کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆڵەی ئاشبەتاڵ

19:00 - 15 پووشپەڕ 2725

تۆڵەی ئاشبەتاڵ

عەلی بداغی

فڕکردنی جامە ژەهرەکان بۆ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە مێژووی ئەم ڕێژیمەدا شتێکی ئاساییە و زۆر بیندراوە، بەڵام دوایە تۆڵەیان لە خەڵکی ئێران پێ کراوەتەوە. کۆماری ئیسلامی ٨ ساڵ لە دەهۆڵی شەڕ لەگەڵ عێڕاقی ڕاکێشا و جیا لە ماڵوێرانی و کاولبوونی وڵات بە میلیۆن کەسی بە کوشت دا و نقوستانی کردن، بەڵام کاتێک دواجار و بە ناچار بەچۆک داهات و ملی بۆ ئاگربەس ڕاکێشا، پێش هەموو شتێک تۆڵەی لە نەیارانی سیاسی و ئازادیخوازانی وڵات کردەوە. کۆمەڵکوژیی زیندانییانی سیاسی تەنیا بەشێکی ئەو تۆڵەیە بوو، و درێژکراوەی ئەم تۆڵەیە دەکرێ لە توێ توێی ئەو ژیان و دۆخە پڕ نەگبەتی و نەهامەتییەدا ببینین کە لە ماوەی چل ساڵی دوای تێکشکانی لەو شەڕەدا بەسەر خەڵکی ئێرانی سەپاندوە.

مێژوو دووپات دەبێتەوە. ئەمجارەیان ڕێژیم سەرەڕای هەموو هەڕوگیڤەکانی نەک ٨ ساڵ، بەڵکوو تەنیا ١٢ ڕۆژ بەرگەی هێرشەکانی ئیسڕائیلی گرت و خامنەیی بە مل‌ڕاکێشان بە ئاگربەس جامی ژارەکەی فڕ کرد، بەڵام لە یەکەم ساتەکانی دوای ئەم بەچۆک‌داهاتنە ڕێژیم کەوتە تۆڵەیەکی سەخت و خوێناوی لە خەڵک. ئەم شەڕە ١٢ ڕۆژەیە تێچووی زۆری بۆ ڕێژیم هەبوو. ڕێژیمی ئایدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی کە خۆی بە جەمسەری بەناو خۆڕاگری لە بەردەم دنیای ڕۆژئاوا پێناسە دەکرد، ئەوەی بۆی مایەوە شتێک جگە لە ڕیسوابوون و تێکشکانی نیزامیی قورس و تێداچوونی بە تریلیۆن دۆلار سەروەت و سامانی وڵات و تەریککەوتنەوەی زیاتر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەبوو. خامنەییش کە خۆی بە ڕێبەری مەعنەویی جیهانی ئیسلام و میراتگری کولتووری حوسێنی و عاشوورایی دەزانی، بۆ ماوەی مانگێک کەس بە سۆراغی نەزانی و ڕوون نەبوو لەکوێ خۆی شاردۆتەوە. جا با سووکایەتییەکانی تڕامپ بە خامنەیی و جێگەوپێگەکەشی لەولا بوەستێ کە ئێستا ئیدی کاربەدەستانی ڕێژیم دەستەوداوێنی پاپای واتیکان بوون بەشکم ئەو تکایەکیان بۆ بکا و تڕامپ بوەستێنێ!

١٠ ڕۆژ دوای ڕاگیرانی کاتیی شەڕ ئەوەی سەربازەکانی و نیزامە سیاسییە شکستخواردووەکەی لە بەرەی شەڕی دەرەکی لەدژی خەڵکی وڵات دەیکەن ئاماژە بە تۆڵەسەندنەوەیەکی سیستماتیکە هەتا باری قورسی ڕووخانی و هەرەسهێنانی ئیمپڕاتورییە ئایدۆلۆژییەکەیان بخەنە سەر شان و شەپیلکی خەڵکی وڵات. بۆیە هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربەس، ڕەشبگیر و شەپۆلێکی نوێ لە دەسبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی، مەدەنی، خوێندکاری، ڕاگەیەندکار، هونەرمەندانی دژبەری شەڕ و تەنانەت خەڵکی ئاسایی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەخنەیان لە حکوومەت گرتبوو و نووسین و هەڵوێستەکانیان پێچەوانەی مەیلی کاربەدەستانی ڕێژیم بوو دەستی پێکرد. ڕێگە لە هەر چەشنە کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی ئێعترازی و مانگرتن گیرا، لە ماوەی تەنیا یەک مانگدا لانی‌کەم ٩٨ کەس لەدار دران کە شەش کەسیان تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسڕائیلیان درابووە پاڵ و بەوە ژمارەی ئەو کەسانەی دەزگای قەزایی ڕیژیم لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی زایینیدا ئێعدامی کردوون گەیشتە ٦١٢ کەس. دەزگای پڕوپاگەندەی ڕێژیم کەوتە کار بۆ ئەوەی هەر کەسێکی دژبەر و ناڕازی لە حکوومەت و سیاسەتی شەڕانخێویی ڕێژیم بە خائین بە وڵات! پێشان بدا. بەڵام ئەمە تەنیا نووکی شاخە سەهۆڵەکەیە. ئابووریی وڵات کە پێش شەڕیش لە سۆنگەی سیاسەتە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و ناکارامەیی و گەندەڵیی حاکمییەتی سیاسی قەیرانی زۆر و جۆراوجۆر بڕستی لێ بڕابوو، دوای شەڕ ئەوەندەی دیکەش تێک‌ڕووخاوە. ڕێژیمیش بە بردنەسەرێی نرخی دراو، بڕینی یارانەکان، گرانکردنی کەلوپەل و خواردن و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی خەڵک و دەستنەکەوتنی داودەرمان هیندەی دیکەش بارگرانیی ئەو دۆخەی خستۆتە سەر شانی خەڵک بۆ ئەوەی بەم شێوەیە قەرەبووی شکست و داماوییەکانی لە بەرەی دەرەکی و شەڕەکانی خۆیدا لە خەڵکی وڵات کردبێتەوە.

