کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چرا یاسین: کاتێک ناسیۆنالیزم دەبێتە خاوەنی شوناس کە پڕۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی هەبێت

14:21 - 16 خاکەلێوه 2725

چرا یاسین: کاتێک ناسیۆنالیزم دەبێتە خاوەنی شوناس کە ببێتە بەرنامە و پڕۆژەیەکی جەماوەری و بەرنامەکەی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی هەبێت

(بەشی ٣-١)

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە:

ناسیۆنالیزم یان هەستی نەتەوایەتی وەک چەمکێکی گرینگ کاریگەریی و ڕۆڵی بەرچاو لە بەرەوپێشبردن و یەکگرتوویی هەر نەتەوەیەکدا دەگێڕێ کە بە کارکردن و تەکز خستنەسەر ئەم چەمکە گرینگە میللەتانی بێ دەوڵەت ئامانجە گەورەکانیان دەستەبەر دەکەن کە دەربازبوون لە دیلی و ژێردەستییە. "کوردستان" لە وتووێژێکی تێروتەسەلدا و بۆ باسی زیاتر لەسەر ناسیۆنالیزم و لەمپەرەکانی بەردەم ناسیۆنالیزم و کاریگەری ناسیۆنالیزمی داگیرکەران لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان لەگەڵ خاتوو چرا یاسین، کارناس و توێژەری مێژوو تیشکی زیاتری خستوەتە سەر ئەم بابەتە. ئەم وتووێژە لە سێ بەشدا بڵاو دەبێتەوە

خاتوو چرا با سەرەتا بەم پرسیارە دەست پێ بکەین کە ناسیۆنالیزم چییە؟ هەروەها مێژووی ناسیۆنالیزم لە کوردستان بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

ناسیۆنالیزم بابەتێکە زیاتر لە ماوەی نێوان سەدەی ٢٠-٢١ کەوتە بەرباس، لەڕووی چەمکەوە ناسیۆنالیزم به‌ مانای "نەتەوەگەرایی، نه‌ته‌وه‌په‌رستی، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی وده‌مارگیریی نه‌ته‌وه‌یی دێت". له‌ زمانی فەڕه‌نسیدا وشه‌ی  nasionalismeبه‌كار ده‌برێ و له‌ وشه‌ی لاتینی (nascor)ه‌وه‌ واته‌ "من هه‌م، له‌دایك بووم، هاتوومه‌ دنیا"وه‌ هاتووه‌. لە ڕووی ماناوە ناسیۆنالیزم چەندین مانای گەورە و قوڵ لەخۆی دەگرێت و تا ئێستا چەندین پێناسەی بۆ کراوە. لە سادەترین شێوەیدا بریتییە لە جۆرێک ھەستی وەفاداری بۆ نەتەوەیەکی تایبەت و جۆرێک لە نیشتمانپەروەری. ناسیۆنالیزمی