
سیناریۆکانی داهاتووی ئێران کامانەن؟
هەردی سەلیمی
لە ئێستادا و لە ئاستی سیاسیدا کۆماری ئیسلامیی ئێران دیسان گەڕاوەتەوە بۆ هاتوهووتی سەردەمی پێش هێرشەکانی ئیسرائیل، بەڵام بەدوای ئەو شەڕە کەوا دوازدە ڕۆژی خایاند، زۆریەک لە هاوکێشەکان گۆڕاون و نکۆڵی لەو گۆڕانە ناتوانێ هیچ شتێک لە ڕاستیی دۆخەکە بگۆڕێ. ئێستاش ئاسەواری شەڕ و مەترسیی گەڕانەوەی دۆخی شەڕ هەر لە جێی خۆیدایە، بەتایبەت ئەو زنجیرە تەقینەوانەی وا کۆماری ئیسلامی پێداگرە لەسەر ئەوەی بە تەقینەوەی گاز بیانناسێنێ، نیشانەیەکن لەوەی هێشتا ئەو ڕێژیمە نەیتوانیوە بەسەر دۆخی ئەمنیی وڵاتدا زاڵ بێت – لانیکەم ڕوو لە دەرەوە، هەر ئەمەش ئەو گریمانەیە بەهێز دەکات کەوا ئیسرائیل لە پشت ئەم تەقینەوە و نائەمنییانەدا بێ و بیهەوێ کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دۆخێکی ناجێگیری ئەمنیدا بەرەوڕوو بکاتەوە.
کارناسانی بواری نیزامی وا مەزەندە دەکەن بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە سەد میلیارد دۆلاری تێ چووە، ئەمە جگە لە خەساری گەمارۆکان و هەروەها دەورلێدانەوەی ئەو گەمارۆیانەیە کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی مافیای ئابووری و ئابووریی ژێرزەوینی و گەندەڵیی سیستماتیک و... کە بێگومان ئەمانەش زەبری کوشندەیان لە ئابووریی ئەو وڵاتە داوە. ئەم قەیرانە کەڵەکەبووە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییانە بووەتە هۆی ئەوەی لە کۆتاییی دەیەی هەشتاوە ئێمە شایەدی بەڕێوەچوونی دەیان ناڕەزایەتی و مانگرتن بووین، بەڵام کۆماری ئیسلامی هەموو جارێ ئەم ناڕەزایەتییانەی بەتوندترین شێوە سەرکوت کردووە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی یەکەم: بەتەواوی پشتی بە هێزی سەرکوتەکەی ببەستێ و دووەمیش ئەوەی کە: لە ڕووی ڕەوایییەوە کەلێنێکی زۆر بکەوێتە نێوان ڕێژیم و خەڵکی ئەو وڵاتەوە.
کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە لە بەرامبەر خەڵکدا نایهەوێ پاشەکشێی جددی بکات، ڕێبەرانی ڕێژیم پێیان وایە سازان لەگەڵ خەڵک و پاشەکشێ لە بەرامبەر خەڵكدا بەواتای نەمانی ڕێژیمە، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیان هەتا ئێستاش بەردەوامە؛ کە ئەمەش لە لایەکەوە بەواتای ئیرادە و ویست بۆ سەرکوتی زیاترە لە لایەکی دیکەشەوە بەواتای بەردەوامیی خەباتی خەڵکە هەتا قۆناغی گۆڕین و نەهێشتنی کۆماری ئیسلامی.
