
کۆماری ئیسلامی؛ سیستەمێک کە لەسەر خۆڵەمێشی ژیانی خەڵک ماوەتەوە
(لە سینەما ڕێکسەوە تا تەقینەوە لە بەندەری ڕەجایی)
ئەفشین مەعرووفیان
پێشەکی
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا مانەوەی خۆی نەک لەسەر شەرعییەتی جەماوەری یان پەرەسەندنی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەڵکوو لەسەر سەرکوتکردن، قەیران دروستکردن و کوشتوبڕی خەڵک درێژ کردووەتەوە. لە مێژووی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمدا هەر کاتێک بناغەکانی حکوومەت لەرزۆک بووە، کارەساتێکی "گوماناوی" و شەپۆلێکی ترس و گێڕانەوەی ئەمنییەتی جێگەی داواکارییەکانی کۆمەڵگەیان گرتووەتەوە. ئەم ڕێژیمە بۆ پاراستنی هەژموونیی خۆی، چەندین جار دەستی بۆ زۆر تاوانی گەورە درێژ کردوە، کە نەک هەر لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێران بەڵکوو لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات و تەنانەت لە دڵی ئووروپادا خوڵقاندوونی.
چەندین نموونەی مێژوویی ئەم کارەساتانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەرامی سیاسی خوڵقاندوویەتی:
- کارەساتی سینەما ڕێکس ئابادان (١٣٥٦)
- تیرۆرکردنی سەدان لیدێر و تێکۆشەری سیاسیی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات
- خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانی (١٣٩٨)
- داڕمانی کانەکانی کرێکاری و ڕووەداوەکانی وەک پلاسکۆ
- بارمتەگیریی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی
- و ئێستاش، تەقینەوەی نهێنی لە بەندەری ستراتیژی بەندەر عەباس (١٤٠٤)
هەرکام لەو ڕووداوانە هەڵگری یەک پەیامن: "کۆماری ئیسلامی لە پێناو مانەوەدا ئامادەیە ژیانی هەزاران کەس تێدا ببات".
بەندەر عەباس؛ بەندەرێک لە ئاگردا، ڕاستییەک لە سێبەردا
تەقینەوەی بەرفراوان لە کۆگایەکی پیشەسازی لە بەندەری ڕەجایی لە بەندەر عەباس، هەرچەندە لە لایەن میدیاکانی فەریمی حکوومەتی کۆماری ئیسلامییەوە بە "ڕووداوێکی سادەی هەڵەی مرۆڤی" ناو بردرا ، بەڵام جارێکی دیکە چەندین نیشانەی پێکهاتەی تاوانکاریی ڕێژیمی بۆ هەمووان ئاشکرا کرد.
ئەم تەقینەوەیە لەو ساتەدا ڕووی داوە کە:
- گوشاری ئابووری و ناڕازیبوونی جەماوەری لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاو ببۆوە.
- هەڵبژاردنەکان بۆ ڕێژیم سەخت، چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەن.
- ناڕەزایەتیی کرێکاری و نەتەوەیی لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای وڵاتدا بڵاو ببۆوە.
- گرژییە ناوچەییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و ئورووپا و هەروەها ئەمریکا لە لوتکەدا بوون.
ئەندازیارانی سیاسی سێ سیناریۆ بۆ ئەم ڕووداوە دەخەنە ڕوو:
١- تەقینەوەیەکی ئەندازیاریکراوی حکوومەتی بۆ گۆڕینی ڕای گشتی و دروستکردنی کەشێکی نائاسایی بەتایبەتی لە پەراوێزی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکادا.
٢- خراپ بەڕێوەبردنی کارەساتباری کۆگا سەربازی یان شیمیاییەکان بەهۆی گەندەڵیی پێکهاتەیی و ئەمنییەتی.
٣- ئۆپەراسیۆنی تێکدانی دەرەکی یان نێوخۆیی کە کۆماری ئیسلامی بۆ مەبەستی تەبلیغی کەڵکی لێ وەرگرتوە
لە هەر حاڵەتێکدا دەرئەنجامەکەی ڕوونە: ژیانی خەڵک بووەتە ئامرازێکی پڕوپاگەندەیی، ئەمنییەتی، یان سیاسیی حکوومەت.
مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؛ لە ئاگرەوە بۆ مووشەک، لە کانگاوە بۆ تیرۆر
سینەما ڕێکس (١٣٥٦)
ئاگرتێبەردانی سینەما ڕێکس کە زیاتر لە ٤٠٠ قوربانیی لێ کەوتەوە، کارەساتێک بوو کە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێستا بۆ وروژاندنی سۆزی خەڵک بۆ بەرەوپێشبردنی پڕپسەی حوکمڕانیی دینیی شیعه خولقاندیان.
بەردانەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی (١٣٩٨)
تەقەی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران لە فڕۆکەی PS752 بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٧٦ کەسی بێتاوان. ئەم کارە لە چوارچێوەی قەیرانەکانی دوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی ئەنجام درا و تاوانەکەش دوای سێ ڕۆژ و گوشاری نێودەوڵەتی ئاشکرا کرا.
