کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی فێمینیستیی كوردی لە پەراوێزەوە بۆ دەق

00:29 - 6 خاکەلێوه 2725

بزووتنەوەی فێمینیستیی كوردی لە پەراوێزەوە بۆ دەق

 

د. ئارەزوو نستانی

لە ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەت بەدوای ڕاپەڕینی ژینادا چەند پرسیارێکی جیددی لەسەر ئامادەیی کۆمەڵگەی کوردی، بارودۆخی خەباتی ژنان و ویست و ئامانجەکانیان و هەروەها کارتێکەریی دوولایەنەی کۆمەڵگە و دەستەبژێری سیاسی، لێرە و لەوێ هاتوونە گۆڕێ و بەپێی پێویست هەوڵی وڵامدانەوەیان دراوە. ئەوە پرسیارانەی ئەمن مەبەستمە بەدوای وڵامیان دا بگەڕێم ئەوانەن:

١- تاچەند دەتوانین بڵێین ڕاپەڕینی ژینا ڕاپەڕینێکی ژنانە بوو، بەو مانایەی ئایا کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بە کاتێگۆرییەکی فێمینیستییەوە چووە ناو ئەو ڕاپەڕینەوە؟

٢- بە سەرنجدان بەوەی ژنان بەشێوەیەكی بەرچاو هاتوونەتە مەیدان، دەتوانین بڵێین نەسلێكی نوێ لە ژنانی داواخوازی كورد سەری هەڵداوە؟

٤- ئایا ئەو ژن تەوەرییەی ئەمڕۆ لە کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسی و ڕووناكبیری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان باسی لێ دەكرێ بەرهەمی بزووتنەوەی سیاسیی کوردە یان كارتێكەریی ئەو بزووتنەوەیەی بەسەرەوەیە؟

٤- ئایا دەستەبژێری سیاسیی کورد و بەتایبەت حیزبەکان دەرکیان بەو گۆڕانە لە کۆمەڵگەدا کردوەو دەتوانن خۆ بگونجێنن لەگەڵ ئەو قۆناغە؟

یەكەم: گەشەی بزووتنەوەی فێمێنیستی له ڕۆژهەڵات لەو ساڵانەی دواییدا:

 ئەو گۆڕانکارییە بەرچاوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت لەدوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا و بەرجەستە بوونی دەور و کاریگەریی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا ڕووی دا ئاسۆیەکی گەشی بەڕووی مەسەلەی ژندا کردۆتەوە.

شۆڕشی ژینا وەک گەورەترین ڕاپەڕینی جەماوەریی گەلانی ئێران دژی دیکتاتۆڕی و سەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامی، شوێندانەریی گەورەی لەسەر زۆربەی ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی داناوە، بە جۆرێک کە توانی کەلێنی بێ‌متمانەیی نێوان خەڵک و دەسەڵات تەنانەت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش نیشان بدا، دەسکەوتی زۆر گەورەی لێ کەوتەوە کە بەڕای من گرینگترینیان وەگەڕخستنی هێز و تواناکانی ژنان بوو.

کە دەگوترێ بزووتنەوەی ژینا بزووتنەوەیەکی فێمێنیستی بوو، بەو مانایەیە یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانی سەرشەقام بریتی بوو لە یەکسانیخوازیی ڕەگەزی یان دروستترە بڵێین جێندەری. بەشداریی ژن لە خۆپێشاندان و چالاکییەکانی سەر شەقام بەراورد بە ڕابردوو بێوێنە بوو، ژن توانی وەک تاکێکی سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە لە ماڵەوە بێتەدەر و شانبەشانی پیاو داواکارییەکانی دەربڕێ. خواستی جل پۆشینی ئیختیاری، گۆڕینی بەها سوننەتییەکانی بنەماڵە و ڕزگاربوونی ژن لە پیاوسالاری وەک دروشم و خواستە تایبەتەکانی خەبات دژی هەڵاواردنی جێندەری، تەنیا خواستی ژنان نەبوون، خواستی پیاوانیش بوون. ئێمە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ژینا و ڕووداوەکانی دواتریدا ئاماژەی جۆراوجۆرمان بینی کە پیاوان تەنانەت ڕادیکاڵتر لە ژنان دەرکەوتن لە پشتیوانی و پشتگیریی مافەکانی ژنان.

