کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵڕۆژی خیانەت

21:10 - 30 پووشپەڕ 2725

ساڵڕۆژی خیانەت

(یادی تێرۆرکردنی ڕێبەری ناسیۆنالیستی کورد، ئیسماعیل ئاغا شکاک ناسراو بە سمكۆی شكاك)

ڕەحیم نزهەت‌زادە

٣٠ی پووشپەڕ ڕۆژێکی تاڵە لە یادەوەری مێژوویی گەلی کورددایە؛ ئەو ڕۆژەیە کە یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی خەباتی ناسیۆنالیستی کورد، ئیسماعیل ئاغا شکاک، بە نازناوی "سمكۆی شكاك"، ترسنۆکانە و خیانەتکارانە لە شاری شنۆ شەهید كرا. ئەم تاوانە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ڕەزاشا پەهلەوی ئەنجام درا، هەمان ئەو پاشایەی کە بۆ ئاشتی و دانوستان لەگەڵ کورد، سوێندی بە قورئان خواردبوو، بەڵام دواجار لەبری دیپلۆماسی، فێڵ و كوشتاری هەڵبژارد.

سمكۆی شكاك، نەک هەر سەرکردەیەکی نەتەوەیی و سەربازی بوو، بەڵکو دەنگی ئازادی و دادپەروەریش بوو، بۆ سەردەمی پڕ لە  پشێوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ دەنگێک کە لە چیاکانی کوردستانەوە هەستا و لە دژی ستەمی ناوخۆ و دەستدرێژی دەرەکی ڕاپەڕی. لە کاتێکدا تێرۆر کرا، ئەو خواستی ئازادی کوردستانی لە هزر و دڵدا بوو و لە دژی زۆڵمی هەژموونیخوازەكانی ئێران و بیانی، خەباتی بۆ یەکگرتوویی گەلی کورد دەکرد.

وەدركەوتنی سەرکردەیەک، لە سەردەمی ئاژاوەدا

ئیسماعیل ئاغا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لە سەردەمی داکشانی و داڕمانی سەڵتەنەتی عوسمانی و هاتنەكایەی دەوڵەتە نەتەوەییە مۆدێرنەکاندا، ڕێبەڕایەتی نەتەوەی كوردی بەدەستەوە گرت. لەم سەردەمەدا کورد وەک گەلانی دیکەی ژێردەستە، لە بەردەم قەیرانی شوناس، بێدەوڵەتی و چەوساندنەوەدا بوو. "سمكۆی شكاك، وەک یەکێک لە سەرکردەکانی هۆزی شکاک، توانی بە حیکمەت و بوێری هێزێك لە هۆزە جۆراوجۆرەکانی کورد ڕێك بخات، و بەرگری لە خاکە داگیركراوەكانی  کوردستان، لە بەرامبەر هێزەکانی حکومەت و هەڕەشەی دەرەکی بكات.

ئەو لە بەرامبەر سوپای قاجار، هێزەکانی ڕەزا شاه، تەنانەت هەڕەشەکانی ڕووس و تورکیشدا وەستایەوە. بەڵام ڕەنگە لە گرنگترین تایبەتمەندیەكانی سمكۆی شكاك، هەوڵی ئەو بۆ دروستکردنی شوناسێکی سیاسی – نەتەوەیی کوردی، سەربەخۆ لە زلهێزە ناوچەییەکان بووبێت، هەوڵێک کە لە سەردەمی ئەودا لە ڕادەبەدەر قورس و تەنانەت مەترسیدار بوو.

خیانەت بە ناوی ئاشتی

لە هاوینی ساڵی ١٩٣٠ (١٣٠٩) حکومەتی ڕەزاشا بە نیگەرانی لە پەرەسەندنی خۆشەویستی و کاریگەریە جەماوەرییەكانی سمائیل ئاغا لە ناو گەلی كورددا، بڕیاری دا بە شێوەیەکی فیزیکی لەناویببات. شای ئێران بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، بە فەرمی لە ڕێگەی نوێنەرانی خۆیەوە، پەیوەندی بە سمكۆی شكاكەوە کرد، و بە سوێندخواردنی بە قورئان، بەڵێنی دانوستانێکی ڕێزدارانەی لە شاری شنۆ پێدا. سمكۆ کە خۆی پیاوێکی ڕاستگۆ و بە شەرەف بوو، بانگهێشتنامەکەی قبوڵ کرد. بەڵام ئەوەی لە شنۆ ڕوویدا، دانوستان نەبوو، بەڵکو داوێك بوو بۆ سمایل ئاغا ئامادە كرابوو.

