
بەشێک لە دەرسەکانی دوکتور قاسملوو بۆ ئێمەمانان
هەردی سەلیمی
لە ٣٦ـەمین تاڵیادی شەهیدبوونی دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملووداین، ئەو ڕێبەرە مەزنەی بزووتنەوەی مافویستانەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئێستاش وردبوونەوە لە هەوڵەکانی، وتەکانی، ویستەکانی، نووسینەکانی، ئامانجەکانی، باوەڕەکانی، بنەماکانی، بۆچوونەکانی و تەنانەت هەڵسوکەوتیشی بۆ ئێمە فێرگەیەکی لێفێربوونە. دوکتور قاسملوو، یەکێک لەو دەگمەن سیاسییانە بوو لە هەموو تەمەنی سیاسیی خۆیدا لەسەر باوەڕەکانی پێداگر و مکوڕ بوو و ئامادە نەبوو لەو باوەڕانەی خۆی لەپێناو هیچ بەرژەوەندییەک و هیچ هەڕەشەیەکدا دەست هەڵگرێ. ئەمە بەواتای چەقبەستوویی نەبووە و نیە، بەڵکوو ڕێک بەپێچەوانەوە دوکتور قاسملوو لەو کەسایەتییە سیاسییانە بوو کە لە پێوەندی لەگەڵ ئاڵوگۆڕی فکریدا زۆر بوێر بوو و لەو بارەوە ئامادە بوو بەپێچەوانەی ئاراستەی ڕووباریش مەلە بکات، وەک کردیشی. لێرەدا مەبەست ئەوەیە چەندین باوەڕ و ئامانجی مەزنی هەبوو، هەتا دواساتی ژیانی بە گەشبینی و هیوا و پێداگرییەوە لە پێناو وەدیهێنانیاندا هەوڵ و تەقەللای زۆری لە خۆی نیشان دا.
دوکتور قاسملوو بە واتای تەواوی وشە دێموکرات بوو و باوەڕێکی قووڵی بە دێموکراسی هەبوو، نەتەوەیی بوو و هەرچی دەیکرد لە پێناوی بەختەوەریی نەتەوەی کورددا بوو، مرۆڤدۆست و ئاشتیخواز بوو و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە بوو مرۆڤەکان بە نەتەوەکەی خۆیشیەوە لە ئاشتەوایی و عەداڵەت و سەربەرزی و ئازادیدا بژین؛ ئەمانە ئەو باوەڕانە بوون کە ئامادە نەبوو لە ڕێی بەئاکامگەیاندنیاندا بۆ چرکەساتێکیش و لە پێناو هیچ سامانێکدا و بە هیچ هەڕەشەیەک پشتیان تێ هەڵکات، بەڵکوو هەموو هەتوان و هەوڵی خۆیشی بەکار دێنا بۆ ئەوەی بتوانێ زووتر دەستەبەریان بکات.
بۆ دوکتور قاسملووی نیشتماندۆستی مرۆڤدۆستی ڕزگاریخوازی یەکسانیخوازی دێموکرات، هەموو دەرفەتێک گونجاو بوو بۆ ئەوەی نەتەوەکەی و مافە بەرهەقەکانی بە هەموو لایەک بناسێنێ و پێیان بڵێ ئەو نوێنەرایەتیی نەتەوەیەک دەکات کە ویستەکانی ئاوا ڕەوا و بنەڕەتی و مرۆڤانەن. لاپەڕە لە پەرتووکی بیرەوەریی هەر هاوڕێیەکی بیانیی دوکتور قاسملوو هەڵدەیەوە، بێگومان باسێکی خەستی لەسەر ئەوە تێدایە کە چۆن شێلگیرانە و بە حەز و هۆگری و فاکتەوە نەتەوەی کورد و مێژوو و ئەدەب و کولتوور و تایبەتمەندیی خەباتی ئەم نەتەوەیەی پێ ناساندوون، ئەمە هۆگرییەک بووە هەر لە سەرەتای لاوەتییەوە هەیبووە و هەتا دوا ساتەکانی ژیانیشی؛ کاتێک لە تەمەنی نزیکەو سیساڵاندا دەست دەداتە نووسینی تێزی دوکتوراکەی لەسەر "کوردستان و کورد"، هەوڵ دەدا لە نێوان هەموو باس و بابەتەکانی دنیادا، کورد و نیشتمانەکەی بە بەردەنگە بیانییەکانی بناسێنێ، چون نیشتماندۆستێک بوو کەوا دەیزانی دەردی بێدەوڵەتی و نیشتمانداگیرکراوی چۆنە.
