
ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە هەژاری لە بواری پەروەردە ڕایگەیاندووە، تا هەژاری لە کۆمەڵگەدا زیاتر بێت، ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن زیاتر دەبێت و لە هەندێک پارێزگەدا یەک لەسەر سێی قوتابییان تەنانەت بڕوانامەی خوێندنی سەرەتاییان نییە.
هەر لە توێژەران و پسپۆڕانی پەروەردەوە تا ناوەندی توێژینەوەی مەجلیس بگرە، هەمووان هەوڵیان داوە ڕاپۆرت لەسەر دیاردەی وازهێنان لە خوێندن بخەنە ڕوو، هۆکارە سەرەکییەکانی هەموو ئەم توێژینەوانە بریتییە لە هەژاری و نەبوونی توانایی خێزانەکان لە دابینکردنی بژێوی منداڵەکانیان.
وازهێنان لە خوێندنی خوێندکاران ڕێژەی خوێندەواریی لە ئێراندا کەم کردووەتەوە. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی مەجلیسی ئێران، ڕێژەی خوێندەواری لە ئێران بۆ گرووپی تەمەنی ١٥ ساڵ و سەرووتر لە دەوروبەری ٨٥٪ دایە.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە فەرمییە ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن و نەبوونی بڕوانامە لە ئاستی ناوەندی و دواناوەندی زۆرە، بەتایبەتی ئەو چینەی کە داهاتیان کەمە بەهۆی گۆشارە ئابوورییەکانەوە زیاتر کاریگەرییان لەسەرە.
ڕاپۆرتی مەجلیسی ڕێژیم دەریدەخات کە ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە پارێزگە پەراوێزخراو و دوورەدەستەکان لەوانە خووزستان، بەلووچستان و کرماشان بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە زیاتر بووە و ڕێژەی نەبوونی بڕوانامەی خوێندن لە نێوان قوتابییانی ١٢_١٧ ساڵان لە ساڵی ١٤٠٢ لە پارێزگاکانی کرماشان ٢٢٪، لە ورمێ ٢٧٪، لە خووزستان ٣٦٪ و لە بەلووچستان گەیشتووەتە ٢٢.٣٪ .
هەروەها سەندیکاکانی مامۆستایان بڵاوی کردووەتەوە کە بەپێی ئامارێک، نزیکەی ٣٠٪ی کچانی قۆناغی دواناوەندی لە ئێران ناچنە قوتابخانە و ساڵانە نزیکەی ٢٠٠ هەزار کچ کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ١٩ ساڵە هاوسەرگیری دەکەن.
هەرچەندە وازهێنان لە خوێندن زیاتر لەنێو کچاندا باوە، بەڵام ئەم دیاردەیە ئەو کوڕانەش دەگرێتەوە کە ناچارن واز لە خوێندن بهێنن بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی خێزانەکانیان دابین بکەن.
هۆکارەکانی وازهێنانی کچان لە خوێندن بریتین لە منداڵ هاوسەری، کێشە کلتوورییەکان، نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە قوتابخانە و هەروەها کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەت لە ناوچە پەراوێزخراو و دوورەدەستەکان.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە پەروەردە و بارهێنان لە ئێراندا بە چینایەتی کراوە و چینە باڵاکانی کۆمەڵگە کە توانای دارایی زیاتریان هەیە دەستیان بە خوێندنی باش و بە کوالێتی دەگات و دابینی دەکەن بۆ منداڵەکانیان، بەڵام چینە کەمداهات و لاوازەکان زیاتر لە خەمی کێشەکانی بژێوی ژیانیاندان و توانایی دابینکردن و درێژەدان بە خوێندنی منداڵەکانیان نییە.
هەروەها لە ڕاپۆرتی توێژینەوەی مەجلیسدا ئاماژە بە کێشەیەکی دیکە کراوە ئەویش "پەروەردە بە زمانی دایکییە" کە پەراوێز خراوە، لە کاتێکدا بە وتەی شارەزایانی پەروەردە و خوێندن، زیاترین ڕێژەی دابەزینی ئاستی خوێندن، وازهێنان، یان نەخوێندەواری لەو ناوچانەدا دەبینرێت کە زمانێکی دیکەیان هەیە و فارس زمان نین.