کوردی وەک ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی و بزاڤێکی نەتەوەیی دیاردەیەکی نوێیە بۆ کورد، زۆربەی ئەوانەی لەبارەی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە دوواون و وەکوو ناسیۆنالیزم لە هەر شوێنێکی‌تری جیهان سەیری دەکەن، چ لە ڕووی مێژوویییەوە چ لە ڕووی دروستبوون و ئەرک و کارەکانیەوە. بێگومان جیاوازییەکی زۆر هەیە لە سروشتی ناسیۆنالیزمدا بەپێی کۆمەڵگە و ئاستی پەرەسەندنی کۆمەڵگە جیاوازەکان، ئەم جیاوازییانەش ئاست و شێوازی ئینتیمای ئەم ناسیۆنالیزمە دیاری دەکەن. زۆرێک لە نووسەرانی بواری ناسیۆنالیزم پێیان وایە ناسیۆنالیزم نەتەوە دروست دەکات. ئەگەر بڕوامان بەو تێزە هێنا ئەوا مانای وایە قسەکردن لەسەر بە نەتەوەبوونی کورد دەکەوێتە بەردەم گومانەوە، ئێمە قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە جێ دەهێڵین و دەگەڕێینەوە بۆ قسەکردن لەبارەی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی کوردی. لەڕووی دەرکەوتنەوە ناسیۆنالیزم بەرهەمی مۆدێڕنیتەیە و مێژووی ناسیۆنالیزمی ڕۆژئاوا ڕاستەوخۆ لەگەڵ مـێژووی دەرکەوتنی مۆدێڕنیتەدا دەست پێ دەکات و یەکەمین وێنەی بەرجەستەی ئەو دەرکەوتنەش لە شۆڕشی فەڕەنسیدا خۆی دەبینێتەوە، لەبەر ئەوەی تا ئەو مێژووەش زۆربەی نەتەوەکانی ئەورووپا هۆگر‌بوون بە زمان و بیر و کولتووری گریگی و ڕۆمانەوە، بەڵام سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدە بە دواوە، ئینتیمایەکی بەهێزی نەتەوەیی لای گەلانی ڕۆژئاوا دروست کرد و پەیوەستبوونی بە نەتەوە و نیشتیمانەوە خستە پێش بە هەر پەیوەستبوونێکی دیکەوە، بە تایبەتیش دروستبوونی دەوڵەتە نەتەوەییەکان کە بەرهەمی دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم بوون، نەتەوەکانی ڕۆژئاوای بە جۆرێک فۆڕمووڵە کرد کە هەر یەکێکیان ببێت بە خاوەنی شوناسی تایبەتی خۆی و وای لێکردن بگەڕێنەوە بۆ نێو جۆگرافیای بوونی خۆی لە هەموو ڕووێکەوە. لەو گەڕانەوەدا بەهێزترین ئینتیما بۆ خاک و نیشتیمان و سەروەری نیشتیمانی دروست بوو.

