
ئهنجومهنی ژن، ژیان، ئازادی له ئاڵمان نامهیهکی سهرئاوهڵای بۆ سهرۆکی باڵای ئاڵمان ناردووه که تێیدا ئاماژه به وتهکانی موحسێن ڕهفیقدووست، وهزیری پێشووی سپای پاسداران و ڕۆڵی ڕاستهوخۆی ڕێژیمی ئێران له تێرۆری دژبهرانی خۆی کراوە و خوازیاری ههوڵی بهپهلهی دهوڵهتی ئاڵمان لهمهڕ ههڕهشهکانی ڕێژیم و ناساندنی سپای پاسداران وهکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بووە.
له نامهی ئهنجومهنی ژن، ژیان، ئازادیدا هاتووه که ئێمه قسهکانی ئهم دواییانهی موحسێن ڕهفیقدووستمان بیست، به ڕاشکاوی باسی لهوه کردووه که ڕێژیمی ئێران به شێوهی ئامانجدار، تێرۆره سیاسییهکانی خۆی له دهرهوهی وڵات ڕێک خستووه و جێبهجێی کردووه. ئهو تێرۆرانه له وڵاتانی ئورووپاییدا بهتایبهت له ئاڵمان جێبهجێ کراون، ئهوهش دهرخهری ئهوهیه که کۆماری ئیسلامیی نهک ههر خهڵکی خۆی به شێوهی وهحشیانه سهرکوت دهکات بهڵکوو له خاکی ئورووپاشدا چالاکی دهکات.
موحسێن ڕەفیقدووست، یەکەمین وەزیری سپای پاسداران و بەرپرسی پێشووی "بونیادی موستەعزەفان"، لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندووە کە جێبەجێکردنی پیلانی تێرۆری چەند بەرپرسی باڵای ڕێژیمی پێشووی ئێران وەک شاپوور بەختیار، شەهریار شەفیق، غوڵامعەلی ئۆوەیسی و فەرەیدوون فەرۆخزادی لە ئەستۆ بووە.
ڕەفیقدووست ئاشکرای کردووە کە پیلانە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو کاتەدا لەلایەن گرووپی جیاخوازی "باسک"ی ئیسپانیاوە جێبەجێ دەکرا.
ناوبراو ڕوونی دەکاتەوە کە فەرماندەیی هێندێک لە تێرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئەستۆی ئەودا بووە و پارەیان بە گرووپە تێرۆریستی و تاوانکارەکان داوە تاکوو تێرۆرەکان بۆ کۆماری ئیسلامی ئەنجام بدات.
ئەم بەرپرسەی پێشووی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ تێرۆری شاپوور بەختیار لەم وتووێژەدا دەریخستووە کە پاش دەسبەسەرکرانی "ئێنیس نەقاش" بەرپرسی یەکەمین هەوڵی تێرۆری بەختیار لە فەرانسە، خۆی گەیاندووەتە ئەو وڵاتە و لە دانیشتنیک لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی فەرانسە، هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر "ئێنیس نەقاش" تا دوو حەفتەی دیکە ئازاد نەکرێت، فەرانسە نابێت گلەیی لە تەقاندنەوەی باڵوێزخانەیەکی یان ڕفاندنی فڕۆکەیەکی موسافربەری بکات.
ئەم قسانەی ڕەفیقدووست لە ئێستادا و لە کاتی گرژبوونەوەی وتووێژەکان لەگەڵ ئورووپا و هاودەنگیی ئەم وڵاتانە لەگەڵ ئەمریکا لەسەر دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران، دەتوانێت ئامانجی هەڕەشەیەک بەرامبەر بەم وڵاتانە بێت کە دەبێت چاوەڕوانی ئەم چەشنە هەوڵە تێرۆریستییانە بن.
تێرۆری دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە کوشتنی شەهریار شەفیق لە پاریسی پێتەختی فەرانسە دەستی پێ کرد.
لە درێژەی ئەم ساڵانەدا وڵاتانی ئورووپایی هەر کات تێرۆریستانی سەر بە کۆماری ئیسلامی کە هەوڵە تێرۆریستییەکانیان ئەنجام داوەیان دەسبەسەر کردووە، پاش ماوەیەک لە ژێر گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی و هەڕەشە و بە بارمتەگرتنی هاووڵاتییانیان، ئازادیان کردوون و ڕادەستی ئێرانیان کردووەن.
بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی و ئەنجامی سەدان تێرۆر و هەزاران هەوڵی تێرۆریستی لە وڵاتانی دەرەوە بەتایبەتی ئورووپا، تەنیا لە یەک دۆسییەدا کۆماری ئیسلامی بە دەسەڵاتی تێرۆریستی دەناسرێت و بەرپرسانی باڵای بە بەڕێوەبەرانی فەرمیی تێرۆرەکە لە قەڵەم ئەدرین کە ئەویش تیرۆری دوکتۆر سەعید شەرەفکەندی، یەکێک لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە دادگای میکۆنووسی ئاڵمان بوو.
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە وەک یەکێک لە پشتیوانانی سەرەکیی تێرۆریزمی نیودەوڵەتی دێتە ئەژمار.