
شەڕی ئێران و ئیسرائیل و پەیامەکانی خامنەیی
هەردی سەلیمی
شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی ١٢ ڕۆژی خایاند و ئێستا بە ئاگربەستێک ڕاگیراوە. هەرچەند ئەم ئاگربەستە ناڕوون و لەرزۆکە، بەڵام تا ئێستا توانیویەتی شەڕەکە ڕاوەستێنێ. کۆماری ئیسلامی کە هەر لە سەرەتاوە سازی ناسازی لێداوە و بەتەما بووە لە "کەربەلا"وە ڕێیەک بەرەو "قودس" بکاتەوە و ژمارەی پێچەوانەوەی بۆ سڕینەوەی وڵاتی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان لێ داوە، ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێ لەم هەڵگیرسانی شەڕەدا. لە بەرامبەردا دەوڵەتی ئیسرائیلیش بە هیچ شەڕێک ناڵێ نا و خێرا خەنجەری لە کالان دەردەکێشێ؛ لە وەها دۆخێکدایە شەڕی لەم چەشنە چاوەڕوان دەکرا ڕوو بدات.
کۆماری ئیسلامی بە بەرنامەی ناوکی و مووشەکی و پڕچەککردنی پرۆکسییەکانی هەم هەڕەشەیەکی گەورە بوو لەسەر سەقامگیریی ناوچە و هەمیش هەڕەشەیەک لەسەر بوون و مانەوەی وڵاتی ئیسرائیل، ئەم هەڕەشانەشی هەرگیز نەشاردۆتەوە و بە شانازییشەوە دەریبڕیوە. لە حەوتی ئۆکتۆبر بەملاوە هەموو گۆڕانکارییەکان تا ئێستا لەدژی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی بووە. وەک بەردەوام باس کراوە لەو ڕێکەوتەوە ئەوە پرۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی بوون کەوا پەکیان کەوتووە و دەوڵەتی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی بووە ڕووخاوە، بۆیە هەتا دەهات ئاستی بەرگریی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر دوژمنانیدا سنووردارتر دەبوو و لەم کۆتایییانەدا بەکردەوە تەنیا بەرنامەی مووشەکییەکەی بۆ مابووەوە.
ئەم شەڕە تاقیکارییەکی زیانبەخش بوو بۆ لایەنی نیزامیی کۆماری ئیسلامی، چون هەر لە یەکەم ساتی دەسپێکی شەڕەکەوە دەرکەوت دەستی باڵا بە ئیسرائیلە و هێزی نیزامیی کۆماری ئیسلامی کیسەی بۆکسی ئەرتەشی ئیسرائیلە. بەدەستەوەگرتنی کونترۆڵی ئاسمانی ئێران لەلایەن ئەو ئەرتەشەوە و تەڕاتێنی فڕۆکە شەڕکەرەکانیان بە ئازادیی تەواوەوە، دزەکردنە نێو ئەمنیەتیترین لایەنەکانی کۆماری ئیسلامی و ئاگاداریی تەواو لەسەر هەڵسوکەوت و بەرنامە و شوێنی کۆبوونەوە و خەوتنی فەرماندە پلەباڵاکانی سپای پاسداران و... دەرخەری زاڵبوونی مووساد بەسەر جومگە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوو.
لەگەڵ ئەوە لێدانی پێگە مووشەکییەکان وەک یەکێک لە سەرەکیترین داردەست و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و بنکە ناوکییەکانی و خەسارلێکەوتنیان، زەبری کوشندە لە ستراتێژیی نیزامیی ئەو وڵاتە بوو. ئەم ئاستە لە خەسار و بێدفاعبوون لە بەرامبەر هێرشدا پرێستیژی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی دابەزاند و دەرکەوت هەڕەشە و گوڕەشەکانی مایەپووچن. وڵامدانەوەکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر دەچوونە خانەی نمایشی سەمبولیکەوە هەتا بەرنامەیەکی ڕوون بۆ بەربەرەکانی، کۆماری ئیسلامی پێش لەم شەڕە ناسراو بە ١٢ ڕۆژەش، مەبەستی لە مووشەکناردن، هەر پەیامناردن بوو نەک خەسارپێگەیاندن، بەردەنگی ئەم پەیامانەش خەڵکی نێوخۆی وڵاتەکەی بوو. کۆماری ئیسلامی لە درێژبوونەوەی شەڕ و قووڵترکردنەوەی دەترسا، بە ئاگاداری لە ویستی ئەمریکاش کە خوازیاری درێژەنەکێشان و ڕاگرتنی شەڕ بوو، نەیدەویست بیانوویەک بە دەستەوە بدات کە شەڕەکە لە کونترۆڵ دەربچێ.