ئەگەر لە ناڕەزایەتییەکانی پێشووتردا زیاتر لە زانکۆکان شاهیدی بەشداریی ژنان بووین لە مانگرتن و چالاکییە نارەزایەتییەكان، ئەوا لە بزوتنەوەی ژینادا ژنان توانییان شەقام کۆنتڕۆڵ و تەنانەت ئاراستە بکەن. ئەو دیاردە نوێیە بەهێزترین خاڵی بزووتنەوەکە بوو کە پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی لە ئاستی ڕای گشتیدا بەدوای خۆیدا هێنا. ئەوەش بەڕوونی لە دروشمی سەرەکی ڕاپەڕینەکە دەردەکەوێ کە بریتی بوو لە ژن، ژیان، ئازادی.

 لە ئێستادا بزووتنەوەی فێمێنیستیی کوردستان خاوەن تایبەتمەندییەکی ناوازەیە و هاوتەریب لەگەڵ مافویستیی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەرەوپێش دەچێ. بزووتنەوی فێمێنیستیی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چیتر لە کۆنتێکستی بزووتنەوەی فێمینیستیی سەراسەریدا جێگای نابێتەوە و ژنی کورد بە ناسنامەی جیاواز لە ژنی ناوەندنشین خۆی پێناسە دەکا و خولیای گەورەتری هەیە. دەغدەغەکانی ژنی کورد لەگەڵ ژنی فارس وەک نەتەوەی سەردەست جیاوازە، ئەگەر بۆ ژنێکی تارانی پرسی حیجاب و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان ئەولەویەتە، بۆ ژنی کورد ئەولەوییەتەکان زۆر جیاوازن، بۆ وێنە چەوسانەوەی ژنی کورد هەر لە پرسی خوێندن بە زمانی دایکەوە دەست پێ دەکا تا پرسی کۆڵبەریی ژنی کورد و هتد. بۆیە فێمینیزمی کوردی سنوورێکی زەقی لەگەڵ فێمینیزمی ناوەند هەیە (یان ئەوەی بە فێمینیزمی سەراسەری ناسراوە).

ژنی کورد دژی ستەمی نەتەوەیی و دژی ستەمی چینایەتی خەبات دەکا لە پەنا خەبات دژی ستەمی جێندەری. کەواتە کنش گری ژنی کورد کنش گرییەکی سیاسیشە و چاوێکی بە سەر بزووتنەوەی سیاسیی کوردیشەوەیە. هەر بۆیە فێمینیزمی کوردی زیاتر لەوەی وێکچوونی لەگەڵ فیمینیزمی سەراسەریی ئێران هەبێ کە هەڵاواردنی نەتەوەیی بە ڕەسمی دەناسێ، وێکچوونی لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی و چینایەتیی کوردەوە هەیە.

دووەم : کاریگەریی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لەسەر گەشەی داواخوازیی ژن

کاتێک دەڵێین کوردستان سیاسیترین و وشیارترین جوغڕافیای ئێرانە و گەلی کورد بەر لە هەموو گەلانی دیکەی ئێران ئەو ڕێژیمەی ناسیوە و نای پێ گوتوە، بێگومان ئەو جیاوازییە بەرهەمی بزووتنەوەیەکی سیاسیی زیندوو لە چوارچێوەی حیزبایەتیدا بووە، کەواتە ڕەوایە بڵێین هەر بەو پێودانگە ژنانی کوردیش سیاسیتر و موتالبەگەرترن. ئەوەی شەقامی کوردی لە ڕۆژهەڵات لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە پێناو ئاوێتە کردنی خەباتی مافخوازانەی ژنان بە کۆی ڕەهەندەکانی دیکەی خەباتەوە کردوویەتی، تەنیا لە لایەن ژنانەوە نەبووە و زۆرجار پیاوان دەستپێشخەر و هاندەری ڕاچڵەکاندنی کۆمەڵگە بوون لە وشیارکردنەوە و سەرنج‌ڕاکێشان بەرەو ستەمی جێندەری.

