کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆزی ورمێ و چەند سەرنجێک

12:10 - 6 خاکەلێوه 2725

نەورۆزی ورمێ و چەند سەرنجێک

شەماڵ تەرغیبی

لە کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی پارەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام و هەرجارە و لە شارێک و ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک ڕێوڕەسمی تایبەتی نەورۆزییان بەڕێوە بردووە و بەڕێوەی دەبەن؛ نەورۆزێک کە بە بەرچاوی دنیاوە دەریخست گەلێکی لەسەرهەست لە جوغڕافیایەکی دیاریکراودا، بۆنەیەکی کولتوورییان کردووەتە بزووتنەوەیەکی سیاسیی مافویستانە کە لە ناخی خۆیدا هەڵگری مانیفێستێکی شوناسپارێزانەیە.

بەپێی ئەم پێناسەیە دوور لە چاوەڕوانی نەبوو و وەک بینرا هەم کۆماری ئیسلامی وەک سەرەکیترین دژمنی گەلی کورد و هەمیش هەندێک لایەنی توندئاژۆی نەیار کە بە دنەی ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم هاتبوونە مەیدان، دژ بە نەورۆزی کوردان هەڵوێستیان گرت.

 پێش لە هەموو شتێک کۆماری ئیسلامی بە ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە هەندێ ناوچە و شوێنی تایبەت بواری خۆش کرد تا ئاڵۆزییەکان پەرە بستێنن؛ دواتر بە گرتن و دەسبەسەرکردنی چالاکانی ڕێکخەر و چەندین لاوی هونەرمەند کە لە ڕێوڕەسمەکاندا گۆرانییان وتبوو درێژەی بە پیلانەکانی بۆ تێکدانی نەورۆزەکان لە کوردستان دا؛ بەمەش کۆتایی بە پیلانەکانی نەهات و وێڕای چاوسوورکردنەوە لە کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی و دەسبەسەرکردنی زۆر کەسی دیکەی وەک شێخ زاهید شەهابی لە شاری سەقز، هەوڵی شێواندنی بەشێک لە ڕێوڕەسمەکانی دا و بە تێخزاندنی کەسانی سەر بە خۆی هەوڵی ئاژاوەگێڕیی دا. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێ کە زانی ئەمانە ناتوانن وەڵامدەری ویستە سادیستییەکانی ڕێبەری ڕێژیم بن ڕووی لە شاری مێژوویی ورمێ کرد کە ساڵیانی ساڵە دوو گەلی کورد و تورک پێکەوە لێی دەژین. پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەم شارە لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمە، ڕێژیم بە ئەنقەست رێکەوتی ٢ی خاکەلێوە کە دەیکردە ٢١ی ڕەمەزان و ساڵیادی شەهیدکرانی حەزرەتی عەلی بە دوو ئامانج ڕێپێوانێکی گاڵتەئامێزی پێک هێنا و دژ بە کورد و نەورۆزی کوردان دەستیان کرد بە گێرەشێوێنی!

ئامانجی یەکەم و سەرەکی بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ خۆشکردنی شەڕ و کێشە لە نێوان دوو نەتەوەی ئاماژەبۆکراو کە وەک باس کرا ساڵیانی ساڵە پێکەوە لەم شارە دەژین؛ ئامانجی دووهەمیش کەڵکاوەژوووەرگرتن  بوو لە هەستی مەزهەبی خەڵکی ناوچەکە بەتایبەت تورکەکانی ئەم دەڤەرە تاکوو بەمشێوەیە بڵێن لە کاتی شینگێڕانی ئێمەی شێعە بۆ برینداربوون و شەهیدبوونی حەزرەتی عەلی! کە بەڵێ ئەوە کوردی "سووننی" شایی دەگێڕن! تا بەمشێوەیە هەوڵ بدەن سواری شەپۆلی ئیحساساتی خەڵک ببن و بەگژ کوردیدا بکەن و لە کۆتاییدا شەڕێکی تر و قەیرانێکی تر چێ بکەن کە ڕوونە ئەوە دواجار کۆماری ئیسلامییە وەک برا گەورە دێت و ئاو بەم ئاگرەدا دەکات بەڵام زۆر زووتر لەوەیکە خۆیان بیری لێ بکەنەوە ڕیسەکەیان لێ بووە خووری.