هەر بۆیە لە کۆتا ڕۆژەکانیشدا بە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی وڵاتی قەتەر و لەو ڕێیەشەوە ئەمریکایییەکان، هێرشێکی سەمبولیکی تری کردە سەر پێگەی نیزامیی "عودەید" و بەکردەوە شەڕەکەی ڕاگرت و نەیهێشت لەوە زیاتر درێژە بکێشێت. ئەم شەڕی دوازدە ڕۆژە کە ئەمریکاشی گرتەوە یەکێک لەو دەگمەن شەڕانە بووە کە هەر سێ لایەنەکەی خۆیان بە سەرکەوتووی شەڕەکە دەزانن. ئەمریکا پێداگرە لەسەر ئەوەی هەموو بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی لەنێو بردوە، ئیسرائیل ئیدیعا دەکات زیاتر لە ئامانجەکانیشی پێکاوە و کۆماری ئیسلامییش دەڵێ دوژمنانی خۆم بەزاندوە! ئەم "روایت فتح"ـانە یا نیشانەیەکن لەوەی هەرسێک لا ڕازین بەوەندەی ڕووی داوە و ڕاگیراوە بەتەواوی، یان دەتوانێ لە داهاتوودا لە بەرامبەر یەکیان بوەستێنێتەوە، کە بۆ ئەمەیان دەبێ چاوەڕێ بکەین.
لەم نێوەدا دەرکەوتنی سێبارەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە چەند ڕوویەکەوە جێی سەرنج بوو. خامنەیی لەو سێ پەیامە ڤیدیۆیییەیدا لەسەریەک ١٠١ جار لە وشەکانی "خەڵک" و "نەتەوە" و "ئێران" کەڵکی وەرگرت، کە خۆی دەرخەری ئەوەیە لە چەند ساڵێک لەمەوبەرەوە دەیانەوێ هەستی نەتەوایەتی لەنێو خەڵکدا بەهێز بکەن و خۆیان وەک نوێنەری ڕاستەقینەوە بیری ئێرانشاری بناسێنن، بەتایبەت لە کاتی شەڕدا پێویستیان بە بەهێزکردنی ئەم هەستەیە. ڤیدیۆکانی خامنەیی چەندین جار بڕاون، لەسەریەک ٣٣ جار ئەم ڤیدیۆیانە کات کراون، کە نیشان لە نەبوونی تەرکیز و سەرنجە و ئەمەش باوەڕی نەخۆشبوون و شڵەژاویی خامنەییی بەهێزتر کردوە.
بەدەر لەوە لە ڕووی سیاسییەوە درەنگوەخۆکەوتن و دواکەوتنی پەیامی ئەمجارەی خامنەیی ناتوانێ بێهۆکار بووبێ. بەشێک لە چاودێران ئەم دواکەوتنەیان بۆ دۆخی ناجێگیری تەندروستیی ناوبراو گەڕاندەوە، کە دەتوانێ ڕاست بێ، بەڵام گرنگتر لەوە وێدەچێ بابەتێکی تر بێ. خامنەیی بەپێی عادەتی خۆی، خۆ لە هەندێک بابەتی هەستیار دەدزێتەوە و گەر ناچاریش بێ دەربکەوێ ڕوو دەکاتە دووپاڵوووێژی (دوپهلوگویی)، ئەمەشی بۆ ئەوەیە بەرپرسیارەتی هەڵناگرێت. بۆ نموونە وتوویەتی نە شەڕ دەکەین و نە وتووێژ! یان لە پێوەندی لەگەڵ وتووێژ لەگەڵ ئەمریکادا دەیگوت: "من پێشتریش وتوومە وتووێژ لەگەڵ ئەمریکادا سوودی نییە، بەڵام بچن بیکەن!" لەم ڤیدیۆشدا بە چاک و خراپ باسی لە ئاگربەست نەکرد، نە گوتی کراوە و نە گوتی نابێ بکرێ و نە گوتی هەڵیوەشێننەوە و... لە بەیاننامەی شوڕای عالیی ئەمنیەتی میلییشدا ئەم بەرپرسیارییە بۆ خامنەیی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان نەگەڕێنراوە و لەوێدا گوترا: "تەگبیر و هەوڵ و تێکۆشانی خەباتکاران و ئیمامەتی زانایانە، بووە هۆی سەرکەوتنێک کە دوژمنی ناچار بە پاشەکشێ و قەبووڵی شکست و ڕاگرتنی یەکلایەنەی هێرشەکەیان کرد" ئەوەیە کە خامنەیی تەنانەت بوێریی خومەینییشی نییە بتوانێ بڵێ ژەهراوم خواردۆتەوە، نە دەڵێ بۆ شەڕ ڕووی داوە و نە دەڵێ ئاگربەست لەسەر دەستی ئەو ڕووی داوە و نە داوای لێبوردنیش لەو خەڵکی ئێرانە دەکات و تەنانەت سەرەخۆشییەکیش لە بنەماڵەی کوژراوەکان ناکات، بەڵکوو خۆی بە براوەی ئەو شەڕە پڕخەسارە دەزانێ و پیرۆزبایی لەسەر پیرۆزبایی دەکات!