داواخوازیی ژنان قۆناغی پاش وشیاربوونەوەیانە لە ئاست مافەكانیان، تا ئەوكاتەی ژنان تێگەیشتنێكی ڕوونیان بۆ ماف و خواستەكانیان نەبێ ناتوانن داواخواز بن. لێرەدا هەنگاوی كرداری و پڕاكتیك دەست پێ دەكا بۆ وەدیهێنانی ماف. بێگومان ئەو داواخوازییە، سیاسییە و لە كۆنتێكستی بزووتنەوەی سیاسیدا گەشەی كردوە. چونكە لە بنەڕەتدا حیزبی سیاسی دەرەنجامی داواخوازییە و بزووتنەوەی سیاسیی كورد و حیزبە سیاسییەكانی كوردستانیش بەدەر نین لەو واقعیەتە.

ئەگەر بمانەوێ بەشێوەی کۆنکرێت سەرنج بخەینە سەر ئەو گۆڕانەی لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردیدا ڕووی داوە و بۆتە هۆی ئەوەی ژنی داواخواز بەرهەم بێنێ یان ژنان، داواخوازتر دەركەون و هەروەها ئەو زەروورەتانەی لە ئەنجامی ئەو گۆڕانەوە دروست بوون، دەبێ دان بەو ڕاستییە بنێین بزووتنەوەی فێمێنیستیی كوردی لە كۆنتێكستی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی كورددا خۆی نیشان داوە، واتە ژنی كورد هەوڵی داوە لە دەلاقەی ڕوانینێكی فێمێنیستییەوە خەمی نەتەوەكەی بخوا و ئەوەش كڕۆكی ئەو خەباتە فێمێنیستییەیە كە لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ئارا دایە.

سێهەم: گرنگیی تۆخكردنەوەی گوتاری فیمینستی لەسەر پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان

فیمینیزم وەک پاڕادایمێک لە پەنا یەکسانی خوازیی جێندەری، کۆمەڵێک ڕەهەندی سیاسی، نەتەوەیی، فەرهەنگی و ئابووری لە خۆ دەگرێ. واتە فیمینیزم بە پێچەوانەی بۆچوونی باو، تەنیا بزووتنەوەیەکی ژنانە نییە بۆ سڕینەوەی ستەمی ڕەگەزی، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە تێدەکۆشێ کۆی کایەکانی کۆمەڵگە لە ڕوانگەیەکی ژنانەوە بگۆڕێ. گوتاری فیمینیستی گوتاری لێک کۆکردنەوەری هەر بیر و ئایدیایەکە کە بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی، ڕزگاریی ڕەگەزی یان ڕزگاریی کۆمەڵایەتی تێدەکۆشێ.

پارادایمی فیمینیستی جێگای هەموو ئەو بۆچوونانەی دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی گوتارێکی دیمۆکڕاتیک و پلورالیستە و هێڵی سووری بۆ هیچکام لەو بۆچوونانە نیە. هەر بۆیە ئەو زەرفیەتانەی لە ئێستادا لە پرسی مافەکانی ژنان، لە پێگەی ژن لە کۆمەڵگە و سیاسەت و تەنانەت بنەماڵەدا بەرجەستە بوون، دەرفەتی گەورەیان تێدا بەدی دەکرێ بۆ بنیاتنانی گوتارێکی فیمینیستی کە هەموو بیروبۆچوون و تەنانەت ئیدئۆلۆژییەکان دەتوانن خۆی تێدا ببیننەوە.

لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی پەیامەکانی ئەو چەشنە گوتارە. ئەو ئەهمیەتەش لە دوو لایەنەوە دەردەكەوێ؛ لە ئاستی نێوخۆی ڕۆژهەڵات و لە ئاستی نێودەوڵەتی. هەڵبەت دەبێ بگوترێ کە پرسی ژن سەرەڕای ئەوەی كۆمەڵێك تایبەتمەندیی نێوخۆیی هەیە لە هەمان كاتدا ڕەهەندێكی نێونەتەوەیی بەهێزیشی هەیە. هەر بەو پێیەش بزووتنەوەی فێمێنیستی بەهایەكی نێودەوڵەتیی بەهێزی هەیە و توانای ڕاكێشانی سەرنجی نێودەوڵەتی هەیە وەك پاڵپشتێك بۆ مافی مرۆڤ، مافی ژن و بەگشتی هەموو ئەو ئاریشانەی لە كۆمەڵگەدا دەبینرێن.