چرا یاسین

ئەدی ناسیۆنالیزمی کوردی؟

بەداخەوە کورد هەتا ئێستا لەبەر ئەوەی خاوەنی جۆگرافیای سیاسیی خۆی نییە، ناسیۆنالیزمی کوردی نەیتوانیوە شوناسی سیاسیی کوردی لە شوناسی ئەوایتر جیا بکاتەوە. دەربڕینەکانی ناسیۆنالیزمی نوێی کوردی لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و بەرایی سەدەی بیستدا سەری ھەڵدا و تاوەکوو ئێستاش بنەماکانی بە تەواوی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا ڕەگی دانەکوتاوە. زۆر بۆچوونی جیاواز له‌باره‌ی مێژوو و ڕه‌چه‌ڵه‌ک و ڕیشه‌ی ناسیۆنالیزمه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌شێک له‌ شرۆڤه‌كارانی بواری نه‌ته‌وه‌، مێژووی ناسیۆنالیزم ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای ژیان و كه‌ونارای كۆن، چونكه‌ له‌ سه‌ره‌تای ژیانەوە مرۆڤ هه‌وڵی مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی داوه‌ و بیرۆکەی خاوه‌ندارییه‌تی هه‌بووه‌ و هه‌وڵی داوه‌ سنووری ده‌سه‌ڵاتی فراوان بكات. لە سەرتاسەری جیهاندا، کەمینە نەتەوەییەکان لەسەر هێڵی ناسیۆنالیستی ڕۆیشتوون و وەکوو گرووپێکی تایبەت بەردەوام بەدوای بەدەستهێنانی دەسەڵات و ناساندنی خۆیانەوە بوون، هەندێک‌جار ئەم کەمینانە بەپێی توانا و دۆخی تایبەتی خۆیان داوای دەوڵەتی سەربەخۆشیان کردوە، ئەم چەشنە داوایە لەلایەن سیستەمی دەسەڵاتدارەوە بە توندی ڕەت کراوەتەوە و کەمینەکان بە شێوەی کارەساتبار سەرکوت کراون، بەڵام وڵامی کەمینەکان بەم زەبر و زەنگە بە لەبەرچاوگرتنی مەترسی زۆر و هەروەها ئەگەری کەمی سەرکەوتن، درێژەدان  بە خۆڕێکخستن و تێکۆشانی زیاتر بووە. ناسیۆنالیزمی کوردی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی زۆربەی نەتەوەکانی‌تر جیاوازە، بەهۆی ئەوەیکە کوردستان بەبێ ویستی خۆی لە نێوان چوار وڵاتی (ئێران، عێراق، تورکیە، سووریا) دابەش کراوە. ڕاستە کە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی و پەی بردن پێی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و بەرایی سەدەی بیستدا سەریهەڵدا، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە بەر لەوە کورد گوتاری ناسیۆنالیستی نەبووە، خەڵکی کورد هەر لە کۆنەوە خاوەن هەستی نەتەوایەتی بوونە و هەستیان بەوە کردووە کە ناسنامەیەکی جیاوازیان هەیە، لە مێژووشدا چەندین نیشانەمان هەبووە، و سەبارەت بە لێدانەوەی مێژووی ناسیۆنالیزمی کوردی توێژەران دابەشی سەر دوو ئاراستە دەبن، بەشێکیان پێیان وایە سەرەتای بیریی نەتەوەیی کوردی بۆ سەدەکانی شازدە و حەڤدەی زایینی لەم مەیدانەشدا چەند هەوڵ و گوزارشتێک دەکەن بە پاڵپشتی بیروبۆچوونەکانیان کە ڕوخساری نەتەوەیی بوونیان پێوەدیارە، بەشێک لەم گرووپە ئاماژە بۆ هەوڵەکانی نووسینەوەی مێژووی کورد دەکەن و باس لە کتێبی (شەڕەفنامە)ی (شەڕەفخانی بەدلیسی) دەکەن، هۆکاری نووسینی ئەم کتێبە بە نموونە دەهێننەوە کاتێک مێژوونووس (شەڕەفخانی بەدلیسی) دەڵێت: "چونکە مێژوونووسان تا ئێستا هیچیان لەبارەی کورد و کوردستانەوە نەنووسیوە، من ویستم بەپێی توانا لەو بارەیەوە کتێبێک بنووسم و ناوی لێ بنێم "شەڕەفنامە"، هەموو ئاواتیشم ئەوەیە کە خانەدانە گەورەکانی کوردستان ناویان گووم نەبێت". هەروەها باسکردنی چەند شاعیرێکی کوردی ئەو سەردەمە بە نموونە و هێنانەوەی شێعرەکانیان وەک بەڵگە بۆ بیر و بۆچوونەکانیان یەکێکی دیکەیە لەو بنەمایانەی ئەم گرووپە پشتی پێ دەبەستن بۆ نموونە کاتێک باس لە (مەلای جزیری) دەکرێت کە دەڵێت:

گوڵی باغی ئیرەمی بۆتانم

شەب چراغی شەبی کوردستانم

 

هەروەها (ئەحمەدی خانێ) لە "مەم و زین"دا دەڵێت:

ئەز مامە د حیکمەتا خودێ دا

کورمانج د دەوڵەتا دێندە

ئایا بە چ وەجهی مانە مەحرووم

بێلجوملە ژ بۆ چ بوونە مەحکووم

بفکر ژ عەرەب هەتا ڤەگورجان

کورمانجییە بوونە شوبهێ بورجان

ئەڤ ڕۆم و عەجەم ب وان خەسارن

کورمانج هەمی ل چار کەنارن

هەردوو تەرەفی قەبیلی کورمانج

بۆ تیرێ قەزا کرنە ئارمانج

 

