کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شێرپەنجە لە ئێران قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتییە

12:31 - 20 رەشەمه 2724

لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی تەندروستیی رێژیم ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی ٢٠١٦ نزیکەی ١٢٥ هەزار حاڵەتی شێرپەنجەمان لە وڵاتدا هەبووە و ئەم ژمارەیەش لە ساڵی ٢٠٢٥ دەگاتە ١٥٠ هەزار حاڵەت و لە ئێستادا ٢٥٠ هەزار توشبووی شێرپەنجە لە ئێراندا هەیە و ساڵانە ٥٥ هەزار کەس بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدەن و ٩٥٪ی ئەوانەی تووشی دەبن ئافرەتن. هەروەها ٥٠٪ی شێرپەنجەکان دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت و لە کۆی ١٢٢ هەزار حاڵەتی مردنی پێشوەختە کە لە خوار تەمەنی ٧٠ ساڵی لە ئێراندا هەیە ٣٤ هەزار کەسی بەهۆی شێرپەنجەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

لە کۆمەڵگایەکدا کە شێرپەنجە وەک یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن ناسراوە، لە پاڵیدا هەژاری، کاریگەریی لەسەر ژیانی نەخۆشەکان و خێزانەکانیان داناوە، و بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ٦٨٪ی تووشبووانی شێرپەنجە ڕووبەڕووی تێچووی چارەسەری قورس دەبنەوە. بە جۆرێک کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی داهاتەکەیان بۆ چارەسەرکردن و دەرمان خەرج دەکەن. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە ٥٠٪ی خەرجی پزیشکی لە ئێران لە گیرفانی خودی خەڵکەوە دەدرێت و زۆرێک لە بنەماڵەکان بەهۆی بێ توانایی ماڵی و داراییەوە ناتوانن لە پرۆسەی بەردەوام بن.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە دەرمانی نوێی شێرپەنجە، وەک ئیمونوتراپی و تارگتتراپی کە تێچووی هەریەکەیان لە نێوان ١٠ بۆ ١٠٠ ملیۆن تمەنە، و بیمە نایانگرێتەوە و چینی کرێکار و فەرمانبەر توانای دابینکردنیان ئەم دەرمانانەیان نییە.

تەنانەت دەرمانە سادەکانیش ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی بێوێنە بوونەتەوە، هەندێکیان تا ٣٥٠٪ گرانتر بوون و ئەم حاڵەتانە وای کردووە زۆرێک لە نەخۆشەکان بەتایبەتی لە ناوچە بێبەشەکان هەر لە سەرەتاوە واز لە چارەسەرکردن بهێنن.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە گەمارۆ و کێشە گومڕکییەکان دەستڕاگەیشتن بە دەرمانی پێویستیان قورس کردووە. هەندێک لە دەرمانەکان بۆ چەند مانگێک لە گومڕک دەمێننەوە و تەنانەت ڕەنگە وادەی بەسەرچوونیان تێپەڕیبێت. جگە لەوەش ئامێرە پزیشکییە پێشکەوتووەکان، وەک ئامێری چارەسەری تیشکی(ڕادیۆتراپی)، بەهۆی کێشەی ئیداری و داراییەوە لە گومڕکەکاندا گیریان خواردووە. ئەم کێشانە وای کردووە نەخۆشەکان لە وەرگرتنی چارەسەری گونجاودا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ ببنەوە.

هەروەها بیمەی تەندروستی نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی کاریگەر پشتگیری نەخۆشانی شێرپەنجە بکەن. زۆرێک لە دەرمان و چارەسەرە نوێیەکان بیمە نایانگرێتەوە، ئەمەش وادەکات کە نەخۆشەکان تێچووی زۆری دەرمانەکان لە گیرفانی خۆیانەوە بدەن و زۆر جار بنەماڵەکان بۆ دابینکردنی دەرمان ناچارن ماڵ و ماشینی خۆیان بفرۆشن.

جگە لە کێشەی دارایی، تووشبووانی شێرپەنجە و خێزانەکانیان ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەروونی و کۆمەڵایەتیش دەبنەوە. گوشاری دەروونی بەهۆی تێچووی پزیشکییەوە، ترس لە داهاتوو و نیگەرانی لەبارەی داراییەوە دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تەندروستیی دەروونی نەخۆشەکان هەبێت و بەرەو لای نەخۆشی خەمۆکیان ڕابکێشی.

لەم دۆخەی ئێستادا کە گەندەڵی و ناکارامەیی و هەڵاواردن توانای بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی لە دەسەڵات سەندووە و شێرپەنجە و هەژاری دوو قەیرانن کە کاریگەری جددییان لەسەر ژیانی هەزاران بنەماڵەی ئێرانی بە تایبەت لە ناوچە بێبەشەکان داناوە.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە، ڕێوشوێنی بەپەلە و هەمەلایەنە پێویستە. وەکوو باشترکردنی دۆخی بیمە، باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان، زیادکردنی هۆشیاری گشتی، و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرەکان کە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە باشترکردنی دۆخی نەخۆشانی شێرپەنجە لە ئێراندا.