ئێمە لە نیوەی یەكەم و تا چارەگی كۆتایی سەدەی بیستەم شاهیدی ئەوەین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر سەرنجیان لەسەر ئەو گەلانەیە كە لەژێر سیستەمی كۆلۆنیالیزم‌دان و لە لایەن زلهێزانەوە داگیر كراون، بەدوای كۆتاییهاتنی داگیركاریی كۆمەڵێك بەهای نوێ بوونەتە جێگای سەرنجی كرمەڵگای نێودەوڵەتی، وەك پرسی ژن و پرسی ژینگە.

كە دەڵێین پێویستە گوتاری فێمێنیستی تۆخ بكرێتەوە بۆ ئەوەیە ئێمە دەتوانین لەو چوارچێوەیەدا دەروازەی نوێ بەرەو پرسی نەتەوەییمان بكەینەوە. دەتوانین سەرنجی وڵاتانی دیمۆكڕات و پێشكەوتوو لەڕێگەی بەرجەستەكردنی ستەمی سیستماتیك و سیاسی لەسەر ژنان، بەرەو كۆی پرسی نەتەوەییمان ڕابكێشین.

لە ئاستی نێوخۆییشدا فێمینیزمی کوردی دەتوانێ ئەو ڕەگەزە هاوبەشە بێ كە ڕۆحێکی زیندوو وەبەر بزووتنەوەی سیاسی-نەتەوەیی کورد بنێ و ببێتە ژێرخانێکی بەهێز بۆ بەسیجکردن و وەگەڕخستنی سەرجەم هێزەکان بۆ بە سەرخستنی خەباتی نەتەوەیی لە چوارچێوەی پاڕادایمی فێمینیستی دا. خەباتی ژنان بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە پوتانسیەلێکی بەرین و زەرفیەتێکی بەربڵاوی هەیە بۆ بە هاناوە هاتنی بزووتنەوەی سیاسیی کورد، ئەوەش ئەو گۆڕانە گەورەیەیە کە کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵات بە تایبەت لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ژینادا بەرجەستەی کردەوە و بەردەوامیش لە گەشە کردن دایە.

لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ژینادا گۆڕانكاریی گەورەی سیاسی-كۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا ڕووی داوە و ئەوە هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان و بە گشتی نوخبەی سیاسیی کوردە دەبێ هەنگاوە كردەییەكانی ئەو گۆڕانکارییە تەرجومە بکەنەوە لە ئاستی سیاسەت و بەڕێوەبەری و هتد. ئەوەش لە تۆخ کردنەوەی گوتاری فیمینیستیدا خۆی دەنوێنێ.

بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین لە چەند خاڵێكدا ئەو گۆڕانكاری و زەروورەتانە ڕوون بكەینەوە كە لە دەرەنجامی بزووتنەوەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كەوتۆتەوە:

یەکەم: ژنی کورد لە ڕاپەڕینی ژینادا سەلماندی چیتر لە حاشیە دا نییە و چ لە ستراکتۆری بنەماڵە و چ لە بیاڤی گشتی دا ناتوانرێ نادیدە بگیرێ. ئەوە بەو مانایە نییە کە ڕابردووی خەباتی ژنان نەفی بکرێ یان بە کەم بگیرێ، لە ڕابردووش دا و لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی سیاسیدا، ژنانی کورد بەشدار بوون و دەوریان هەبووە، بەڵام ڕێژەی بەشداریی ژنان، ئاستی تێگەیشتن و متمانە بەخۆ خوونیان و ئەو سەرنجە پێشتر نەدیتراوەی لە ڕای گشتیدا چ لە ئاستی ناوخۆیی و تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لە سەر ژنان هەیە، دۆخێکی تەواو جیاواز لە پێشووی خولقاندوە. ئەو وەرچەرخانە پێگە و گرینگیی کەسایەتیی ژنی کوردی گواستۆتەوە قۆناغێکی نوێ.