لەگەڵ ئەو بۆچوونە هەن کە ئەحمەدی خانی سەرەتای ناسیۆنالیزمی کوردی بووە؟

ڕوانگەی ناسیۆنالستیی ئەحمەدی خانی لە هاوسەردەمانی لە پێشتر بووە،  ئەم چەند دێڕەی یەک سەدە بەر لە شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا نووسراوە کە وێنای (دەوڵەت_نەتەوەیە) هەتا سەرەتای سەدەی نۆزدە واتە ئەو کاتەی کە ئێمپڕاتۆرییەتی عوسمانی، خودموختاریی لەمێژینەی کوردەکان و سەرجەم ئیمتیازات و بەرژەوەندییەکانی میرنیشینە کوردەکانی لەنێو برد. دیارە بەشێکی‌تر سەرەتای بیری نەتەوەیی کوردی بۆ سەدەی هەژدە و نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە دەگەڕێننەوە، کە هەروەک ڕۆژهەڵاتناس (باسێل نیکیتین) بە قۆناغی نافەرمانی و یاخیگەرییەکانی کۆمەڵایەتی و شۆڕشی خان و دەرەبەگەکانی دادەنێت. مێژوونووس جەماڵ نەبەزیش لەم سۆنگەیەوە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ناسیۆنال لای کورد بە کردەوە دەباتەوە بۆ سەدەی هەژدە و پێی وایە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە خەباتی چەکدارانەی ڕێکخراو سەری هەڵداوە، نموونەی میرە کوردەکان دە‌هێننەوە کە چەندین ڕاپەڕینیان دژی دەسەڵاتی عوسمانی و قاجاری بەرپاکرد. هەروەها عەزیز شەمزینی لەم بارەیەوە پێی وایە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە جووڵانەوە ڕزگاریخوازەکان دەست پێ دەکەن، جیاوازیی ئەم جووڵانەوە و خەباتە لەم قۆناغەدا دروشمە نەتەوەیی و ڕزگاریخوازەکان ڕوونتر و گەشتر دەردەکەون. ڕۆژهەڵاتناس "مینیۆرسکی"ش بە هەمان شێوە باس لە پیادەکردنی سیاسەتی مەڵبەندی دەوڵەتی عوسمانی دەکات و کاریگەری ئەم سیاسەتە لەسەر ڕەوتی نەتەوەیی کورد پێشان دەدات و دەڵێت: داگیرکردنی تازە هۆیەک بوو بۆ ئەوەی کورد لە ساڵانی (١٨٤٣-١٨٤٦ز)دا، بە سەرۆکایەتیی بەدرخان پاشا یەکەم بزووتنەوەی نەتەوەیی خۆی هەڵبگیرسێنێت. جەختکردنەوەی ئەم نووسەر و مێژوونووسانە لەسەر سەدەی هەژدە و نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە بۆ سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیی لە هەوڵەکانی میری سۆران هاتووە کاتێک هەوڵی دا کوردستانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ دروست بکات و دەست بەسەر گشت میرنیشینەکاندا بگرێت. هەروەها هەوڵەکانی (بەدرخان پاشا)ی میری بۆتان کاتێک ویستی لە ڕێگەی پەیمانی پیرۆز یەکخستنی میرنیشینەکانەوە کیانێکی یەکگرتوو بۆ کورد دروست بکات.

ئەدی چۆن باس لە کاریگەریی ناسیۆنالیزمی "فارس" و "عەرەب" و "تورک" لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان دەکەن؟

کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی کە بەردەوام لەژێر داگیرکاریی دوژمنان و نەیارانی بووە، بێگومان هۆکارەکانی داگیرکردنیش سەپاندنی باڵادەستی خۆیان و فراوانکردنی دەسەڵاتیان بووە، ئەگەر سەیرێکی مێژووی سەدەکانی ڕابردوومان بکەین، دەبینین کە لە چەندین ڕووەوە کاریگەری نەرێنی گەورە و قوڵی بەجێ هێشتوە، لەوانە لە ڕووی سیاسییەوە سنووردارکردنی مافە سیاسی و نەتەوەیییەکانی گەلی کورد، هەروەها پارچەبوونی کوردستان بەسەر چوار بەشدا، و بچووکردنەوەی جۆگرافیای کوردستان، وەک نموونە: قەتیس کردنەوەی سنووری کوردستانی ڕۆژهەڵات تەنیا بە پارێزگای "سنە" لە لایەن دەوڵەتەوە و دەیان شار و پارێزگای دیکە لە هەر چوارپارچەی کوردستان کە لە بنەڕەتدا خاکی کوردستان بووە و مۆڵکی کورد بوونە کەچی ئێستا بەداخەوە لەلایەن داگیرکەرانەوە تەفریس، تەعریب و تەتریک کراون. لەگەڵ ئەوەشدا گرتنەبەری سیاسەتی بە تورکردن و بە عەرەبکردن بەرامبەر بە کورد و هەوڵدان بۆ توانەوەی ڕەچەڵەکیان، هەروەها لە ڕووی کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە، قەدەغەکردن و سنووردارکردنی زمانی کوردی، هەوڵدان بۆ تواندنەوەی کولتووری کوردی لەنێو کولتووری زاڵدا، سڕینەوەی ناسنامەی مێژوویی و کلتووری هەندێک لە ناوچەکانی کوردستان، دروستکردنی هەستی بێ متمانەیی لە نێو کورددا، گۆڕینی دیمۆگرافیای دانیشتوان و دەربەدەرکردن و ڕاگواستنیان. لە ئاستی وشیارییشدا گەورەترین لێدانی بەرکەوتووە، کە وایکردوە هۆشیاریی نەتەوایەتی لەنێو کورددا دوا بکەوێت هەروەها لە ڕووی ئابوورییەوە چەند کاریگەری خراپی بەسەر کوردستانەوە جێماوە لەوانە پەراوێزخستنی ناوچە کوردستانییەکان لە پلانی پەرەپێدانی ئابووریدا، سوود وەرگرتن و بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان لەلایەن داگیرکارانەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان.

پەیوەندیدار بە پرسیاری پێشوو، کورد چۆن دەتوانێت بەرپەرچی ناسیۆنالیزمی هێرشبەرانەی دژبەران و نەیارانی بداتەوە؟

بۆ بەرپەرچدانەوەی ناسیۆنالیزمی دوژمنەکان، زۆر ڕێگا هەن کە نەتەوەی کورد دەتوانێت پێی بەرپەرچی ناسیۆنالیزمی دوژمنەکانی و نەهێشتنی ئەو کاریگەرییانەی کە ئەم ناسیۆنالیزمە لەسەر کورد وەک نەتەوە دروستی کردوون، لە گرینگ‌ترینیشیان بەهێزکردنی ناسنامەی کوردی لە ڕووی پاراستن و پەرەپێدانی زمان، کولتوور، ئەدەب و هونەری کوردی بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ بەجیهانی کردنیان، هەروەها یەکگرتوویی نێوخۆیی و کەمکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و بەهێزکردنی یەکڕیزی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان، دیپلۆماسی کاریگەر و پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا پێشخستنی گوتاری ئاشتیخوازانە و بڵاوکردنەوەی پەیامی پێکەوە ژیان و دیالۆگ لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە. هاوکات بەرەنگاربوونەوەی زانیاری هەڵە و بەکارهێنانی میدیا و تەکنەلۆژیای نوێ بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییە هەڵانەی کە لەلایەن دوژمنانەوە بڵاو دەکرێنەوە. بێگومان پەرەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی پێگەی ئابووری وەک ڕێگایەک بۆ سەربەخۆیی زیاتر و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دەوڵەتانی ناوچەکە و پشتیوانیی یاسایی نێودەوڵەتی و بەکارهێنانی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بۆ پشتیوانی لە مافەکانی گەلی کورد ڕێگایەکی گرنگ و کاریگەرە. کورد لە ڕێگەی ئەم ستراتیژیانەوە دەتوانێ بە شێوەیەکی کاریگەرتر بەرپەرچی ناسیۆنالیزمی دوژمنەکانی بداتەوە، بەبێ ئەوەی خۆشی بکەوێتە داوی ناسیۆنالیزمی توندڕەوەوە.

