کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیران لەدوای قەیران

00:01 - 16 بانەمەڕ 2725

قەیران لەدوای قەیران

 

شەماڵ تەرغیبی

عەلی خامنەیی لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە کارەساتی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی گوتوویەتی: ڕووداوی جۆراوجۆر بۆ دامودەزگاکان دێنە پێش! بوومەلەرزە، ئاگرکەوتنەوە، تێکچوون و تێکدانی بەئەنقەست یان بەهۆی کەمتەرخەمی، بەڵام هەر قەرەبوو دەکرێنەوە!

ئەم جۆرە لێدوانانە کە لە ڕابردووی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا کەم نەبوون و کەسانی وەک خامنەیی بێ ئەوەیکە لایان گرینگ بێت گیانی مرۆڤەکان و کەرامەتیان چی لێ بەسەر هاتووە یان چی لێ بەسەر دێت، ناوەناوە بەهۆکاری جۆراوجۆر و یەک لەوان هاتنەگۆڕی قەیرانێکی نوێ کە ڕاستەوخۆ ئێخەیان دادەگرێ، قسەی لەو بابەتە دەکەن کە زیاتر لەوەی هەوڵێک بێت بۆ چارەسەرکردن، بریتییە لە سادەپیشاندانی کارەساتێک و کەمکردنەوەی ئاستی چاوەڕوانییەکان لای بیروڕای گشتی.

ئەوەی ڕوونە و نکۆڵی لێ ناکرێ تەقینەوەی بەندەرعەباس تەنیا ڕووداوێک لە کەرتێکی تیجاری یان سەنعەتی نەبوو بەڵکوو ئەم ڕووداوە ئەنجامی کۆقەیرانێکی کەڵەکەبووی چارەسەرنەکراوە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە دەکرێ هەم لە ڕەهەندی ئابووری، هەم لە ڕەهەندی ئینسانی و هەم لەڕووی بەڕێوەبەرییەوە تەتەڵە و شەنوکەو بکرێ.

ڕووداوی شەشی بانەمەڕی بەندەر ڕەجایی کە گرینگترین بەندەری بازرگانی ئێرانە و ساڵانە بەپێی ئامارە فەرمییەکان ٨٠ میلیۆن تۆن کەلوپەلی تێدا ئاڵووێر دەکرێت، دیسانەوە مرۆڤ ناچار دەکات ئەو پرسیارە لە خۆی بکات کە بۆچی و چۆن ئەمە ڕووی داوە؟

بەپێی دوازانیارییەکان هۆکاری تەقینەوەی ئاماژەبۆکراو هەبوونی چەند کانتینێری پڕ لە ماددەیەکی شیمیایی مەترسیدارە کە تایبەت بۆ سەنعەتی مووشەک کارایی هەیە؛ ئێ ڕوونیشە کە بەرهەمهێنانن  وسازکردنی مووشەک لە ئێراندا نەک لە دەستی کەرتی خسووسی یان تایبەت نییە تەنانەت بە دەستی دەوڵەتیش نییە و تەنیا و تەنیا سپای پاسداران ئیزنی چالاکی لەو چەشنەی هەیە؛ هەر بەم هۆکارەش دەتوانین بێ‌دوودڵی بڵێین سپای پاسداران لە پشت ئەم کارەساتەوەیە کە ئەنجامەکەی جیا لە زەرەرە ئابوورییەکان بریتی بووە لە کوژرانی دەیان کەس، بێسەروشوینبوونی سەدان کەس و و بریندار و کەمئەندامبوونی سەدانی دیکەش!

کەواتە تا ڕادەیەک ڕوون دەبێتەوە کە  جیا لە پرسی بەئەنقەست بوون یان خراپکاری یان کەمتەرخەمی و ناکارامەیی لە بەڕێوەبەریی کەڵان، هۆکاری ئەو جۆرە لێدوانانەی کەسێکی وەک خامنەیی چییە؟ کاتێک کە ئەو دەڵی ئاساییە تووشی بارودۆخی لەو چەشنە بین و دواتر هەر قەرەبووی دەکەینەوە دەردەکەوێ کە ناوبراو بەپێی سیاسەتی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی نیزامەکەی دەیهەوێ بە پووش‌بەسەرکردنی هەڵە مەرگهێنەرەکەی سپا، ئەم ناوەندە مەترسیدارە دژەمرۆڤەی خۆی بپارێزێ لە تانەوتەشەری ڕای گشتی.

ڕەهەندێکی گرینگی دیکەی ئەم باسە دەتوانێ پرسی جۆرێک بەرهەمهێنانەوەی قەیران لە ئەنجامی دێزەبەدەرخۆنەکردنە بەردەوامەکانی حکومەت بێت؛ بەو واتایە کە قەیران لە هەر بیاڤێکدا ئەگەر زووبەزوو چارەسەر نەکرێت و میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەرکردن و بنبڕکردنی نەبیندرێتەوە و هەوڵ بدرێ بە سادەنیشاندانی یان بە دانی ئامار و زانیاری ناڕاست ڕای گشتی لێ بێئاگا بکرێت، ئەوا بێشک دەبێتە هۆی سازبوونی جۆرێکی تر لە قەیران.

بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم باسە نموونەیەک دەهێنینەوە؛ لە ساڵانی ڕابردوودا لە ئێران و لە بیاڤی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان کۆماری ئیسلامی هەموو کات حاشای لەوە دەکرد کە کەرتی ئابووری بێهێز و لاواز بووە و هەر بەرپرسێکی حکومەتی دەهاتە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان باسی لە گەشانەوەی چەند لەسەدی لە ساڵدا دەکرد و جۆرێک وێنایان دەکرد وەک بڵێی ئێران شامی شەریفە و هیچ گرفتێکی ئابووری و مەعیشەتی بوونی نییە و ئەگەریش هەبێ شتێکی زۆر کەمە کە بەرچاو ناکەوێ؛ بەڵام دیتمان لە پاش تێپەڕینی چەند ساڵ و بەردەوامبوونی کێشە و قەیرانە ئابوورییەکان لەوانەش بێکاری و گرانی وهەڵاوسان ڕا لەگەڵ ڕا، ئەم قەیرانانە قەیرانی دیکەیان لێ شین بوو! وەک کارتۆنخەوی، زبڵدۆزی، دزی، ئێعتیاد، لەشفرۆشی، سواڵکردن و زۆر دیاردەی ناحەزی دیکە کە ئەوڕۆکە لە بچووکترین شارەکانەوە بگرە تا دەگاتە کەڵانشارەکانی ئێران پێوەی دەناڵێنن.

ئەم تراژێدیا سەبارەت بە قەیرانەکانی دیکەش هەر وەڕاست دەگەڕێ! کاتێک ئاغای خامنەیی باس لەوە دەکات کە ئاساییە ڕووداوی وەک بەندەری ڕەجایی بێتە ئاراوە و دواتر قەرەبووی دەکەینەوە دەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بین کە قەیرانی دیکە لە ئەنجامی ناکارامەیی لە بەڕێوەبەری، سیاسەتی هەڵە، خۆسەپاندن و خۆفەڕزکردن بێنە ئاراوە و ڕوونیشە کە بە بێ ئاڵوگۆری بنچینەیی لە پێکهاتە و قەوارەی گشتی ئەم وڵاتە نەتەنیا ڕووی ئارامی بەخۆوە نابینێ بەڵکوو زیاتر و زیاتر نوقمی نێو قەیرانە گەورە و قووڵەکان دەبێتەوە.