کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێیانەی نەورۆز، جامانە و جلی خاکی

12:10 - 23 رەشەمه 2724

سێیانەی نەورۆز، جامانە و جلی خاکی

 

دڵشاد هەورامی

زانایانی مێژووی مرۆڤایەتی پێیان وایە مرۆڤی وشیار پێش ئەوەی پێکهاتەیەک بە ناوی زمان بۆ پەیوەندی دابهێنێت، لە ڕێگای هیماکانەوە (نماد) مەبەست و ویستی خۆی دەربڕیوە. ئەمە بەو واتایە دێت لە شوێنێک کە زمان گۆ ناگرێ، هێما و نمادەکان دێنە گۆ و دەبنە هەڵگری پەیام و نێوەرۆک. بەتایبەتیش ئەو کاتەی دیکتاتۆرەکان دەرفەتێک بۆ دەربڕین و ناڕەزایەتی ناهێڵنەوە. 

یەکەم قوربانیی لە قاڵبدانی کۆمەڵگە بە شێوەی دڵخوازی دیکتاتۆر لە گشت ڕۆژگارەکاندا  ئازادی ڕادەربڕین بووە. حکومەتە دژە خەڵکییەکان باجی قورس لە سەر ئازادی قسەکردنی مرۆڤەکان دادەنێن و دۆخێک دەسەپێنن کە دەتوانین بە  لاڵکردنی کۆمەڵگە ناوی ببەین. بۆیە لە سەردەمی بێدەنگکردنی کۆمەڵگە و لە نەبوونی ئازادی و لەو شوێنەدا کە زمانەکان لاڵ دەکرێن، کۆمەڵگە دەست بە داهێنان و هێماسازی و بە سیاسی‌کردنی هیماکان دەکا. 

 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا، جۆری پەچە گرتنەوە و ڕەنگی ڕەشی جلوبەرگی فیداییەکانی حەسەن سەباح لە بەشێک لە فەلاتی ئێراندا ببوون بە نمادی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی سەلجوقییەکان. لە شەستەکانی زاینیدا کڵاوە بە ئەستێرە نەخشێندراوەکەی سەری چەگوارا لە سەرانسەری دنیادا سیمبول و نمادی مارکسیزم و جوڵانەوەی چریکی چەپ بوو. ڕەنگی سوور و تەنانەت سمێڵی ئیستالینی بە درێژایی چەند دە ساڵ لە وڵاتانی دژ بە جەمسەری چەپ، نمادی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات و سیستمی سەرمایەداری بوون. خاج و تاج و شمشێر و تەنانەت دار و گوڵ و باڵندەش لە سەردەمە جیاوازەکاندا وەک هیما و نمادی سیاسی بەکار هاتوون و هەڵگری پەیام و نێوەرۆکێک بوون کە بەکارهێنەرانیان هەوڵیان داوە بەرامبەرەکانیان هەر لە خۆییەوە تا دوژمن بە زمانی بێ زمانی تێ‌بگەیەنن.

هیما نەتەوەیی و وێمانەکانی کورد

هێما نەتەوەیی و سیاسییەکان بۆ نەتەوەیەکی مافخواز و خەباتکاری وەک کورد ڕۆڵی گرینگیان لە یەکگرتوویی نەتەوەیی و بەرەوپێش بردنی خەباتەکەیدا هەیە. سێیانەی نەورۆز، جامانە و جلی خاکی کە ئەمڕۆ بوون بە هێمای خەباتی ڕێزگاریخوازانەی ئەم گەلە، هەر کام بە ڕێچکەیەک لە مێژوویەک تێکۆشانی ئەم نەتەوەیەدا هاتوون و ئەمڕۆ بوون بە نمادی بەرگری و یەکگرتوویی و شۆڕش.