ئێوە پێتان وایە کە ئێمە وەک نەتەوەی کورد، پێویستیمان بە ناسیۆنالیزمە؟

وەک باس کرا بەشێک لە نووسەرانی بواری ناسیۆنالیزم پێیان وایە ئەوە ناسیۆنالیزمە نەتەوە دروست دەکات، هەر بەو پێیەش بە ڕوانینی کۆن بۆ نەتەوە کۆمەڵێک بنەمای دیاریکراو هەن کە وەکوو پایەکانی نەتەوە دەناسێنرێن، ئەوانیش بریتیین لە: زمانی هاوبەش، خاکی هاوبەش، مێژووی هاوبەش، ئایینی هاوبەش و داب‌ونەریتی هاوبەش. واتا ئەو پێکهاتەیەی ئەم بنەما هاوبەشانەی هەبووایە بە نەتەوە دادەنرا، بێگومان لەڕووی ڕاستییەوە ئەم ڕەگەزانە وەکوو ماددەی خاوی نەتەوە سەیر دەکرێن و لە ئێستادا بە تەنیا بەس نین بۆ ئەوەی پێکهاتەیەک بکەن بە خاوەنی شوناسێک کە شوناسی نەتەوایەتییە، ئەگەر ئەو پێکهاتەیە خاوەنی کۆمەڵێک خاسییەت و تایبەتمەندیی دیکە نەبێت کە بیگەیەننە ئەو ئاستەی بوونی ڕاستەقینەی لە ڕووی ئامادەبوون و بەشداریکردنەوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بۆ فەراهەم بکەن و لە هەمان کاتیشدا سنووری جیاکردنەوەی ئەو پێکهاتەیە لە نەتەوەکانی‌تر دەستەبەر بکەن کە بێگومان ئەو جیاکردنەوەیەش لە ئاستی یەکەمدا لە میانەی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەییەوە فەراهەم دەبێت. لە هەمان کاتدا تەنیا کاتێک ناسیۆنالیزم دەبێتە خاوەنی شوناس کە ببێتە بەرنامە و پڕۆژەیەکی جەماوەری و ئاستی ئاسایی بەرنامەکەی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی بێت. هەر پڕۆژە و بەرنامەیەکی‌تر لە خوار ئاستی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەییەوە بەڵگەی لاوازی و بێ شوناسی ناسیۆنالیزمە. ئێمەی کورد وەک لامان ئاشنایە تا وەکوو ئێستا خاوەن دەوڵەت نین، کە خاوەنی دەوڵەت و جۆگرافیایەکی یاسایی خۆمان نەبووین داهاتوومان بەردەوام لەژێر هەڕەشە و مەترسی دایە، دامەزراندنی دەوڵەت فاکتەرێکی سەرەکی ئاسایشی نەتەوەییە، ئەم ئامانجەش هەروا ئاسان بەدی نایەت، بەڵکوو پێویستی بە ڕێچکە و بنەمای تایبەت و میکانیزمی زۆرباش هەیە. جیا لەمەش ناسیۆنالیزم دەتوانێت وەک هێزێکی یەکگرتوو خزمەت بکات، و ڕا و بۆچوونە جیاوازەکان لەسەر یەک بنەما کۆ بکاتەوە، بەتایبەتی بۆ نەتەوەیەکی وەکوو کورد کە بەسەر چەند وڵاتدا دابەشکراوە، ئەم دابەشبوونەی کوردستان بەسەر چەند دەوڵەتدا پێویستی هەستی هاوبەشی نەتەوەیی زیاتر دەکات، دەتوانێت هەستی هاوبەشی شوناس و پێکەوەبوون لەنێو کورددا بەهێز بکات، بەتایبەتی دوای مێژوویەکی درێژ لە سەرکوتکردن. ناسیۆنالیزم دەتوانێت پارێزگاری لە زمان، کولتوور و کەلەپووری کوردی بکات لە زۆر ناوچەدا زمان و کولتووری کوردی ڕووبەڕووی سنووردارکردن و هەوڵی لەناوبردن بووەتەوە. هاوکات دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ داواکردنی مافە سیاسی و کولتوورییەکان، وەک خودموختاری یان جۆرەکانی دیکەی دەسەڵاتی سیاسی لە چوارچێوەی دەوڵەتە جیاوازەکاندا، گرنگە ئەوەش لە یاد نەکەین کە بۆ ئەوەی ناسیۆنالیزم کاریگەرییەکی ئەرێنی و بەردەوامی هەبێت دەبێت لەگەڵ بەها جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ، دێموکراسی و هاوژیانی ئاشتیانە بێت.

(درێژەی هەیە)