لەم قۆناغەدا پێویستە چ بکرێ؟
لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی ئێران و گۆڕەپانی سیاسەتەکەی لەم ساڵانەی دواییدا هەم هێمای هیوای لە خۆی نیشان داوە و لە هەمان کاتیشدا هێمای بێهیوایی، کە پێویستە ئەمانە لەبەرچاو بگیرێن. ئەو کۆمەڵگەیە لە لایەکەوە بە هەڵگرتنی دروشمی پێشکەوتنخوازانەی "ژن، ژیان، ئازادی" ئەو هیوایەی گەیاندە لووتکە، بەڵام دوابەدوای ئەوە نیشانەکانی سەرهەڵدان و گەشەی فاشیزم و شۆڤینیزمی ئێرانشاری و دروشمی "مرد، میهن، آبادی" و خواستی دەرکردنی پەنابەرانی ئەفغانستانی و هەڵوێستگرتن لە بەرامبەر نەورۆزی کوردەواری و... لە نێو بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئەو وڵاتە بەتایبەت سەر بە نەتەوەی فارس، ئاڵای ئەو هیوایەی بە ڕادەیەکی بەرچاو داکشاندووە.
دیارترین سیمای ئەم ڕەوتە بێهیواکەرە – کە بەزۆری پرۆپاگاندا زەق کرابووەوە – وێ دەچێ لە ڕەوتی ئەم شەڕەدا دوایین بزمار لە تابووتی درا و لە گۆڕەپانی سیاسەتدا وەدەر نرابێ. جگە لەوە ئەوەی کە دەوترێ کۆماری ئیسلامی بەهیوایە سیمایەکی لە چەشنی "بێن سەلمان" بێنێتە مەیدان و ڕێگە بە هەندێک کرانەوە بدات، بڕێک لە ڕاستییەکان دوور دەنوێنێ، چون هەم تایبەتمەندی و مێژووی داخوازیی خەڵکی ئەو دوو وڵاتە زۆر لێک جیاوازن، هەمیش بە مریشکی کۆماری ئیسلامی هێلکەی قاز ناکرێ و ئابووریی ناکارامەی ئەو وڵاتە هەڵگری ئەو تەخشانوپەخشانانە نییە. بابەتی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمیش کە لەم ماوەیەدا چەندین بەیاننامەی جۆراوجۆری لەسەر بڵاو بووەوە، بە چەندین هۆکاری وەک: بێبەرنامەیی، نەبوونی شرۆڤەی گونجاو، نەبوونی خەڵک، نەبوونی داخوازی، نەبوونی هێز، نەبوونی حیزب و... زیاتر داواکارییەکی لە چەشنی پاڕانەوەیە لە دەسەڵات، کە وێ ناچێ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی گوێ بۆ ئەم بابەتانە ڕادێرن.
لەم نێوەدا دەمێنێتەوە دەسەڵاتی خەڵک بەتایبەت ئەو خەڵکەی وا دوور لە ناوەند دەژین و ناڕەزایەتییەکانی ئەوان کە ئەگەری زۆری هەیە بەو دۆخە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەی ئێستای ئێران، دیسان لە ئاستی بەریندا سەر هەڵبداتەوە. بەڵام پێویستە بە خوێندنەوەیەکی ڕێکوپێک ئەو هەلە ئیحتمالییە بقۆزرێتەوە. ئەو ئەگەرانەی وا باس کران و لە هەمان کاتدا ڕەد کرانەوە، دەتوانن لە ئەگەری سەرهەڵدانێکدا ڕۆڵی تێکدەرانە بگێڕن. بۆیە پێویستە تەرکیزێکی زیاتر بخرێتە سەر دۆزینەوەی هاوپەیمان لەنێو نەتەوەکانی نێو ئێراندا بۆ هاواهەنگیی پتر، یان ئەو هێزانەی وا دان بە مافی نەتەوایەتیی نەتەوە ستەملێکراوەکاندا دەنێن. پرسی ئێمە بۆ پرسی نەتەوەیی پرسێکی بنەڕەتییە، هێزی ئێمە لە تواناییی ڕێکخستنماندایە، دەبێ ئەم ڕێکخستنە وا بەهێز و یەکگرتوو بکرێت بەگژ هەر چەشنە بێدادییەکدا بچێتەوە. بەو حاڵەشەوە نابێ ئەوەمان لەبیر بچێتەوە، نابێ بکەوینە داوی یەکیەتییەکەوە بە هەر نرخێک بێ، ئێمە پێویستمان بە یەکڕیزییەکی کاریگەر هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ پارێزەری ماف و ویستەکان و دەسکەوتەکانمان بێت.