
خاکیپۆشی و "نەورۆزی خاکیپۆشان" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
قادر وریا
لەبەرکردنی جلوبەرگی پێشمەرگانە لەلایەن لاوانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە نەک هەر کوڕان، بەڵکوو کچانیشی (بە ڕێژەیەکی کەمتر) گرتووەتەوە، بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر پەرەی گرتووە. لە چەند بۆنەدا بە تایبەتی زەماوەندەکان، جێژنی تەواوبوونی خولەکانی فێرکردنی زمانی کوردی و ڕێوڕەسمی نەورۆزی، ئەم دیاردەیە بەرچاوتر بووە. لە درێژەی گەشەکردنی ئەم دیاردەیەدا، ئەم ساڵ شایەدی ناودێرکرانی نەورۆز بە "نەورۆزی خاکیپۆشان" و پێکهاتنی کۆبوونەوە و ئاهەنگە نەورۆزی یەکان لە ژێر ئەم ناوەداین. بۆ باشتر تێگەیشتن لەم دیاردە و لێکەوتەکانی و، تەعامولی دروستی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، چالاکانی سیاسی، کەلتووری و میدیایی لەگەڵ ئەم دیاردەیە، جێی خۆیەتی سەرنج بدەینە ئەم خالانە:
١- خاکیپۆشی و ناودێرکردنی نەورۆزی ئەم ساڵ بە "نەورۆزی خاکیپۆشان" هەڵقوڵاوی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، چالاکانی کولتووری و بەشدار لە بزووتنەوەی ناسنامەخواز و ناسنامەپارێزی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایانهێناوە. ئەم دیاردەیە و لێکەوتەکانی تایبەت بە ناوچەیەکی دیاریکراو نین؛ بەخۆشییەوە لە هەموو پارێزگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبیندرێت، لە هێندێک ناوچە پێشینەیەکی زیاتری هەیە، لە هێندێک ناوچەش تازەیە.
٢- ئەم دیاردەیە بەرهەمی بڕیاری حیزب یان ڕێکخراوێکی سیاسیی دیاریکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نییە. ئەو کەسانەی بە جلوبەرگی خاکییەوە لەو بۆنە نەتەوەیی و کولتوورییانەدا بەشدار دەبن، کەسانی وایان تێدایە کە پێوەندییان بە حیزب و ڕێکخراوێکی تایبەتەوە نییە؛ تێشیاندایە لایەنگری لە یەکێک لەو حیزبە سیاسییانە دەکەن کە هی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. جا لەوانەیە لایەنگری یەکێک لە حیزبەکان ، لەوی دیکە زیاتر، یان کەمتر بێت.
٣-هەڵبژاردنی جلوبەرگی خاکی، نەک هەر لە ڕووی ڕەنگەکەی، بەڵکوو لە ڕووی فۆڕمەکەشی، ڕێزگرتن لە پێشمەرگەی کوردستان و خەباتەکەیەتی. لەمەشدا، مەبەستیان پێشمەرگەی لایەنێکی تایبەت نییە. پێشمەرگە وەک هێمای خەباتێکی دەیان ساڵەی کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی دژی ستەمکاریی ڕێژیمە دژ بە کوردەکان، چاوی لێکراوە و چاوی لێدەکرێت.
٤- پێشمەرگە یەک لە خۆشەویستترین هێماکانی خەباتی نەتەوەیی لە کوردستانە و هەڵبژاردنی جلوبەرگی ئەو هێما خۆشەویستە لە لایەن خاکیپۆشانەوە، دووپەیامی ڕوونی تێدایە.
پەیامی یەکەم ڕوو بە ڕێژیمی ئێرانە. پەیامەکە ئەوەیە کە پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆشەویستی ئێمەن و لە ئێمەن؛ ئێمە شانازی بەوانەوە دەکەین. هەر یەک لە ئێمە لە کاتی پێویستدا ئامادەین جێگای ئەوان بگرینەوە.
پەیامی دووهەم بۆ هەموو ڕێکخراوە خەباتگێڕەکانی خاوەن پێشمەرگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئێوە کە دەیان ساڵە خەبات دەکەن و قوربانی دەدەن، بە تەنیا نین؛ ئێمە وەک لاوانی وشیار و بە هەڵوێستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پشتیوانتانین. ئامانجەکانی خەباتەکەی ئێوە، ئامانجی ئێمەشە و ئامادەین لێرە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک پێشمەرگەیەکی خاکیپۆش، ئاڵاهەڵگریان بین.