کانگای تەبەس و کانەکانی تر
ساڵانە دەیان کرێکار بەهۆی داڕمانی تونێلەکان یان تەقینەوەی ژێر زەوی گیانیان لەدەست دەدەن. بۆ کۆماری ئیسلامی ژیانی کرێکارێک لە ئاڵوگۆڕی بەرهەمە ئەمنییەکان بەنرخترە.
تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنهکان بەتایبەت سەرکردە کوردەکان لەدەرەوەی وڵات
دکتۆر قاسملو (ڤیەنا)، شەرەفکەندی (بەرلین) و چەندین کەسایەتیی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی دیکە لە لیستی تیرۆرە ڕێکخراوەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا بوون. ئامانج: لەنێوبردنی فیزیکی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و چالاککردنی سیاسەتی "تیرۆر لە دەربەدەریدا".
بارمتەگرتنی دیپلۆماسی و ئەمنییەتی
بارمتەگرتن ئەو کەسانەی لە وڵاتانی دیکە نیشتەجێن، چالاکوانانی مافی مرۆڤ، یان هاووڵاتیانی ئورووپایی و ئەمریکی بووەتە بەشێک لە دیپلۆماسیی بارمتەی ڕژیم. ئەم بارمتانە زۆرجار لە مامەڵە سیاسییەکاندا بەکاردەهێنرێن.
بەشە هاوبەشەکەی هەموو ئەم کارەساتانە:
کۆماری ئیسلامی قەیران دروست دەکات و دەیکاتە قوربانی و خۆی بە "ڕزگارکەر" دەناسێنێت. بەڵام ئایا ڕێگایەک هەیە بۆ دەربازبوون؟ بەڵێ: یەکیەتیی بەکردەوەی ئۆپۆزیسیۆن و نیڵدانی کوورەی خەبات.
ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی نیگەران بەرەو لێواری نەمان دەبات، تەنیا ناڕازیبوونی کۆمەڵایەتی نیە، بەڵکوو دروستبوونی ئەڵتەرناتیڤێکی ڕێکخراو و دێموکراتیک و گشتگیرە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئەم ڕێژیمەوە. بەڵام بۆ دروستنەبوونەوەی ڕێژیمێکی دیکە لە چەشنی ڕێژیمە ناوەندگەراکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی پێویستە ئەم ئالترناتیڤە ئەم تایبەتمەندییانەی تێدا ڕوون بکرێتەوە:
- دیموکرات بێت: سیستەمێک کە یەک حاکم (چ پاشا بێت یان شێخ) تێدەپەڕێنێت و لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانیی نەتەوە و ئایینەکان و مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا بیچم دەگرێت.
- کۆتایی بە سیستەمی ناوەندگەرایی بێنێ: پێکهاتەیەک کە دان بە ماف و ئۆتۆنۆمیی ناوچە و نەتەوەکاندا بنێت؛ بۆ نموونە حکوومەتە هەرێمایەتییە فیدراڵیەکان بە ئیدارەی ڕەسەنی (کوردستان، بەلوچستان، ئەهواز، ئازەربایجان و …) کە لەسەر بنەمای یەکیەتییەکی دڵخوازانە لە ئێرانێکی ئازاد و ئاوەدان بەشداریی ڕاستەقینەی خەڵک مسۆگەر دەکەن.
هەروەها هاوپشتیی ڕاستەقینەی نێوان هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بەتایبەتی لەگەڵ نوێنەرایەتی نەتەوە چەوساوەکانی وەک کورد، دەبێ بەجۆرێک پێک بێت کە ئەڵتەرناتیڤ تەنیا پرۆژەیەکی ناوەندی نەبێت، بەڵکو پلانێک بێت بۆ تەواوی ئێرانی فرەنەتەوەیی.
ئەنجام
تەقینەوەکە لە بەندەر عەباس تەنیا ئەڵقەیەکی دیکەی له زنجیرەی تاوانەکانە کە کۆماری ئیسلامی وەک ئامرازی مانەوە بەکاری هێناوە. لە ڕێگادا ژیانی خەڵک و ئاسایشی نەتەوەیی و ئیعتباری نێودەوڵەتی و سەرچاوەکانی وڵات هەمووی بوونەتە قوربانی. درێژەدان بەم ڕەوتە بە واتای بەردەوام بوون لە مردن و سانسۆر و تیرۆر و دواکەوتوویی. بەڵام ئەمڕۆ زیاتر له هەموو کات پێویستیی دروستکردنی ئاڵترناتیڤێکی دێموکراتیک و لامەرکەزی کە ڕەگ و ڕیشەی لە داخوازییە ڕاستەقینەکانی گەلی ئێراندا هەیە، زۆر گرنگە. ئەگەر دەنگی قوربانییەکان و دەنگی گەلانی چەوساوە و دەنگی ئازادیخوازان یەک بگرن، نەک هەر دەتوانین لەم دۆزەخە تێپەڕین، بەڵکوو دەتوانین ئێرانێکی نوێش بنیات بنێین: ئێرانێک کە لەسەر بنەمای دیموکراسی بۆ هەمووان بنیات بنرێت، نەک تەنها بۆ چینێکی سەربازی و مەزهەبیی دەسەڵاتدار.