
لێکەوتەکانی شەڕی ناسراو بە ١٢ ڕۆژە
هەردی سەلیمی
نزیکەی ١٢ ڕۆژ بەسەر شەڕی ئیسرائیل و ئێراندا کە بە شەڕی ١٢ ڕۆژە ناوبانگی دەرکرد تێپەڕ دەبێ. لە ماوەی ئەم شەڕەدا ئێران تووشی زیانی زۆر گەورەی ماددی و گیانی بووە، بە دەیان فەرماندەی پلەباڵای ڕێژیم لەو هێرشانەدا کوژران و دەیان بنکەی مووشەکی و چەندین ناوەندی ناوکیی ئەو وڵاتە زەبری کوشندەیان لێ کەوتوە. لەگەڵ ئەوە ئێران تەنانەت نەیتوانی لە ڕووی دیپلۆماسی و نێونەتەوەیییشەوە لایەنگرێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە یان لانیکەم بتوانێ گوشارێکی جددی بخاتە سەر ئیسرائیل؛ ڕنگە بتوانین بڵێین یەکێک لە سەرکەوتووترین هێرشە نیزامییەکانی ئیسرائیل بووە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا. ئێران هەتا پێش لەم شەڕە پشتی بە ڕووسیە و چین بەستبوو، بەڵام ڕووسیە نیشانی دا سەرقاڵتر لەوەیە بتوانێ فریای ئێران بکەوێ، هەروەک چۆن نەیتوانی یان نەیویست فریای بەشار ئەسەد بکەوێ؛ وڵاتی چینیش لەم نێوەدا سیاسەتێکی پاسیڤی گرتووەتە بەر و نایهەوێ بە لای هیچکام لە لایەنەکانی ئەم شەڕەدا بشکێتەوە.
وڵامە نیزامییەکانی ئێران بەم هێرشانەی ئیسرائیل و دواتر ئەمریکاش، لە گشتیەتی خۆیدا وڵامی سیمبۆلیک و هەستەکی بوون. کۆماری ئیسلامی نە توانیی و نە ویستیشی وڵامەکانی توند بن بەرامبەر بەو هێرشانە، بەڵکوو زیاتر وەک گوترا سیمبۆلیک بوون و بۆ ڕازیکردنی دڵی لایەنگرانی کرا. لە ڕووی سیاسییشەوە لەگەڵ ئەوەی ئەو گوشارە نەخرا سەر ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی بە نەهێشتنی ئینتێرنێت، بە ڕەشبگیری و بە پەسندکردنی یاسای نوێی سزادان، هەروەها بە هەڵپەساردنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ناوکی و داواکاریی ئێعدامی ڕافائێل گرووسی! بەکردەوە ڕێیەکی تری گرتووەتە بەر و زیاتری کاردانەوەکانی ڕوو لە خەڵکە.
لە ئێستادا کەوا ئاگربەستێکی لەرزۆکیش لە ئارادایە، ئەمریکا هەروا پێداگرە لەسەر ویستە سەرەتایی و سەرەکییەکەی خۆی، واتە خۆبەدەستەوەدانی بێمەرجی کۆماری ئیسلامی. لە لایەکی ترەوە ئیسرائیل ئیدیعا دەکات هێشتا دەسەڵاتی ئاسمانی ئێرانی بەدەستەوەیە و بەکردەوە دەیهەوێ وەک وڵاتی لوبنانی لێ بکات و ئەو وڵاتە بخاتە ژێر چاودێریی چڕ و بەردەوامی خۆیەوە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری وەخۆکەوتنی کۆماری ئیسلامی، ئیسرائیل بتوانێ هێرشی پێشگیرانەی هەبێ و لەو ڕووەوە دەستی ئاوەڵا بێت. وڵاتانی ئورووپایییش بەبەردەوامی هەڕەشەی گەڕاننەوەی مکانیزمی "سناپبەک" بۆ سەر ئێران دەکەن.
هەتا ئێستاش و پێش لە کارابوونی ئەو مکانیزمە ئابووریی ئێران لە لێواری هەڵدێردایە. لەم هێرشانەدا کە بەشێک لە ژێرخانە وزەیی و دارایییەکانی کردە ئامانج و هەروەها هێرشی سایبێری بۆ سەر بانک و بوورس و هتدی بەدوادا بوو، بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە داراییی خەوێنراو لە ئێران بچێتە دەر و ئەو وڵاتە قەیرانلێدراوە هێندەی دیکە تووشی قەیران بکات. لەگەڵ ئەمە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێک لە کرێکاران لە ئێراندا لەسەر کار وەلا نراون و بە بیانووی کەمکردنەوەی هێزی مرۆیی، جواب کراون. ئەمە لە کاتێکدایە بە وتەی کارناسانی بواری ئابووری، ئابووریی ئێران لەگەڵ هەڵاوسانی ٤٠ لەسەدی، هەژاریی بەربڵاو و گەندەڵیی سیستماتیک بەرەوڕووە.
کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا لە ڕووی نیزامییەوە شکستی خواردوە و ئێعتباری نەبووی هێندەی دیکە تێک شکاوە، لە ڕووی سیاسییشەوە وەک باس کرا بەتەنیا ماوەتەوە و لە دۆزینەوەی دۆست و هاوپەیماندا دۆشداماوە. ئەم ڕێژیمە کە ناتوانێ مودیریەتی کێشەکانی بکات، بەم حاڵەوە نەیهێشتووە ڕادەی توانای سەرکوتکردنی دابەزێ و هەوڵ دەدا ئەم دۆخە توندتریش بکات. بەپێی ڕاپۆرتەکان شەپۆلێکی نوێی لە دەسبەسەرکردنەکان لەژێر ناوی بەرگری لە سیخوڕی و... بەتایبەت لە کوردستان دەست پێکردووە و دەیهەوێ لەژێر ناوی دۆخی شەڕدا خەڵک چاوترسێن بکات، بۆ ئەوەی پێش بە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی بگرێ.
ئەم قەیرانە کەڵەکەبووانە و ئاستی نزمی توانای بەرەوڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵیان، نیشان دەدا لە داهاتوودا ناڕەزایەتیی بەرفراوان بەڕێوەیە و کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵێک گوشاری دەرەکی و نێوخۆییدا دەستەویەخە دەبێ، کە وێ ناچێ بتوانێ بەئاسانی کونترۆڵی بکات و دەبێ خۆمان بۆ گۆڕانی زۆر گەورە لەو وڵاتە ئامادە بکەین.