تەنیا ١٢ ڕۆژ شەڕ لەگەڵ وڵاتێک کە بە ڕووبەر ٧٠ هیندە لە ئێران بچووکترە و بەچۆک داهاتن و دەستبەردانەوە لە ماوەی کەمتر لە دوو حەوتوودا لە هەمبەر ئیسڕائیل بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر شکستێکی سەربازی نیە، بەڵکوو تێکڕووخانی ئایدیا بەناو پیرۆزەکانی حکوومەتێکە ئەفسانەیەکی لەشکاننەهاتووی لە شکۆ و هێزی جیهانداگری خۆی دروست کردبوو. ئاساییە ڕێژیمێکی سیاسیی ئەوتۆ کە دەزانێ لە نێوخۆی وڵاتیشدا شەرعییەتی خەڵکی و سیاسیی نیە و بگرە خەڵکی وڵات هۆکاری هەموو نەهامەتی و قەیرانەکانی ژیانیان بۆ ئەو دەسەڵاتە دەگێڕنەوە، بیهەوێ بە سەرکوتی ئەو خەڵکە شکان و لاوازییەکانی بشارێتەوە. هەروەها بەو پاشخانەی لە خۆپێشاندانە گشتییەکانی دوای خەزەڵوەری ٩٨ و بزووتنەوەی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) لە ١٤٠١ و ئەو ترسەی لە تەقینەوەی گڕکانی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی خەڵک هەیەتی، لە ڕێگەی سەرکوت و زاڵکردنی کەشی ترس و تۆقاندنەوە پێش بە هەڵچوون و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان بگرێ؛ بۆوەی چەندی پێی بکرێ خۆی بگرێتەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا و بۆ پاشەکشەکردن بە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بۆ تێکەوەپێچانی ئەم ڕێژیمە ئێستا تەنیا چەکی سەرکوتی نێوخۆیی بە دەستەوە ماوە. بەڵام تۆڵەکردنەوە لە خەڵک نەک بە مانای بەهێزی حاکمییەتی سیاسی نیە، بەڵکوو دەرخەری لاوازی و زەبوونیی ڕێژیمە و ناشتوانێ هەتا سەر خۆی پێ بپارێزێ. لە ئیستادا ناکۆکییە نێوخۆییەکانی نێو بازنەی دەسەڵات لە هەموو کاتێک زیاترن و پرسی بەردەوامیی سیاسەتی شکستخواردووی بەرەی مقاومەت و ستراتیژیی بەرگریی پشتبەستوو بە ڕۆژهەڵات (چین و ڕووسیە) گەورەترین قەیرانی بەرەوڕووی بازنەی دەسەڵات کردۆتەوە و، قەیرانی ئابووری و دراویش پرزەی لێ بڕیوە؛ بەڵام بزووتنە کۆمەڵایەتی و مەدنی و مافخوازییەکانی خەڵک کە ڕێشەیان لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێراندا هەیە، زیندوو و بەهێزن. گەلانی مافخوازی ئێران و کۆمەڵانی خەڵکی وڵات دەیان ساڵە بە شێوازی جۆراوجۆر بەرەنگاری ئەم ڕێژیمە بوونەتەوە، ئەویش لە کاتێکدا لە تروپکی دەسەڵاتدا بوو. بۆیە ئێستا کە ڕێژیم لە هەموو کاتێک لاوازترە دەست لەسەر دەست دانانێن، بەڵکوو چاوەڕوانی هەل و دەرفەتی لەبارن، هەل و دەرفەتێک کە لە لاوازبوونی دەزگای سەرکوتدا بەدی دێت.

شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسڕائیل لەوانەیە کۆتایی هاتبێ، بەڵام شەڕ و خەباتی مافخوازانەی خەڵک دژی کۆماری ئیسلامی قۆناغێکی دیکەی بڕیوە و هەتا سەرکەوتن بەسەر ڕێژیمدا هەر درێژەی دەبێ.