نەورۆز

نەورۆز جێژنی ڕزگاریی گەل لە دەست تاریکی و سەرما و بەفری زستانە. لە کوردستانی کوێستاندا، سێ مانگەی زستان دەرفەتی چوون بۆ دەشت و دەر و خەڵک ناچارن لە ماڵ و ئاواییەکانیاندا دیلی دەستی سرووشت بن. نەورۆز کرانەوەی بەندی ئەو یەخسیریەیە. بەو واتایە ئەم جێژنە هەر لە خۆیدا جێژنی ئازادی و ڕزگاری لە ژێردەستەییە. لە دێر زەمانەوە گەلێک چیڕۆک و ئەفسانە و ئۆستوورە وەک هێمای بەگژداچوونەوە دژ بەو ستەمەی سرووشت ساز کراون تا کۆڕی دیلی لە سەخڵەتی زستانی پێ گەرم بکەن و هیوا بە ئازادی و کۆتایی زستان لە دڵاندا زیندوو ڕابگرن. هەر بۆیەش ئەو جێژنە بۆ نەتەوەی بندەستی کورد زیاترین پۆتانسیەلی بۆ بە سیاسیکردن و بەگژداچوونەوەی داگیرکەر هەیە. ڕەنگە یەکەمجار لە باشووری کوردستان بوو کە ئەو جێژنە ڕەنگ و بۆی نەتەوەیی - سیاسی بە خۆیەوە گرت. محەممەد ڕەسوڵ (هاوار) دەڵێت: پیرەمێرد بەهێزترین هۆ بووە بۆ گێڕانی ئاهەنگی نەورۆز و بوژاندنەوەی. پیرەمێرد بیرمەند و بژاردەی دیاری سەردەمی دوای ڕوخانی ئیمپراتوریی عوسمانی، باش لەوە تێگەیشتبوو کە کورد بۆ نەفەوتان و نەتوانەوە لەنێو نەتەوەکانی دراوسێیدا دەبێت هێما و شوناسی تایبەت بە خۆی هەبێت.

حکوومەتی تورکیا کە بە هەموو جۆر هەوڵی تواندنەوەی کوردی دەدا، ڕێگای لە نەورۆز و هەموو هێما نەتەوەییەکانی ئەم گەلەش دەگرت. ئەوە بوو کە بە تایبەت لە دەیەی ٨٠ی زایینیدا نەورۆز لە باکوور بوو بە هێمایەکی زۆر بەرزی نەتەوەیی. ئەمە بەتایبەت لە زیندانەکانەوە سەری هەڵدا و بەندکراوە کوردەکان و لە سەرووی هەمووانەوە مەزلووم دۆغان لە ڕۆژی نەورۆزی ١٩٨٢ بۆ ڕاگرتنی ئەو نەریتە، ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا. 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو هۆیە کە نەورۆز جێژنی هاوبەشی هەموو گەلانی نیشتەجێی‌ لە سەر فەلاتی ئێرانە و لە ئێرانیشدا جێژنێکی دانپێدانراو و فەرمییە، هەتا دەیەی ٨٠ی هەتاوی بەشێوەی ئاسایی بەڕێوە دەچوو. بەڵام لە نێوەڕاستەکانی دەیەی دووهەمی هەشتا بە دواوە یەکەم جێژنی بەرینی نەتەوەیی لە ڕەبەت، بە بەشداریی هەزاران کەس سیمایەکی نەتەوەیی و سیاسیتری بەو جێژنە دا. لەو ساڵە بەدواوە گوند بە گوند و شار بە شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگوڕتر و سیاسییانەتر بەرەوپیری نەورۆز دەچن. تا ئاستێک کە نەورۆزی ١٤٠٣ شاهیدی یەک لە بەرینترین، نەتەوەییترین و سیاسییانەترین نەورۆزی ڕۆژهەڵات و کوردستان بووین. 

