
شرۆڤەی دەروونناسیی کەسایەتیی د. قاسملوو
(بە جەختکردنەوە لەسەر تیۆرییەکانی کەسایەتی و ڕێبەرایەتی)
بێهزاد قادری
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، کەسایەتییەکی دیاری سیاسی، فیکری و ڕۆشنبیریی کوردستان لە سەدەی بیستەمدا بوو کە هزر و بیری بوو بە مەکتەبێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێستاکەش بە سەدان هەزار کەس لەو مەکتەبەدا، بە شێوەی جۆراوجۆر خەبات و تێکۆشان دەکەن. ناوبراو وەک سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆڵێکی گرنگی لە سیاسەتی ئاشتییانە و دیپلۆماسی بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بینی و تیرۆرکردنی لە "ڤییەن" لە ساڵی ١٩٨٩دا، کۆتاییی بە هزر و بیری ئەو و تێکۆشانی قوتابییانی نەهێنا.
کەسایەتیی د. قاسملوو، تەنها لە مەیدانی سیاسەتدا گرنگ نیە، بەڵکوو لە ڕوانگەی دەروونناسیشەوە دەکرێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت؛ چونکە ناوبراو مۆدێلێکی سەرکردایەتیی تێکەڵاو لە "کاریزما، عەقڵانییەت، ئەخلاقتەوەری و دیالۆگ"ی پێشکەش کرد. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین، بەکورتی و بە بەکارهێنانی تیۆرییە دەروونناسییەکانی کەسایەتی و ڕێبەرایەتی (وەک تیۆریی پێنج فاکتەریی کەسایەتی، تیۆریی ڕێبەرایەتیی گۆڕانخواز و تیۆریی ئاوەزی سۆزداری)، باس لە ڕەهەندەکانی کەسایەتی و شێوازی ڕێبەرایەتیی د. قاسملوو بکەین.
ژیان و چالاکییەکانی د. قاسملوو
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، ساڵی ١٣٠٩ی هەتاوی لە یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ لەدایک بوو. قوناغهکانی خوێندنی سهرهتایی و ناوهندیی له شاری ورمێ و پاشان له تاران کۆتایی پێ هێنا. ساڵی ١٣٤١ی ههتاوی له زانستگهی "پراگ" بڕوانامەی دوکتۆڕای بواری زانستی ئابووریی وهرگرت و ههتا ساڵی ١٣٤٩ لهو زانستگەیهدا وانهکانی "ئابووریی سهرمایه و ئابووریی سوسیالیستی و بیردۆزیی گهشهی ئابووری"ی دەگوتهوه.
د. قاسملوو شارهزاییی تهواوی لهسهر زمانهکانی "کوردی، فارسی، تورکی، عهرهبی، فهڕەنسی، ئینگلیزی، چێکی و ڕووسی" هەبووه و ههتا ڕادهیهک ئاشناییی لهگهڵ زمانهکانی "ئاڵمانی و سلاو" ههبووه. ئەو بۆ ههژده ساڵ وهکوو ڕێبهرێکی لێهاتوو و کارامه، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ڕێبەری کرد و پێی لەسەر "وتووێژ، دێموکراسی و ڕێگەچارەی ئاشتییانە" لەهەمبەر دەوڵەتی ئێرانی، دادەگرت و لە کاتێکدا کە لەسەر مێزی وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی ئێرانی بوو، تیرۆر کرا.
چوارچێوەی تیۆریکی وتار
- تیۆریی پێنج فاکتەریی کەسایەتی (Big Five)؛ ئەم تیۆرییە، کەسایەتی دابەش دەکاتە سەر پێنج ڕەهەندی سەرەکیی "دەرەوەخوازی، ڕەزامەندینیشاندان، ئەرکناسی، سەقامگیریی سۆزداری و کراوەیی بەرانبەر بە ئەزموون".
- تیۆریی سەرکردایەتی گۆڕانخواز؛ ئەم تیۆرییە لەسەر چوار تایبەتمەندیی ڕێبەرانی گۆڕانخواز جەخت دەکاتەوە کە بریتین لە "کاریزما و کاریگەریی ئایدیالیستی، پاڵنەری ئیلهامبەخش، هاندانی فیکری و ڕەچاوکردنی کەسی".
- ئاوەزی سۆزداری (هوش هیجانی)؛ ئاوەزی سۆزداری ڕۆڵێکی گرنگی لە بڕیاردان، بەڕێوەبردنی گوشارەکان و پەیوەندیی مرۆیی، هەیە. پێکهاتەکانی بریتین لە "خۆئاگایی، خۆکۆنتڕۆڵکردن، پاڵنەر، هاوسۆزی و لێهاتووییی کۆمەڵایەتی".
تایبەتمەندیی کەسایەتیی د. قاسملوو لەسەر بنەمای مۆدێلی پێنج فاکتەری
- دەرەوەخوازی: د. قاسملوو کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی، وزەبەخش و ڕاشکاوانەی هەبوو. بەشداریکردنی بەردەوامی لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ میدیا و ڕۆژنامە و ڕادیۆکان، بەڵگەی ئەم تایبەتمەندییەیە.
