
ئەوەی ڕابورد و ئەوەی دێ
هەردی سەلیمی
ساڵی ١٤٠٣ساڵێکی پڕکێشە و پڕقەیران بۆ کۆماری ئیسلامی بوو. هەر لە دەسپێکی ساڵدا کۆنسوولیی کۆماری ئیسلامی لە سووریە کرایە ئامانج و چەندین فەرماندەی سپای پاسداران لەو هێرشەدا کوژران. دوابەدوای ئەو هێرشەی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامییش بۆ یەکەم جار هێرشی ڕاستەوخۆی کردە سەر وڵاتی ئیسرائیل، ئەڵبەت ئەم هێرشە هێرشێکی کۆنتڕۆڵکراو بوو بەو هیوایەی کە وەڵامی ئیسرائیل توند نەبێت. هەر بەو هیوایە هێرشێکی تری لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا بۆ سەر ئیسرائیل کرد، کە ئەم جار وەڵامی ئیسرائیل توندتر بوو و چەند کەسێکیش لە ئاکامی ئەو هێرشەدا کوژران، بەڵام ئێران وەڵامی ئەم پینگپۆنگەی نەداوە و "وەعدەی سادق"ـی سێیان تۆزی فەرامۆشیی لەسەر نیشت.
هەر لە بەهاری ئەو ساڵەدا "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی گوماناوی تێدا چوو، پاشان لە هەڵبژاردنێکی کەساد و بێڕەونەقدا "پزشکیان"ـیان هێنا کە بە بەڵێنی چاکسازی دەستی بەکار کرد. لەگەڵ ئەوە لەم ساڵەی کە تێپەڕ بوو گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا و بەتایبەت لە لوبنان، زەبری کوشندەیان وێکەوت، بە جۆرێک کە کادری پلەباڵای ئەم ڕێکخراوەیە بەشی هەرە زۆریان کوژران و لە سەرووی هەموویانەوە "حەسەن نەسروڵڵا". کێشەکان بەوەندە کۆتاییی نەهات، لە سووریەش دەسەڵاتی بنەماڵەی "ئەسەد" ڕووخا و بەکردەوە کۆماری ئیسلامی ڕێگەی زەوینیی بۆ لوبنان لەدەست دا. هەرچەند چەندین جار لە زمانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە بەڵێنی ئەوە درا "لاوانی سووری" وەخۆ دەکەون و دەسەڵاتی نوێی سووریە تێکەوە دەپێچن و ئەسەد دێننەوە، بەڵام تا ئێستاش ئەم بەڵێنەی خامنەیی هەر بەقەد بەڵێنی سادقی سێکەیان و تۆڵەسەندنەوەی "هەنیە" کە لە تاراندا کرایە ئامانج، وەڕاست گەڕاوە.
لەگەڵ ئەم کێشە ناوچەیییانە، کێشەیەکی دەرەکیی تری کۆماری ئیسلامی هاتنەوەی "ترامپ" بوو، کە دوو بژاردەی ملدان و شەڕی خستووەتە بەردەمی خامنەیی و حکوومەتەکەی، کە دووڕێیانێکی ئەستەمە بۆیان. هەر ئێستاش کاریگەرییەکانی ئەم سیاسەتەی ئەمریکا خۆی لە بایەخی ڕیاڵدا دەرخستووە.
عەلی خامنەیی لە پەیامی نەورۆزیی خۆیدا بۆ ساڵی ١٤٠٤، بە ئاماژەدان بە کێشەکانی ساڵی ١٤٠٣، ئەو ساڵەی بە ساڵی ١٣٦٠ شوبهاند، ئەمە دووەم جارە لەم ماوەیەدا باس لە ساڵی ١٣٦٠ دەکات، جارێکی تریش وتبووی: "خوای ئێستا هەمان خوای ساڵی شەستە" کە بەدیاریکراوی مەبەستی لە هەڕەشە بوو بۆ سەر ناڕازییان و زیندان و سەرکوت و ئێعدامی ئەو ساڵەی وەبیر دێنانەوە؛ لێرەشدا ویستی بڵێ دیسان دەتوانن ئەم پێچەش ببڕن، وەک چۆن پێچی ساڵی ٦٠ـیان بڕیوە! بەڵام خامنەیی باشتر لە هەر کەسێک دەزانێ، کێشە و قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا زۆر بەرفراوانترن و ئەم قسانە هیچ تۆوی هیوایەکی لێ شین نابێت بۆ لایەنگرانی.