 شێوە و سەبکی بەرێوەبردن، بەشداریی بەرفراوانی خەڵک، کەڵک‌وەرگرتن لە هیما و نمادەکانی شۆڕش، ئەو هۆکارانەن کە نەورۆزی کوردی وەک جووڵانەوەیەکی دژی کۆلۆنیالیستی لە نەورۆزی نەریتی گەلانی ناوچەکە جیا کردووەتەوە. 

جامانە و جلی خاکی

لە سەردەمی ئێمەدا شەڕی ئەساتیری ڕووناکی و تاریکی لە پێکدادانی دیکتاتۆرەکان و ئازادیخوازندا ژیاوەتەوە. لەو دەوڵەتانەدا کە بە زەبری چەک و زیندان و سێدارە بەرێوە دەچن، خەڵک هەمووکات ڕێگایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی یاسای دیکتاتۆر و شکاندنی بێدەنگیی داسەپاوی سیستمی خۆسەپێن دروست دەکات. بە واتایەک خەڵک ڕووبارێکە کە ڕێی خەباتی خۆی دەدۆزێتەوە، ڕووبارێک کە مان و بوونی گرێدراوی نەوەستانە. 

لەنێو کورددا جامانە و جلی خاکی لانیکەم سێ چارەکە سەدەیە بە بەژن و باڵای ژن و پیاوی پێشمەرگەی کورد بڕاون. ئەو دووانە وەک بەشێک لە شوناسی ئەو هێزە شۆڕشگێرە، بوونەتە ئەکتی سیاسیی کۆمەڵگەی مافخواز و شۆڕشگێڕی کوردستان بۆ پشتیوانی لە ڕۆڵە پێشمەرگەکانی خۆیان و بوونەتە هێمای بەرگری و ڕاپەرین و نا گوتن بە دەسەڵاتی داگیرکەر.

بە درێژایی ئەو ساڵانە کە خەباتی چەکداری و پێشمەرگانە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادا بووە، پێشمەرگە وەک پاڵەوانێکی نەتەوەیی بینراوە و لای میللەتی خۆی ئازیز و پیرۆز بووە و هەیە. ئاوردانەوە لەو سەردەمە نە زۆر دوورانە و بیرخستنەوەی ئەو داستان و شێعر و سروودانە کە پاڵەوانەکانیان پێشمەرگە بوو، ئاستی خۆشەویستی و گەورەیی پێشمەرگەمان لە دڵی نەتەوەکەیدا بەسانایی بۆ دەستنیشان دەکات.

ئاساییە کە پێشمەرگە بەو پێگە و ئیعتیبارە زۆرەوە ببێتە پاڵەوانێکی شکۆمەند. پاڵەوانێک کە هۆگرانی شانازی بە وەک ئەو بوونەوە بکەن و ئەم وەک ئەو بوونە و وەک ئەو پۆشینە بکەن بە پەیامێکی بەهێز ڕوو بە دەسەڵاتی داگیرکەر و فاشیستی بێگانە. دەسەڵاتێک کە هەموو هەوڵی خۆی بۆ لەنێوبردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان داوە و سەر نەکەوتوە.

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی خاڵی وەرچەرخان و سەرەتای قۆناخێکی نوێ لە مێژووی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. قۆناخێک کە ویست و داخوازییە نەتەوەیی و ئینسانییەکان بەربەستی ترس و تۆقاندن دەبڕن و دەبنە بەشێک لە وتار و باس و خواستی ئاشکرا و پێداگرانەی  کۆمەڵگە. تایبەتمەندیی هاوبەشی گشت شۆڕش و جووڵانەوە خەڵکییەکان پاشەکشە نەکردن و نەگەرانەوەیانە بۆ دۆخی پێش شۆڕش. نەورۆزی ١٤٠٣ کە بە سیاسیترین و نەتەوەییترین نەورۆزی ڕۆژهەڵات دادەنرێت، بە دڵنیاییەوە کاریگەریی زۆری شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پێوە دیار بوو.  

