کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینگەپارێزی لە کوردستان، جۆرێکە لە بەرخۆدانی نەتەوەیی و دژەداگیرکاری

23:43 - 6 گەلاوێژ 2725

ژینگەپارێزی لە کوردستان، جۆرێکە لە بەرخۆدانی نەتەوەیی و دژەداگیرکاری

بێهزاد قادری

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژ، نەیارانی ژینگە و نیشتمانەکەمان، ئاگریان لە جەستەی کێوی "ئاویەر"ی سنە بەردا و ڕووبەرێکی بەرفراوان لە لەوەڕگەکانی ئەم کێوە گەشتیارییە سووتا، هەروەها حەوت چالاکی ژینگەییی خەڵکی سنە سووتان کە لە ڕۆژانی دواتردا، بەداخەوە سێ کەس لەو چالاکانە، بە ناوەکانی "حەمید مورادی"، "چیاکۆ یووسفی‌نژاد" و "خەبات ئەمینی"، گیانی ئازیزیان پێشکەشی ژینگە و نیشتمانەکەیان کوردستان کرد و شەهید بوون.

ئەمە یەکەمجار نیە کە ڕۆڵەکانی کوردستان بۆ بەرگریکردن لە ژینگە و نیشتمانەکەیان گیانفیدایی دەکەن و دەبنە قوربانی. بەڵام بەداخەوە دەبێ بێژم کە ئەم ڕەوتە بەردەوام دەبێت و قوربانیی زیاترمان دەبێت، چونکە هەتا کوردستان لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەری ئێرانیدا بێت، بەشی نەتەوەکەمان هەر ئەمە دەبێت. بۆیە لەم وتارەدا، دەمەوێت لەم سۆنگەوە چاو لەم دۆخە بکەم، واتە سۆنگەی داگیرکەری و داگیرکراوییەوە.

دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی بە هۆکاری سیاسی، ئەمنییەتی، ئایدیۆلۆژی و پێکهاتەیی، بەرپرسی یەکەمە لە ئاگربەردان لە ژینگەی کوردستان و گیانلەدەستدانی چالاکانی ژینگەییی کورد. ئەم پرسە ڕەگ و ڕیشەی لە ڕوانگەیەکی کۆلۆنیالیستیی بۆ کوردستان هەیە، کە دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی وەک "خاکی پەراوێز"، "نائەمن" و "ناخۆیی" لە چوارچێوەی نیشتمانیی خۆیدا سەیری دەکات، کە لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵی گرنگ دەکەم:

- دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی، کوردستان وەک "ناوچەی سنووری"، "پۆتانسێلدار بۆ جیابوونەوە" و "متمانەپێنەکراو" دەبینێت. ئەم تێڕوانینە هاوشێوەی شێوازی تێڕوانینی کۆلۆنیالیستەکانە بۆ کۆلۆنیکراوەکان: "خاکێک کە دەبێ کۆنترۆڵ بکرێت، نەک گەشەی پێ بدرێت. سیاسەتەکانی گەشەنەکردن، لەنێوبردنی سامانە سروشتییەکان و سەرکوتی فەرهەنگی، بەشێکن لە "سەروەریی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی" کە لە تیۆرییەکانی زانستی سیاسیشدا ناسراون.

- ئاگربەردانە بەربڵاوەکان لە ژینگە، دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان، هاوکات لەگەڵ وەرزی هاوین، بەبێ بەرپەرچدانەوەی خێرا لەلایەن دامودەزگا پێوەندیدارەکانی دەسەڵاتەوە، نیشانەیەکە لە سیاسەتی "زەویی سووتاو". سەرچاوە نێوخۆییەکان و شایەتحاڵەکان چەندین جار باسیان لەوە کردوە کە بەشێک لەو ئاگرکەوتنەوانە لەلایەن هێزە سەربازییەکان یان بەهۆی مانۆڕی سەربازییەوە دەستیان پێ کردوە. نەکوژاندنەوەی ئاگرەکان و تەنانەت ڕێگریکردن لە بەشداریی چالاکانی خەڵکی و ژینگەپارێزی لە کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا، نەک هەر کەمتەرخەمی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە سیاسەتی سەرکوتکردنی نەرم.

