ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤، حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی خەڵكی ورمێ پاش تێپەڕاندنی سێ مانگ لە شەش مانگ حوکمەکەی، لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکیدا بە مەودای هەزار میتر لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لەم شارە ئازاد کرا.
کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە ناوبراو باقی ماوەی حوکمەکەی لە دەرەوەی بەندیخانە و لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکیدا بە مەودای هەزار میتر تێدەپەڕێنێ.
ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٤، حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ورمێ پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە ورمێ بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرا.
حەمید چەپاتی لەلایەن لقی ٢٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێوە بە شەش مانگ بەندکران سزا درا و ئەم بڕیارە لە ڕۆژی ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
حەمید چەپاتی پێشتریش لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر "شاهینی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەم چالاکە مەدەنییە پاش بانگکران بۆ پۆلیسی ئەمنییەت بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی ڕەخنەگرانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەسبەسەر کرابوو.