بەشداری و چالاک‌بوونی ژنان لە ڕێکخستن و بەرێوەبەری نەورۆز، کردنەوەی ئاگری نەورۆز بە دەستی دایکان و خۆشکان و کەسوکاری شەهیدانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان و گوتنەوە و خوێندنەوەی سروود و شێعری بەرگری ئەگەر پێش شۆڕشی ژینا وەک نموونە دەبینران، ئەوە لە نەورۆزی ١٤٠٣ هەموو کوردستانیان گرتەوە.

بەرێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان دەسکەوتیکی نەتەوەییە کە کوردی ڕۆژهەڵات نرخی قورسی لە پێناودا داوە. نەورۆز ئێستاکە هەناسەیەک ئازاد ژیان و سەکۆیەکی بەرزە کە لێیەوە هاواری یەکگرتوویی و یەکدەنگی و لەوەیش زیاتر، بانگی بەرزی ئازادیخوازی بە ڕووی ڕەش و ڕووشی داگیرکەر و جاشەکانیدا دەدات. 

سێیانەی نەورۆز و جلی خاکی و جامانە بەپێچەوانەی ئەوەی لە سەدەی بیستەمدا بە هێما بێگانەکانی وەک ئەستێرەکەی گیڤارا و ڕەنگە سوورەکەی سۆڤییەت و ڕیشە درێژەکەی بانگخوازە ئیسلامییەکان و... دەکرا، بانگەواز و  مانیفیستێکی تەواو کوردی و نەتەوەییە. هەر ئەوەندە کە ئەم هیما و نمادانە داهێنان و دڵخوازی کۆمەڵگەی کورد و تەواو وێمانەن (خۆمانەن) بەسە بۆ ئەوە کە نابێ هیچ هێز و تاکێکی کورد مۆڵەت بە خۆی بدا ئاماژەی پرسیاریان  لەسەر دابنێ. گرتن و هەڕەشە و پیلانی داگیرکەر دژ بە خەڵک، بە تاوان و مەترسیی پێناسەکردنی کەلک‌وەرگرتن لەم نمادە کوردیانە لە بۆنەکاندا بەسە بۆ تێگەیشتن لە درووستی و نەتەوەیی‌بوون و حەقیقەتی پشت ئەم بزووتنەوە پێشرەو و تەواو کوردانە.

پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی گەشەسەندنی بیری نەتەوەیی و سەروەریخوازیی کورد بە سیانەی نەورۆز و جامانە و جلی خاکییەوە نەوەستاوە و ناوەستێت. ئەم جوڵانەوە نەورۆز بە نەورۆز زیاتر  پەرە دەسێنێت و بۆ یەکەم جار وەک بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و شوناسخوازانە تا پارێزگای ئیلام پەلی هاوێشتوە. نەورۆز ئێستا جوڵانەوەیەک فرە ڕەهەند و بە واتای ئەمڕۆیی هیبریدییە. گرینگیدان بە داخوازییە نەتەوەیی و سیاسییەکان، پارێزگاری‌کردن لە فەرهەنگ و کولتوور و بەها مێژووییەکان و پاراستنی ژینگە و هاوکات چەندین پرس و هاوکێشەی دیکە لە خۆ دەگرێت.

ئەرکی بزووتنەوەی ڕزگاریخواز و بەرەی سیاسی و شۆڕشگێری کورد پشتیوانی‌کردن و بە هاناوەچوونی ئەم بزاڤە کوردانە و وێمانەیەیە. بوون بە دەنگ و ڕەنگ و باڵوێزی خەڵکی نێوخۆ، گواستنەوەی ویست و داخوازیەکانیان بۆ ناوەندە جیهانییەکان و دۆزینەوەی پشتیوان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەتوانن بەشێک بن لەو ئەرکانە کە دەبێت حیزبە سیاسی و کەسایەتییە ناسراوەکانی کورد لە گشت بوارەکاندا بە گیانی دڵ بە ئەستۆیان بگرن.