ئەو کە یەکێک لە گەورەترین قوربانییانی دەستی تێرۆریزمە، هەمیشە و لە زۆربەی لێدوانەکانیدا ئەم کردەوە ناشیرینەی دەقوبحاند و دژایەتیی تەواوی دەکرد. دوکتور قاسملوو باوەڕی وابوو ئەو ڕێکخراو و دەوڵەتانەی وا کردەوەی تێرۆریستی بەڕێوە دەبەن، لەگەڵ ئەوەی بەدوای ئاڵۆزییەوەن، لەم ڕێیەوە دەیانهەوێ سەرنجەکانیش بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و بەم شێوەیە خۆیان بەناوبانگ بکەن، ئەمە لە کاتێكدایە بزووتنەوەیەکی ڕەسەن کە هەڵقوڵاوی هەناوی کۆمەڵگەکەی خۆی بێ، پێویستی بە وەها کردەوەیەک نیە، بۆیە ئێمە هیچ کات وەک حیزبی دێموکرات ئامادە نەبووین ڕەشەکوژی بکەین و فڕۆکە بڕفێنین و بۆمب دابنێین. دوکتور قاسملوو زۆر جار لە وتووێژەکانیدا لەگەڵ ڕۆژنامە ئورووپایییەکان، سەرنجیانی بۆ لای لایەنی مرۆڤیی بزووتنەوەی کوردستان بە ڕێبەریی حیزبەکەی ڕادەکێشا کە هەرگیز ئامادە نەبووە کردەوەی تێرۆریستی بەڕێوە بەرێ و تەنانەت بۆی شی دەکردنەوە کە بەرفراوانتر بیر بکەنەوە و تێرۆر تەنیا لە دانانی بۆمبێک لە شەقامێکدا نەبینن و ئێعدام و ڕەشەکوژی و بۆمبارانی ئاسمانیی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییشەوە ببینن بۆ ئەوەی بزانن کە ئێمە قوربانیی دەستی تێرۆرین. ئەو لە زۆر وتووێژیدا بەشانازییەوە باسی لەوە دەکرد هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە بەرامبەر بە هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا – لەگەڵ ئەوەی ڕەخنەی جیددییشی هەبوو لە ئەمریکا – هەڵوێستیان گرتووە و ئەو کارەیان مەحکووم کردوە؛ چونکە باوەڕی مرۆڤدۆستانە و پرەنسیپی مرۆڤتەوەرانەی لەگەڵ ئەو کردارانەدا نەیدەخوێندەوە.
دوکتور قاسملوو ئازادی لە هەموو شتێک خۆشتر دەویست و ئامادە بوو نرخیشی بۆ بدات، وەک داشی. ئەو لە پێوەندییەکانیشیدا هەرگیز ڕێگەی نەدەدا هیچ دەسەڵات و لایەن و دەوڵەتێک ئازادییەکانی خۆی و حیزبەکەی سنووردار بکات و هەمیشە سەربەخۆییی خۆی دەپاراست؛ لەبەر ئەوەی هەرگیز حەزی لە بەستراوەیی نەبوو، لە خۆی و لە حیزبەکەیەوە دەستی پێکردبوو، بۆیە بۆ نەتەوەکەشی ئەوەی نەدەویست و ڕزگاریخوازێک بوو بە واتای تەواوی وشە. کاتێک لە ساڵی ١٩٦٢ی زایینیدا باسی لەوە کرد نەتەوەی کورد یەک نەتەوەیە و لە یەکتریان بڵاو کردوونەتەوە، گەر ئەم نەتەوەیە یەک بگرێتەوە هەڵوەشاندنەوەی هیچ وڵاتێک نییە، بەڵکوو وەسەریەککەوتنەوەیە! دەنگی زۆر چالاکی سیاسیی فارس و... بە ناڕەزایەتی بەرز بووەوە، بەڵام ئەو کەسێک نەبوو بەو پرتەوبۆڵانە دەسهەڵگری باوەڕی ڕزگاریخوازانەی خۆی بێت، بەڵکوو سوورتریش بوو و ساڵانی دواتریش بنیادنەری کۆنگرەی نەتەوەیی بوو.
دوکتور قاسملوو دەیزانی بۆچی خەبات دەکات، دەیزانی سێ ستەمی نەتەوایەتی و چینایەتی و سیاسی لەبەردەمی نەتەوەکەیدایە و هەموو هەوڵی ئەوە بوو قۆناغ بە قۆناغ ئەم سێ ستەمە نەهێڵێ و نەتەوەکەی لەو زنجیر و کۆت و بەندانە ڕزگار بکات. کۆمەڵگەیەکی ئازادکراو لەژێر چەپۆکی داگیرکەران، دواڕۆژێکی خۆشبژیوانەی دەوێ و بەتەنیا ئازادی ناتوانێ تێریان بکات، بۆیە عەداڵەتی کۆمەڵایەتییان پێویستە و لەو ڕووەشەوە جانتای خۆی و حیزبەکەی بەرنامەی پێویست و گونجاوی تێدا بوو؛ چونکە لەگەڵ ڕزگاریخوازبوونی، هەڵوەدا و سەوداسەری یەکسانییش بوو.
لەخۆڕا نیە پێی دەڵێن مامۆستای دێموکراسی، دوکتور قاسملوو هەموو هەوڵی ئەوە بوو بە دوژمن و تەنانەت ئەوانەشی وا دژبەری ئەو دوژمنە بوون، بسەلمێنێ کە تاکە ڕێگەی پێکەوەژیانمان گەرەنتییەکە کە دەتوانین لە ڕێگەی دێموکراسییەوە بەدەستی بێنین، دێموکراسییەک کە هەموو لایەکمان لەسەری کۆک بین و هەموو مافەکانی کەمینەکان تێیدا پارێزراو بێت و هەتا گەیشتن بەو دێموکراسییە ناهێڵین خەوتان ئاسوودە بێ! خەباتی ئێمە تا ئەو کاتەی ئێوەی ئێستا خۆبەباڵادەستزان دێنە سەر ئەقڵییەتێکی دێموکراتیک و هەموو لایەک بە یەکسان دەبینن؛ درێژەی دەبێ و لەسەرپێ دەمێنێتەوە. ئەمە ئەو باوەڕە سەرەکییانە بوون وا لەلای دوکتور قاسملوو نەگۆڕ بوون و هەمیشەش شێلگیرتر دەبوو لە دەستەبەرکردنیاندا.