فیمینستیی دژەداگیرکاریی پێوە دیارە، بۆیە بە شێوەی هاوتەریب و هاوکات هەموو ڕەهەندەکانی دەسەڵات و باڵادەستی ڕەد دەکاتەوە و لەدژی ڕادەوەستێ.
وەک باس کرا هێشتاش ژنان لە هیچ کوێی ئەم گۆی زەوییە بەو مافانەی وا شیاویانە نەگەیشتوون و ڕێیەکی پڕهەورازیان لە بەردەمدایە، لە هەندێک شوێن زیاتر چوونەتە پێش و لە هەندێک شوێنیش جارێ دارەدارەیانە و لە سەرەتای ڕێبڕیندان؛ لەم ڕۆژەدا کە ڕۆژی جیهانیی ژنە وێڕای بەرزنرخاندنی خەباتی هەموو ژنان لە هەموو جیهاندا، هیوا دەخوازین و دڵنیاشین لەوەی ئەم ڕەوتە هەتا گەیشتن بە دوامزڵی مەبەست هەر درێژەی دەبێت.