هەر ئێستا دۆخی ئابووریی وڵاتی ئێران لە لاوازترین و ناجێگیرترین دۆخی خۆیدایە، هەڵاوسان و داتەپینی نرخی ڕیاڵ و بێکاری و... گەیشتوونەتە ترۆپکی خۆیان، لەم ساڵەی کە ڕابورد ئێران تووشی قەیرانی دابینکردنی گاز و برق بوو، بە جۆرێک کە لە زۆریەک لە ڕۆژەکانی ساڵدا ئیدارە و قوتابخانەکان داخران، دۆخێک کە لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و ئێراقیشدا ئەزموون نەکرابوو. لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەردەوام ناڕەزایەتیی ڕۆژانە لەلایەن چین و توێژە جیاوازەکانەوە بەڕێوە دەچن و هیچ بەرنامە و ڕێکارێکی ڕوون و ناڕوونیش بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشانە نابینرێ.
عەلی خامنەیی کە بەشی هەرە زۆری دروشمەکانی ئەم دوو دەیەی دواییی تایبەت کردووە بە بواری بژێو و ئابوورییەوە و هەتا هاتووە دۆخەکە خراپتریش بووە، ئەمساڵیش لە پەیامی خۆیدا بێلێکدانەوە و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ڕووکەش وتی: "هەربۆیە دروشمی ئەمساڵ "سەرمایەگوزاری بۆ بەرهەمهێنان"ـە کە ئەمە ئینشائەڵڵا دەبێتە هۆی کرانەوەیەک بۆ بژێوی خەڵک و بەرنامەداڕشتنی دەوڵەت لەگەڵ بەشداریی خەڵک پێکەوە ئینشائەڵڵا کێشەکە چارەسەر دەکەن." مەبەستی لە بەشداریی خەڵکیش ئاوا ڕوون کردەوە کە نابێ زێڕ و دراو بکڕن، بەڵکوو سامانی خۆیان بێنن لە ڕێی بە وتەی ئەو بەرهەمهێناندا خەرجی بکەن.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ڕاستە دانی نا بەو کێشە و شکستانەی وا لە ساڵی ڕابردوودا بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی بوونەتەوە، بەڵام ڕێکارەکانی بۆ بازدان بەسەر ئەو کێشانە و قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستانە هەمان ڕێکار بوون وا ئەم دۆخەیان هێناوەتە گۆڕ، نووسان بە بەرنامەی ناوکییەوە وەک بەرنامەیەکی حەیسییەتی، ملنەدان بە وتووێژ و بەکارهێنانی ئەدەبیاتی هەڕەشەیی بەرامبەر بە ئەمریکا و هەروەها بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئاماژەدان بە یارمەتیی پرۆکسییەکانیان واتە بەردەوامیی سیاسەتی ناوچەییی کۆماری ئیسلامی. لە ڕووی ئابوورییشەوە کە وەک باس کرا ئەمە ڕێکارەکەی بوو کە خەڵک هەوڵ بدەن بە دانانی کارگەی بچووک بچووک ئابووریی ئێران خۆژیو و خۆبەڕێوەبەر بکەن! لەم نێوەدا نە باسێک لە سیاسەتی شەڕەنگێزانەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە، سیاسەتی پڕتێچووی بەرنامەی ناوکی، سیاسەتی پڕتێچووی دوژمنایەتیی ڕۆژاوا، ئابلۆقەی ئابووری، ئابووریی ڕانتی و گەندەڵیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و... هەر ئاماژەشی پێ ناکرێ کە ماکەی هەموو ئەو کێشانەی ئێستای ئەو وڵاتەن. وا وێدەچێ ئەم قەوانە کۆنە هەر لێ دەدرێتەوە و دەبێ چاوەڕێی دۆخی زۆر پڕکێشەتر بین بۆ کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٤٠٤ی هەتاویدا.