دووهەم: پرسی ژن و بەشداریی ژنان لە بیاڤی گشتیدا، ئەرزشێکی مۆدێڕنی ڕۆژئاوایی و دونیای پێشکەوتوویە، بە جۆرێک کە ڕێژەی بەشداریی ژنان لە کایە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکاندا بۆتە پێنوێنێک بۆ خەمڵاندنی ئاستی پێشکەوتوویی کۆمەڵگەکان. هەر بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە وردیی چاودێریی ئەو بزووتنەوانە دەکا کە ژنان تێیدا دەوری گەورە دەگێڕن. کاتێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی موقاومەت و بەرگریی بێ وێنەی ژنانی کۆبانی بەرامبەر داعشی بینی، سۆزێکی گەورەی بەرامبەر پرسی کورد لە ڕۆژئاوا نواند. کەواتە گۆڕانکاری لە ڕوخساری بزووتنەوەی ئازادیخواز بەتایبەت لە کوردستان و پڕڕەنگ بوونی نەخشی ژنان تێیدا، لە هەمان کاتدا کە سۆزێکی نێودەوڵەتی بۆ کۆمەڵگەی کوردی لێ کەوتۆتەوە، لە هەمان كاتدا بزووتنەوەی نەتەوەیی كوردی بەرەوپێش بردوە. مەبەستم ئەوەیە هەرچی ژنان زیاتر و بە بەرنامەتر بەرامبەر ستەمی جێندەری و ستەمی نەتەوەیی دەرکەون، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەنگاوێک زیاتر بەرەو ڕاکێشانی سەرنج و متمانەی دونیای پێشکەوتوو دەهاوێن.

سێهەم: ئەگەر بزووتنەوەی سیاسیی کورد و بە دیاریکراوی حیزبە کوردییەکان لەگەڵ ئەو شەپۆلە فێمینیستییە خۆیان بگونجێنن و لە دەلاقەی پاڕادایمی فێمینیستییەوە بڕواننە پرسی نەتەوەیی کورد، دەتوانن سوود لە زەرفییەتێکی بەرین وەرگرن چ لە ئاستی نێوخۆ و چ لە ئاستی دەرەوەدا. بەپێچەوانەوە، بەهێندنەگرتن و بەدەمەوە نەهاتنی ئەو وەرچەرخانە مێژووییە، پەڕاوێز کەوتنی حیزبەکانی لێ دەکەوێتەوە.

چوارەم: زۆرێک لەوانەی تەحلیلی ڕووداوەکانی ئێران دەکەن بە ئیلهام‌وەرگرتن لە ڕووداوەکانی دوای گیان لەدەستدانی ژینا، پێیان وایە شۆڕشی ئیحتمالیی داهاتووی ئێران شۆڕشێکی ژنانەیە، ئەو بۆچوونە ئەگەر زێدەڕۆییشی تێدا بێ ئەوا ڕاستییەکی گەورەشی تێدایە. ئەو ڕوانگەیە ئەوەمان پێ دەڵێ ئەگەر باوەڕ بەو هێزە نەهێنین و بەرەوپیلی ئەو گۆڕانکارییە نەڕۆین ناتوانین لە داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا شوێندانەر بین.

پێنجەم: شۆڕشی ژینا، هێما سەرەکییەکەی ژنە، دروشمە بەنێوبانگەکەی بە ژن دەست پێ دەکا و شەقامەکان بە شێوەیەکی بێ وێنە شاهیدی حوزووری ژنان بوون، ئەوەش ڕاچڵەکینێکی دروست کردوە، شەپۆلێکی دروست کردوە کە پێویستە هەموو لایەک خۆی لەگەڵیدا بگونجێنن. ئەو ڕاچڵەکینە ئەگەر لایەن و حیزبە سیاسییەکان نەگرێتەوە، نە تەنیا ناتوانن بانگەشەی پێشەنگایەتی و ڕێبەرایەتیی کۆمەڵگە بکەن، تەنانەت ناتوانن پەیامەکانی کۆمەڵگە و دەغدەغەکانی کۆمەڵگە ببیستن. بزووتنەوەی سیاسیی کورد زیاتر لە هەمیشە پێویستە ئەو گۆڕانکارییە ببینێ و بیکاتە دەرفەت بۆ کرانەوەی دەرگای نوێ بەڕووی خەباتی مافخوازانەی نەتەوەیی، فەرهەنگی و چینایەتی دا. هەر بۆیە پێویستە بە یەك پاكێج باس لە موتالبەگەریی سیاسی و جێندەری بكەین، هەر كامیان بە بێ ئەوەی تر ناتەواو و ئەبتەرە.

لە كۆتاییدا دەتوانین بڵێین تەنیا ڕێگای مانەوە و کاریگەریدانان لەسەر كۆمەڵگەی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەوەیە تێڕوانینمان سەبارەت بە مەسەلەی ژنان بگۆڕین، باوەڕ بەوە بێنین پرسە نەتەوەیی و چینایەتییەکان بە بێ بەشداریی بەرچاوی ژنان چارەسەر نابن.