٥- ئەم قسەیە کە ناودێرکردنی نەورۆز بە "نەورۆزی خاکیپۆشان"، وەلانانی ڕەنگەکانی دیکە، پێشگرتن بە ڕەنگاورەنگی، یان داشاردنی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یە، لەجێی خۆیدا نییە. هەر لە جێدا ناکرێ هەموو کەس جلوبەرگی پێشمەرگانەی خاکی لەبەر بکا. داپیرەیەک، یان ئەو هەمووە کیژ و خانمەی لە شار و دێهاتی کوردستان دەژین، هەر مەعقووڵ و گونجاو نییە، داوایان لێ بکرێت ڕەنگەکانی دیکە وەلا بنێن و هەموویان خاکیپۆش بن. هەر جوانیش نییە هەموویان یەک ڕەنگیان لەبەردابێت. داوا و چاوەڕوانییەکە بە تێگەیشتنی من ئەوەیە کە بەرگێک و ڕەنگێک کە ڕوو بە ڕێژیمی ئێران واتادارە، واتای کۆڵنەدان و بەچۆک دانەهاتن، واتای مافخوازی، واتای هاوپێوەندی لەگەڵ پێشمەرگە و خەباتکارانی کوردستانی هەیە، دیارترین جلوبەرگ و چالاکترین ڕەنگ بێت. هەر بەشداری و پێشوازیی کچان و ژنان لەو خاکیپۆشییە و لە خاکیپۆشان، دەیسەلمێنێت کە باوەڕ بە "ژن، ژیان ، ئازادی" بە کردەوە لەم شێوە خەباتەشدا ڕەنگی داوەتەوە. دەیسەلمێنێت کە لە ڕوانگەی ژنانی کوردستانەوە، هەر خاکیپۆشێک، هەڵگری دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یە.
٦- دژایەتیی ئەندامان و لایەنگرانی هێندێک ڕێکخراو، یان هێندێک چالاکی سیاسی و میدیایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ ناودێرکردنی "نەورۆزی خاکیپۆشان" و دیاردەی خاکیپۆشین بەرهەمی بە هەڵە تێگەیشتن لەم دیاردەیە و لەم ناودێرکرانەیە. هەر بەم جۆرەش، هەوڵی هێندێک ئەندامان و لایەنگرانی حیزبێکی دیاریکراویش، بۆ ئەوەی مۆرکی حیزبی لەم حەرەکەتە بدەن، هەڵەیە. ئەم کارە هەم لە ڕووی ئەمنییەتییەوە دروست نییە، هەم زیان بە گشتگیر بوونی زیاتری حەرەکەتەکە دەگرێت و دەبێتە هۆی خۆبواردنی حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکە لە پشتیوانیکردنی نەورۆزی خاکیپۆشان.
٧- حاشا لەوە ناکرێت کە حیزبی دیموکرات نەک لەم ساڵانەدا بەڵکوو لە درێژایی مێژووی خۆیدا، پتر لە هەر ڕێکخراوێکی سیاسیی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بایەخی بەو پرسە کولتووریانەی خەڵک داوە کە پێوەندییان بە ناسنامەی نەتەوەیی ئەوانەوە هەیە، وەک فێربوون و فێرکردنی زمانی کوردی، کۆڕ و کۆبوونەوە و چالاکییە ئەدەبی و هونەرییەکان، جلوبەرگ و هەڵپەڕکێی کوردی، جێژن و بۆنە نەتەوەییەکان بە تایبەتی نەورۆز، هاندانی گیانی هاوپێوەندی و پشتی یەکتر گرتنی خەڵک لە کاتی ڕوودانی کارەساتە سروشتییەکان، ئاگرگرتنی دارستانەکان و...هتد. ئەمەش شتێکی سەیر نییە، پێکهاتەی حیزبی دیموکرات و بنکە کۆمەڵایەتییەکەی، جەماوەرییە و، چییەتیی ئامانجەکان و خەباتەکەشی نەتەوەیی و ناسنامەخوازی و ناسنامەپارێزییە. بۆیە سروشتییە کە ئەم حیزبە کاریگەریی زیاتری لەسەر ئەو شێوە خەبات و تێکۆشانانەی خەڵک لەنێوخۆدا هەبووە. زۆر ناڕەوا و هەڵە دەبێت، ڕێکخراوێکی سیاسی، یان ڕووناکبیر و چالاکێکی کەلتووری سەبارەت بەم ڕاستییە، بەرامبەر حەرەکەتێکی گشتی و جەماوەریی دژ بە ڕێژیمێکی دیکتاتۆر، گارد بگرن و بە بیانووی جۆراوجۆر بکەونە دژایەتیکردنی.
٨-ئەم قسەیەش کە ناوی"خاکیپۆش" لە ئەدەبیاتی ڕێژیم بۆ پاسدار و بەسیجی و چەکدارەکانی دیکەی وەرگیراوە، ناتوانێت پاساوێکی بەهێز بۆ دژایەتیی ئەم دیاردەیە و ئاهەنگە نەورۆزییەکان لە ژێر ناوی "نەورۆزی خاکیپۆشان"دا بێت. جگە لەوەی ئەو وشەیە نزیکەی ٦٠ ساڵ لەمەوبەر (*) لە شێعری کوردی و هەر وەک ئاماژە بۆ پێشمەرگە بە کار هاتووە، هەر لەجێدا ناکرێت بەکارهێنانی هێندێک وشەی زمانەکەمان لە خۆمان قەدەغە بکەین چونکە گۆیا دوژمنانی ئێمە بەکاریان هێناوە. وشەی پێشمەرگە (دیارە بە ئاوەڵناوی موسوڵمانەوە)، شەهید، خەبات، خەباتگێڕ، شۆڕش، شۆڕشگێڕ و دەیان وشەی دیکە لە ئەدەبیاتی کۆماری ئیسلامیدا بەرچاو دەکەون. ئایا دەکرێت بەکارهێنانیان لە خۆمان قەدەغە بکەین؟
(*) بڕوانە دیوانی "ب ۆکوردستان"ی هەژار موکریانی، شێعری "چۆن جێژنە ئەگرین"( ١٩٦٨ نووسراوە)، لاپەڕەی ٣٠٣.