دیارە ئەمە بۆ هەمووان ڕوونە کە پێش لە دەستپێكی ڕێورەسمەكانی نەورۆزی خاكیپۆشان دامودەزگا ئەمنیەتییەكانی ڕێژیم ساخ بوونەوە کە بە دانانی پیلان بۆ پێشگرتن یا لانیكەم بۆ كونتڕۆڵ كردن و بە حكومەتی كردنی ئەو ڕێورەسمانە هەر لە ئیلامەوە تا ماكۆ تێبکۆشن. لەم ڕاستایەشدا چەندین كۆبونەوەیان لەنێوان هەر چوار پارێزگارەكەی پارێزگاكانی كوردستان، بەرپرسانی ئیداری ئیتلاعات، فەرماندەكانی سپای پاسداران و فەرماندەكانی هێزە ئینتزامییەكان لەو پارێزگایانە بە سەرپەرشتی پاسدار ئەسكەندەری موئمنی وەزیری نێوخۆی ڕێژیم بەڕێوە برد و لەسەر کۆمەڵێک خاڵ ڕێککەوتن، هەم بۆ ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان، یان ئەگەر نەکرا بۆوەی نەهێڵن بە ئاقاری حەماسی و دژایەتی لەگەڵ رێژیمدا بڕوا و ئەوەندەی بکرێ بتوانن دەستیان بەسەردا بگرن و نەهێڵن لەگرێژنە دەربچێ. بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئیرادەی خەڵکی مافویست و حەماسەخوڵقێن بەسەر پلان و پیلانەکانی ڕێژیمدا سەرکەوت.

یەک لەو شارانەی کوردستان و یەک لەو نەورۆزە بەشکۆیانە، نەورۆزی ورمێ بوو کە بە بەشداریی دەیان هەزار كەس گیرا و لەودا جارێكی دیكە هەوڵە نەزۆكەكانی ڕێژیمی كۆماری ئێسلامی لە لایەن خەڵكی ئەو دەڤەرەوە پوچەڵ كرایەوە. ئەوە بوو کە ڕێژیم بینی دۆخەکە بە ئاقارێکی دیکەدا شکاوەتەوە و ئیرادەی گەل و نەتەوە سەرکەوتوە،  بڕیاری دا وڵامی ئەم شکستەی خۆی لە ورمێ بە هێنانی تاقمێک گۆپاڵبەدەستی توندئاژۆ بۆ سەر شەقامەکان بداتەوە کە بەختەوەرانە هەم کورد لە ڕۆژهەڵات و هەمیش بەشێکی بەرچا لە تورکەکان کە بە تەواوی لە نیەت و خواستی ڕێژیم گەیشتوون ژیرانە جووڵانەوە و نەیانهێشتووە دژمن زەفەریان پێ ببات بەڵام بە هەمو ئەوانەشەوە دەبێ تەئکید لەسەر ئەم ڕاستییە بکەینەوە کە لە بارودۆخێكی وەهادا هەم كورد و هەم تورک لە پارێزگای ورمێ پێویستیان بە وریایی زیاترە و نابێت لە رووی ئێحساساتەوە  لەو داوە بكەون.

ئەم ئەرکە بەتایبەتیتر بۆ کورد قورسترە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەگراوەندە مێژووییە لە خەبات کە هەیەتی و خاوەن تێگەیشتن و پێگەیشتوویی سیاسی و هزرییە و دەبێ ئەم جووڵەی ڕێژیم ببێتە دەرسێكی دیكە تا دەست لە خۆخۆری و شتی لاوەكی هەڵبگرین و سەرقاڵی كاری ئەساسی و خەباتێكی وشیارانە و بە بەرنامە لە كوردستانی خۆرهەڵات بین.