- ڕەزامەندینیشاندان: د. قاسملوو بڕوای قووڵی بە دیالۆگ و ڕێککەوتن هەبوو. تەنانەت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنیشدا، بەردەوام لەسەر چارەسەری دیپلۆماتیک جەختی دەکردەوە.
- ئەرکناسی: پلاندانانی ورد، دیسیپلینی سیاسی و بەدواداچوونی ئامانجداری د. قاسملوو بۆ داواکارییەکانی گەلی کورد، بەڵگەی ئەم ڕەهەندەی کەسایەتیی ناوبراون.
- سەقامگیریی سۆزداری: توانای د. قاسملوو لە کۆنترۆڵکردنی هەستەکان، تەنانەت لە بارودۆخە مەترسیدارەکاندا (وەک دانوستانی نهێنی و هەڕەشەی کوشتن)، جێگەی سەرنجە.
- کراوەیی بەرانبەر بە ئەزموون: د. قاسملوو، بەهۆی ئەوەی لە وڵاتە جیاوازەکاندا ژیابوو و خوێندنی ئەکادیمیی هەبووە، خاوەنی هزرێکی کراوە و شیکەرەوە بوو. بیرۆکەکانی تێکەڵەیەک لە بیرکردنەوەی ڕەسەن (بە سەرنجدان بە کۆمەڵگەی کوردستان) و مۆدێڕن (بە سەرنجدان بە کۆمەڵگەی ڕۆژاوایی) بوون.
شێوازی ڕێبەرایەتیی قاسملوو وەک ڕێبەرێکی گۆڕانخواز
- کاریزما: وتاردانی کاریگەر، توانای هاندان و وزەبەخشین بە خەباتکاران و وێنەی ئەرێنیی گشتی لە قاسملوو، کاریزمای بەرزی ئەو دەردەخەن. هەروەها زیندووکردنەوە و هەستانەوەی حیزبی دێموکرات، بەڵگەن بۆ کەسایەتیی کاریزمای د. قاسملوو.
- پاڵنەری ئیلهامبەخش: د. قاسملوو خاوەنی ئایدیالیزمی واقیعی بوو و کۆمەڵگەی کوردستانی بۆ داهاتوویەکی باشتر، ئومێدوار دەکرد. وتار و نووسینەکانی د. قاسملوو لەسەر "سوسیالیزمی دێموکراتیک"، واقعییەتی ئەم ئەم بابەتە دەسەلمێنن.
- هاندانی فیکری: بیرمەند و وتووێژکار بوو. شیکارییە ئابووری- سیاسییەکانی هێشتاش متمانەپێکراون و دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت.
- ڕەچاوکردنی کەسی: هاوکار و هاوخەبات و نزیکەکانی، د. قاسملوو بە کەسێکی دڵسۆز و هاوسۆز وەسف دەکەن.
ئاوەزی سۆزداریی د. قاسملوو
- خۆئاگایی: د. قاسملوو، تێگەیشتنێکی وردی لە تواناکان، سنووردارێتییەکان و ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبوو.
- هاوسۆزی: لە دیالۆگەکانی لەگەڵ نەیارانیشدا، ڕوانگەیەکی مرۆییی هەبووە، نەک تەنها دیدێکی ئایدیۆلۆژی.
- خۆکۆنترۆڵکردن: سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکان، هاوسەنگیی ڕەفتاری خۆی دەپاراست.
- لێهاتووییی کۆمەڵایەتی: توانایی لە پێکهێنانی هاوپەیمانیی سیاسی و ڕاکێشانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی (بەتایبەت دۆستایەتیی نزیکی لەگەڵ فەڕانسە)، لێهاتووییی بەرزی کۆمەڵایەتیی د. قاسملوو نیشان دەدات.
ئەنجام
قاسملوو لە ڕیزبەندی سەرکردەکانی وەک "نێڵسۆن ماندێلا" و "تۆماس ماساریک"دایە (چیکۆسلۆڤاکی) کە بە تێکەڵکردنی "ئەندێشە، میانڕەوی و پراگماتیزم"، چارەسەری ئاشتییانەیان بۆ ململانێ نەتەوەیی و سیاسییەکان پێشنیار کرد.
کەسایەتیی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، دەکرێت بە نموونەیەکی ناوازەی ڕێبەرایەتیی گۆڕانخواز هەژمار بکرێت. ناوبراو بە کەڵکوەرگرتن لە تایبەتمەندییە دەروونناسییە ئەرێنییەکانی وەک "سەقامگیریی سۆزداری، ئاوەزی سۆزداریی بەرز و کراوەیی بەرانبەر بە ئەزموون"، توانی مۆدێلێکی مرۆیی و ئەخلاقی لە دڵی بزووتنەوەیەکی سیاسیدا بخاتەڕوو.
شیکاریی دەروونناسی بۆ کەسایەتیی د. قاسملوو، نەک هەر بۆ باشتر تێگەیشتن لە مێژووی کوردستان یارمەتیدەرە، بەڵکوو بۆ دەروونناسیی ڕێبەرایەتی لە جیهانی هاوچەرخیشدا، جێی لێفێربوونە.