- کەیسەکانی وەک شەهیدانی ژینگە لە سنە (حەمید مورادی، چیاکۆ یووسفی‌نژاد و خەبات ئەمینی) شەهیدانی ژینگە لە مەریوان (شەریف باجوەر و ئومێد کۆنەپۆشی) و شەهیدانی ژینگە لە پاوە (موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی) و...، کە لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی ئاگر یان پاراستنی سامانە سروشتییەکانی کوردستان گیانیان بەخت کرد یان بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراون! بەڵگەن لەسەر ئەم سەرکوتکردنە سیستەماتیکە. زۆرجار دەزگا ئەمنییەکانی ئێران، وەک هێزی "نائەمنکردن" یان تەنانەت "هاوکار لەگەڵ گرووپە نەیارەکانی ئێران" سەیری چالاکانی ژینگەپارێزیی کورد دەکەن و هەڕەشەیان لێ دەکەن یان دەسبەسەریان دەکەن. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە لەگەڵ چالاکانی ژینگەپارێزی لە ناوچە فارسنشینەکان یان ناوەندییەکانی ئێراندا باو نیە و ئەم هەڵاواردنە سیستەماتیکەش جارێکی دیکە ئاماژەیە بۆ سروشتی کۆلۆنیالیزمی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی.

- "کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی" ئاماژەیە بۆ چەوساندنەوە و لێکێشینەوە لە ناوچە ئەتنیکی یان پەراوێزخراوەکان لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە، بەبێ ئەوەی بۆ هاووڵاتیبوون، گەشەپێدان یان بەشداریکردنی واقیعی لە سیاسەتدا، مافی یەکسان بۆ ئەو ناوچانە دابین بکات. لە کوردستان، داگیرکەر بە لەنێوبردنی ژینگە (داربڕینی لەڕادەبەدەر، دروستکردنی بەنداوی نازانستی، دەرهێنان و تاڵانکردنی کانزاکان، سووتاندن و لەنێوبردنی لەوەڕگە و ڕووەک و دروستکردنی ناوچەی سەربازی) و سەرکوتکردنی چالاکانی ژینگەیی، ئەم پاڕادایمی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیییە جێبەجێ دەکات. ئەم شێوەیە دەبێتە هۆی تاڵانکردنی سامانی سروشتیی ناوچە کوردستانییەکان بۆ قازانجی ناوچە ناوەندییەکان یان کۆمپانیاکانی سەر بە دامەزراوە ئەمنییەکانی داگیرکەر.

- تێکدانی ژینگە لە کوردستان، تەنیا خەسارێکی ئابووری نیە، بەڵکوو هێرشکردنە سەر یادەوەریی بەکۆمەڵ، ژیانی ڕۆژانە و فەرهەنگی خەڵکی کوردستانە. لە فەرهەنگی کوردیدا، شاخ، دارستان و سروشت بەشێکن لە ناسنامەی نەتەوەیی. لەنێوبردنیان، لە ڕاستیدا هێرشکردنە سەر "ڕۆحی بەکۆمەڵ"ی نەتەوەی کوردە.

بۆیە: دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی، لە ڕووی پێکهاتەیی، سیاسی و ئایدیۆلۆژییەوە بەرپرسیارە لە وێرانکردنی ژینگەی کوردستان و گیانلەدەستدانی چالاکانی ژینگەییی کورد. بۆیە بەرگریکردن لە ژینگە لە کوردستان، تەنیا کردەیەکی ئیکۆلۆژی نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە بەرخۆدانی نەتەوەیی و دژەکۆلۆنیالیزم.