کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ خاکیپۆش؟ بۆ نەورۆز؟

09:04 - 21 رەشەمه 2724

بۆ خاکیپۆش؟ بۆ نەورۆز؟

 

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

جارێکی دیکە وڵات بەرەو بەهارێکی دیکە دەڕوات، جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان پێش ئەوەی بەهار بێت، بەرەو پێشوازی نەورۆز چوون، و ئەو پێشوازییە ئەو کاتە دەستی پێکرد کە خەڵک بە لەبەرکردنی لیباس خاکی لە شایی و کۆبونەوەکانی خۆیاندا ویستیان ئەو هاودڵی و هاوهزری و تەنانەت هەماهەنگییەش لەگەڵ یەکێک لە گرینگترین شوناس و هێما و کاراکتەری سەرەکیی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان واتە "پێشمەرگە" نیشان بدەن.

هەر زووش بە دوای ئەو چالاکییە پڕ جۆش و خرۆشانەدا ناوی نەورۆزی خاکی‌پۆشانیش هاتە سەر زمان  کە ئێستا ئیدی هەموو کەشی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی داگرتوە. لە وەها دۆخێکدا هەڵوێستە کردن لە سەر ئەو پرسیارەی بۆ خاکیپۆش؟ بۆ جامانە؟ بۆ نەورۆز؟ دێتە ئاراوە. ئەو هەڵوێستەکردنە تێڕامانێکە بۆ زیاتر تێگەیشتن لە دۆخی کۆمەڵگەی وشیار و زیندووی ئێمە بۆ ئەوەی ئاراستە و چۆنیەتیی هەنگاوەکانی داهاتووشمان ڕوون بکاتەوە.

ئەوەی کۆمەڵگەی وشیاری کوردستان بۆ نیشاندانی هاوسۆزییەکی ڕاسیوناڵانە لەگەڵ بزاڤی ڕزگاریخوازی و کاراکتەرێکی وەک "پێشمەرگە" دەستپێشخەری دەکات و دەیکاتە ئەکتێکی شوناسخوازانە و تەنانەت بۆ جێبەجێ‌کردنی ئەوەی لە دەستی هاتوە دەیکات و تەنانەت بە نرخی ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ دەزگای سەرکوتگەری دەوڵەتی داگیرکەر دەیکات ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە کوردستان بڕیاری خۆی داوە و دەیهەوێ خزمەت بە هزر و ئامانج و تێڕوانینی "پێشمەرگە" بۆ نیشتمان بکات. ئەوە لە لایەک کاریگەریی خەباتی کوردی لەسەرە، لە لایەکی دیکە نیشان دەدات کە خۆی خاوەن خەباتە و دەیهەوێ بە بەهێزییەوە بگوازێتەوە بۆ داهاتوو.

ئەوە یەکێک لە نیشانەکانی ماتەوزەی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ ڕزگاری و تەنانەت دەسەلمێنێ کە ئامادەیی زۆری تێدایە کە ماتەوزە بگۆڕێ بۆ  ئەکت و لە چاوەڕوانیدا خۆی قەتیس نەکات و ببێ بە بکەر. ئەوە پەیامیشە بۆ هێزە سیاسەکان بۆ پێشمەرگە و ڕێکخەری پێشمەرگە کە ئەوان تەنیا نین و، ڕێککەوتنی ئەمنیەتیی نێوان وڵاتان ناتوانێ هێزێکی وەک پێشمەرگەی وڵات بە ئاسانی وەلا بنێ، چونکە کۆمەڵگەیەکە بە هزرێکی پێشمەرگانە بیر دەکاتەوە و خولیای ئازادییە.

لە سەر وەڵامی پرسیاری بۆ نەورۆز، زۆر ئاسانە نەورۆز و هەموو بونەکانی دیکە و تەنانەت هەر دەرفەت و کەلێنێک کە ڕێک دەکەوێ دوو کورد پێک دەگەن و شان لە شانی یەکتر بدەن، دەبێتە کردەوەیەکی سیاسی، چونکە کورد سیاسی لە دایک دەبێ، سیاسی دەژی و سیاسییش دەمرێ، چونکە شەڕی مان نەمانی خۆی دەکات و ئەو شەڕە تەنیا لە لوولەی تفەنگی پێشمەرگەدا نیە، ئەو شەڕە لە ڕؤنانی هزری پێشمەرگە لە مێشکەکاندا دەست پێ دەکات، لە خۆشەویستی و خولیای ئازادبووندا دەبیندرێ، لە پاراستنی هێما نەتەوەییەکاندا هەیە، لە هەوڵ بۆ بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوەیی دەردەکەوێ، لە کار بۆ بەرجەستەکردنی کەلتوری کوردانە و پاراستنی تەنانەت ژینگەی کوردستاندا دەبیندرێت، لە ئاخاوتن فێر بوون و فێرکردنی زمانی دایکیدا بەرچاو دەکەوێت و هەمووی ئەو هەوڵانە شەڕی مانی کوردیان تێدایە کە ڕووبەڕووی سیستەمی سڕینەوەی نەتەوەی دەزگایەکی قاشیستی دەوڵەتی داگیرکەرە کە بۆ سەدان ساڵە هەوڵی بێ وچانی بۆ دەدات و تەنانەت هەبوونی خۆی وەک دەوڵەت لە نەبوونی ئێمەی کورد وەک نەتەوەو و نیشتمانێکی ئازاد وەک کوردستان دەبینێتەوە و کاری بۆ دەکات.

بێ‌گومان لە دۆخێکی وەها هەموو دەرفەتێک کە دێتە پێش بە نەورۆزی نوێبوونەوەی سروشت لە داوێنی شاخەکانی کوردستان دەبێتە مەکۆیەک بۆ خاکی‌پۆشان کە نیشان بدەن ئەو خاکەن کە بزوتنەوەیەک سەوز دەکەن و پەرەی پێ دەدەن. لە هەمووی گرینگتر پێکەوە خاکی‌پۆش پێکەوە لە نەورۆز، هەوڵی پێکەوەبوونێکە کە دەیهەوێ خەبات پێکەوە بیکات بە خەباتی هەمووان، بۆ ئەوەی سەرکەوتن مسۆگەر بکات بۆ ئەوەی لە داوێنی شاخ بێینە خوارەوە، بۆ نێو کۆڵان و شەقامەکانی شار و لە سەنتەرەکانی شار واتە لە چەقی حوکمڕانیدا کە ناوەندی شارە پێکەوە ئاڵای کوردستان بەرز بکەینەوە تا نیشان بدەین ئێمە ئەگەر بۆ ساتێکیش بێ کە کۆ دەبینەوە لە داوێنی شاخ و بە ئازادی جامانەی لە مل دەردێنین و لە چۆپیدا ڕایدەوشێنین کە دوژمن ناتوانێ پێشی پێ بگرێ، لەوانەشە لە مەیدانی سەرەکی و نێوەڕاستی شاریشدا ئەو ساتە ئازادییەی خۆمان بیکەین بە ڕۆژ و ساڵ بۆ هەمیشە بەردەوامی پێ بدەین.

نەورۆزی خاکی‌پۆشان پێمان دەڵێ بەو ئاگرەی لە شاخ هەڵدەکرێ، دەکرێ تین و گەرمی شۆڕش بداتە شارێک و ئازادی شین بکات، ئەوە پەیامی سەرەکییە کە هەموومان دەبێ وەری بگرین و تێبگەین و کاری بۆ بکەین و پێکەوەش گەورە و گەورەتری بکەین چونکە پێکەوە سەردەکەوین.