کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندگەرایی و ڕۆڵی پەراوێز لە پێناسەکردنەوەی ئێراندا

21:04 - 17 بانەمەڕ 2725

ناوەندگەرایی و ڕۆڵی پەراوێز لە پێناسەکردنەوەی ئێراندا

 

ڕەحیم نزهەت‌زادە

ماوەیەکی زۆرە کۆمەڵێک هێزی سیاسی کە بەدوای گۆڕانکاری لە ئێراندا دەگەڕێن، لە ناوەندەوە چاویان لە ڕاپەڕینێکە. ئەوان هیواکانیان لەسەر نوخبەی تاران و چینی نێوەڕاستی شارەکان بنیات ناوە، بەو بیرۆکەیەی کە ڕۆژێک بە هاوکاریی دەسەڵاتێکی دەرەکی یان یاخیبوونێکی نێوخۆیی، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا ڕوو دەدات. بەڵام ئەم چاوەڕوانییە، زیاتر لەوەی واقیعی بێت، لە خەونێک دەچێت کە لە ئاوێنەی ستەمکاریدا ڕەنگ دەداتەوە: خەونێکی ئازادییە کە بڕیارە هەر لەو ڕێکخستنەوە لەدایک بێت کە خۆی هۆکاری چەوساندنەوە و جیاکاری بووە.

ناوەند وەک هاوبەش، نەک قوربانی

لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا – لە پەیمانی دەستوورییەوە تا شۆڕشی ١٣٥٧ و پێکهاتنی کۆماری ئیسلامی – ئەوانەی هەمیشە ڕۆڵی کاریگەر و چارەنووسسازیان هەبووە، هێزگەلێک بوون کە لە ناوەندەوە سەرهەڵدەدەن. ئەم هێزانە بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئۆپۆزیسیۆن بن یان هاوتەریبی حکوومەتن، هەرگیز لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ناوەند دەرنەچوون. تەنانەت کاتێک لەگەڵ حکوومەتدا ململانێیان هەبووە، هێشتا ناوەندیان بە شوێنی شەرعیەت و دەسەڵات زانیوە.

لە چوارچێوەیەکی وەهادا چاوەڕوانیی ئەوەی ئەم چینە سەرکردایەتی گۆڕانکاری بکات، شتێکی ناواقیعییە. چینی نێوەڕاستی شارەکان کە سوود لە ئیمتیازاتی پێکهاتەیەکی ناوەندگەرایی وەردەگرێت، زیاتر مەیلی پاراستنی دۆخی ئێستای هەیە بە ڕووخسارێکی "میانڕەو" و "دیموکراسی ڕێگەپێدراو” نەک گۆڕانکاری لە بنەڕەتدا. ئەم چینە لەبری ئەوەی پەیوەندی بە ڕاپەڕینەکانی دەوروبەرەوە بکات، لە ساتەوەختە گرنگەکاندا پاشەکشە دەکات، یان تەنانەت ڕۆڵی ڕێگریش دەگێڕێت.

دەوروبەر؛ بەردی بناغەی ڕاستەقینەی ئازار و بەرخۆدان

لە بەرامبەر ئەم بەربەستەدا، پەراوێزی ئێران – کوردستان، بەلوچستان، خوزستان، توركمەن‌سەحرا و... ناوچە پەراوێزییەکانی دیکە – هەمیشە قوربانیی یەکەمی پێکهاتەی هەڵاواردن و ناوەندگەرایی بوون. خەڵکی ئەو ناوچانە دەیان ساڵە خەباتیان کردوە بۆ سەرەتاییترین مافەکانیان، هەر لە زمانی زگماکی و خوێندنەوە تا گەشەپێدانی ئابووری و بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا و زۆرترین باجیان داوە.

لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٤٠١دا جارێکی تر خوێن لە پەراوێزەوە کوڵاوە، بەڵام وێنەی میدیایی ئەو لە چوارچێوەی تاران و چەند شارێکی نێوەڕاستدا نوێنەرایەتی دەکرا. ئەم وەدەرنانی گێڕانەوەی دەوروبەر تەنیا نیشانەی هەڵاواردنی میدیایی نیە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی هەمان پێکهاتەی ناوەندگەراییە کە تەنانەت لە گێڕانەوەی ئۆپۆزسیۆنیشدا بەرهەم دەهێنرێتەوە.

ناوەندگەرایی؛ پێکهاتەیەک لە دەرەوەی جوگرافیا

مەرکەزییەت تەنیا بە مانای چڕبوونەوەی جوگرافیای دەسەڵات نیە، بەڵکو ئەو پێکهاتەشە کە گێڕانەوە و شەرعییەت و سامان و شوناس لێیەوە بەرهەم دێت. ئەم ناوەندە بە سەپاندنی زمان و کولتوور و ڕوانگەی خۆی، یان ناسنامەکانی دیکەی لەنێو بردوە یان پەراوێزی خستووە. لە ئەنجامدا ناوەند تەنها شوێنێک نییە، بەڵکوو دۆخێکی بناغەیی کە دەبێت بگۆڕدرێت.

جووڵە لە خوارەوە؛ دەنگی دەوروبەر، نەک دەنگدانەوەی ناوەند

گۆڕانکاری کاتێک دەکرێت و ڕوو دەدات کە پەراوێز نەک تەنها بیسترێت و گرینگی پێ بدرێت، بەڵکوو وەک هێزێکی بزوێنەر و سەرکردەی گۆڕانکارییش بناسرێت. شوناس و بزووتنەوە کولتوورییەکان کە لە پەراوێزدا گەشەیان کردوە، هەڵگری وشیاریی ڕزگاریخوازن، نەک چینێک کە مانەوەی خۆی لە درێژەی نەزمی ئێستادا ببینێت. ڕزگاری بە پشتبەستن بە ژینگە مومکینە؛ بە دەنگێکی سەربەخۆ، بە هاوپەیمانییەکی دادپەروەرانە و بە گێڕانەوەیەکی جیاواز لەوەی کە ساڵانێکە لە ناوەندەوە دەرچووە.

پێناسەکردنەوەی ئێران؛ لە فیدرالیزمەوە بۆ دادپەروەریی ناسنامە

بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، دووبارە پێناسەکردنەوەی پێکهاتەی سیاسی و ناسنامەی ئێران، پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە. ئەم دووبارە پێناسەکردنەوە ئەم پێکهاتانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:

-گواستنەوە لە ناوەندگەراییەوە بۆ فیدرالیزمی ڕاستەقینە

- داننان بە هەموو گەلان و زمانەكانیان

- دابەشكردنەوەی دادپەروەرانەی سەرچاوە ئابووری و سیاسییەکان

- ڕێزگرتن لە مافی چارەی خۆنووسین بۆ هەموو گەلان

- کۆتاییهێنان بە قۆرخکاریی کولتووری و زمانەوانیی ناوەند

وشەی کۆتایی؛ با چاومان لەسەر پەراوێز بێت نەک ناوەند

تا نیگاکە لەسەر ناوەند جێگیر بێت، هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی ڕوو نادات. مێژوو چەندین جار نیشانی داوە کە ناوەند هاوبەشی دەسەڵات بووە نەک قوربانییەکەی. ئەمڕۆش ئایندەیەکی ئازاد و بەردەوام تەنیا بە قبووڵکردنی سەرکردایەتی لە پەراوێزەوە و یەکخستنی نەتەوە پەراوێزخراوەکان و پێناسەکردنەوەی چەمکی ئێران مومکین دەبێت. نەک لە چوارچێوەی ناوەنددا، بەڵکوو لە دڵی پەراوێزەوە.