هەر لە یەکەم ساتەکانی هاتنە ناوەوەی سمائیل ئاغای شكاك بۆ ناو شنۆ، سەربازەکانی ڕەزا شا بە پلانێکی پێشوەختە، هێرشیان کردە سەر سمكۆ و تەقەیان لێکرد. ئەم کارە بوو بە پەڵەیەکی ڕەش لەسەر كارنامە و نێوچاوانی حکومەتێک، کە بەڵێنی چاکسازیی دەدا، بەڵام نەیارانی سیاسی و سەرکردە نەتەوەییەكانی، بە فێڵ و کوشتن لەناو دەبرد.

میراتێك كە بە زیندوویی مایەوە

سەرەڕای تێرۆرکردنی ناجوامێرانەی سمكۆی شكاك، ئەندێشەكانی هەرگیز لەناو نەچوون. بەپێچەوانەوە ئەم خیانەتە مێژووییە، لە یادەوەڕیی بەکۆمەڵی کورددا، ئەوی وەک ڕێبەرێكی شەهید بۆ ئازادی و کەڕامەتی نەتەوەیی بە نەمری هێشتەوە. نەوەکانی دوایی سمكۆی شكاك، ئەویان وەک نموونەی سەرکردەیەکی خۆڕاگر، بوێر و جەماوەری لەیادە، کە لە بەرامبەر کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی و دەرەکی وەستایەوە، و ژیانی خۆی لە پێناو دۆز و ئامانجەكانی کوردستاندا بەخت کرد.

ئەو بزووتنەوەیانەی كە لە دەیەکانی دواتردا، لە ڕۆژهەڵات، باشور، باكور و ڕۆژئاوای کوردستان سەریان هەڵدا، بێ گومان ئیلهامیان لە هەوڵی سەرکردەیەكی وەک سمایل ئاغای شكاك وەرگرتبوو، کە لە یەکەم کەسەکان بوو، کە هەوڵی دا دامەزراوە خێڵەکییە تەقلیدییەکان، بخاتە سەر ڕێڕەوی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی، و ڕزگارکردنی سیاسەتی کورد لە پشتبەستن بە حکومەتە دەرەکییەکان.

گرنگیی بیرهێنانەوە و تۆماری مێژوویی

ساڵیادی شەهیدكرانی سمكۆی شكاك، بەتەنیا ڕێوڕەسمی ماتەمینی نیە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ دووبارە خوێندنەوەی مێژوو، مێژوویەك، کە تا ئێستاش ئاسەوارەکانی لەسەر جەستەی نەتەوەی کورد جێ هێشتوە. خیانەتی حکوومەتی ڕەزا پەهلەوی لە سمایل ئاغا، نموونەیەکی ڕوونی سەرکوتکردنی سیستماتیکی داخوازییە ڕەواکانی نەتەوە غەیرە فارسەکانە لە ئێران; سەرکوتکردنێک، کە بەداخەوە تا ئەمڕۆش بە شێواخی جۆراوجۆر بەردەوام بووە، و كۆتا نمونەی كوشتاری هاوشێوەش شەهید كردنی ڕێبەرانی كورد لە ڤیەنا و بەرلین بووە.

لە سەردەمێکدا، کە هەوڵەکان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کولتووری و زمانەوانیی نەتەوەکان لە هەندێک وڵاتدا هێشتا بەردەوامن، زیندوو ڕاگرتنی یادەوەری سەرکردە مێژووییەکانی وەک سمكۆی شكاك، پێویستییەک و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە. ئەم ڕووداوانە دەبێ لە چوارچێوەی نێودەوڵەتیدا بە بەڵگە و وەرگێڕان، لە ناوەندە جیهانیەكان بڵاوبکرێنەوە، بۆ ئەوەی جیهان بزانێت، کە نەتەوەی کورد نەک تەنیا قوربانیی چەوساندنەوە بووە، بەڵکو مێژوویەکی پڕ لە بەرخۆدان، ئازایەتی و خەباتی بۆ ئازادیی.